سەرەکی » وتار » سه‌لاح ره‌نجده‌ر » ناتۆ لە عیراق چی دەكات؟

ناتۆ لە عیراق چی دەكات؟

لە چەند هەفتەی رابوردودا جارێكی تر ناوچەكانی خۆرئاوای عیراق بوونەوە بە شانۆی توند‌وتیژییەكان‌و دەركەوتنەوەی دەستە چەكدارەكانی داعش لە دەوروبەری شارۆچكەی ( قائیم ) ی سەربە پارێزگای ئەنبار‌و ناوچە سنووریەكانی نێوان عیراق ‌و سوریا كە بووەتە هۆی شڵەژانی ئەمنیی ‌و پەرەسەندنی تیرۆر‌و تەقینەوەكانیش لێرەو لەوی سەریان هەڵداوەتەوە.
لەم سەر‌وبەندەدا هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەنتیك ( ناتۆ ) ژەنەڕاڵ دانی فۆرتن-ی وەك فەرماندەی نوێی هێزەكانی لە عیراق ناساند. دانانی ئەم ژەنەڕاڵە كەنەدی-یەش یەكێكی ترە لەو زنجیرە هەنگاوانەی ناتۆ بۆ شوێنپی كردنەوەی خۆی كە لە عیراقدا ناویەتی. سەرەتاش لە 15 شوباتی ئەمساڵدا وەزیرانی بەرگریی ناتۆ لە كۆبوونەوەی خۆیاندا بریاریاندا ناتۆ ئەركی نوی لە عیراقدا لە بواری هاوكاریی هێزە ئەمنییەكاندا لە ئەستۆ بگرێت . هەر لەو كۆبوونەوەیەدا كە لە برۆكسل-ی پایتەختی بەلجیكا سازكرا، بڕیاردرا دوو ئەكادیمیای سەربازیی و چەند بارەگایەك لە بەغدا‌و هەولێر دابنرێت.
لە مانگی ئازار-یشدا جینس ستۆلتبێرگ-ی سكرتێری گشتیی هاوپەیمانێتییەكە –ناتۆ- سەردانی بەغدای كرد‌و ئەركەكانی ناتۆی لە هاوكاریكردنی عیراق بە گرنگ وەسفكرد‌و جەختی لە مانەوەی هێزی ناتۆ لە عیراق كردەوە تا دڵنیادەبن لە چەسپاندنی ئاسایش لە عیراق، هەروەك هاتنی هێزێكی نوێی ئاشكراكرد كە لە 250 سەربازی كەنەدی پێكهاتبوون. حكومەتی كەنەداش رایگەیاندووە كە سەربازەكان بە فەرماندەیی ژەنەڕاڵێكی كەنەدی لە ناوچەی بەغدا دەست بە جێگیربوون دەكەن.
ئەم هەنگاوە یەكلەدوایەكانەی ناتۆ ناڕەزایی هەندێك لایەنی عیراقی لێكەوتووەتەوە، بە تایبەتی ئەو لایەنانەی بە دڕدۆنگی ‌و بە چاوی گومانەوە دەڕواننە هەر هەنگاوێك كە لەلایەن ئەمریكا‌و دەوڵەتە خۆرئاواییەكانەوە بێت. لە پێشەوەشیاندا ئەو لایەنە شیعییانەی كە بە لایەنگرییان بۆ ئێران ناسراون. لەم رووەشەوە گروپی ( عەسایبی ئەهلی حەق ) لە راگەیەندراوێكدا ناڕەزایی دەربارەی بوونی هێزی ناتۆ دەربڕی ‌و بە پێشێلكردنی شكۆمەندیی خاكی عیراق وەسفی كردووە، وتەبێژی ئەو گروپەش شەرعییەتی هاتنی هەر هێزێكی بە بڕیارەكانی پەرلەمانەوە بەستەوە‌و وتی: دەبێت پەرلەمان بڕیاری لەبارەوە بدات. جگە لە عەسایب ‌و شیعەكانی دی، دەشێ زۆر لایەنی تریش بە پەلهاویشتنی ناتۆ بۆ عیراق نیگەران بن، لەوانەش ئێران ‌و روسیا ‌و سوریا ‌و گرووپە تیرۆریستییەكان، لەبەر ئەم هۆیانە:
*بریاری ناردنی هێزی ناتۆ بۆ عیراق لەلایەن پێنج دەوڵەتی دەستڕۆیشتووی ناو پەیمانی ناتۆوە دراوە كە پەیمانێكیان پێكهێناوە بە «فایف ئایز» ناو دەبرێت كە ئەوانیش ئەمریكا‌و كەنەدا‌و بەریتانیا‌و ئوسترالیا‌و نیوزلەندان.
*لەدوای راگەیەندراوەكەی عەسایب هەریەكە لە ئەمریكا ‌و سكرتێری ناتۆ ئەوەیان پشتڕاست كردۆتەوە كە لە پایزی 2018دا ناتۆ پێگەی سەربازیی بۆ هێزی ئەركە تایبەتەكان لە عیراق دادەمەزرێنێت، لەم رووەشەوە سكرتێری ناتۆ لەكاتی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا بڕیاری ناتۆی بۆ مانەوەی هێزەكانیان لە عیراق راگەیاند‌و جۆزیف فۆتێل-ی فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمریكاش جەختی لەوە كردەوە كە ناتۆ پێگەی سەربازیی لە عیراقدا دادەنێت.
*عیراق دەبێتە یەكێك لەو وڵاتانەی هێزی هەمیشەیی ناتۆی تیادا جێگیر بێت، وەكو پۆڵەنداو لیتوانیا‌و ئیستۆنیا‌و لاتڤیا كە بە بیانووی مەشق ‌و راهێنانی هێزەكانیانەوە پێگەیان تیادا دانان.
*ناتۆ لە ژێر هەژموونی ئەمریكادا كار دەكات‌و خزمەت بە ستراتیژیی ئەمریكا دەكات.
پێویستە ئەوەش وەبیر بهێنینەوە كە جگە لە عیراق هەریەكە لە قەتەر ‌و ئیمارات ‌و بەحرەین رێكەوتنامەیان سەبارەت بە بەكارهێنانی خاكی وڵاتەكەیان لەگەڵ ناتۆدا هەیە‌و دەتوانێت پێگەی سیلییە‌و عەدیدی قەتەری لەكاتی پێویستدا بەكاربهێنێت.
لەنێو ئەم كێشمەكێش ‌و ململانێ سیاسی ‌و ئاڵۆزەی عیراقدا كە نازانرێت كامە بەرەی سیاسیی گرەوی زۆرینەی پەرلەمان ‌و پێكهێنانی حكومەت دەباتەوە، هێزە بیانییەكانیش عیراقیان كردووەتە گۆڕەپانی ململانێی هەژمونگەرایی كە بەرنامە پایزییەكەی ئەركە تایبەتەكانی ناتۆش بەشێكی ئەو ململانێیە پێكدەهێنێت .

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*