سەرەکی » وەرزش » بۆچی میسی كراوه‌ته‌ نیشانـه‌ی تیری پێوه‌رێكی سه‌قه‌ت

بۆچی میسی كراوه‌ته‌ نیشانـه‌ی تیری پێوه‌رێكی سه‌قه‌ت

زۆرێك له‌وانه‌ی ره‌خنه‌ی گه‌وره‌ له‌ میسی ده‌گرن ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر میسی جامی مۆندیال نه‌باته‌وه‌ نابێته‌ ئه‌فسانه‌، واته‌ مه‌رجی بوون به‌ ئه‌فسانه‌ی یاریزانه‌ جیهانییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و یاریزانه‌ ده‌بێت جامی مۆندیال بباته‌وه‌، ئه‌گه‌رنا ئه‌وا ناكرێت ناو و ناوبانگی ئه‌فسانه‌ی بدرێتێ.
ئه‌م پێوه‌ره‌ بۆ یاریزانه‌ جیهانییه‌كان ناهه‌قی زۆری تیادایه‌، زۆرێك له‌ شیكره‌وه‌ جیهانییه‌كان و رۆژنامه‌و كه‌ناڵه‌ راگه‌یاندنه‌كان و په‌یج‌ و سایته‌ ئه‌لیكترۆنییه‌‌كان به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی حه‌زیان له‌ میسی نییه‌و هه‌میشه‌ دژی ئه‌و ده‌وه‌ستنه‌وه‌، زۆر بێویژدانانه‌ ئه‌م تۆمه‌ته‌ ده‌خه‌نه‌ پاڵ میسی و ئه‌م ناهه‌قییه‌ گه‌وره‌یه‌ دژی ئه‌و ده‌وروژێنن.
ئه‌وان هه‌میشه‌ له‌م هاوكێشه‌ سه‌قه‌ته‌دا ده‌كه‌ونه‌ هه‌ڵه‌ گه‌وره‌که‌وه‌ (بانێكه‌و دووهه‌وا)، ئه‌و تۆمه‌ته‌ بۆ میسی بۆته‌ بنێشته‌ خۆشه‌ی ده‌میان و بۆ چه‌ندان ئه‌فسانه‌ی تر قڕو قه‌پیان لێكردووه‌.
با ئاوڕێك له‌ مۆندیالی رابردووی 2014-به‌رازیل بده‌ینه‌وه‌ و سه‌یرێكی ووردی ئه‌م مۆندیاله‌ش بكه‌ین، له‌په‌راوێزی هه‌ردووكیاندا باسه‌یری ده‌میان بکه‌ین و بزانین چۆن ئه‌و كه‌ناڵه‌ راگه‌یاندن و شیكه‌روه‌ وه‌رزشی و سایت و په‌یجانه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌یان گه‌وره‌ كردوه‌و ئه‌وه‌ی ناشێو نابێت و ناوترێت له‌و رووه‌وه‌ به‌ڕوی میسیدا ده‌ده‌ن.
ئه‌نجامه‌ خراپه‌كانی ئه‌م مۆندیاله‌ی ئه‌رجه‌نتین له‌ سه‌دا سه‌دی خراوه‌ته‌ ئه‌ستۆی ئه‌وو به‌و ئه‌نجامانه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ گه‌وره‌یی و ناوو ناوبانگ و توانا سه‌ر سوڕهێنه‌ره‌كانی كه‌م بكه‌نه‌وه‌، له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌م مۆندیاله‌دا تائێستا گۆڵی نه‌كردووه‌و ئه‌نجامی تیپه‌كه‌ی خراپه‌، ئه‌وا میسیان خستۆته‌ قه‌فه‌سی تاوان و شه‌ره‌فی بوون به‌ئه‌فسانه‌یان لێ سه‌ندۆته‌وه‌و خستویانه‌ته‌ به‌رده‌م ره‌شه‌بایه‌كی ژه‌هراوی تۆمه‌تی به‌هێز و له‌و گێژاوه‌دا ده‌یهێنن و ده‌یبه‌ن، ئه‌م تۆمه‌ته‌ش ته‌نیاو ته‌نیا به‌ر میسی ده‌كه‌وێت وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌ناڵی راگه‌یاندن و شیكه‌ره‌وه‌ وه‌رزشی و هێندێك سایتی ئه‌لیكترۆنی ئاگایان له‌(مه‌حموی بێ زه‌واد) نه‌بێت و ئاگاداری مێژووی ژیانی چه‌ندان ئه‌فسانه‌ی تۆپی پێی تر نه‌بن كه‌ هیچیان ده‌ستیان به‌ر جامی مۆندیال نه‌كه‌وتووه‌.
