سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » حەفتا ساڵە لەگەڵ حکومەت لەشەڕ و دانوستاندانپەڕە 3

مۆرۆش مافی ئۆتۆنۆمی وەرگرت

حەفتا ساڵە لەگەڵ حکومەت لەشەڕ و دانوستاندان

لە چەندڕۆژی ڕابردودا « ڕۆدریگۆدۆتیرتیە» ی سەرۆکی فلپین مەرسومی پێدانی مافی ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی مۆرۆ ئیمزاکرد و بڕیارەکە دەخرێتە پرۆسەیەکی ڕیفراندۆمەوەو بڕیاری کۆتایی بە دەنگدانی گشتی کۆتایی دێت، لە دوای بەڵێی فلپینیەکان ئیدی ئەو میللەتە کەزۆرینەیان موسڵمانن دەستکەوتێکی مێژوویی و یاسایی و ئابووریان پێدەدرێ و دەسەڵاتیان بەسەر چەند ناوچەیەک وچەند دوورگەیەکیشدا دەبێت.

میلیشیاکانیان دەچنەپاڵ سوپا
بە پێی ئەو یاسا تازەیە بێت حکومەتێکی ناوخۆیی بۆ هەرێمەکە دروست دەکرێ جۆرێک لەدەسەڵاتیان پێ دەبەخشرێت کە پێشتر نەیانبو،ناوچەکەیان دەبێتە خاوەنی ٤٥ شارەوانی و هەروەها ئازادیان تەواویان دەبێت لە مافی دینداری وخواپەرستی خۆیان، هەر بەپێی بڕیارەکە چەکدارەکانی « بەرەی ڕزگاریخوازی مۆرۆ» و»بەرەی ڕزگاریخوازی ئیسلامی مۆرۆ» دەخرێنە سەر سوپای دەوڵەت و هەمان مافو ئیمتیازاتی سەربازانای فلپینیان دەبێت.

پێشتر ڕێکەوتنیان کردووە
ئەو هەنگاوە تازەیەش لە دوای ڕەزامەندی پەرلەمانی وڵاتەکە هات لەسەر پرۆژە یاسای « بانگسامۆر» هات کە لە ئەنجامی ڕێکەوتن و پێکهاتنەوەی چوار ساڵ لەمەوبەری حکومەتی ناوەند وچەکدارەکانی «: بەرەی مۆرۆ» گەڵاڵەکرابو، پێش ئەوەش ئەنجومەنی پیرانی وڵاتە لەسەر داواو رەزامەندی « بینیۆ ئەکینۆ»ی سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە ئیمزای کردبو، لەو بڕیارەدا هاتوە کە دەبێت ناوچەی « بانگسامۆر» ی « مۆرۆ» نشین مافی ئۆتۆنۆمی پێ بدرێت.

ئەو گەلە کێن ؟
ئەو ناوە بەو میللەتە موسڵمانە دەوترێت کە لە دورگەکانی « مینداناو،بالاوان،سۆلو» دەژین،نزیکەی ١١٪ ی گەلی فلیپین پێکدێنن،بە پێی ئامارەکانی چەند ساڵێک لەمەوبەر بێت، ژمارەیان لە دە ملیۆن زیاترە، ئەو گەلە لە سەدەی ١١ ی وە بون بە موسڵمان و لەدێرزەمانەوە هیچ مافێکی کولتوری و سیاسی و ئابووریان لەو وڵاتە نەبوە، زۆر لەمێژیشە خەبات دەکەن بۆ بە دەستهێنانی مافەکانیان لە وڵاتی خۆیان، سەدان ساڵ خەباتی چەکداریان لە دژی داگیرکەرانی ئیسپانیا و ئەمریکاییەکان کردوەو قوربانیەکی زۆریان داوە، لە دروستنبونی دەوڵەتی فلپینیشدا ڕۆڵی باشیان هەبوە بەڵام مافی تەواویان پێ نەدراوە.

خاوەنی شۆڕش بوون
ئەو میللەتە لەساڵی ١٩٤٦ ەوە خەریکی وتووێژو دانوستانن لەگەڵ حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی کریستیانی وڵاتەکەیان بۆ داننان بە مافەکانیان ،سەرەنجام لە دوای زیاتر لە ٧٠ ساڵ گفتوگۆ ئێستا گەیشتونەتە ئامانج و مافەکانیان وەردەگرن، بەڵام لە پاڵ خەباتی دیپلۆماسیشدا لەساڵی ١٩٧٠ ەوە خەباتی چەکداریشیان لە دژی حکومەت کردووە، لە دوای حەفتاکانی سەدەی رابردو حکومەتی ناوەندی دڕندەترین هەڵمەتی کردونەتە سەر و ژمارەیەکی یەکجار زۆری لێکوشتون و سەرگەردانی کردوون،لە ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵی خەباتی چەکداریاندا نزیکەی ١٢٠ هەزار کەسیان لێ کوژاروە و دوو ملیۆن کەسیشیان لێ ئاوارەی وڵاتانی دەرەوە بوون.

ئەو فلیپینیانە چۆن بوون بە موسڵمان؟
لە ئەنجامی بازرگانیکردنی عەرەبەکانی دوورگەی عەرەبی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی ئاسیا بەشێک لە گەلانی فلیپین لەگەڵ ئەو عەرەبانە تێکەڵ بون و سەوداسەریان کردووە، ژمارەیەک بازرگانی عەرەب لەگەڵ فلیپینەکان بە هۆی ژنخوازیەوە بونەتە خزم و هەر لەوێ نیشتەجێ بوون، نەوە لە دوای نەوە تا هاتوە زیاتر بوون، مێژوو دەیگێڕیتەوە کە یەکەمین کەس کە ژنی لێ خواستون عەرەبێکی دەوڵەمەندی موسڵمان بوە ،ناوی « کەریم مەخدوم» بوە لەساڵی ١٢٨٠ ی زایین،لەوێ گیرساوەتەوەو بنەماڵەیەکی موسڵمانی دروست کردوە، لە سەدەی پانزەهەم بە دواوە ئیسلامەتی لە ناوچە گەشتیاری و شاخاویەکان زیادی کردوە، تا وای لێهاتوە زۆرینەی گەلێک بونەتە موسڵمان و بەهۆی ئاینەوە لە وڵاتەکەیان چەوسێنداونەتەوە.

سەرچاوە: عەرەبی پۆست

 392 جار بینراوە