سەرەکی » ئابووری » پێدانی كارەبای نیشتمانی زیاد دەكات

بەرنامەی نوێی موەلیدە ئەهلییەكان

پێدانی كارەبای نیشتمانی زیاد دەكات

لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما، پێدانی كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتیان زیاد دەكات، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانیش رایدەگەیەنێت، پێدەچێت پێدانی كارەبای نیشتمانی تا ماوەیەكی زۆر بەجۆرە بەردەوامبێت.
سیروان محەمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی بە (PUKmedia)ی راگەیاندوە: لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەكانی گەرماو كەمبوونەوەی خواستی هاووڵاتیان لەسەر بەكارهێنانی كارەبا، پێدانی كارەبای نیشتمانی زیاد دەكات.
وتیشی: «لەئێستادا رۆژانە 19 بۆ 20 سەعات كارەبای نیشتمانی دەدرێت بە هاووڵاتیان و پێدەچێت تا چەند مانگێكی تر كارەبای نیشتمانی بەوجۆرە بەردەوامبێت».
سیروان محەمەد ئاماژەی بەوەشكرد، پێدانی كارەبای نیشتمانی پەیوەندییەكی راستەوخۆی بە خواستی بەكارهێنانی كارەباوە هەیە لەلایەن هاووڵاتیانەوە، تا خواست لەسەر كارەبا لەلایەن هاووڵاتیانەوە زیاد بكات پێدانی كارەباش كەم دەكات.
ئەمەش لەكاتێكدایە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، گۆڕانكاری لەبەرنامەی كاركردنی موەلیدە ئەهلییەكانی ناوشاری سلێمانی دەكرێت و كەم دەكرێتەوە.
بەپێی بەرنامە نوێیەكە موەلیدە ئەهلییەكانی لەسەعات 8ی بەیانی تا 12ی نیوەڕۆ كارناكەن و ئەگەر كارەبای نیشتمانیش بكوژێتەوە، واتا لە كاتژمێر 12 نیوەڕۆ بەدواوە تا 8ی بەیانی رۆژی دواتر، لەئامادەباشی دەبن، هەركاتێك كارەبای نیشتیمانی كوژایەوە ئەوان كارەبا دەدەن.

 244 جار بینراوە