سەرەکی » وتار »  ‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌ » بەرهەمی داعش بۆ كێ‌ بوو؟

بەرهەمی داعش بۆ كێ‌ بوو؟

ئیسلامی سوننە بەگشتی و عەرەب بەتایبەت لە ماوەی سێ دەیەیی دوایی بەعەقلیەتێكی زۆر سەیر و ووشك جوڵانه‌وه‌ . لەبەرامبەر تەوژمەكانی تر زیانی گەورەیان كرد. بەتایبەت لەبەرامبەر ئێران كە ستونی لە مێژینەی هێزە سوننیەكانە. لە ساڵی 1991 بەدواوە رێكخراوی تیرۆرستی ئەلقاعیدەیان دروست كرد. ئەگەرچی ئەم جوڵانەوەیە لەسەرەتادا بۆ بەرپەرچ دانەوەی جوڵانه‌وه‌ی كۆمەنیستی   شەڕی ئەفغانستان بوو،كەچی دوای نەمانی یەكێتی سۆڤیەت یەكسەر ئەم رێكخراوە تیرۆرستیە، رووی لە رۆژئاوا وەرگێڕا.

ئەوەبوو كردەوەی 11ی سێبتەمبەری ساڵی 2001یان ئەنجامدا لە ئەمەریكا،ئەمە بووە هۆكارێك دوو حكومەتی سوننە مەزهەب لە ئەفغانستان و عیراق بروخێنرێ‌، ئەوەی عیراق بووە مولكی شیعە ئەوەی ئەفغانستانیش بۆ ئێران بووە دۆست . یاخود بەشی ئێرانیش درا،چونكە كەمینەیەكی زۆری شیعەنشین لەوێش هەن.
 لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە عیراق هەموو ئەو گروپانەی بەناو بەرگری و دژایەتی داگیركەر دامەزران هەموویان ستایل دڕندە و توندڕەو بوون . هیچ سیما و خەسلەتێكی سەردەم و شارستانیان پێوە نەبوو،هەموو بیروباوەڕ و پێكهاتەیەكی جیاواز لە خۆیان رەت دەكردەوە. دواین نموونەیان دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش)بوو . كە دڕندەیەكەی گەیشتە ترۆپك لە جینۆساید و رەشەكوژی مرۆڤ . پەلی هاوێشت بۆ تێكدانی ئارامی وڵاتانی جیهان بەتایبەت ئەوروپا . ئەگەرچی لەلایەن چەند وڵاتێکی ناوچەیی سوننە مەزهەب پشتیوانی دەكرا، به‌ڵام لە ئێستادا داعش لە سەرەمەرگی كۆتایدایە هیچی نەماوە كە ببێتە هۆی هەڵسانەوەی.
بەرهەمی داعش زیاتر وێران كردنی ناوچە سوننی نشینەكانی عەرەب بوو لە عیراق و سوریا،هەروەها تەوژمی سوننەی بەشێوەیەكی كاریگەر كزكرد . لەبەرامبەردا تەوژمی شیعەگەرایی زۆر گەشەی كردوە هەم لە دەسەڵات و هەم لە فراوان بوونی ناوچەی جوگرافی هەمیش خۆگونجاندنیان لەگەڵ هێزی گەورەی دونیا.عیراق وابەئاسانی جارێكی تر نابێتەوە مەملەكەتی سوننە. سوننەكانیش بەهەمانشێوە واز لەم بیروباوەڕە توندڕەوە رەش و سپیە ناهێنن لەداهاتوو لەوانەیە هەوڵی جوڵانه‌وه‌ی تر بدەن، به‌ڵام بەهەمانشێوەی ئێستا گورزی كاریگەرتریان لێدەدرێ‌،چونكە ناتوانن ئەم عەقلیەتە بگۆڕن.
ئەوان دەسەلاتێكیان دەوێ‌ لەسەر بیروباوەڕێك كەوا هەموو جیهان وەكو ئەوان بێت، ئەمەش لە دونیادا بوونی نییە و ناشبێت. كەواتە لەهەر كاتێك جوڵە بكەن جیهان لەسەریان كۆدەبێتەوە بۆ لەناوبردنیان،وەك ئەوەی بەسەر داعشیان هێنا،چونكە بوونی ئەم تیرۆریستانە مایەی هەڕەشەیە بۆ سەر جیهانی پێشكەوتوو و مرۆڤ دۆست. بۆیە بەرهەمی داعش بۆ سوننە وێران كردن و دۆڕاندنی جوگرافیا و دەسەڵات بوو  و بۆ شیعەش بەرهەمدار بوو،چونكە دەسەڵاتی زیاتری گرتە دەست و جوگرافیای خۆی فراوانتر كرد.

 1,055 جار بینراوە