عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا
پێشه‌كی
له رۆمانی (ژه‌نیاری هه‌وره‌كان-دا عه‌لی به‌ده‌ر) ده‌ڵێ تاكه ده‌نگێ تێگه‌یشتن له موزیكا به‌رهه‌م ناهێنێ، هه‌میشه چه‌مكی موزیك له كۆمه‌ڵێ ده‌نگی جیاواز پێكدێت، به‌ڵام ئه‌و جیاوازییانه پێویستیان به هاوگونجان هه‌یه، پێویستیان به هارمۆنیایه، ئه‌گینا جیاوازییه‌كان ناڕێك ده‌كه‌ونه‌وه! هارمۆنیا وه‌ك فیكره‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی تێگه‌ی موزیكی له سه‌ر بونیاد نراوه. ده‌شێ هارمۆنیای ره‌گه‌زه ئه‌ده‌بییه‌كان له پانتایی كاری ئه‌ده‌بی و ده‌قی ئه‌ده‌بیدا چه‌مكی ئه‌ده‌بییه‌ت یان شیعرییه‌ت به‌رهه‌م بهێنن، هه‌ر له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ده‌گوترێ (ده‌قی ئه‌ده‌بی) یان (كاری ئه‌ده‌بی) چوارچێوه‌یه‌ك یان شانۆیه‌كی كراوه‌یه بۆ ئاوێته‌بوون و تانۆپۆی نێوان سێ بوون و سێ ستراتیژ و سێ ده‌ق… بوونی نوسه‌ر و بوونی ده‌ق و بوونی خوێنه‌ر، ده‌ق و ده‌قی نوسه‌ر و ده‌قی خوێنه‌ر، ستراتیژی ده‌ق و ستراتیژی دانه‌ر و ستراتیژی خوێنه‌ر.
بوونی ده‌ق و ده‌قی نوسه‌ر و ستراتیژی دانه‌ر خۆی له جه‌مسه‌ری هونه‌ری به واتای (وولفگانگ ئایزه‌ر 1926-2007) و ره‌گه‌زه ئه‌ده‌بییه‌كان و جوله‌ی ته‌مومژاوی و بۆشایی و سپێتی و دابڕانه‌كان هه‌ڵده‌گرێته‌وه. به‌ڵام بوونی خوێنه‌ر، ستراتیژی خوێنه‌ر، ده‌قی خوێنه‌ر له‌جه‌مسه‌ری ئیستێتیكی و ته‌ئویلكردن و كردنه‌وه‌ی كۆده‌كان و پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كان و گه‌یشتندا هه‌ڵده‌گرێته‌وه.. جه‌مسه‌ری هونه‌ری ده‌قی دانه‌ره و جه‌مسه‌ری ئیستێتیكی ئه‌و جێبه‌جێكردنه‌یه، كه له‌لایه‌ن خوێنه‌ره‌وه به ئه‌نجام ده‌گات. له ئاوێته‌بوونی ئه‌و دوو ته‌وه‌ره‌یه بۆمان ئاشكرا ده‌بێ كه (ده‌قی ئه‌ده‌بی) یان (كاری ئه‌ده‌بی) نه ته‌نها ده‌قی دانه‌ره و نه ته‌نها له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكار یه‌كده‌گرێته‌وه! به‌ڵكو واقیعی سێیه‌مه له نێوان نوسه‌ر و خوێنه‌ردا.
