سەرەکی » راپۆرت » ئۆپەراسیۆنی ئیدلیب

ئۆپەراسیۆنی ئیدلیب

دڵزار عارف

دەمێکە سوریا و روسیا و ئێران ددانەکانیان تیژ دەکەنەوە، ئیدلبیان خستۆتە سێرەیان و ئیتر ئەڵێن کاتیەتی و پێوسیتە پاکی بکەینەوە، چونکە روسیا و سوریا زۆر لێزانانە و لە ڕێگەی ئاگری بۆمبارانی فرۆکە روسیەکان و رێکەوتنە ژێربەژێریەکانی ئەنقەرە و مۆسکۆ، چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن و داعش و بەرەی نوسرە و لە تەواوی سوریا پاڵیاننان، تا هەموویان لەم شارە کۆکردنەوە.

60 هەزار چەکداری بیانی
ساڵی 2015 ئۆپۆزسیۆن توانی کۆنترۆڵی شارەکە بکات، لەبەرامبەر ‌هێزەکانی ئەسەد بەرەنگاریەکی ئەوتۆیان نەکرد و شارەکەیان رادەستکردن، ئیتر لەوکاتەوە تەواوی ئەم پارێزگاییە کەوتۆتە دەست هێزە چەکدارەکان. دەزگای هەواڵگری روسیا و سوریا دەڵێن 60 هەزار چەکدار لەم شارە هەیە و بەتەنها 60% خاکی ئیدلب لەژێر کۆنترۆڵی بەرەی نوسرەیە.

روسیا وچین وئێران پشتگیری دەکەن
ئەمەش مشتومڕێکی زۆری دروستکردووە، ترسێکی گەورەی خستۆتە دڵی روسەکان، چونکە بە پێی راپۆرتە هەواڵگریەکانی ئەوروپی و روسی، ژمارەی چەکدارە چیچانیە توندڕەوەکان بەرزە، جگە لەوە باس لە هەبوونی چەکدارانی ئیسلامی بەرەگەز چینی دەکرێت، بۆیە روسیا و چین لەسەرەتاوە، پشتیوانی خۆیان راگەیاند بۆ ئۆپەراسیۆنی ئیدلب. هەروەها عەلی ولایەتی گەورە راوێژکاری خامەنەئی، لە لێدوانێکی بۆ کەناڵەکانی ئێران دوپاتی کردەوە، کە پێویستە بە زوویی ئیدلب بکەوێتە ژێر ركێفی دەوڵەتی سوریا.

تورکیا دژی دەوەستێتەوە
ئاشکرایە دەوڵەتی تورکیا بە‌ هیچ شێوەیەک نایەوێت ئەم هێرشە بكرێتە سەر ئەم شارە، هەر وەک هەردوو رۆژنامەنسی تورک (موراد یەتکین و سەرکان دەمیرتاش) لە نوسینەکانیان لە رۆژنامەی حوریەت دەیلی چاپی ئینگلیزی ئاماژەیان بە دوو خاڵ داوە، ئەویش بوونی ٣ ملیۆن سڤیل لەم شارە، کە رەنگە بەهۆی دەستپێکردنی شەرەکە، ئاوارەی تورکیا ببن و بارگرانیەکی تر لەسەر وڵاتەکەیان دروست بکات، لە خاڵی دووەم باس لەوە دەکەن بەشێک لە چەکدارە توندڕەوەکان خۆیان لەبەرەکانی شەڕ بدزنەوەو رابکەن بەرەو تورکیا، بۆیە ئەنقەرە لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ چەند خاڵێکی چاودێری و پشکنینی دانا، ئێستا وەک خۆیان باسی دەکەن گەیشتۆتە ١٢ خاڵی چاودێری، دەیانەوێت ئەم خاڵانە وەک گەرەنتەک وا بێت بۆ ڕێگرتن لە پەرینەوەی چەکدارەکان و هەرەوەها دورخستنەوەی ئەگەری شەڕ لە نێوان ‌هێزە دژبەیەکەکان.
پەیوەندی بە کوردەوە هەیە
بەڵام ئەگەر لە گۆشەی ترەوە سەیر بکەین تورکیا دەمێک بوو ترسی لەوە هەبوو کورد بگەنە سەر دەریا بۆیە ویستی ئەم رێگایە بپچرێت و لەگەڵیشی عەفرین زیاتر بخاتە ناو بازنەی گەمارۆکە و هەروەکو دواتر بینیمان کە چۆن پەلاماری شارەکەیدا.

بەرەی نوسرە
ئەردۆغان بەهەموو هێزی خۆیەوە دەیویست بەهەر شێوەیەک بێت قەناعەت بە پوتین و رۆحانی بکات لە لوتکەی تاران، ئەم ئۆپەراسیۆنە دوابخرێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو ، چونکە ماوەیەکی باش دەرفەتیان بە تورکیادا، بۆ ئەوەی بتوانێت بەرەی نوسرە قەناعەت پێ بکات و خۆی هەڵوەشێتێتەوە، بەڵام لەبەرامبەردا بەرەی نوسرە زۆر بە توندی هاتە وەڵام و داوای بەرەنگاری و جیهادی کرد، تورکیاش بە ناچاری نوسرەی خستە لیستی تیرۆرەوە.

نیگەرانی رۆژئاوا لەم ئۆپەراسیۆنە
هەر بۆ ئەم مەبەستە وەزیری دەرەوەی تورکیاو ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کردوو و ئەمریکا بە زمانێکی توندو پڕ هەڕەشە ئاگاداری ئەسەدی کرد لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، لەکاتی دەستپێکردنی هێڕشەکە، جگەلەوە وڵاتانی ئەوروپاش ترسیان لێنیشتووە لەوەی جارێکی تر خەڵکێکی تازە ئاوارە ببن و هەوڵی گەیشتنی ئەوروپا بدەن، بەڵام لەوە ناچێت ئەم ترس و فشارانە، ئەسەد و پوتین و میلیشیا شعیەکان پەشیمانکەنەوەو روی تۆپ و فرۆکەکانیان وەرگێڕن و ئۆپەراسیۆنەکە دوا بخەن.

 27 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*