سەرەکی » دۆسێ » ئیسرائیل فڕۆكەخانەی دیمەشق بۆردومان دەكاتپەڕە 3

ئیسرائیل فڕۆكەخانەی دیمەشق بۆردومان دەكات

جارێكی تر فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل سوریا بۆردومان دەكەن و لەمجارەشدا فڕۆكەخانەی دیمەشقی نێودەوڵەتی دەكرێتە ئامانج، میدیا عیبرییەكانیش باس لە چەندان هێرشی لەو جۆرە دەكەن كە بە گوتەی ئەوان «بنكە ئێرانییەكان» لە سوریادا خاپوركراون.
15ی تەمموزی 2018، ئاژانسی دەنگوباسی رەسمی سوریا (سانا) ئاماژەی بە هێرشێكی موشەكی ئیسرائیلی كرد كە فڕۆكەخانەی دیمەشقی كردۆتەوە ئامانج و لەبەرانبەردا بەرگرییە ئاسمانییەكانی وڵاتەكە بەرپەرچی هێرشەكەیان داوەتەوە.
(سانا) لە زاری سەرچاوەیەكی سەربازییەوە بڵاویكردبۆوە»بەرگرییە ئاسمانییەكان بەرپەرچی ئەو موشەكانەی ئیسرائیلیان داوەتەوە كە بەرەو فڕۆكەخانەی دیمەشقی نێودەوڵەتی هەڵدرابوون، و توانراوە ژمارەیەك لە موشەكەكان بخرێنەخوارەوە». بەرلەوە پەیامنێری ئاژانسەكە ئاماژەی بە بیستنی دەنگی چەند تەقینەوەیەك كردبوو لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی دیمەشقی نێودەڵەتی.
(سانا)، ئاماژەی كوژران و بریندار، یان زیانی ماددی نەكردبوو، بەڵام دیمەنی بەگەڕخستنی بەرگرییە ئاسمانییەكانی بڵاوكردبۆوە، و لە تۆمارێكی ڤیدیۆییشدا ئەو تەقینانەوا دوەركەوتبوون كە ئاسمانیان روناككردبۆوە.
پەیامنێری (فرانس پرێس) لە دیمەش گوێی لە دەنگی تەقینەوەیەكی بەهێز بووبوو كە دواتر تەقەكردنێكی زۆری بەدواداهاتبوو.
لە قودس، سوپای ئیسرائیل هیچ راگەیەندراوێكی لەو بارەیەوە بڵاونەكردبۆوە.
ئیسرائیل هەر لە مانگی ئەیلولی 2018، دانی بە ئەنجامدانی 200 بۆردومانی ئاسمانیدا نابوو لەماوەی 18 مانگی دوایی كە زۆربەیان پێگە ئێرانییەكانیان كردبووە ئامانج، ئەمەش وەك تەئكیدكردنەوەیەكی دەگمەن لەبارەی پرۆسە سەربازییەكانی لەو جۆرە.
ئیسرائیل پێشتر دانی نابوو بە ئەنجامدانی دەیان هێرشی ئاسمانی لە دژی «ئەو بارە چەكە پەرەسەندوانەی كە بۆ حزبوڵڵا رەوانە دەكران» كە دوژمنێكی سەرسەختی ئیسرائیلە و پشتیوانی لە بەشار ئەسەد دەكات.
ئاژانسی (سانا) لە 4ی ئەیلولی 2018 لە زاری سەرچاوەیەكی سەربازییەوە بڵاویكردبۆوە»بەرگرییە ئاسمانییەكان بەرپەرچی دەستدرێژی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیلیان داوەتەوە لە هەردوو پارێزگای حەما (ناوەڕاست) و تەرتوس (خۆرئاوا)».
هەر لەبارەی بەئامانجگرتنی فڕۆكەخانەی دیمەشقی نێودەوڵەتی لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیلەوە، كەناڵی دووی عیبری رایگەیاندبوو»ئێمە هیچ لێدوانێكی لەبارەی قسە و راپۆرتە بیانییەكان نادەین».
سەرلەئێوارەی 15ی ئەیلولی 2018، كەناڵی دووی عیبری نوسیبوی»راپۆرتە رەسمییەكانی سوریا دەستی تۆمەت بۆ فڕۆكەكانی ئیسرائیل درێژ دەكەن لەبارەی بەئامانجگرتنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق، بەڵام ئیسرائیل وەڵامی ئەو جۆرە راپۆرتە سەیرانە ناداتەوە».
كەناڵەكە رایگەیاندبوو، واپێدەچێت ئامانج لەو هێرشە خاپوركردنی ئەو عەبارە چەك و تەقەمەنیانە بوبێت كە لە ئێرانەوە هاتوون و لەنێو فڕۆكەخانەی دیمەشقی نێودەوڵەتی هەڵگیرابوون كە لەنێویاندا موشەكی روسی جۆری «ئێس-200»ی تێدابووە.
كەناڵەكە لەسەر پێگەی ئەلكترۆنی خۆی بڵاویكردبۆوە، لە هەفتەی رابردوو، ژمارەیەك كوژراو و بریندار هەبوون بەهۆی هێرشێك كە لە شاری حەما رویدا،و سوڕانەوەی فڕۆكەی ئیسرائیلیش لەسەر ئاسمانی لوبنان بینرابوو لەپاش ئەو هێرشە كە دواتر دەسەڵاتدارانی سوریا ئیسرائیلیان بە ئەنجامدانی تۆمەتبار كردبوو، ئاماژەیان بە سەركەوتوویی سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەكانی سوریاش كردبوو لە خستنەخوارەوەی ژمارەیەك لە موشەكەكان.
لای خۆیەوە رۆژنامەی (مەعاریف)ی عیبری بڵاویكردبۆوە، ئیسرائیل لە هەفتەی رابردوودا هێرشی كردۆتەوە سەر سوریا و گومان دەكرێت ئەو بنكە ئێرانییە بۆردومان كرابێت لە سوریا كە موشەكی «ئێس-400»ی تێدابووە.
بەپێی رۆژنامەی (یسرائیل هایوم)ی عیبری، سوپای ئیسرائیل لە بیست و شەشی حوزەیرانی رابردوون فڕۆكەخانەی دیمەشقی نێودەوڵەتی بۆردومان كردووە، ئەمەش بەپێی میدیا بیانییەكان لەو دەمەدا، لە هێرشەكەشدا موشەكەكانی زەوی بە زەوی دوومەودا تێكشكێنرابوون كە لەڕێگەدابوون، تا رادەستی حزبوڵڵای لوبنانی بكرێن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، دەزگای پەخشی ئیسرائیلی «كان»، باسی ئەو هێرشە ئاسمانیانەی كردبوو كە لە هەفتەی رابردوو لەلایەن فڕۆكەكانی ئیسرائیلەوە كرابوونە سەر شاری حەمای سوریا، بەپێی «كان»، پێدەچێت بنكە ئێرانییەكان لە شارەكەدا كرابێتنە ئامانج.
لە دەوروبەی شاری حەمما، سەنتەرێكی توێژینەوەی سوری هەیە كە تایبەتە بە پەرەپێدانی موشەكی پەرەسەندوو، و دروستكردنی چەكی كیمیایی و بایۆلۆجی- ئەمەش بە گوتەی دەزگای پەخشی ئیسرائیلی «كان».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*