سەرەکی » مانشێت » دەستوور .. هاوسەنگی لە ناوچەكە و عیراق و یەكڕیزیش لە كوردستان

دەستوور .. هاوسەنگی لە ناوچەكە و عیراق و یەكڕیزیش لە كوردستان

راگەیەندراوی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی دەربارەی دۆخی عیراق ‌و هەڵبژاردنی كوردستان

گەلی ئازادیخوازی كوردستان!
رای گشتی دیموكراتیخواز!
ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رۆژی (5/9/2018) بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی، سەبارەت بە دۆخی عێراق‌و هەڵبژاردنی كوردستان، كۆبونەوەی تایبەتی سازدا، دوای هەڵسەنگاندنێكی هەمەلایەنەی دۆخی عێراق‌و چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی كوردستان، كۆبونەوە، وێڕای سوپاسی وەفدی هاوبەشی دانوستان، كە لە چەند رۆژی رابردودا، توانیان، پرسی سەنگی كوردستان‌و هاوسەنگی بڕیاردان، لەناو كێشمەكێشەكانی ناوچەكە‌و عێراق‌و لایەنە كوردستانیەكان بپارێزن، لەسەر دۆخی عێراق‌و چۆنیەتی پێكهێنانی كابینەی حكومەت، كۆبونەوە بڕیاری دا كە وا:
دوا وادەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق (15/9/2018) لە ئێستاوە هەتا ئەو كاتە، كات بە دەستی سەركردایەتی سیاسی كوردستانەوە هەیە، چاودێری سیاسەتی جیهانی‌و ناوچەیی‌و ناوخۆیی عێراق بكات، زانیاری زیاتر كۆبكاتەوەو چاوەڕوان بین، وەڵامی رەسمی پرۆژە هاوبەشەكەی یەكێتی‌و پارتی لەلایەن لایەنەكانی عێراقەوە بدرێتەوە، هەتا بزانرێ، چ لایەنێك، بە ڕاستی ئامادەیە، كێشە ئابوری‌و سیاسی‌و دەستورییەكانی عێراق‌و مافەكانی گەلی كوردستان، چارەسەركردنیان دەستەبەر بكات، بەمەش، بەرچاومان رون دەبێتەوە بۆ دوابڕیاردان لەسەر ئەم پرسە چارەنوسازە.
دەربارەی پێكهێنانی حكومەتی عێراق‌و ڕێكخستنەوەی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان‌و بەغداد. بێگومان بنەمای رێكەوتنمان بەرژەوەندی باڵای گەلەكەمان‌و پێكهێنانی حكومەتێكی پابەند بە دەستورو بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینەی و دوور لە دەسەڵاتی تایفەگەریە.
جەخت كرایەوە كە، پەیوەندی هاوسەنگی یەكێتی‌و پارتی‌و پرۆژە هاوبەشەكەی نێوانیان گرنگە و زۆر گرنگیشە هەوڵبدرێ پەرەی پێبدرێ بۆ ئەوەی لایەنە كوردستانیەكان بگرێتەوەو پرۆژەكەش دەوڵەمەند بكرێ.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی كوردستانیش، یەكێتی، بڕیارو سیاسەتی دیموكراسی ئەوەیە، هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا و دوور لە گومان‌و نیگەرانیەكان، ئەنجامبدرێ. بۆ ئەنجامدانیشی، تەواوی ئامادەكاریەكانی سازداوە.
ئاشكراشە هەڵبژاردن بۆ حیزب‌و لیستەكانە، ئەگەر زۆربەی لایەنە سیاسیەكان، لەڕێی كۆمسیۆنەوە، پەیامی رونی خۆیان بگەیەننە سەرۆكایەتی حكومەت‌و بە ڕەسمی، حكومەت، پەیامەكە بگەیەنێتە پەرلەمان‌و پەسەندی دواخستنی هەڵبژاردن بكرێ، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش، پەسەندی دەكات.

گەلی خۆڕاگری كوردستان!
دۆخێكی نوێ لە ناوچەكە و لە ناو عێراق‌و لەناوچە كێشە لەسەرەكانی مادەی (140) هاتۆتە پێشەوە، سەركردایەتی یەكێتی، سورە لەسەر ئەوەی پشتیوانی بۆ مافە دیموكراسی‌و دەستورییەكانمان لەسەر ئاستی دونیا و ناوچەكە لە دەست نادەین.
ئومێدەواریشین، هەموولایەك، پێگە و رێگەی گەلەكەمان لە عێراق‌و كوردستان‌و ناوچەكەدا وەك خۆی بخوێننەوە. كورد چەند پێویستی بە پشتیوانی نێودەوڵەتیە، ئەوەندەش پێویستی بە دۆستایەتی ئیقلیمیە. بۆیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سورە لەسەر:
-سیاسەتی هاوسەنگی لە ناوچەكە و عێراقدا.
-یەكڕیزی هێزە كوردستانیەكان لە كوردستاندا.
-جێبەجێكردنی تەواوی مادە‌و بڕگەكانی دەستور، دوور لە روانگەی تایفەگەری‌و هێشتنەوەی حكومەتی عەسكەری، لە ناوچە كێشە لەسەرەكان.
-هێزی پێشمەرگە‌و ئاسایش‌و پۆلیسی كوردستان، بە هاوبەشی لەگەڵ پۆلیسی ئیتحادی، بەرپرسیارێتی ئاسایشی ناوچە كێشە لەسەرەكانیان پێ بسپێردرێت.
-ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە زووترین كات كۆببنەوەو ئەركە یاساییەكانی دوا هەڵبژاردن ئەنجامبدات.
-چارەسەری ریشەیی بودجە و موچە و نەوت‌و گاز.

ئەنجومەنی سەركردایەتی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
(5/9/2018)

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*