سەرەکی » مانشێت » كاره‌با، كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن نابێت

كاره‌با، كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن نابێت

PUKmedia

كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت، پچڕانی كاره‌با كاریگه‌ری نابێت له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی ده‌نگدان و كوژاندنه‌وه‌ی ئامێره‌كانی ده‌نگدان له‌ بنكه‌كانی ده‌نگداندا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر ئامێرێك باترییه‌كی زیاده‌ی له‌گه‌ڵه‌و توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ 12 سه‌عات كاره‌با بدات و نه‌هێڵێت ئامێره‌كان بكوژێنه‌وه‌.
رزگار حاجی حه‌مه‌ جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق ئه‌مڕۆ 22-4-2018، به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: راسته‌ ئامێره‌كانی ده‌نگدان كه‌ رۆژی هه‌ڵبژاردن له‌ بنكه‌كاندا به‌كارده‌هێنرێن، به‌ كاره‌با كارده‌كه‌ن و پێویسته‌ به‌رده‌وام كاره‌بایان له‌سه‌ر بێت، به‌ڵام پچڕانی كاره‌با هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر ئامێره‌كان نابێت، چونكه‌ هه‌ر ئامێرێك باترییه‌كی تایبه‌تی زیاده‌ی له‌گه‌ڵدایه‌و توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ تا ماوه‌ی 12 سه‌عات كاره‌با بداته‌ ئامێره‌كان و پڕۆسه‌كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك په‌كی ناكه‌وێت و نه‌وه‌ستێت.
راشیگه‌یاند: وه‌ك كۆمسیۆن هه‌موو پێداویستییه‌كمان ئاماده‌كردوه‌و بۆ هه‌ر بنكه‌یه‌كی ده‌نگدانیش ئامێرێكی یه‌ده‌گمان داناوه‌ بۆ كاتێك ئه‌گه‌ر ئامێرێك په‌كی بكه‌وت ئه‌توانرێت ده‌ستبه‌جێ به‌كاربهێنرێت.
رزگار حه‌مه‌ وتیشی: سه‌رجه‌م هاووڵاتییان له‌ هه‌موو ناوچه‌كانی عیراق دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هیچ كێشه‌ك دروست نابێت و به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش پچڕانی كاره‌با كاریگه‌ری له‌سه‌ر پرۆسه‌كه‌ نابێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كۆمسیۆن هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كی كردوه‌ كاتێك هه‌ر رووداوێكی نه‌خوازراو وه‌ك كاره‌با بڕان یان له‌كاركه‌وتنی ئامێره‌كان رووبدات، له‌ خودی بنكه‌ی ده‌نگدانه‌كه‌ ئامێری یه‌ده‌گ و باتری یه‌ده‌گیش ئاماده‌یه‌و ده‌ستبه‌جێ كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.

print

 37 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*