سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » چیرۆکی من و مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد

چیرۆکی من و مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد

لەبەرئەوەی ناوەکەی منیش هەڵگری ناوی «ئیبراهیم ئەحمەد»ە، ناوەناوە چیرۆکی خۆش خۆش لەسەر پەیوەندی ناوی خۆم بەبنەماڵەی کۆچکردوو مامۆستا «ئیبراهیم ئەحمەد»ەوە ڕوودەدات.
بەدیوێکیتریشدا دەتوانم بڵێم جگە لەچیرۆکە خۆشەکان، تاکو ئێستا خێزان و نەوەکانی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، هێندەی من جنێوی مزرۆکەو قسەی نەشیاوو توانجیان لێنەدراوە. ئەمەش تەنها لەبەرئەوەی ئەندامێکی یەکێتیم و تائەندازەیەکیش نزیکم لەوتارو یەکێتیبوونی کچەکانی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، ئیتر بەهەڵە وادەزانن من کوڕی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدم.
لەو چیرۆکانەی ئێستا لەبیرمە چەند دانەیەکیان دەگێڕمەوە:
یەکەم/ لەڕۆژنامەی «سۆڵیدارێتی خوێندکاران» کارم دەکرد. بەڕێکەوت لەلاپەڕەیەکدا وێنەیەکی «هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد»و هەواڵێکی «گۆران ئیبراهیم ئەحمەد»ی برام و وتارێکی خۆم «ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد» دانرابوو. خوێنەرێک کە هەرسێ بابەتەکەی بینیبوو وتبووی «خێڵی ئیبراهیم ئەحمەدیش کوردستانیان خواردووە. بوارێک نەماوە ئیشی لێنەکەن».
دووەم / تائێستایش کە لەڕۆژنامەی «کوردستانی نوێ» دەنوسم، خوێنەر وادەزانێت ئەندامێکی خێزانەکەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدم.
لەڕۆژی «29ی 11ی 201٦» لەوتارێکمدا لەڕۆژنامەی «کوردستانی نوێ» بەناونیشانی «ژن؛ ئاسۆیەکی گەشی لەخەباتی نوێی کورددا کردەوە». لەم وتارەدا هاوڕێیانم لە»کوردستانی نوێ» دوو وێنەی «هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد»یان لەگەڵ وتارەکە داناوە. یەکێک لەو کۆمێنتانەی بۆ وتارەکەم نوسرا ئەوەبوو «دۆمبێ و کڵاش بۆ خوشکی خۆی بچنێت» . واتە من و هێرۆخان خوشک و براین.
سێیەم/ لەتەقینەوەیەکدا لەبارەگای حیزبێکی خۆرهەڵاتی کوردستاندا لەباشووری کوردستان، وتارێکم نوسی و پێموابوو ڕووداوەکە ئێرانی لەپشت نییەو دەستی تێکدەرە.
ئەندامێکی دەفتەری سیاسی ئەو حیزبە نامەیەکی بۆ ناردم لەفەیسبووکەوەو دوای دەیان وشەی نائەخلاقی و ناکوردانە، وتی «ئێوەی بنەماڵەی بلە!ی ئەحمەد، هەر پیاوی ئێرانن و پشتگیریان لێدەکەن و ئاغاکانتان چی بڵێت ئێوەیش ڕازین و جێبەجێی دەکەن»
چوارەم/ قوباد تاڵەبانی وێنەی چوارینەیەکی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدی کردبووە کەڤەری پەیجەکەی فەیسبووکی، بەندە کۆمێنتێکم بۆ نوسی وتم»خەرمانێک لەنوسینی جوانی بۆ جێهێشتووین». لەسەر ئەو کۆمێنتە چەند نامەیەکم بۆهات وازانرابوو من نەوەی ئیبراهیم ئەحمەدم و نوسینەکانی بۆ من جێماوە. کۆمیدیترین نامەیان ئەوەبوو نوسیبووی «نەمزانی ئیبراهیم ئەحمەدی ڕەحمەتی کوڕیشی هەیە ناوی ئازاد بێت»
پێنجەم/ ماوەیەک پێش ئێستا ڕۆژنامەنوسێک پەیوەندی پێوەکردم و وتی «بمنێرە لای شانازخانی خوشکت باچاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بکەم».
کاتێک پێموت من کوڕی ئیبراهیم ئەحمەد نیم. ئەو ڕۆژنامەنووسە پێیوتم «کاک ئازاد لەچەند شوێنێک وێنەیەکی تۆم لەگەڵ شانازخان بینیوەو لەسەری نوسراوە شانازو برا بچوکەکەی»
ئەم چیرۆکانەم لەبیربوو، ئەگەرچی پێشتر بۆ هەندێک لەنەوەکانی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدم گێڕابووەوە، بەڵام لەساڵیادی ماڵئاوایی مامۆستا ئیبراهیمدا، پێمباشبوو بیانکەم بەکەرەستەی نوسین و پێشکەشی بکەم بەڕۆحی هەمیشە زیندووی ئەو نوسەرە گەورەیەی کورد.

print

 57 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*