(4)
شارباژێڕ یه‌كێكه له‌ناوچه گرنگ و فراوانه‌كانی پارێزگای سلێمانی له‌ڕووی ئاوێژگهیی و گه‌شت و گوزارو به‌روبومی كشتوكاڵی و میوه و به‌خێوكردنی مه‌ڕو ماڵات و ڕه‌شه‌وڵاغ و په‌له‌وه‌ری ماڵی، ناوچه‌یه‌كی دێرین و كۆنه و له‌سه‌ده‌كانی هه‌زاره‌ی یه‌كه‌می (پ . ز)ه‌وه كوردی تێدا ژیاوه و ناوچه‌یه‌كی سه‌خت و دژواره، ده‌یان پاشماوه‌ی دێرێنی تێدایه و ده‌یان لاپه‌ڕه‌ی مێژوویی تێدا تۆمار كراوه‌و شوێنه‌واری مێژوویی زۆره، شوێنی ئیسترۆمی شارباژێڕ ده‌كه‌وێته نێوان بازنه‌ی پانی 35 بۆ 36 پله باكور و هێڵی درێژی (45) پله خۆرهه‌ڵات.
ڕووبه‌ری گشتی شارباژێڕ به‌ناحیه‌كانی (گاپیڵۆن) و (سیوه‌یل _ باسنێ) و (سیته‌ك) و (زه‌لان) نزیكه‌ی 1187 كیلۆمه‌تر چوار گۆشه‌یه، ئه‌م ناوچه‌یه دوو به‌شه: شارباژێڕی سه‌خت و شارباژێڕی ته‌خت، هه‌ندێك ناوچه‌ی تری هه‌یه وه‌ك سیوه‌یل و ماوه‌ت و دۆڵی جافایه‌تی و نۆدێی ئالانی شارباژێڕ و شینكایه‌تی و به‌شێكه له‌ناوچه شاخاوییه ئاڵۆزه‌كان له‌سه‌ده‌كانی حه‌ڤده و هه‌ژده مه‌ڵبه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی میرنشینی بابان بووه و زیاتر له (115) ساڵ حكومڕانی ناوچه‌كه‌یان كردووه، ژماره‌یه‌ك چیا‌و شاخی به‌رزو به‌ناوبانگ له‌شارباژێڕ هه‌ن له‌وانه ( شاخی ئه‌حمه‌د ڕۆمی 1617 مه‌تر) و (شاخی گۆجاڕ 1925 مه‌تر ) و (شاخی ئه‌زمه‌ڕ 1702 مه‌تر ) و (شاخی كه‌توو 1552 مه‌تر ) و (شاخی قه‌یوانی گه‌وره 1418 مه‌تر) و (شاخی سوركێو 2230 مه‌تر) و (شاخی قه‌ڵا سارم 1943 مه‌تر) له‌ئاستی ڕووی ده‌ریاوه به‌رزن له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی دی چیا‌و به‌نده‌نان.
له‌ساڵی (1850) ی زاینی مه‌حموود ئاغای شێوهكهڵ دوای ڕووخانی میرنشینی بابان بۆته قائمقامی شارباژێڕ، له‌ساڵی 1886 فه‌رمانگه‌ی نفوسی تێدا كراوه‌ته‌وه، ئه‌و ده‌مه (سیته‌ك)مه‌ڵبه‌ندی كارگێڕی قه‌زای شارباژێڕ بووه و (پیره‌مێرد)ی زانا‌و فه‌یله‌سوفی كورد باشكاتب بووه.
یه‌كێك لهناحییهكانی قه‌زای شارباژێڕ (سیته‌ك)ه، به‌پێی سه‌رچاوه مێژووییه‌كان ژیان له‌م گونده ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ئاشوریه‌كان.
«سیته‌ك» ناوه‌كه‌ی له «سێ تاك»ه‌وه هاتووه،ئه‌م سێ تاكه ، سێ برا بوون، به»گه‌له‌گورگ» ناوبانگیان له‌و مه‌مله‌كه‌ته ده‌ركردبوو، ده‌ڵێن له‌ناوچه‌ی «بانه»ی خۆرهه‌ڵاتی نیشتمانی كورده‌وه هاتوون. گوندی سیته‌ك له‌ساڵی 1880ی زاینی یه‌وه هه‌تا كۆتایی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م مه‌ڵبه‌ندی كارگێڕی قه‌زای شارباژێڕ بووه.