با بۆ وه‌ڵامی ئه‌وانه‌ی ناومان بردن ناوی چه‌ند ئه‌فسانه‌یه‌كی تۆپی پێی جیهانی بهێنینه‌وه‌ كه‌ جامی مۆندیالیشیان نه‌بردۆته‌وه‌و نازناوی ئه‌فسانه‌شیان هه‌یه‌و كه‌سیش لاری له‌وه‌ نییه‌ و ناشتوانرێت لێیان بسه‌نرێته‌وه‌.
سه‌رتا ئه‌گه‌ر له‌ هانده‌رانی سه‌رسه‌ختی ئه‌ی سی میلان بپرسین به‌درێژایی مێژووی یانه‌كه‌تان كێ ئه‌فسانه‌ی یانه‌كه‌تانه‌؟ به‌بێ دوودڵی ده‌ڵێن: پاوڵۆ ماڵدینی، ماڵدینی ئه‌فسانه‌ی میلان به‌جامی مۆندیال شاد نه‌بووه‌.
ئه‌گه‌ر له‌ هانده‌رانی سه‌رسه‌ختی ئینته‌ر میلانیش بپرسین به‌درێژایی مێژووی یانه‌كه‌تان كێ ئه‌فسانه‌ی یانه‌كه‌تانه‌؟ به‌بێ وه‌ستان ده‌ڵێن: خافیێر زانیتی، ئه‌میش جامی مۆندیالی نه‌بینی.
ئه‌گه‌ر له‌ هانده‌رانی سه‌رسه‌ختی یۆڤانتۆسیش بپرسین به‌درێژایی مێژووی یانه‌كه‌تان كێ ئه‌فسانه‌ی یانه‌كه‌تان بووه‌؟ به‌بێ وه‌ستان ئه‌وانیش ده‌ڵێن: نیدڤید و پلاتینی، هه‌ردووكیان بۆنی جامی مۆندیالیان نه‌كردووه‌.
بڕۆ بۆ خولی ئینگلیزی، له‌وێ رایان گیگزی ئه‌فسانه‌ی یانه‌ی مان یونایتد و هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلته‌را ئه‌و خه‌ونه‌ی نه‌هاته‌دی جامی مۆندیال به‌رز بكاته‌وه‌و ئه‌فسانه‌یه‌كی بێ وێنه‌شه‌، ئه‌گه‌ر له‌ هانده‌رانی سه‌رسه‌ختی لیڤه‌رپوڵیش بپرسین به‌درێژایی مێژووی یانه‌كه‌تان كێ ئه‌فسانه‌ی یانه‌كه‌تانه‌؟ به‌بێ وه‌ستان ده‌ڵێن:ستیڤن جیرارد، ئه‌میش به‌جامی مۆندیال شاد نه‌بووه‌، بڕۆ بۆ یانه‌ی چێڵسی، لامپاردو جۆن تیری و درۆگبا جامی مۆندیالیان بۆ هه‌ڵبژارده‌كانیان به‌رز نه‌كردۆته‌وه‌و كه‌سیش ناتوانێت نازناوی ئه‌فسانه‌یان لێبسێنێته‌وه‌.
چه‌ندان وڵاتی ناودار له‌تۆپی پێدا بۆ نموونه‌ هۆڵه‌ندا جامی مۆندیالین نییه‌، به‌و پێوه‌ره‌ سه‌قه‌ته‌ بێت ئه‌وا خاوه‌نی یه‌ك ئه‌فسانه‌ نین، ئه‌مه‌ش ناهه‌قییه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌چه‌ندا ئه‌فسانه‌ی وه‌ك كرۆیف و پیته‌ر شمایكڵ و چه‌ندانی تر ده‌كرێت.
ئه‌وانه‌ی ئه‌م ره‌خنه‌یه‌ له‌ میسی ده‌گرن زۆربه‌یان سۆز و لایه‌نگیرییان بۆ یانه‌ی ریاڵ مه‌درید هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر له‌زاری خۆیانه‌وه‌ بڵێین به‌درێژایی مێژووی یانه‌ی شاهانه‌ی مه‌درید، 10 ئه‌فسانه‌ گوزه‌ریان به‌م یانه‌یه‌دا كردووه‌و ئه‌وان شانازییان پێوه‌ ده‌كه‌ن، له‌و 10 ئه‌فسانه‌یه‌ 7 ئه‌فسانه‌یان بۆنی جامی مۆندیالیان نه‌كردووه‌، له‌وانه‌ (دیستیڤانۆ و پۆشكاش و خینتۆ و رائۆڵ و شتالیگه‌ و كریستیانۆ رۆناڵدۆ) ئه‌ی بۆچی له‌كوله‌كه‌ی ته‌ڕیشدا ناوی ئه‌م ئه‌ستێرانه‌ ناهێنرێت وشه‌ره‌فی بوون به‌ئه‌فسانه‌یان لێناسێنرێته‌وه‌و ته‌نیا میسی ئه‌م پێوه‌ر ده‌یگرێته‌و كراوه‌ته‌ نیشانه‌ی تیری ئه‌م پێوه‌ره‌ سه‌قه‌ت و ره‌خنه‌ بێ بنه‌مایه‌یانه‌.

 107 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*