سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » عەرەبستانی سعودیە گێچەڵ بە وڵاتان دەکات

عەرەبستانی سعودیە گێچەڵ بە وڵاتان دەکات

ئەڵمانیاش لێی تووڕەیە

لەوەتەی « میر محەمەد» دەسەڵاتی شانشینی عەرەبی گرتۆتە دەست پەیوەندیە دیپلۆماتییەکانی دەرەوەی وڵات ڕۆژ بە ڕۆژ تەنگژەو قەیرانی تری تێدەکەوێ و لە جاران پتر گرژی و ئاڵۆزی لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتدا پەیدابوە،تازەترین قەیرانی پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتی کەنەدایە کە بە هۆی مافەکانی مرۆڤ و گرتنی چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنی و پارێزەرانی مافەکانی ژنان لەو وڵاتەدا هاتۆتە ئاراوە، بۆیە ڕۆژبە ڕۆژ پەیوەندی عەرەبستانی سعودیە و کەندا بەرەوخراپی دەچێ و تادێ هەنگاوی دوژمنداری زیاتر دژ بەیەک دەهاوێن، وەنەبێ کەنەدا یەکەم و دواهەمین وڵات بێت کە قەیرانی لەگەڵ سعودیە بۆ پەیدابوە بەڵکو دەیان وڵاتی تریش بەهەمان شێوە کەوتونەتە ناو گەردولولی ئەو جێنشینە لاوە و لەپێناو حەزو ئارەزوە تایبەتیەکانی خۆی و بنەماڵەکەیەوە هەم وڵاتەکە و هەم دەوروبەری و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا توشی گێژاو کردوە.

ئەڵمانیا
لە کۆتایی ساڵی پار و لە سەردەمی کابینەی پیشووی حکومەتی ئەڵمانیا و ئەوکات کە « زیگمار جوبرائیل» وەزیری دەرەوەبوو کاتێک ئەو بەرپرسە ئەڵمانیە ڕەخنەی لە سیاسەتی دەرەوەی سعودیە گرت لەسەر کێشەی لوبنان و یەمەن و هەوڵەکانی سعودیە بۆ سەپاندنی هەژمونی خۆی و بەکشتدانی خەڵکی بێتاوان ،لەسەر ئەمە دەستبەجێ سعودیە باڵیۆزخانەی خۆی لە بەرلینی پایتەخت کشاندەوەو تائێستاش نەیبردۆتەوە ئەو وڵاتە، هەرچەندە بەرپرسانی ئەڵمانیا هەوڵیاندا کێشەکە ئارام بکەنەوە بەڵام سعودیە گوێی پێ نەداو پەیوەندیەکانی پچڕاند،ئەو هەڵوێستەی سعودیە لەگەڵ یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بەرژەوەندی زۆری ئابووری لەگەڵیدا هەیە و ساڵانە بایی ملیارەها یۆرۆ چەکی لێ دەکڕێ ،جگەلەو هەموو کۆمپانیا ئەڵمانیانەی کە لەوێ کار دەکەن.

قەتەر
هەرچەندە قەتەر نکوڵی لەوە دەکات کە دەستی لە گەشەپێدانی تیرۆرو هاوکاریکردنی تۆڕە تیرۆریستیەکانی ناوچەکە هەبێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی سعودیە بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوانبار دەکەن بە پشتگیری تیرۆر، ماوەی ساڵێک زیاترە ئابڵوقەیەکی توندیان خستۆتە سەر ، هاوپەیمانەکانی سعودیەش» ئیمارات، بەحرێن، میسر» بەهەمان شێوەی سعودیە مامەڵە دەکەن وئابڵوقەیان خستۆتە سەر، ئەو بارە تائێستاش ئارام نەبۆتەوەو بەردەوامە، چەندین هەوڵی ئاشتکردنەوەیان دراوە بەڵام هیچیان سەری نەگرتوە.