گوندی سه‌رچیمه‌ن:
یه‌كێك له‌گونده‌كانی سیته‌ك ناوی «گورگه‌ده‌ر»ه به‌شێوه‌زاری سلێمانی «گورگه‌یه‌ر»ه، مێژوویه‌كی زۆر كۆن و ژماره‌یه‌ك شوێنه‌واری مێژوویی ناوازه‌ی تێدایه، له‌هه‌زاره‌ی دووه‌می پێش زایین ژیان له‌م مه‌مله‌كه‌ته تۆمار كراوه، له‌قه‌ڵای دارهلهقه كۆشكی شاهانه‌ی لێ بووه، كه پاشا‌و پاشازادهكان له‌وێ ژیاون ده‌كه‌وێته باشوری گونده‌كه له‌سه‌ر چۆمی «شهنگهڵ» ئه‌م چۆمه له‌بناری «قۆخهیاڵ « خۆرهه‌ڵاتی گوندی هه‌شت كانیاوی گهورهیهههڵدهقوڵێت،سازگارترین ئاوی سه‌ر زه‌مینه و ئه‌و ده‌مانه‌ی پاشای پاشای سارم له‌وێ حوكمڕان بوه،دارستانێكی چڕبووه پڕ بووه لهمهل و باڵنده‌و ئاژه‌ڵی كێوی ، گۆڕستانی (سه‌رگرت) مردووی شاهانه‌ی لێ نێژراوه، به‌ڵام كاتێ خوڵامان «غولام» به‌رده‌ستی شاهانه‌كان كه مردون گۆڕستانێكی تایبه‌تی لێ بووه به‌ناوی گۆڕستانی «غولام» ئێستایش ئه‌م گۆڕستانه ماوه، لهقهڵاگه (سكه)ی هه‌خامه‌نشینی دۆزراوه‌ته‌وه، كه‌لله‌سه‌ری گه‌وره و ده‌یان كوپه‌ی گه‌وره‌ی پڕ له‌ئێسك و پروسك و زوخاڵیان له‌كێڵگه‌كان دۆزیوه‌ته‌وه، هاوینان بیڵاتی شاهانه له‌سه‌ر چیای سارم بووه، قه‌ڵایه‌كی مه‌زنی له‌سه‌ر دروست كراوه و ناوچه‌كه‌یش پارێزراوه.
(مام عه‌لی عه‌بدوڵا مسته‌فا) یه‌كێكه له‌ڕیش سپی یه‌كانی گوند ئه‌و به گوندستانی ووت: چوار سه‌د ساڵ به‌ر له‌ئێستا تیره‌یه‌كی گونده‌كانی چیمه‌ن لهناوشوانی كه‌ركوك هاتوونه‌ته ئه‌م گونده. چۆڵ بووه و به‌هۆی ئاوێژگهیی ئاوه‌دانیان كردۆته‌وه و ناویان ناوه «سه‌ر چیمه‌ن» دواتریش «ئه‌و وتی « شێخ ئه‌لیاس پاڕه‌زان فه‌قێ ی «خه‌رگه ڕه‌ش» بوه، مێگه‌لی زۆری بووه، كه چۆتهلای شێخ عیرفان و پیاوچاكی «خه‌رگه ڕه‌ش» و نوێژی دابه‌ستووه گورگ هاتووه، به‌ڵام له‌به‌ر كه‌رامه‌تی پیاو چاكه‌كه پاسیان كردووه هه‌تا له‌نوێژ بۆته‌وه، ئه‌م شێخ ئه‌لیاسه ناوی گونده‌كه‌ی گۆڕیوه به «گورگه ده‌ر»، به‌ڵام (سالار نوری محێ دین) ڕای وایه : كه سوپای ئیسلام هێرشی كردۆته‌سه‌ر ناوچه‌كه ، لێره «گاور» نشین بووه، كه گاوره‌كانیان ده‌ركردووه، پێ یان وتووه «گاور ده‌ر» بۆته «گورگه ده‌ر».
