سەرەکی » ئاراستە » دۆخی كه‌ركوك ئارامه‌و پارێزگاریش ئیستیحقاقی یه‌كێتییه‌

دۆخی كه‌ركوك ئارامه‌و پارێزگاریش ئیستیحقاقی یه‌كێتییه‌

ئاژانسه‌كان، کوردستانی نوێ، كوردسات نیوز،كه‌ناڵی گه‌لی كوردستان،pukmedia، snn

دۆخی سه‌ربازیی له‌كه‌ركوك به‌ره‌و خاوبوونه‌وه‌و ئارامی ده‌چێت‌و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش كار ده‌كات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی به‌ كاتیی شاره‌كه‌یان چۆڵ كردووه‌و به‌هه‌مانگیش كارده‌كات بارودۆخی سیاسیی كه‌ركوك ئاسایی بكرێته‌وه‌و جارێكی دیكه‌ دۆسیه‌ی سیاسیی شاره‌كه‌ بگرێته‌وه‌ ده‌ست له‌ناویشیاندا چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی دیاریكردنی پارێزگارێك بۆ كه‌ركوك، كه‌ ئیستیحقاقێكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌. له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ ئاراس شێخ جه‌نگی به‌پێویستی ده‌زانێت كه‌ به‌زووترین كات كه‌ركوكییه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ و پارێزگارێك كه‌ ئیستیحقاقی كوردو ئیستیحقاقێكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌، ده‌ستنیشان بكه‌ن.
رزگار عه‌لی: هۆشدارییمان دا له‌ ئه‌نجام نه‌دانی ریفراندۆم
رزگار عه‌لی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی (ی.ن.ك) رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌ر له‌ڕیفراندۆم هۆشدارییان داوه‌ته‌ سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كورد ئه‌گه‌ر ریفراندۆم بكرێت كه‌ركوك له‌ده‌ستده‌ده‌ین.
ئاماژه‌شی به‌وه‌كردووه‌ كه‌ له‌باره‌ی ئاڵۆزییه‌كانی كه‌ركوكه‌وه‌، پێشتر مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی‌و پارتی-مان له‌مه‌ترسییه‌كانی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌و پارێزگایه‌ ئاگاداركرده‌وه‌و له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دوكانیشدا پێمانڕاگه‌یاندن كه‌ شه‌ڕ له‌كه‌ركوك رووده‌دات‌و هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌شدا پارتی رازی بوو كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌گفتوگۆ چاره‌سه‌ربكرێن. وتیشی: بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆم هه‌ڵه‌بووه‌و به‌رپرسیارێتییه‌كه‌شی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی مه‌سعود بارزانی.
ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌كه‌ركوك شه‌ڕێكی بێوێنه‌ی كرد، به‌ڵام هه‌ندێك كه‌ناڵ رۆڵێكی خراپیان بینی سه‌باره‌ت به‌و ره‌وشه‌ی له‌و شاره‌ درووستبوو.
ئاسۆ مامه‌ند: پارتی ده‌ستی به‌سه‌ر كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوكدا گرتبوو
له‌میانی لێدوانێكیشیدا، ئاسۆ مامه‌ند لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی (ی.ن.ك) ئاشكرایده‌كات كه‌ گوێ له‌هۆشدارییه‌كانی ئێمه‌ نه‌گیرا، ئه‌گه‌ر گوێیان بگرتایه‌ ئێستا كه‌ركوك به‌وشێوه‌یه‌ی به‌سه‌رنه‌ده‌هات، به‌داخه‌وه‌ به‌قسه‌یان نه‌كردین، ئێمه‌ ده‌مانزانی كه‌ڕیفراندۆم كاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر كه‌ركوك ده‌بێت‌و كاره‌سات ده‌بێت بۆ شاره‌كه‌.
له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا، ئاسۆ مامه‌ند؛ ره‌خنه‌ له‌ كه‌مال كه‌ركوكی ده‌گرێت‌و ده‌ڵێت: بۆچی به‌رگریی نه‌كردو رۆیشت؟ ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه‌»پارتی له‌كاتی شه‌ڕی داعشدا له‌بری ئه‌وه‌ی بێت به‌رگریی له‌كه‌ركوك بكات، هات ده‌ستی به‌سه‌ر كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی ئه‌و شاره‌دا گرت».