لوبنان
لە چەند مانگی ڕابردودا « سەعد حەریری» ی سەرەک وەزیرانی لوبنان لە «ریاز»ی پایتەختی سعودیەوە بڕیاری دەست لەکار کێشانەوەیدا، ئەو مەسەلەیە بە دەسیسە و نەخشەی سعودیە لەقەڵەمدرا، وابڵاوکرایەوە کە حەریری لەوێ دەستبەسەرکراوەو بەزۆر ئەو بڕیارەی پێدراوە، بەڵام دواتر بە ناوبژیکردنی ئیمانوئێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا بارەکە هێمن کرایەوەو حەریری لە بڕیارەکەی پاشگەزبۆوەو گەڕایەوە وڵاتەکەی، بەڵام نێوانی ئەو دوو وڵاتە باشتر نەبوە.

ئێران
ئێستا لە سەردەمی دەسەڵاتی «میرمحەمەد» پەیوەندیەکانی نێوان ئێران و عەرەبستانی سعودیە زۆ گرژبوە و هیچ کاتێک وەک ئێستا نەبوە، بە بەردەوامی هەڕەشە لەیەکدی دەکەن وبونی خوێنی لێدێ، لەو کاتەش زۆر گەمتربوە کە لە کاردانەوەی لەسێدارەدانی «باقر نەمر» ی گەورە مەلای شیعەکان لە لایەن سعودیەوە، خۆپیشانەدران لە ئێران باڵیۆزخانەی سعودیەیان گڕتێبەردا و نێوانیان ئەوەندەی تر ئاڵۆزبوو، دواتر لە شەڕی یەمەن و سوریا و دەیان دۆسیەی تر هەر دوژمنداری یەکترن و هەڕەشەکانیان دژ بەیەکتری بەردەوامە.

تورکیا
هەرچەندە بە درێژایی مێژوو پەیوەندی لەگەڵ تورکیا باش بوەو لەبوارەکانی ئابووری و سەربازی پێشکەوتنی زۆری بەخۆوە بینیوەو دۆستی نزیکی یەکتر بون بەڵام ڕاگەیاندن و لێدوانەکانی میر محەمەد پەردەی لەسەر زۆر خاڵی ناکۆکی نێوان ئەو دوو وڵاتە هەڵماڵی و دۆستایەتی تورکیا لەگەڵ ئێران یەکێکە لە خاڵە ناکۆکەکان و جگەلەوەش هەریەک لەو دوو وڵاتە بە دوای هەژمونی خۆیاندا وێڵن و هەریەکەیان دەیانەوێت خەلافەتی خۆیان لە ناوچەکە پەرە پێ بدەن.

میسر
بەر لە دەستبەکاربونی» میر محەمەد» یش ئەو دوو وڵاتە کێشەیان هەبوە ، بەڵام بەریەککەوتنیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوکاتەی کە میسر لە بەرژەوەندی ڕوسیا لە پڕۆژە بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە حەلەبی سوریا دەنگی دابو، جگە لەوەش ئەو دوو وڵاتە ناکۆکیان هەبوە لەسەر هەر دوو دورگەی « تیران وسەنافیر» ی سەر دەریای سووور کە هەریەکەیان بە موڵکی خۆیانی دەزانن و لەسەر ئەمەش سزای یەکتریان داوە.

سوید
یەکێک لەو وڵاتە ئەوروپیانەی کە زۆر لەوانی تر پارێزەری مافەکانی مرۆڤ و ئازادیەکانە وڵاتی سویدەو بەو پێیەی کە لە سعودیەش هیچ کام لەو پرەنسیپانە پیادە ناکرێت بۆیە لە زۆر بۆنەدا سوید ڕەخنە لەو وڵاتە دیکتاتۆریە دەگرێ و شەمەرزاری دەکات، چەند جارێک « مارگرۆت ڤالسترۆم» لە ڕێوڕەسم وکۆبونەوە باڵا نێودەوڵەتیەکاندا ڕەخنەی لە شێواز و سیستەمی سعودیە گرتوە دەربارەی مافەکانی مرۆڤ، بە تایبەتیش لە بواری مافەکانی ژناندا وەک سەردەمی چاخەکانی ناوەڕاست وەسفی کردون و ئیدانەی ئەو ڕەفتارانەی کردوە، ئەمەش دەسەڵاتدارانی سعودیەی زۆر نیگەران کردوەو پەیوەندیەکانیان لەگەڵ پچڕاندون.

سەرچاوە: دۆیچە ڤێلە

 308 جار بینراوە