سەرەکی » مانشێت » قوباد تاڵه‌بانی‌ به ‌توندی‌ وه‌ڵامی‌ نه‌یاره‌كانی‌ یه‌كێتی‌ ده‌داته‌وه‌

هه‌ندێك لایه‌ن بۆ په‌رده‌پۆشكردنی گه‌نده‌ڵییه‌كانیان هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر یه‌كێتی

قوباد تاڵه‌بانی‌ به ‌توندی‌ وه‌ڵامی‌ نه‌یاره‌كانی‌ یه‌كێتی‌ ده‌داته‌وه‌

به‌ مه‌به‌ستی پاڵپشتی له‌ ھه‌ڵمه‌ته‌كانی بانگه‌شه‌ی لیستی 162 ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، قوباد تاڵه‌بانی له‌به‌رده‌م لایه‌نگرو جه‌ماوه‌ری یه‌كێتیدا له‌ قه‌زای پێنجوێن رایگه‌یاند: یه‌كێتیی له‌به‌رده‌م پیلانی ناحه‌زانیدایه‌، بۆیه‌ ده‌بێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌هێڵین پیلانی ناحه‌زان و دوژمنانی یه‌كێتی سه‌ربگرێت و به‌ره‌وڕووی بو‌وه‌ستینه‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش به تەنها بە ‌سه‌رخستنی لیستی 162 ی ی.ن.ک ده‌بێت له‌هه‌ڵبژاردندا.
هەروەها دەڵێت: لیستی 162 لیستی سه‌رۆك مام جه‌لال و لیستی خوێنی شه‌هیدانه‌، لیستی ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ نیشتمانپه‌روه‌ره‌ی گه‌له‌كه‌مانه‌ بۆیه‌ به ‌سه‌رخستنی ئه‌و لیسته‌ تیمێكی به‌هێزی وا ده‌نێرینه‌ به‌غدا كه‌ شه‌ڕی ده‌ستوورو مافه‌كانمان له‌وێ دەکەن.
وتیشی: یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هێزێكی تۆكمه‌ی جه‌ماوه‌ریی هه‌یه‌و به‌ره‌وڕووی سه‌رجه‌م پیلان و هێرشه‌كان ده‌وه‌ستێته‌وه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و هێرش و پیلانانه‌ به‌ ده‌نگدان به‌ لیستی 162 ی یه‌كێتی ده‌بێت، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موومان رۆژی ده‌نگدان بچینه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگ به‌ لیستی 162 ی یه‌كێتی بده‌ین.
وتیشی: راسته‌ گلەیی و گازنده‌ هه‌یه‌و ناعه‌داله‌تی تاڕادده‌یه‌ك هه‌بووه‌، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌مڕۆ ئه‌وانه‌ وه‌لابنێین و بچینه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و گله‌یی و ره‌خنه‌كانمان بخه‌ینه‌ دوای هه‌ڵبژاردن و ده‌نگ به‌ لیستی 162 ی یه‌كێتی بده‌ین.
ئاماژه‌شی به‌وه ‌دا کە هه‌ندێك لایه‌ن و ناحه‌زی یه‌كێتی بۆ په‌رده‌پۆشكردنی گه‌نده‌ڵییه‌كانیان هێرشی ناڕه‌وا ده‌كه‌نه‌ سه‌ر یه‌كێتی و لەو رووەشەوە دەڵێت: «ئێمه‌ پێیان ده‌ڵێین پیلان و هێرشه‌كانتان پووچ و بێ سوود ده‌بێت ئه‌وه‌ یه‌كێتییه‌ كه‌ خاوه‌نی جه‌ماوه‌رێكی دڵسۆزو به‌ ئه‌مه‌ك و نیشتمانپه‌روه‌ره‌و هۆشیاره‌و هه‌موو راستییه‌كان ده‌بینێت و ده‌زانێت.
له‌میانه‌ی‌ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی‌ هه‌ڵمه‌تی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ لیستی‌ 162ی‌ یه‌كێتیشدا له ‌سنووری‌ سه‌یدسادق و هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ورامان قوباد تاڵەبانی وتی: «نابێت چیتر بهێڵین خه‌ڵك قومار به‌ ئاینده‌ی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌وه‌ بكات و دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ شه‌پۆلێكی‌ سه‌وز به‌رێوه‌یه‌و هەرگیز ئەو گه‌له‌ كۆمه‌كێیەی ‌سه‌ر یه‌كێتی‌ قبووڵ ناكه‌ین» و به‌توندییش وه‌ڵامی‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی‌ دایه‌وه‌ كه ئاراستەی یه‌كێتی‌ ده‌كرێت.
