سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » خورماتوو، برینێكی تری بەسوێ

خورماتوو، برینێكی تری بەسوێ

یەكەم جارو دواجار نابێت  كارەسات و جینۆساید و ئەنفال و قڕكردن ببێتە دیاری بۆ خەڵكی كوردستان بە پاساوی تیرۆریست و ئاژاوەگێڕیی و جووداخوازی لەلایەن  وڵاتان و میللەتانی دراوسێی كوردەوە، لەكاتێكدا لەمێژووی دوور و نزیكی كورددا هەر لە حاڵەتی بەرگریدا بووەو لەسەر خاك و ماڵی خۆی.
ئەگەرچی من چاوەڕوان نەبووم دوای جینۆسایدی ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجەو تێكدان و خاپووركردنی هەزاران گوندو سەدان شارۆچكە و دوای پرۆسەی ئازادیی عیراق و  حوكمڕانی كورد لە هەرێمی كوردستان، كورد جارێكیتر بەر شاڵاوی دڕاندانەی وەكو شەنگال و خورماتوو بكەوێت، وامدەزانی ئیتر نەوەكانمان هەر لە لاپەڕەكانی مێژوودا ئاشنای ئەو كارەساتە جەرگبڕانە دەبنەوە .
ئەوەی لە خورماتوو روویدا، زۆر كارەساتێكی  شەرم هاوەرو برینێكی  بەسوێ بوو، هەر لە كوشتن و بڕین و تاڵان و دەستدرێژیی  بۆ سەر شەرەف و ناموسی خەڵكی بێتاوان و سڤیل و راكێشان و شێواندنی تەرمی قوربانییەكان و سووتاندنی ماڵ و حاڵی خەڵك و دەربەدەركردنیان و زۆر شتی ترو تاوانی گەورە كە دەچنە خانەی تاوانی جەنگەوەو  گەلێك چیرۆكی سامناك كە حەزناكەم لێرەدا باسیان بكەم .
هەموو ئەوانە لە كاتێكدا روو دەدەن كە عیراق خاوەنی دەستوور و پەرلەمان  و حكومەت و  یاساو دادگا و پۆلیسی ئیتیحادی و سوپایە لە هەرێمیش بە هەمان شێوە خورماتوو نە هێڵی پێشەوەی جەنگە و نە وڵاتێكی داگیركراوە، بەڵكو خەڵكەكەی بەهەموو پێكهاتەكانییەوە ساڵانێكی دوورو درێژە بەبی كێشە بەیەكەو ژیاون، دەكرێت بپرسین خێرە لەم ساڵانەی دواییداو لە عیراقی بەناو نوێدا هەموو ئەو تاوانانانە ئەنجام بدرێت ؟
ئەمجارە خورماتوو بەر شاڵاوێك كەوت كە هاوپەیمان و هاوسەنگەرەكانی كورد سەركردایەتیی دەكەن كە لە رابردوودا زۆرێك لەوانە لە ریزەكانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقدا بوون، لە كوردستاندا چالاكی  سیاسی و سەربازییەكانی خۆیان ئەنجامداوەو پێكەوە دەستووری عیراق و زۆر دەستكەوتی تریان تۆماركرد، بۆیە ئازارەكەی بەسوێترو نیگەرانییەكەی گەلێك قورسترە .
بەڵی خورماتوو ئەو شارۆچكەیەی كە لە مێژووی نزیك و شۆڕشەكانی كوردستاندا پێگەو رێگەی گرنگ و دیاری هەبووە، قوربانییەكانی ئەوان هەمیشە لاپەڕەیەكی پرشنگدارو داستانی قارەمانێتی و بەرخۆدان و گیانبازی گەورەن كە ناكرێت لە وتارێكی وا كورتدا من هەموویان بەیان بكەم .
خورماتوو ئەو شارە كارەساتبارەی قوربانی دەستی لاوازیی یاسا و دامودەزگاكانی دەوڵەتە، ئەگەر لە پێشوودا هەر بەهەمان هۆكار چەند كێشەو ململانێیەكی ئتنیكی و تائیفی سەری هەڵدابێت، دواتر تەشەنەی كردبێت  لە نێوان پێكهاتەكانیدا، بەتایبەتی كوردو توركمان بە هەردوو ئاینزای شیعەو سوونەوە ڕێی بۆ ئەو تاوانانە خۆشكردبێت، ئۆباڵی بەرپرسیارێتییەكی  دەكەوێتە سەر كاربەدەستانی هەردوو حكومەتی ناوەندو هەرێم، بەڵام بە پلەی جیاوازو دەكرێت كۆمیتەیەكی لێكۆڵینەوەی بێلایەنی بۆ پێكبهێنرێت بەهاوبەشی یۆنامی، واتە نەتەوەیەكگرتووەكان لە عیراق بۆ ئەوەی لە رێگەی یاساوە چارەسەر بكرێت.
هەموو ئەمانە روویداوە دكتۆر حەیدەر عەبادیش سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی ئیتیحادی عیراق لە پرێس كۆنفرانسی هەفتانەی خۆیدا ئاماژەی بۆ كارەساتەكانی خورماتوو كرد و وتی: پێشێلكاری روویداوەو كاردانەوە بووە، راستە وتەكانی ئەو، بەڵام ئەوە كارو ئەركی حكومەتە رێگریی بكات لە كاردانەوەو و یاسا جێبەجێ بكات و تاوانبان و دەستدرێژكاران بۆ سەر خەڵكی سڤیل‌و بێتاوان بپارێزێت و دەستگیریان بكات و  پێشبگرێت لە تاوان و بێحورمەتی بە خەڵكی ئەو شارە لەلایەن هەر تاقم گرووپێكەوە بێت .
لە ئێستادا خەڵكی خورماتوو بە تایبەتی پێكهاتەی كورد دەربەدەری دەشت و دەر بوون، ئەو شارە ئازاری زۆری  پێگەیشتووەو حكومەتی عیراق و ئەنجومەنی نوێنەران و هەموو لایەنە سیاسی و مەرجەعە ئاینییەكانی عیراق باس لە دەستوورو یەكپارچەیی خاكی عیراق دەكەن، لە كاتێكدا خورماتوو لە ئاوا بارودۆخێكدایە كە نزیكترن شوێنی ناوچە جێناكۆكەكانە لە بەغدای پایتەختەوە، ئایا ئەوان چ چارەسەرو دەسەڵاتێكی دەستووریی عیراقیان بەكارهێناوە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو شارە تێكۆشەرو خۆشەویستە؟
یان یەكپارچەیی و پێكەوژیان و دەستوورو یاساو مافی مرۆڤ و یەكسانی هەر وشەی بریقەدارو دروشمن بۆ كاتی هەڵبژاردنەكان و سەپاندنی هێزو هەژموون بە ئاگرو ئاسن  كەرەسەی ئاسان و خۆشدەسن بۆ كۆتایی هێنان بە ناكۆكییەكان؟

 50 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*