سەرەکی » وتار » شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی » مەترسن، بنووسنپەڕە 5

مەترسن، بنووسن

چەندجارێکی تریش لەسەر ئازادی بیروڕا و دەربڕینی بێ سانسۆری ناو یەکێتی نوسیومە، وەک ڕای خۆم و هاندانێکیش بۆ گەنجە بەئاگا و ئەندام و کادیر و دۆستە خەمخۆرەکانی یەکێتی، چونکە یار و نه‌یار ده‌زانن یه‌كێتی له‌وه‌ته‌ی هه‌یه‌ له‌ هه‌موو دۆخ و زروفێكدا مێرگی بێ سنووری ئازادی بووه‌ و مەودای ڕادەربڕین و ڕەخنەگرتن زۆر فراوانە لەناو یەکێتی.
لەبیرمە، بەتەمەن هەرزە و بە ڕێباز تازە بووم لەناو حزب کاتێک (ڕەخنە و ڕەخنە لەخۆگرتن) لەناو یەکێتی رۆژانە دەهاتە بەرگوێمان تا بەراستی چووە مەیدانی عەمەلی و ئیشی پێ دەکرا و بووه‌ نه‌ریتێكی باو له‌ناو یه‌كێتی و یه‌كێتییه‌كان. هه‌مووش ده‌زانین كه‌ ئه‌م سیاسیه‌تی ره‌خنه‌ و ره‌خنه‌ له‌خۆگرتنه‌ به‌شێكه‌ له‌ به‌خششه‌ جوانه‌كانی ره‌وانشاد جه‌نابی مام جه‌لال و هه‌ر ئه‌و زاته‌ ئەو مەیدانەی بۆ دروستکردین و هانیداین لەوێ دلێرانە دەنگی ڕەخنە بەرزکەینەوە.
بۆیە ترستان نەبێ لە هیچ سزایەک، یەکێتی ئەوکاتە جوانتر و بەهێزتردەبێ ڕەخنەی بنیاتنەرانەی لێ بگرین، وەک چۆن لەسەری دێینەدەنگ و داکۆکی لێ دەکەین با ئاواش لێی بێینەدەنگ لە هەڵەکانی.
من چەندین ساڵە وەک یەکێتیەکی (بێ ئیلتزام لەهیچ ئۆرگانێک و بێ هیچ دەسکەوتێك) داکۆکی لێ دەکەم و لەسەری دێمەدەنگ، هەمان کات لێشی دێمەدەنگ و ڕەخنەی توندیشی لێ دەگرم، هەتا ئێستاش تاکە بەرپرس بە منی گوتبێ (رەخنەمەگرە و بێدەنگ بە)، به‌رپه‌رسێك بوو له‌ یه‌كێتی نیشتمانیی كه‌ دواتر خۆی له‌ یه‌كێتی دوور و له‌ پارتی نزیك خسته‌وه‌. ئەوکات نە گوێم بە داواکەیدا و نە توانیشی ساردم کاتەوە لە داکۆکیردن و رەخنەگرتن، دواییش زانیم کە:
من راست و ئەو هەڵەیە، من جێگیر و ئەو (لەقاو)، من بەقەناعەت و ئەو چاوبرسی، ئەو بێباوه‌ڕ و من خاوەن بیروباوەڕی خۆم، ئەو خزاو و من سوور لەسەر رێبازم، ئەو شکاو و منیش سەربەرز، ئەو ڕوخاو و منیش وەستاو، جیاوازییەکەم زانی، سەنگینی مرۆڤیش وەک بەردە لەجێی خۆی پێش لەق بوونی، بۆیە مەترسن، کەس لەیەکێتیدا نییە و ناشبێ تا بێدەگمان بکا، هەرکەسێکیش هەوڵی کپکردنی ئێمە و مانان بدا، یەکێتییه‌كی راسته‌قینه‌ و په‌روه‌رده‌ی مه‌یدانه‌كه‌ی مام نییە و بەمەبەست دەست لەسەر دەم و قەڵەممان دادەنێ و ده‌یه‌وێ یه‌كێتی بشێوێنی، لەکۆتاییشدا هەر پەردەکە لادەدا و دەردەکەوێ كه‌ ئه‌ویش له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی دیكه‌یه‌ كه‌ هه‌وڵی بێده‌نگ كردنی هه‌ڤاڵان و كه‌مكردنه‌وه‌ و سنووردار كردنی ره‌خنه‌ و ره‌خنه‌ له‌خۆگرتن ده‌دات ده‌نا لای هه‌مووان روونه‌ یه‌كێتی له‌وه‌ته‌ی هه‌یه‌ به‌ دڵسۆزی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی و به‌ جیایی بیرو ڕای هه‌ڤاڵان و به‌ ئازادی بێ شوماری ناو حیزبه‌كه‌وه‌ ماوه‌ و ئه‌و نه‌ریته‌ جوانانه‌ كه‌ بوونه‌ته‌ سێ كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كی بۆ به‌پێوه‌مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی یه‌كێتی. هه‌ر سه‌وز بێ ئه‌و مێرگه‌ سه‌وزه‌ی ئازادی.

 463 جار بینراوە