سەرەکی » مانشێت » وەفادارییە،نەك بانگەشە

لە پەراوێزی سەردان و كۆبوونەوەكانی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی-دا

وەفادارییە،نەك بانگەشە

قوباد تاڵەبانی چ وەك هەڤاڵ و چ وەك جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بەردەوام لە كۆبوونەوە و بیروڕا گۆڕینەوەو گفتوگۆی پرسە گرنگەكاندایە لەگەڵ هەڤاڵانی یەكێتی و جەماوەری كوردستان بە سەرجەم چین و توێژەكانیەوە. نێوانی ئەو و هەموو چین و توێژەكان هەمیشە پتەوبووە.
ماوەیەكیشە سەردان و كۆبوونەوە و دیدارەكانی بۆ سەرجەم ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بەتایبەت سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین چڕتر كردۆتەوەو لەمیانی سەردانەكانیدا لەگەڵ لێپرسراوانی یەكە ئیدارییەكان و بەرپرسانی حكومی و فەرمانگە جیاوازەكان، بەتایبەت ئەو فەرمانگانەی كە مامەڵەی راستەوخۆیان لەگەڵ كاروباری رۆژانەی هاووڵاتیاندا هەیە، كۆدەبێتەوەو لەكێشەو گرفت و داواكارییەكان دەكۆڵێتەوەو بەشێكی زۆری داواكارییەكانیشیان جێبەجێ دەكات، بەدواداچوونیش بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دەكات و بەدواداچوونەكانیش دەگەیەنێتە ئەنجام، هەروەك لێپرسراوانی یەكە ئیدارییەكانی ناوچە جیاجیاكانیش لەمیانی لێدوانیاندا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن ئاماژەی پێدەدەن، ئێستا سەرەڕای بەردەوامبوونی قەیرانەكان»بەهەوڵ و بڕیاری جێگری سەرۆكی حكومەت كاركردن لە بەشێكی زۆری پڕۆژە خزمەتگوزارییەكاندا دەستیپێكردۆتەوە».
بەشێكی دیكەی سەردان و كۆبوونەوەو دیدارەكانی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی بەسەركردنەوەی ئۆرگانە جیاوازەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەخۆ دەگرێت، لەپێش هەمووشیانەوە ئەولەویەت بۆ بەسەركردنەوەی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگەو تێكۆشەرە دێرینەكانە كە خاوەنی راستەقینەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانن.
بەسەركردنەوەی سەرجەم چین و توێژەكان و گرنگیدان بەسەرجەم بوارەكانی حزبی و حكومی، جەختكردنەوە لە پاراستنی یەكڕیزیی و پێكەوەكاركردن. لەلایەن قوباد تاڵەبانی-یەوە، بەشێكە لەو نەریتە جێگیرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە سەرۆك مام جەلال بناغەیەكی پتەوی بۆ داڕشتووە. لەوچوارچێوەیەدا (بەرەو خانووە قوڕەكان، گرنگیدان بەسەرجەم بوارەكان، سەرجەم چین و توێژەكان، خزمەتكردنی زیاتری كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان و پێشمەرگەو تێكۆشەران، خزمەتكردنی هەموو ناوچەكان و گرنگیدان بەناوچە دوورە دەستەكان، بەردەوام چوونە ناو خەڵك، ئاگاداربوون و بەدواداچوون بۆ كێشەو گرفتەكان و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنیان، خۆجیانەكردنەوە لەخەڵك) پێشەنگی ئەو رێنمایی و راسپاردانە بوون كە سەرۆك مام جەلال بەردەوام لە كۆبوونەوەو وتارەكانیدا تەئكیدی لەسەر دەكردنەوە. بۆیە هەنگاوەكانی ئێستای قوباد تاڵەبانی، وەفادارییە بۆ رێنمایی و راسپاردەكانی سەرۆك مام جەلال و درێژەپێدانی راستەقینەی رێبازی سەرۆك مام جەلال-ە، ئەو رێبازەی بەرپرسیارێتی، كردۆتە ئەركێكی گەورە لەپێناوی پێشكەشكردنی باشترین خزمەتدا.
بۆیە هەنگاو و سەردان و بەدواداچوونەكانی قوباد تاڵەبانی، چ وەك هەڤاڵ، چ وەك جێگری سەرۆك وەزیران، وەفادارییە، نەك كەمپین و بانگەشەی هەڵبژاردن.

 81 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*