(1)
ستراتیژی دانه‌ر له نێوان (ده‌ق) و (كار)دا
جیاوازی نێوان كاری ئه‌ده‌بی و ده‌قی ئه‌ده‌بی ئه‌وه‌یه كه (كار)، كاری ئه‌ده‌بی و هونه‌ری وه‌ك كرده‌یه‌كی به‌رده‌وامی تێگه‌یشتن، شتێك نییه به ده‌ستی بهێنین و خاوه‌ندارێتی بكه‌ین، به‌ڵكو فۆرمێكه له فۆرمه‌كانی (بوون) له نێو جیهاندا! كار خودی خۆی له بوونێكی تایبه‌تدا پێشكه‌ش ده‌كات، بوونێك كه به كاری ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌وه په‌یوه‌ست بێت و ئاماده‌ییه‌كی هه‌نووكه‌یی هه‌بێت، ئاماده‌ییه‌ك كه (حه‌قیقه‌ت) له رێگایه‌وه ده‌بێته رووداو! به‌مجۆره كاری ئه‌ده‌بی له حه‌قیقه‌تی بووندایه، به‌مجۆره كاری ئه‌ده‌بی خۆی له ماددییه‌تی گوتن ده‌رباز ده‌كات، به‌مجۆره بوونی خۆی له ده‌نگدانه‌وه‌ی پرسی جیاوازی خوێنه‌راندا هه‌ڵده‌گرێته‌وه!
به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی رابردوو شیاوی سه‌رده‌م بێ (هانز رۆبه‌رت یاوس 1921-1997) رێكخستنی رابردوو و ئێستا له چه‌مكی (ئاوێته‌بوونی ئاسۆكان) ده‌خه‌مڵێنێ. ئه‌و خه‌مڵاندنه جگه له‌وه‌ی هونه‌ركاری و جوانكاری ئیبداعی، له رێگای جۆره‌كانی وه‌رگر و خوێنه‌ر و ئاسته‌كانی خوێندنه‌وه ده‌ستنیشان ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پرس و دنیابینی سه‌رده‌می ناوبراویش ده‌خاته به‌ر رۆشنایی و به‌دواداچوونی جیاوازه‌وه.. هه‌ڵبه‌ته ده‌مه‌وێ بڵێم ئامانجی ئه‌و تێزه‌ی (یاوس)ی ره‌خنه‌گری ئه‌ڵمانی، خه‌ڵقكردنی پڕشنگێكی نوێیه له مێژووی ئه‌ده‌بی، كه جه‌خت له ته‌ئویلكردنی ئه‌ده‌بی له ساته‌وه‌ختی (پێشوازیكردن)ی مێژووییانه ده‌كاته‌وه. به‌های جوانی كاری ئه‌ده‌بی وه‌ك (یاوس) ناوی ده‌بات، به‌رفره‌وان ده‌بێ، چه‌نده ئه‌و كاره بتوانێ ئاسۆ چه‌سپاو و باوه‌كان بگۆڕێ. چونكه هه‌ر چه‌نده ماوه‌ی جوانی (مه‌سافه‌ی ئیستێتیكی) ته‌سك بێته‌وه و كاری ئه‌ده‌بی نه‌توانێ (گۆڕان له ئاسۆی چاوه‌ڕوانی) باودا دروست بكات، ئه‌وه‌نده له هونه‌ری كۆنسیومه‌ر و كاڵ نزیك ده‌بێته‌وه! (یاوس) جه‌خت له پڕۆسه‌ی وه‌رگر ده‌كاته‌وه، كه له ساته‌وه‌ختی نوسینه‌وه ده‌ست پێده‌كات و له پڕۆسه‌ی تێگه‌یشتن (كه له رێگا خوێنه‌رێك یان كۆمه‌ڵێك خوێنه‌ر له هه‌نووكه‌دا ئه‌نجام ده‌درێت) به ئامانج ده‌گات..