وه‌ستا ره‌سوڵ: كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌ فه‌رمان بووه‌
وه‌ستا ره‌سوڵ فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری باشووری كه‌ركوك ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌ كاتێك سوپای عیراق‌و حه‌شدی شه‌عبـی له‌سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌باشووری كه‌ركوك نزیكبوونه‌وه‌، چوار لیوای هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌رگرییه‌كی زۆریان كرد، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی شه‌ڕێكی نابه‌رامبه‌ر بوو، هێزه‌ عیراقییه‌كان هه‌موو جۆره‌ چه‌كێكی قورس‌و پێشكه‌وتوویان پێبوو، بڕیاری كشانه‌وه‌ درا.
ئه‌وه‌شی وت: جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی 70 راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیی به‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی هه‌رێم‌و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه‌ كردو كشانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ش به‌فه‌رمان‌و ئاگاداری ئه‌وان بوو. راشیگه‌یاند: ئه‌و میدیایانه‌ی سووكایه‌تی‌و تۆمه‌تیان داوه‌ته‌پاڵ هێزی پێشمه‌رگه‌و یه‌كێتی، به‌درێژایی مێژوویان خائین بوون، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بیانویستایه‌ راستییه‌كان بڵاوبكه‌نه‌وه‌، ده‌بوو زانیارییان له‌سه‌رچاوه‌ باوه‌ڕپێكراوه‌كان وه‌ربگرتایه‌.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: په‌یامه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی، زۆر خراپ بوو
 فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی (ی.ن.ك) بۆ كوردسات نیوز ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ په‌یامه‌كه‌ی دوێنێی مه‌سعود بارزانی؛ په‌یامێكی زۆر خراپ بوو، خۆی له‌به‌رپرسیارێتی ده‌دزێته‌وه‌، وتیشی: ده‌بوو مه‌سعود بارزانی؛ په‌یامی بۆ ئاینده‌ هه‌بوایه‌. ده‌بوو فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی هه‌رێم له‌به‌ره‌كانی جه‌نگدا بوایه‌.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد؛ ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو كه‌ مه‌سعود بارزانی؛ ده‌زانێت‌و ئاگاداره‌ كه‌ هێزه‌كانی یه‌كێتی له‌كه‌ركوك دوای شه‌ڕێكی قاره‌مانانه‌و به‌خشینی ده‌یان شه‌هیدو بریندار، پاشه‌كشه‌ی كردووه‌، به‌ڵام هێزه‌كه‌ی كه‌مال كه‌ركوكی به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یان له‌سه‌ر بێت، كشاونه‌ته‌وه‌، جگه‌له‌وه‌ش هێزه‌كانی پارتی له‌كه‌ركوك به‌بێ شه‌ڕ كشاونه‌ته‌وه‌.
ئاراس شێخ جه‌نگی: گوێیان لێ نه‌گرتین
له‌سه‌رله‌به‌یانی دوێنێوه‌ ره‌وشی كه‌ركوك به‌ره‌و ئارامبوونه‌وه‌ ده‌چێت، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتی بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌. له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ ئاراس شێخ جه‌نگی، رایگه‌یاندووه‌: ره‌وشی كه‌ركوك به‌ره‌و ئارامبوونه‌وه‌ ده‌چێت‌و ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتیانیش گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌. داواش له‌دانیشتوانی كه‌ركوك ده‌كات له‌هه‌ر شوێنێكن بگه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵ‌و حاڵی خۆیان.
له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا، ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: پێشتر لێپرسراوانی باڵای هه‌رێمی كوردستانم ئاگاداركردبۆوه‌ له‌و هێزه‌ زۆره‌ی كه‌ به‌نیازه‌ هێرش بكاته‌سه‌ر كه‌ركوك، به‌ڵام گوێیان نه‌گرت، ئه‌گه‌ر به‌قسه‌ی ئێمه‌یان بكردایه‌ ئه‌و كاره‌ساته‌ له‌كه‌ركوك رووی نه‌ده‌داو پێشمان وتبوون كه‌ئاشبه‌تاڵێكی تر به‌ڕێوه‌یه‌.
