سەرەکی » راپۆرت » هه‌واڵ و سیاسەت » فەرەنـسا و بەریتانیا پشتگیری رۆژئاڤا دەکەن

فەرەنـسا و بەریتانیا پشتگیری رۆژئاڤا دەکەن

هەفتەی پێشوو فەرەنسا بوونی سەربازی خۆی لە رۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی لەشاری مەنبج بەهێزتر کرد، هەروەها شاندێکی ئەنجومەنی لۆرداتی بەریتانیاش سەردانی کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستانی کرد، ئەمەش لەرووی سیاسیی و مەعنەوییەوە بۆ کوردانی رۆژئاوا زۆر گرنگ بوو.

فەرەنسییەکان لە مەنبجن
ئەنجومەنی سەربازی مەنبج لەبەیانێکدا رایگەیاند: کۆمەڵێک ئۆتۆمبیلی سەربازی فەرەنسا هاتوونەتە شارەکە و لە سەربازگەیەک لەباکووری شاری مەنبج دامەزراون. راشیگەیاند: لەم چەند رۆژەی دواییدا، فەرەنساش سەربازگەیەک دروست دەکات، کە دەکەوێتە نزیک ئەو سەربازگەیەی کە پێشتر ئەمریکییەکان دروستیانکردووە. ئەو سەربازگەیەی ئەمریکاش دەکەوێت سەر سنووری نێوان هێزەکانی یەپەگە و هێزەکانی تورکیا و هاوپەیمانەکانی.

شاندی لۆردات لە رۆژئاڤایە
لەلایەکی ترەوە شاندێکی ئەنجومەنی لۆرداتی بەریتانیا کەپێکهاتبوون لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی بەریتانیا، گەیشتە رۆژئاڤا و لەگەڵ بەرپرسانی کورد کۆبوونەوە. لەمبارەیەوە مۆریس گلاسمان ئەندامی شاندەکە لە شاری قامیلیشی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئێمە هاتووین بۆئەوەی پشتگیری خۆمان بۆئێوە دووپاتبکەینەوەو دژی هەموو ئەوانەش بوەستینەوە، کە دەیانەوێت ئازادی و دیموکراسیتان لەناوبەرێت. لەلایەکی تریشەوە عەبدولکەریم عومەر ، بەرپرسی پەیوەندییە دەرەکییەکانی خۆبەرێوبردنی رۆژئاڤا بە میدیاکانی راگەیاند: ئامانج لەم سەردانەی شاندەکەی ئەنجومەنی لۆرداتی بەریتانیا بریتی بوو لەوەی، کەئاگاداری رەوشی رۆژئاڤا بن. وتیشی: هەروەها داگیرکردنی شاری عەفرین و رەوشی خراپی ئاوارەکان، تەوەرێکی تری کۆبونەوەکان بوو.

تورکیا هەڕەشە دەکات
لەلایەکی ترەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی پارتەکەی لە شاری دەنگزلی رایگەیاند: فەرەنسا لە كۆشكی ئەلیزێ پێشوازی لە تیرۆریستان دەکات.» پاشتر درێژەی بە قسەکانی داو رایگەیاند» مادام ئێوە پشتگیری تیرۆر دەکەن، ئەوا هەموو رۆژئاوا لە تیرۆریستان پڕ دەبێت» .

یان ئێمە یان کورد
لای خۆشیەوە عومەر جلیک وەزیری کاروباری یەکێتی ئەوروپای حکومەتی تورکیا لە دیدارێکیدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند: من بە ژان ئیف لودریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسام ووتوە: ئێمە نامانەوەێت فەرەنسا پشتگیری هێزەکانی یەپەگە بکات، چونکە ئەوانە سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستانن، کە ئەوانیش گروپێکی تیرۆریستین. وتیشی: دەبێت فەرەنسا یان ئێمە هەڵبژێرێت یان کورد.
هەتادێتیش بەرپرسی حزبی و حکومییەکانی تورکیاش هەڕەشە و لێدوان و زمانی توندتر لەدژی فەرەنسا و رۆژئاوا بەکاردەهێنن، بەتایبەتی پاشئەوەی زانیویانە، کە فەرەنسا سوورە لەسەر پشتگیریکردنی کورد لە سوریا.

سەرچاوە:ئاژنسەکان

 653 جار بینراوە