(رۆلان بارت 1915-1980) پێیوایه ده‌ق به‌پێی ئاره‌زوو و شاره‌زاییه‌كانی خوێنه‌ر دێته‌گۆ، به‌مجۆره ده‌ق (ده‌قی كراوه) له رێگای خوێندنه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی جیاوازه‌وه، به‌ره‌و بوونێكی زێتر و چێژ ده‌بێته‌وه! هه‌موو خوێندنه‌وه‌یه‌كی جیاوازیش داهێنانی ده‌قێكی دیكه‌ی جیاوازه، ده‌قێك كه فیكره‌ی یه‌كگرتووی كۆتائامێزی نێوان ده‌ق و خوێنه‌ر، بابه‌ت و خود… ره‌تده‌كاته‌وه، وه‌ك چۆن به تووندی یه‌كگرتنه‌كانی نێوان ده‌ق و دانه‌ر ره‌تده‌كاته‌وه. ده‌مه‌وێ بڵێم له ده‌قگه‌راییدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ق دیلی زمانه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ق ده‌كه‌وێـته نێو زمان و زمانیش بۆخۆی كۆمه‌ڵێك یاسای ناوه‌كی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، ئه‌و یاسا و رێسایانه‌ش ده‌كه‌ونه ده‌ره‌وه‌ی ویستی داهێنه‌ره‌وه، بۆیه خوێنه‌ری ده‌قگه‌را هه‌میشه ده‌بێ له رێگای چێژه‌وه قسه له هه‌ڵوه‌شانه‌وه و دووباره بونیادنانه‌وه بكات. ئه‌و قسه‌یه هه‌ڵوه‌شانه‌وه به‌رانبه‌ر نه‌بوون وه‌ك مه‌یلێك پێشان ده‌دات، مه‌یلێكی چێژگه‌را، مه‌یلێك كه له‌سه‌ر نه‌فیكردن‌و ره‌تكردنه‌وه راده‌بێته‌وه و نكۆڵی له هه‌موو حه‌قیقه‌تێكی جێگیر ده‌كات!
له نێوان (سیمۆلۆژیا) و (هیرمینۆتیكا)دا
له هیرمینۆتیكادا (خوێنه‌ر/ وه‌رگر) هۆكاری بوونی خۆی له به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ماناكانی كاری ئه‌ده‌بی و هونه‌ریدا ده‌دۆزێته‌وه، به‌دوای ماناكانی بوونیدا ده‌گه‌ڕێت، تا به‌هایه‌ك بۆ (بوونی هه‌نووكه‌یی) به‌جێ بهێنێت. یان ئاماده‌یی هه‌نووكه‌یی به‌جێ بهێنێت، ئاماده‌ییه‌ك كه حه‌قیقه‌ت له رێگایه‌وه ده‌بێته رووداو، كه‌واته كار ئه‌و ده‌ربڕینه‌یه له نێو خۆیدا حه‌قیقه‌تی بوونمان بۆ كه‌شف ده‌كات، هیرمینۆتیكا واته رێگادان به حه‌قیقه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی بدوێت.
به‌ڵام له سیمیۆلۆژیادا ده‌ق كۆمه‌ڵێك داله و ده‌بێ ته‌ئویل بكرێت، ئه‌و كاته‌ش ده‌ق بوونی هه‌یه، كه ده‌خوێنرێته‌وه و خوێنه‌ر به شه‌هوه‌تی خوێندنه‌وه ده‌گات، هیچ ده‌قێك بێ بوونی خوێنه‌ر بوونی نییه، به‌و مانایه‌ش سیمیۆلۆژیا له‌سه‌ر زنجیره‌یه‌كی بێ كۆتایی له به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی دال و له به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی شه‌هوه‌تدا ده‌ژی.
ئه‌گه‌ر ده‌ق فه‌زایه‌ك بێ بۆ ئاوێته‌بوون، تانۆپۆی نێوان سێ ستراتیژ… ئه‌وه له ئاسۆی خوێندنه‌وه‌ی (بارت)ی‌دا خوێندنه‌وه‌كان و ته‌ئویله‌كان جگه له شه‌هوه‌تی خوێندنه‌وه سنوری دیاریكراو ناس ناكه‌ن، ده‌ق هه‌میشه به كراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه، چونكه خوێندنه‌وه‌كان به فره‌یی و جووڵه‌ی جۆراوجۆر و كرانه‌وه‌ی دال و مه‌دلوله‌وه به‌ندن، هه‌موو ئه‌وانه‌ش به ئاستی جیاوازه‌وه ده‌كه‌ونه دووتوێی گه‌مه‌كانی خوێندنه‌وه‌وه. دواجار بارت ده‌یه‌وێ بڵێ ئه‌و په‌یوه‌ندییه ئیرۆسیه‌ی نێوان ده‌ق و خوێنه‌ر، په‌یوه‌ندییه‌كه له‌سه‌ر كێشكردن و خۆدانه‌ده‌ستی ئاره‌زوومه‌ندانه ده‌وه‌ستێ، نه‌ك كارلێكردن و به‌رهه‌مهێنان.
