سەرەکی » وتار » نه‌وزادى موهه‌ندیس‌ » ئێران لەبەردەم تووڕەیی ئەمریكادا

ئێران لەبەردەم تووڕەیی ئەمریكادا

ئێران هەر لەساڵی 1979وە تاكو ئێستا هیچ كات وا مامەڵەی نەكردوە نە لەناوچەكەدا و لە سەر ئاستی دونیاش وەك دۆستی ئەمریكا و هیچ كات نەچۆتە ناو خولگە و بازنەی بەرژەوەندیەكانی ئەمریكاوە گەر بۆ ڕواڵەتیش بوبێت، هەمیشەش هەر كات بۆی هەڵكەوتبێت هەنگاو گەلێك یان سیاسەت و مامەڵەیەكی پیادە كردوە چ ڕاستەوخۆ دژ بە ئەمریكاو بەرژەوەندیەكانی بوە یان دژ بە دۆست و هاوپەیمانەكانی بوە لەناوچەكەدا كە هەموانیان چونەتە چوارچێوەی دژایەتی سیاسەت و بەرژەوەندیەكانی ئەمریكاوە و ئایندەی ئەو بەرژەوەندی و پلانانەی ئەمریكای خستۆتە بەر مەترسیەوە.هەربۆیە هیچ كات و لەماوەی ئەو 39 ساڵەی ڕابووردووەدا ئەمریكاش ئێرانی بەدۆست و لایەنگری خۆی نەزانیوە نەك هەرئەوە بەڵكو هەمیشە لەخانەی دوژمنان و وڵاتانێكدا بوە كە پشتیوانی تیرۆر و تیرۆریستانی كردوە و خستویەتیە ناو لیستی ڕەشەوەو بەدرێژایی ئەو ماوەیەش گەمارۆی ئابوری و سیاسی و سەربازی خستۆتە سەر ئێران و دەسەڵاتدارانی.بەكردارەكیش بۆماوەی 8ساڵ گیردۆدەی جەنگی لەگەڵ عێراقی صدام حسێندا كرد.

هەوڵی ناردنە دەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی
ئەم دوو وڵاتە هەریەكەیان هەژموون و كاریگەری گەورەیان هەیە لەناوچەكەدا،ئێران لەلایەك بەهۆی هەڵكەوت و پێگە سیاسی و ئابوری و سەربازیەكەیەوە و لەلایەكی تریشەوە بەهۆی هەڵكەوتەی وەك گەورەترین وڵاتی ئیسلامی شیعە مەزهەب بۆتە هۆی ئەوەی كە سیاسەت و نفوزی لەناوچەكەدا گەشە بكات و هەژموونی خۆی بسەپێنێتە سەر زۆرێك لە دەسەڵاتداران و وڵاتانی ناوچەكە و وابكات كە لەخولگەی بەرژەوەندیەكانی ئێراندا بسوڕێنەوە،ئێرانی ئیسلامی لەساڵی 1979وە هەوڵی ناردنە دەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی داوە بۆ دەرەوەی خۆی و بەتایبەتیش وڵاتانی دەرودراوسێی و ویستویەتی كە((مانگی شیعی))لەناوچەكەدا بسەپێنێت و لە ئێستاشدا گەرەكێتی ئەو مانگە یەكشەوەیە بكاتە مانگی چواردەشەو وسەرتاپای وڵاتانی ناوچەكە بگرێتەوە.لە ئێستادا ئێران بۆتە وڵاتی ژمارە یەك كە دژایەتی یان ململانێ‌ لەگەڵ ئەمریكا و ڕۆژئاواییەكاندا دەكات لەناوچەكەدا و لەهەحقیقەتیشدا بۆتە مەترسی گەورەش بۆ سەر بەرژەوەندیەكانیان،ئێران توانیویەتی كە هەژموونی خۆی لە وڵاتانی عێراق و سوریا و لوبنان و فەلەستین و بەحرەین و قەتەر و عومان و یەمەن و تەنانەت مەترسیشی بۆ سەر كوێت و سعودیە و ئیسڕائیلیش پەیدا كردوە بە نزیكبونەوەی لە سنورەكانیان،هەر ئەمەشە كە بۆتە هۆی ئەوەی ئەمریكا جامی توڕەیی و نەفرەتی خۆی بەسەر ئێراندا بڕێژێت و بیكاتە تاكە ئامانجی نزیكی خۆی و لەو پێناوەشدا كاری جدی دەكات بۆ گەمارۆدانی توانا ئابوری و سەربازیەكانی و گەرەكێتی بەكارتی فشاری ئابوری و دارایی و دروستكردنی قەیران و تەنگژەی دارایی تەنگ بە ئێران هەڵبچنێت و بەهۆی شەڕە بەردەوامەكانی و گیرۆدەكردنی لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەندا توشی نەزەیفی دارایی بكات و كاتێك بەخۆی بزانێت كە هیچ توانایەكی نەماوە بۆ بەرگریكردن. ئەمریكا سیاسەت و پلانی پشوودرێژی لەگەڵ ئێراندا پیادە دەكات و سەرەتاش لەدۆستەكانی دوور دەخاتەوە ودایدەبڕێت لەهەریەكە لە ڕوسیا و كۆریای باكور و چین،ئەوەتا نێوانی ئەمریكا و كۆریای باكور هێندە لێكنزیكبۆتەوە و ئاسایش بۆتەوە كە دوای نزیكەی 60 ساڵ بەمنزیكانە هەردوو سەرۆك لە سەنگافورە لە 12/6 كۆببنەوە و كۆریاش ئامادەیی پیشانداوە كە دەستهەڵبگرێت لەبەرنامە ئەتۆمیەكەی و 3 هاوڵاتی ئەمریكیشی وەك نیازپاكی كە چەندین ساڵبوو لە كۆریا بەندبوون ئازادكرد و گەڕانیانەوە بۆ ئەمریكا.