مام عه‌لی عه‌بدوڵا سه‌باره‌ت به‌مێژووی نزیكی گونده‌كه وتی: شێخێك لێره بوه هاوچه‌رخی «شێخ ئیسێ و شێخ موسێ»ی به‌رزنجه بوه، پێ یان گوتووه «خه‌رگه ڕه‌ش» ، خه‌رگه به‌مانای «پاڵتۆ» دێ، واتا «پاڵتۆ ڕه‌ش» كه‌رامه‌تی زۆری بووه، ده‌ڵێن له‌م وڵاته دوو ئاشی ئاوی بووه، له‌شكری نادر شای ئه‌فشار هاتووه، به‌كه‌رامه‌تی خۆی نانی هه‌موو له‌شكره‌كه‌ی داوه، ئه‌م شێخه ناوی (شێخ مسته‌فای سه‌ی نوره‌دینی بریفكانی) یه‌و به‌چوار پشت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌سه‌ر (پیر خدری شاهۆ). وتیشی : جه‌ندرمه‌ی توركه داگیركه‌ره‌كان هاتون ئه‌م ناوچه‌یه‌یان تاڵانوبڕۆ كردووه، دوو گوندنشینیان له‌ساڵی 1916 شه‌هید كردوه به‌ناوه‌كانی (شێخ مه‌حمود شێخ محه‌مه‌د شێخ عه‌زیز) و (شێخ قادری شێخ خه‌لیل)، ده دوانزده گه‌نجیشیان له‌سه‌فه‌ر به‌له‌ك بردووه و پاش حه‌وت ساڵان گهڕاهنهتهوه.
سه‌باره‌ت بهبهرهبابهكانی گورگه ده‌ر، مام عه‌لی بهگوندستانی وت: به‌ره‌ی مام ڕه‌حیمی مه‌لا جه‌بار هه‌یه لێره، ئه‌مانه شه‌ش پشت به‌ر له‌ئێستا به (مه‌لا)یی هاتون و مهلازادهن. به‌ره‌ی خه‌سره‌و به‌گ و به‌ره‌ی شاتری جاف و به‌ره‌ی كۆنه پۆشی (ئه‌مانه له‌خزمانی شێخی نزاره‌ی پێنجوێن)ن له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی «خه‌رگه ڕه‌ش» كه له‌نه‌وه‌ی پیر خدری شاهۆن و له‌ناوچه‌ی (بریفكان)ی وڵاتی بادینانه‌وه هاتون.
ئاوه‌دانی و ژیان:
جه‌مال حه‌سه‌ن ڕه‌حیم ئه‌نجومه‌نی گونده بهگوندستانی ڕاگه‌یاند ، گورگه ده‌ر كه‌رتی كشتوكاڵی ژماره (51)هو به‌ناوی (27) جوتیاره‌وه تۆمار كراوه و هه‌ر جوتیارێك (37 دۆنم پشتاو ) و (3 دۆنم به‌راو) ی به‌ناوه‌وه كراوه پێش ڕاگواستن كه له‌ساڵی 1987 ماڵ‌وێران كراین، (شه‌ش مێگه‌له مه‌ڕو بزن)ی تیا بوه له‌گه‌ڵ (150) سه‌ر گاگه‌ل و ڕهشهوێخ و (35) خێزان له‌گوند ژیاوه و بهكشتوكاڵی «گه‌نم و جۆ و نیسك و نۆك» خه‌ریك بووین، به‌ڵام به‌رهه‌می سه‌ره‌كی گونده‌كه «توتن» بوو. توتنی (سامسۆن) و (ڕه‌شۆكی) ده‌كرا، ساڵانه (25) تۆن گه‌نم و جۆو نیسك و نۆك به‌رهه‌م ده‌هێنین. وتیشی : له‌ساڵی 1972 خوێندنگای تێداكراوه‌ته‌وه و مامۆستا (سیروان ئه‌مین عارف) یه‌كه‌م مامۆستا بوو به‌خۆو باوه‌ڵه شینهكهیهوه هات و چل منداڵ چونه‌به‌ر خوێندن، پاشان كاره‌بامان له‌ساڵی 2004 پێگه‌یشت.