به‌ڵام (یاوس) له په‌یوه‌ندی نێوان كاری ئه‌ده‌بی و وه‌رگر پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێت، كه مانا نایه‌ته‌جێ، ته‌نها له رێگای په‌یوه‌ندی هاوسێیانه، یان له رێگای رێكه‌وته‌وه نه‌بێت، ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندی هاوسێیانه ته‌عبیر له مێژووی ئاوێته‌بوونی خوێنه‌ره‌كان بكات، یان ته‌ئویله جۆراوجۆره‌كانی خوێنه‌رانی له‌خۆدا هه‌ڵگرتبێت و له تێگه‌یشتنه‌وه رابێته‌وه، ئه‌وه مانای رێكه‌وت ئامێز له ساته‌وه‌ختی ته‌ئویلكردنه‌وه بۆ كرده‌ی جێبه‌جێكردن هه‌نگاو ده‌نێت. هه‌ڵبه‌ته ئه‌گه‌ر ئاوێته بوونی مێژوویی، چه‌مكی (ئیستێتیكای وه‌رگر) به‌رجه‌سته بكات، ئه‌وه (تێگه‌یشتن) و (ته‌فسیركردن) و (جێبه‌جێكردن) كرده‌ی په‌ره‌سه‌ندنی (درككردن)ی (هانز گۆرگ گادامێر 1900-2002) یمان بیر ده‌هێنێته‌وه.
شیعری كوردی
(دنیای شیعر) و (شیعری دنیایی)
شیعری كوردی دوای راپه‌ڕینی 1991ی كوردستانی باشور، كۆی ئه‌و شه‌پۆله شیعرییه ده‌گرێته‌وه، كه له فه‌زایه‌كی تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر ئازاد و زمانێكی تا سنوری په‌رده‌نه‌پۆشین خۆی ده‌نوسێته‌وه، وه‌ك چۆن به‌شێك له‌و شیعره‌ی كوردستانی رۆژهه‌ڵاتیش ده‌گرێته‌وه، كه ده‌كه‌ونه به‌ر (شه‌پۆلی حجم) و (شه‌پۆلی زمان) و ئه‌وانیش له فه‌زایه‌كی تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر ئازاد و زمانێكی تا سنوری په‌رده‌نه‌پۆشین، له‌گه‌ڵ ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه دێنه‌وه… (بۆ ئه‌وه‌ی روونتر قسه بكه‌م ده‌بێ بڵێم شیعری حجم له شه‌ش پاڵوییه‌كی شوشه‌یی ده‌كات، كه تیشك بیبڕێت و تیشكه‌كان دابه‌ش بن، بۆ كۆمه‌ڵێ تیشكی ره‌نگین. شاعیری حجمی له رێگای دواخستن و پێشخستنی وشه له رسته‌وه ته‌ركیز له‌سه‌ر یاریكردن به زمان ده‌كات. نموونه‌ی یه‌دوڵڵایی روئیایی. به‌ڵام شیعری شه‌پۆلی زمان، ده‌ست له بونیاد و په‌یوه‌ندی نێوان كار/ بكه‌ر/ به‌ركار ده‌دات، كه‌لێن و بۆشایی شیعری دروست ده‌كات و رووبه‌رێك له نێوان وشه‌كان و كرداره‌كان جێده‌هێلێت، تا خوێنه‌ر به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی خۆی واتاكه ته‌واو بكات. نموونه‌ی ره‌زا به‌راهه‌نی.)