روونیشیده‌كاته‌وه‌ كه‌ نه‌توانراوه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی باش له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی كه‌ركوكدا بكرێت، ئێستاش كه‌ قۆناغێكی نوێ هاتۆته‌پێشه‌وه‌، ده‌بێت له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی كه‌ركوكدا رێككه‌وتن بكرێت.
״بارودۆخی كه‌ركوك ئارامه‌״
به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی كه‌ركوك ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ سه‌رۆك مام جه‌لال باشترین چاره‌سه‌ری بۆ كه‌ركوك دانابوو، ئه‌ویش دابه‌شكردنی پۆسته‌كان بوو به‌ڕێژه‌ی (33%) بۆ كوردو عه‌ره‌ب‌و توركمان، به‌لای خه‌ڵكییه‌وه‌ جێی سه‌رسوڕمان بوو، به‌ڵام ئێستا حیكمه‌تی ئه‌و دابه‌شكردنه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت.
عه‌مید خه‌تاب عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی كه‌ركوك له‌كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌نووسیدا وتیشی: له‌ناو كه‌ركوك هه‌ر هاووڵاتییه‌ك چه‌كی پێبێت له‌لایه‌ن تیمه‌كانمانه‌وه‌ لێی ده‌سه‌نرێت، له‌ئه‌مڕۆشه‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌فسه‌رو كارمه‌ندانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌سه‌ر كاره‌كانیان‌و مه‌له‌فی ئه‌منیی شاره‌كه‌ش به‌ته‌نیا ده‌درێته‌ ده‌ست پۆلیس.
به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی كه‌ركوك، داوا له‌هاووڵاتیانیش ده‌كات بگه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵ‌و حاڵی خۆیان‌و ئێمه‌ش سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ین به‌چه‌ند رۆژێك چاره‌سه‌ری بكه‌ین‌و دۆخی شاره‌كه‌ به‌وریاییه‌وه‌ ئارامبكه‌ینه‌وه‌‌و بارودۆخی شاره‌كه‌ش به‌ره‌و ئاساییبوونه‌وه‌ ده‌ڕوات‌و هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانیش ده‌كشێنه‌وه‌‌و ته‌نیا پۆلیس ده‌مێنێته‌وه‌.
״پۆلیس پاراستنی كه‌ركوك ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ״
حاكم زاملی سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاندووه‌: دوای دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هێزه‌ عیراقییه‌كان له‌ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك‌و قه‌زای خورماتوو و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تر, حه‌شدی شه‌عبـی له‌و ناوچانه‌ ده‌كشێنه‌وه‌.
زاملی؛ ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو كه‌ هێزه‌كانی پۆلیسی ناوخۆو پۆلیسی فیدرالی ئه‌ركی پاراستنی ئاسایش‌و جێگیری ئه‌و ناوچانه‌و به‌تایبه‌تیش كه‌ركوك ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ.
مه‌سعود حه‌یده‌ر داوای لێبوردن  ده‌كات
مه‌سعود حه‌یده‌ر ئه‌ندامی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا داوای لێبوردن ده‌كات له‌باره‌ی گواستنه‌وه‌ی چه‌ند زانیارییه‌كی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌باره‌ی گوایە رێكه‌وتنی نێوان هه‌ندێك له‌سه‌ركرده‌كانی كوردو عیراق‌.
ئه‌م داوای لێبوردنه‌ی مه‌سعود حه‌یده‌ر، له‌په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌فه‌یسبوك بڵاوی کردۆتەوە و داواشده‌كات هه‌ر به‌هه‌ڵه‌تێگه‌یشتنێك هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ راستبكرێته‌وه‌. داوای لێبوردنیش له‌ بافل تاڵه‌بانی و هادی عامری ده‌كات.