هاوپەیمانی هەمیشەیی و تاسەری ئەمریكان
لە ئێستادا ئەمریكا هەوڵی سەرەكی بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندیەكانێتی لەگەڵ كۆریای باكور بۆ دابڕانی لە ئێران و پاراستنی ئاسایشی نیمچە دورگەی كۆریا و یابان،ئەوكاتیش دەستی واڵا دەبێت بۆ ئێران و سزادان و گەمارۆدان و لێپرسینەوە لەگەڵیدا و تەنانەت شەڕ كردن لەگەڵی و هێرش و پەلاماردانیشی، بەهۆی ئەو سەركێشی و ململانێیانەی كە لەگەڵ ئەمریكا و دۆستەكانی دەیكات لەناوچەكەدا، وەك هەریەكە لە ئیسڕائیل و سعودیە و تەواوی وڵاتانی كەنداوی فارسی، چونكە هەموو ئەو وڵاتانە دۆست و هاوپەیمانی هەمیشەیی و تاسەری ئەمریكان و بەبەشێك لە ئاسایشی ئەمریكایان دادەنێت بەهۆی دەوڵەمەندیان لەسەرچاوەكانی نەوت و غازی سروشتی وەك دوو سەرچاوەی گرنگی وزە بۆ ئایندەی پیشەسازی ئەمریكا.

لەناوخۆی خۆشیدا
لە ئێستادا ئەمریكا و ئێران ڕاستەوخۆ لە هەریەكە لە عێراق و سوریا و لوبنان و تەنانەت یەمەنیش ڕووبەڕووی یەكتری بونەتەوە و ململانێیەكی سەخت دەكەن لەسەر زەمین،بەڵام هەموو بۆچونەكان وای بۆدەچن كە ئێران ناتوانێت تاسەر بەردەوام بێت لەو گەمە پڕ مەترسیەدا،چونكە لەلایەك توانا سەربازی و ئابوریەكانی هێندەی ئەمریكا بەهێز نیە و لەناوخۆی خۆشیدا هاوڵاتیانی 80 ملیۆن كەسی زۆربەی لێی ڕازی نین و تەنانەت لەنێو باڵەكانی دەسەڵاتدارانی ئێرانیشدا ململانێی توند هەیە دژ بەیەكتری كە هەموو ئەمانە بۆخۆی دەبنە فاكتەرێكی گەورەی مەترسیدار بۆ بەهێزی هێشتنەوەی ئێران،ئەمریكا بەجدی كاردەكات بۆ بچوككردنەوەی ئێران و دابڕینی لە بازاڕەكانی جیهان و نەوت و بەهەر نرخێكیش بوە نایەوێت ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و لە نزیكترین هەنگاویشدا لەلایەن سەرۆك ترامپەوە ڕێكەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی ((5+1))ی هەڵوەشاندەوە و وەك بەرزكردنەوەی كارتی سوور بۆ وەستاندنی ئێران.بەهەمان شێوەش ئیسڕائیلیش لەماوەی مانگێكدا دووجار هێرشی ئاسمانی كردۆتە سەر بنكە و مۆڵگەی سەربازی ئێرانی لە سوریادا و لەیەمەنیش هێزی حوسیەكان لەسەر دەستی هاوپەیمانی عەرەبی بەسەرۆكایەتی سعودیە لە پاشەكشەدان و لە عێراقیش ئەمریكا گەرەكێتی حكومەتی ئایندە زۆر نزیك نەبێت لە ئێران.
• بەم شێوەیە لە ئێستادا ئێران كەوتۆتە بەر هەڕەشە و توڕەیی و بەردەمی تۆپخانەی ڕاستەوخۆی ئەمریكا و زۆر دوور نیە لەماوەیەكی نزیكدا ئەمریكا یان لەڕێگەی خۆپیشاندانی جەماوەری ناوخۆیی ئێرانەوە وەك ئەوەی لەساڵی 1979دا دژ بە شای ئێران هەڵایسا، یانیش لەڕێگەی سەربازیەوە پەلامار و گوشارەكانی بۆسەر ئێران زیاد بكات و بەدەردی ڕژێمەكەی تاڵیبانی ئەفغانستان و صەدامی عێراقی بەرێت،هەرچەندە ڕووخاندنی ڕژێمێكی ئیسلامی گەورە و بەهێزی شیعە مەزهەب لەئێراندا هێندە ئاسان نیە،بەڵام كارێكی نەكردەش نیە و بەكەوتنی ئێرانیش ناوچەكە و بەتایبەتیش كورد قازانجی زۆر گەورە دەكەن و دەروازەكانی ئایندەی بەگەشی بەڕوودا دەكرێنەوە،ئەوەش وەستاوەتە سەر وەستایی و دانایی و بیرتیژی و دووربینی سەركردایەتی كورد لە قۆزتنەوەی هەل و بوارە هەڵكەوتوو و گۆڕانكاریەكاندا.

print

 1 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*