به‌كورتی له‌شیعری نوێی كوردی و شیعری دوای راپه‌ڕین، چه‌مكی ئازادی به مانای شیعرێك دێت، كه بیر له واتای كات و بنه‌ما ئاینییه‌كان و فه‌زای ئایدیۆلۆژی ناكاته‌وه، به‌ڵام په‌رده‌نه‌پۆشینی زمان، زمان وه‌ك له دایكبووی چركه‌سات و پێكهاته‌ی شیعریی ده‌بینێت.. له شه‌پۆلی حجم و شه‌پۆلی زماندا ده‌شێ په‌رده‌نه‌پۆشینی زمان، نه‌فیكردنی زمانیش بێت…
لێره پرسیارێك به‌رجه‌سته ده‌بێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئایا شیعری كلاسیزمی كوردی توانیویه‌تی له ئاوێنه‌ی كلتوری كوردیدا پرسیاری خۆی بكات، ئه‌و شیعره‌ی شاعیری كوردی ده‌ینوسێ به‌شێك له كێشه‌كانی تاكی كوردی هه‌ڵگرتوه، ده‌توانین دال و مه‌دلولی شیعری كلاسیزمی كوردی وه‌ك نیشانه‌ی سوسێری له یه‌كه‌یه‌كی هاوئاهه‌نگ به‌رانبه‌ر یه‌ك رابگرین، ده‌توانین كێشه وجودییه‌كانی مرۆڤی كوردی له شیعری كلاسیزمی كوردیدا بدۆزینه‌وه، ده‌توانین دنیای كوردی له نێو شیعری كلاسیزمی كوردی به ده‌ست بهێنین؟ من ئه‌و پرسیارانه بێ وه‌ڵام جێده‌هێڵم، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نائومێدم، به‌ڵكو چونكه ده‌مه‌وێ له رێگای ئه‌و پرسیارانه‌وه به دوای شیعری نوێی كوردی و شیعری دوای راپه‌ڕین بكه‌وم! كه‌واته ئه‌و پرسیارانه‌م بۆ ئه‌وه خسته روو، تاكو بتوانم په‌یوه‌ندی چه‌مكی (به‌دوایه‌كدانه‌گه‌ڕان)ی شیعری كلاسیزمی كوردی و (دیالۆگكردن)ی شیعری نوێ و دوای راپه‌رین جوانتر به‌رجه‌سته بكه‌م…
چه‌مكی به‌دوایه‌كدا گه‌ڕان له رووی زمانییه‌وه هه‌ڵكۆڵین و به‌دواداگه‌ڕانی شتێكه، وه‌ك زاراوه چاره‌سه‌ری فیكره‌یه‌كی ئه‌ده‌بی یان بابه‌تێكی ئه‌ده‌بی دیاریكراو له رووی مه‌عریفه و حه‌قیقه‌ت و دنیابینییه‌وه ده‌كات. به دیوێكی دیكه ئه‌گه‌ر چه‌مكی به‌دوایه‌كداگه‌ڕان به‌و مانایه بێت، كه هه‌ر یه‌ك له ئێمه به‌عه‌قڵ و ئاگامه‌ندییه‌وه به دوای شتێك‌دا بگه‌ڕێین و هه‌ر یه‌ك له ئێمه ده‌مه‌ته‌قێ له سه‌ر پاڵنه‌ر و شتی تایبه‌تی (خۆی) بكات، به بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و پاڵنه‌ره لای ئه‌ویدیكه ئاشكرا بێت. یان ئه‌گه‌ر چه‌مكی به‌دوایه‌كداگه‌ڕان قسه‌كردن بێ له سه‌ر شتی تایبه‌تی ئه‌و شیعره تایبه‌ته‌ی كه دوایی هاتووه، ئه‌وه چه‌مكی به‌دوایه‌كدانه‌گه‌ڕانی شیعری كلاسیزمی كوردی هه‌موو ئه‌وانه پێچه‌وانه ده‌كاته‌وه!