مه‌خمورو دیبه‌گه‌و گوێڕ بێ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ چۆڵ كران
به‌بێ هیچ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یەك قه‌زای مه‌خمورو ناحیه‌كانی دیبه‌گه‌و گوێڕ چۆڵ كران‌و پاشه‌كشه‌ به‌هێزه‌كانی پارتی كرا.
پاشه‌كشه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌بێ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ بووه‌ له‌قه‌زای مه‌خمورو ناحیه‌كانی دیبه‌گه‌و گوێر به‌ره‌و بازگه‌ی زورگه‌زراو له‌وێشه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌ولێر. ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدا بووه‌ هێزه‌كانی سوپای عیراق‌و حه‌شدی شه‌عبـی چه‌ند كیلۆمه‌ترێكیان مابوو له‌و ناوچانه‌ نزیك ببنه‌وه‌.
له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ غه‌یاس سوورچی كارگێڕی مه‌ڵبه‌ندی موسڵی ی.ن.ك ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ كه‌ سه‌رله‌به‌یانی دوێنێ هێزه‌كانی پارتی هه‌موو شوێنه‌كانی خۆیان چۆڵ كرد.
باشیك‌و ناوه‌ران‌و باقرت‌و به‌رتله‌ش چۆڵ کران
هه‌روه‌ها، ره‌شاد گه‌ڵاڵی لێپرسراوی كۆمیته‌ی مه‌خموری ی.ن.ك رایگه‌یاندووه‌: هێزه‌كانی سه‌ر به‌پارتی، به‌بێ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌ته‌واوی قه‌زای مه‌خمورو ناحیه‌كانی گوێرو قه‌راج‌و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری به‌ته‌واوی كشانه‌وه‌و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبـی چوونه‌ شوێنه‌كانیان.
هه‌روه‌ها، هێزه‌كانی زێره‌ڤانی پارتی؛ ناحیه‌ی باقرت‌و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ریان به‌بێ ته‌قه‌ چۆڵكردو به‌ره‌و ناو مه‌خمورو له‌وێشه‌وه‌ بۆ چیای قه‌ره‌چوخ كشانه‌وه‌.
هه‌ر تایبه‌ت به‌چۆڵكردنی ئه‌و ناوچانه‌، ئه‌حمه‌د زاگه‌ لێپرسراوی كۆمیته‌ی یه‌كێتی له‌گوێر، باسی له‌وه‌كردووه‌ كه‌ هێزه‌كانی پارتی ناحیه‌ی گوێریان چۆڵكردووه‌و ته‌واوی تانك‌و هه‌مه‌ره‌ سه‌ربازییه‌كانیشیان له‌گوێره‌وه‌ به‌ره‌و هه‌ولێر له‌گه‌ڵ خۆیان بردووه‌.
چۆڵكردنی ناوچه‌یه‌كی ستراتیژی
سه‌رچاوه‌كانی سوپای عیراق ئه‌وه‌یان بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ حه‌شدی شه‌عبـی گه‌یشتوونه‌ته‌ به‌نداوی موسڵ‌و ئه‌و هێزه‌ی پارتی-ش كه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا جێگیرببوون، به‌بێ هیچ روبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌ك به‌نداوه‌كه‌یان چۆڵكردو به‌ره‌و ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حزبه‌كه‌یان پاشه‌كشه‌یان كرد.
راده‌ستكردنی به‌نداوی موسڵ، له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌، كه‌ به‌ناوچه‌یه‌كی گرنگ‌و ستراتیجی داده‌نرێت، له‌كاتێكدایه‌ چه‌ندین ناوچه‌ی دیكه‌شیان راده‌ستی حه‌شدی شه‌عبـی‌و سوپای عیراق كرد وه‌ك شنگال‌و سنونێ‌و باشیك‌و ره‌بیعه‌.
print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

عومەر شێخمووس:لە رۆژئاڤا كورد كارتی گرنگی سیاسی لەبەردەستە

عومەر شێخمووس سیاسەتمەدار و كەسایەتیی سەربەخۆی رۆژئاڤای كوردستان رایگەیاند: لە ...