لەوبارەیەشەوەو له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی بانگه‌شه‌ی لیستی 162ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، قوباد تاڵه‌بانی رایگه‌یاند:سه‌رۆك مام جه‌لال ڕوئیایه‌كی‌ هه‌بوو بۆ ئاشتی‌، دیموكراسی‌، مافی‌ چاره‌ی‌ خۆنووسین، یه‌كتر قبوڵكردن، ئێوه‌ له‌هه‌ڵه‌بجه‌ و شاره‌زوور و هه‌ورامان پارێزه‌ری‌ ئه‌و روئیایه‌بوون و جێبه‌جێتان كردوه‌، هه‌میشه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و شاره‌زوور و هه‌ورامان له‌سه‌ر رێبازی‌ سه‌رۆك مام جه‌لال بووه‌، به‌ڵام ئه‌و روئیایه‌ له ‌ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ كوردستان و عیراق له‌ژێر مه‌ترسیدایه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ ده‌بێت چیتر نه‌هێڵین خه‌ڵكانێكی‌ تر یاری‌ به‌ئاینده‌ی‌ خۆمانه‌وه‌ بكات، نابێت چیتر بهێڵین خه‌ڵك قومار به‌ ئاینده‌ی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌وه‌ بكات.
له‌باره‌ی‌ ئه‌و تۆمه‌ت و قسانه‌ی‌ دژی‌ یه‌كێتی‌ ده‌كرێت، قوباد تاڵه‌بانی‌ وتی‌: نه‌یاره‌كانمان بێ‌ ویژدانی‌ و گه‌له‌ كۆمه‌كی‌ به‌رامبه‌ر یه‌كێتی‌ ده‌كه‌ن، كۆبوونه‌ته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ رێكبكه‌ون چۆن بتوانن له‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانی‌ بده‌ن، ئه‌مه‌ قبوڵ ناكه‌ین و ئێوه‌ش قبوڵی‌ ناكه‌ن، هه‌موو پیلانه‌كانیان پوچه‌ڵ ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌سه‌ر سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان وه‌ڵامی‌ نه‌یاره‌كانمان ده‌ده‌ینه‌وه‌.
قوباد تاڵه‌بانی‌ راشیگه‌یاند»خه‌ڵكانێكی‌ تر هه‌یه‌ خۆیان به‌فریشته‌ و فریادڕه‌سی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌زانن، ده‌ڵێن ئێمه‌ نه‌وه‌ی‌ نوێین، ده‌ڵێت ده‌مانه‌وێت هه‌موو كه‌سێك وه‌ك خۆم لێبكه‌م، له‌كاتێكدا خۆی‌ 50 ملیۆن دۆلار قه‌رزاره‌، ئایا ئێوه‌ ئه‌وه‌ تان ده‌وێت، بڕوا ناكه‌م».
وتیشی‌: «خه‌ڵكانێكی‌ تریش هه‌یه‌ تا پاره‌ هه‌بوو و دۆخه‌كه‌ش باش بوو، له‌ناو یه‌كێتی‌ بوو، قیاده‌ی‌ یه‌كێتی‌ ده‌كرد، به‌ڵام كه‌ دۆخه‌كه‌ خراپ بوو جیابووه‌وه‌ له ‌یه‌كێتی‌، ئه‌مڕۆ باسی‌ حكومڕانیمان بۆ ده‌كات و باسی‌ كه‌موكورتی‌ حكومه‌تمان بۆ ده‌كات، به‌ڵام خه‌ڵك له‌بیری‌ نه‌چووه‌ كه‌ ئه‌م به‌رێزه‌ دووجار سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بووه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندین ساڵ جێگری‌ هه‌ڤاڵ مام جه‌لال بووه‌، ئه‌مه‌ سه‌یره‌، بۆ له‌كاتێكدا له‌ حكومه‌ت بووه‌ كه ‌پاره‌ی‌ لێده‌باری‌ بۆ نه‌یتوانی‌ چاكسازی‌ بكات، بۆیه‌ باشترین وه‌ڵام بۆ ئه‌وانه‌ ده‌نگدانتانه‌ بۆ لیستی‌ 162 لیستی‌ یه‌كێتی‌ و به‌ڵێنی‌ خۆتان بۆ رێبازه‌كه‌ی‌ مام جه‌لال دووپات بكه‌نه‌وه‌.
قوباد تاڵه‌بانی‌ له ‌كۆتایی‌ قسه‌كانیدا وتیشی‌: بیری خه‌ڵكی ده‌هێنینه‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی ته‌نها حزبی یه‌ك شارو ناوچه‌ نییه‌، به‌ڵكو ده‌یسه‌لمێنین كه‌ یه‌كێتی ئاینده‌ی ئه‌م گه‌له‌یه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*