دیالۆگكردن ته‌واو له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و پڕۆسانه دژ ده‌كه‌وێته‌وه، كه تێیدا گوتنی رابردوو خۆی به‌سه‌ر تێگه‌یشتنی ئێستای مرۆیی‌دا ده‌سه‌پێنێت، یان كه له میانی پڕۆسه‌ی خودی ئێستای تێگه‌یشتنه‌وه هه‌ڵنه‌قوڵاوه، وه‌ك چۆن دژ به هه‌موو ئه‌و قسه‌كردنانه‌شه، كه پێشتر سه‌ره‌تا و كۆتاییان زانراوه، كه‌واته دیالۆگكردن وه‌ك زاراوه ده‌مه‌ته‌قێیه له نێوان دوو كه‌س و زێتر له باره‌ی بابه‌تێكی دیاریكراو بۆ گه‌یشتن به ئامانجێكی دیاریكراو، هه‌ر له‌وێشه‌وه ده‌مه‌وێ به ناوهێنانی شیعری كلاسیزمی كوردی بچمه نێو تێگه‌یشتنی ئێستای شیعری نوێ و دوای راپه‌ڕینه‌وه، به‌و مانایه‌ش ئه‌وه یه‌كتر نه‌خوێندنه‌وه و دابه‌شبوونی شیعری كلاسیزمی كوردیی و هاونه‌گونجانی ده‌نگه جیاوازه‌كانه، شیعری نوێ و دوای راپه‌ڕین گروپ گروپ ده‌كات! وه‌ك چۆن مه‌عریفه‌ی ئایینی و فه‌زا و خه‌ون و خه‌یاڵی ئایینی شیعری كلاسیزمی كوردی (ئا‌ڤێستا، بابا تاهیری هه‌مه‌دانی، كتێبی پیرۆزی یارسان) ده‌بێته پاڵنه‌ری نه‌زانراوی مه‌عریفه‌ی شیعری و فه‌زا و خه‌ون و خه‌یاڵی شیعری نوێ و دوای راپه‌ڕین (بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و پاڵنه‌ره ئایینییه له شیعردا ئاشكرا بێت)، وه‌ك تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و شیعره تایبه‌ته‌ی كه دوایی هاتووه! هه‌ر به‌و مانایه ده‌توانین به به‌بیرهێنانه‌وه‌ی شیعری كلاسیزمی كوردی و پاڵنه‌ری نه‌زانراوه‌وه، تایبه‌تمه‌ندی شیعری نوێ و دوای راپه‌ڕین بخه‌ینه گومانه‌وه! من وێنه‌ی ئه‌و گومان و دڵه‌ڕاوكێیه وه‌ك جیاوازی نێوان (دنیای شیعر) و (شیعری دنیایی)، (مه‌عریفه‌ی ئایینی) و (مه‌عریفه‌ی شیعریی) دیاری ده‌كه‌م… شیعری كلاسیزمی كوردی به‌شیعركردنی دنیا نییه، به شیعركردنی مه‌عریفه‌ی ئایینیه، شاعیر ئه‌و كه‌سه نه‌بووه، كه جوان له دنیا ده‌ڕوانێ، ئه‌و كه‌سه‌یه كه جوان زمانی ئایینی به‌كار ده‌هێنێ، شاعیر كێشه‌كانی خۆی فه‌رامۆش ده‌كات و شیعری دنیایی و زمانبازی وه‌ك كێشه‌كانی خۆی ده‌بینێ! له شیعری دوای راپه‌ڕیندا شاعیر جوان له دنیا و مه‌عریفه و خه‌ون و خه‌یاڵی شیعری ده‌ڕوانێ، به‌ڵام له واقیعی خۆی هه‌ڵدێت و خۆی راده‌ستی به شیعركردنی دنیا ده‌كات! به شیعركردنی واقیعی ژیان…
قسه‌یه‌كی جوانی (به‌ختیار عه‌لی) له كتێبی (له دیاره‌وه بۆ نادیار، ناوه‌ندی رۆشنبیریی و هونه‌ری ئه‌ندێشه- سلێمانی) ده‌ڵێت: شیعر هه‌رگیز له‌و شوێنه‌وه ده‌ست پێناكات، كه شیعرێكی دیكه دوایی دێت. ئه‌و قسه‌یه له ناوكۆییه‌كه‌ی خۆی ده‌كه‌مه‌وه و له په‌یوه‌ندی نێوان شیعری كلاسیزم و شیعری نوێی كوردی به كاری ده‌هێنم… كه‌واته شاعیری دوای راپه‌ڕین له‌و زمانبازییه و شیعری دنیاییه و فه‌زا و دنیابینییه ئایینییه ده‌ست پێناكاته‌وه، به‌ڵكو هه‌وڵده‌دات روو له دنیای به‌تاڵی شیعریی بكات. (من نامه‌وێ وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و چه‌مكه به واقیعی ژیان ببه‌ستمه‌وه، به‌ڵكو هه‌وڵده‌ده‌م به شێوه‌یه‌كی نادیار چه‌مكی به‌تاڵی شیعریی به پێناسه‌نه‌كردنی شیعرییه‌وه بگه‌یه‌نم)