قوربانییه‌كان و شۆڕش و گوند:
حاجی محه‌مه‌د ڕه‌حیمی گورگه‌ده‌ر یه‌كێك بووه لهكوردپهروهرو میوان دۆست و ده‌روێشی شۆڕشه‌كان و پیاوی ڕۆژگاره سه‌خته‌كان، یه‌كێك بووه له‌پێشمه‌رگه‌كانی «مه‌لیك مه‌حمود» مه‌لیكی كوردستان له‌گه‌ڵ حاجی شێخ حسێن به‌یه‌كه‌وه له‌خزمه‌تی شێخ مه‌حموددا بوون، له‌شۆڕشی نوێش به‌شدار بوو، به‌هۆی ڕیشه سپی یه جوانهكهیی و پیرییی یه‌وه داگیركه‌ر گومانی لێ نه‌ده‌كرد و هه‌میشه نامه‌به‌ر بووه، شاخ و شاری به‌نامه‌ی چكلێتی به‌یه‌كه‌وه به‌ستۆته‌وه، ماڵی پێشمه‌رگه بووه، مخابن له‌شاری سلێمانی ده‌ستگیر ده‌كرێت و له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه و لێدان ماوه‌یه‌ك خۆڕاگری ده‌كات و دواتر به‌وهۆیه‌وه شه‌هید ده‌كرێ.
«ساڵح محه‌مه‌د ڕه‌حیم فه‌تاح» كوڕی ئه‌م زاته جێ ی باوكی گرته‌وه لهگورگهدهر بهگوندستانی وت: له‌ساڵی 1976 ه‌وه ده‌روێشی مامی گه‌وره‌م ، هه‌موو كارێكی نهێنیم پێ سپێردراوه هه‌ر له»ئه‌نوه‌ری حه‌جی سوڵتان « هه‌تا ده‌گاته «ئاسۆی شێخ نوری» له‌ده‌وروبه‌ری گونده‌كه‌مان (35) پێشمه‌رگه شه‌هید بووه. من بۆ خۆم (8) شه‌هیدم لێره‌وه گواستۆته‌وه بۆ «نۆدێ»، كۆپته‌ره‌كانی به‌عسی فاشی ئێره‌یان بۆردومان كرد (3سێ) پێشمه‌رگه له‌ناو گوند شه‌هید بوون، یه‌كێكیان دایكی هاتبوو بۆلای حه‌یف هاته‌سه‌ر ته‌رمه پیرۆزه‌كه‌ی ، له‌ساڵی 1983 مه‌ڵبه‌ندی یه‌كی (ی . ن . ك) لێره له‌گوندی ئێمه باره‌كانی كرده‌وه، هه‌تا (سالار قادر) شه‌هیدبوو و (شاخی كه‌توو) گیرا، ئه‌وجا مه‌ڵبه‌ند لێره چۆڵی كرد، «ئاسۆی شێخ نوری» هه‌موو نهێنییه‌كانی مه‌ڵبه‌ندی به من سپارد هه‌تا ماوه‌یه‌ك و ئه‌وجا گه‌یاندمه شوێنی خۆی، ئێمه خاوه‌نی (5) شه‌هیدین و ئێستاش ڕێبازه‌كه‌ی «مام»ی گه‌وره چرای به‌ر هه‌یوانی هه‌موو گونده‌كه‌مانه.
ژیان و به‌رده‌وامی :
گوندی گورگه‌ده‌ر یان (سه‌رچیمه‌ن) سی و پێنج خێزانی تێدا ده‌ژی به‌كشتوكاڵ و ڕهزهترێ و باخاتی میوه و به‌خێوكردنی ڕه‌شه‌وڵاخ ژیان به‌ڕێ ده‌كه‌ن، گورگه‌ده‌ر خوێندنگه‌ی تێدایه، كاره‌بای نیشتمانی و پرۆژه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌یان بۆ دروست كراوه، هاوسێ ی گونده‌كانی (ئاڵه‌سیاو) و (نۆدێ ی شێخ مارفی نودێ) و (وه‌ڵانه) و (بزه‌ینان) و (چنگیان) و (كانی سارد) و (كانی گوڵ) و (سیته‌ك)ن، ژیانیش ناوه‌ستێ و به‌رده‌وامه، مێژووش له‌مه‌ودوا به‌قه‌ڵه‌می كورد خۆی ده‌نوسرێته‌وه هه‌نگاویش به‌ره‌و خۆری سه‌ربه‌خۆیی به‌رده‌وامه.
269 جار بینراوە