لێره‌دا به‌ڵگه‌ی به‌دوایه‌كدانه‌گه‌ڕانی شیعری كلاسیزمی كوردی وه‌ك ئه‌وه‌ی (دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار) قسه‌ی لێكردووه و به پێی دیالێكته‌كان پارچه پارچه نیشانی ده‌دات، هه‌ر ته‌نها خۆی له هاونه‌گونجان و به‌دوایه‌كدانه‌گه‌ڕان نابینێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ش روون ده‌كاته‌وه كه شاعیری كلاسیزمی كوردی شیعری دنیایی و زمانبازی وه‌ك كێشه‌كانی خۆی ده‌بینێ، به بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و پاڵنه‌ره له دیالێكتێكه‌وه بۆ دیالێكتێكی دیكه ئاشكرا بێت… یان له پێش هاتنی ئیسلامه‌وه بۆ دوای هاتنی ئیسلام ئاشكرا بێت! ده‌مه‌وێ بڵێم پارچه پارچه كردن به پێی دیالێكته‌كان له لایه‌ن دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار و دابه‌شكردنی شیعری كلاسیزمی كوردی بۆ پێش هاتنی ئیسلام و دوای هاتنی ئیسلام له لایه‌ن دكتۆر (عزه‌دین مسته‌فا ره‌سوڵ)ه‌وه، هه‌رگیز هاونه‌گونجان و به‌دوایه‌كدانه‌گه‌ڕان و دیالۆگنه‌كردن ره‌تناكاته‌وه.
كه‌واته كێشه له‌وه‌دا نییه (بۆرابۆژ 330 پ.ز) یان (زه‌رده‌شت 660-583 پ.ز) به یه‌كه‌مین شاعیری كوردی دیاری بكه‌ین، یان په‌ڕتووكی (ئا‌ڤێستا) و (بابا تاهیری هه‌مه‌دانی 937-1010ز) و كتێبی پیرۆزی «یارسان 901-1600ز»… كێشه‌كه له په‌یوه‌ندی نێوانیاندایه، له هاونه‌گونجان و به‌دوایه‌كنه‌گه‌ڕان و دیالۆگنه‌كردن و یه‌كتر نه‌خوێندنه‌وه دایه… به‌ڵام وه‌ك بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت شیعری نوێی كوردی و شیعری دوای راپه‌ڕین له‌وێوه ده‌ست پێناكاته‌وه، نه‌ك هه‌ر هێنده به‌ڵكو له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و بنه‌مایه ئاینییانه‌ش دژ ده‌كه‌وێته‌وه، كه شیعری كلاسیزمی كوردی خۆی له‌سه‌ر بونیاد ناوه!
شیعری دوای راپه‌ڕین له هه‌ڵاتن له ژیانه‌وه ده‌ست پێده‌كات، نه‌ك له سه‌ره‌تا و كۆتایی دیاره‌وه، ئه‌وه‌ش چه‌مكی دیالۆگكردنی شیعری و ژانوژواری مرۆیی تۆختر ده‌كاته‌وه. به‌ڵام ئایا دیالۆگكردنی شیعری دوای راپه‌رین له‌گه‌ڵ یه‌كتر و ئه‌ویدیكه ئامانجی دیاریكراوی خۆی پێكاوه، له‌و پرسیاره‌وه هه‌وڵده‌ده‌م به‌شێك له شیعری دوای راپه‌ڕین له رووی شێوازی نوسین و تێكشكاندنی ئاسۆی چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ر دابه‌شی سێ پارچه بكه‌م و له سێ شێوازی دیالۆگ ئامێزدا به‌رجه‌سته‌یان بكه‌م.
118 جار بینراوە