سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » گونده‌كان له‌ نێوان زۆریی هێزی كار و كه‌می پانتایی كاردا

وته‌ی‌ ئه‌مجاره‌

گونده‌كان له‌ نێوان زۆریی هێزی كار و كه‌می پانتایی كاردا

(3)

قه‌یرانی دارایی‌ له‌هه‌رێمی كوردستان به‌ڕاده‌یه‌ك گۆتاوه‌ڕۆی خۆیی به‌سه‌ر ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ جێهێشتووه‌، كۆچی پێچه‌وانه‌ی‌ له‌شاره‌كانه‌وه‌ بۆ گونده‌كان دروستكردووه‌ و ئێستا زۆرێكی هاوڵاتیان له‌ناوه‌ندی شاره‌كانه‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ گونده‌كانیان ، به‌مه‌ش هێزێكی زۆری كار له‌ناوه‌ندی گونده‌كاندا كۆبووه‌ته‌وه‌.
كۆبوونه‌وه‌ی‌ هێزێكی زۆری كار له‌ناوه‌ندو ڕووبه‌رێكی بچوكی وه‌ك گونده‌كاندا نه‌ك ته‌نها به‌هه‌ده‌ردانی‌ ئه‌و هێزه‌ زۆر و تازه‌یه‌ی كاره‌ له‌گونده‌كاندا ، به‌ڵكو كاریگه‌ری‌ بۆ سه‌ر بازاڕی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و به‌رهه‌می خۆماڵیش ده‌بێت. ئه‌و ڕووبه‌ره‌ بچوكه‌ی‌ گونده‌كان جێگای‌ ته‌واوی‌ ئه‌و هێزه‌ زۆره‌ی‌ كار ناكاته‌وه‌ و هێزی زۆر له‌به‌رامبه‌ر پانتاییه‌كی كاری كه‌مدا، ناهاوسه‌نگی ده‌بێت له‌بڕی هێزی كار و به‌رهه‌می ناوخۆییدا.
له‌ڕابردوودا دوای‌ چۆڵ بوونی گونده‌كان و كۆچكردنی هاوڵاتیان بۆ ناوه‌ندی شاره‌كان، به‌هۆی بێ پلانی حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ له‌دامه‌زراندنیان له‌دامه‌زراوه‌كانی‌ حكومه‌ت و چۆنێتی دۆزینه‌وه‌ی‌ هه‌لی كاری جۆربه‌جۆر بۆ گوندنشینان، ئێستا هه‌مان ته‌وژمی ئه‌و هێزی كاره‌ له‌شاره‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گونده‌كان، به‌ڵام جیاوازی‌ نێوان ئه‌م دوو قۆناغه‌ی‌ هێزی كار له‌گونده‌كاندا ئه‌وه‌یه‌ له‌ئێستادا كه‌ هێزی كار دیسان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گونده‌كان كارو پرۆژه‌كانی‌ جارانیان له‌ده‌ست داوه‌ و جارێكیتر پێویستیان به‌بنیادناوه‌ی پرۆژه‌ی‌ نوێیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هێزی كاریان بخه‌نه‌وه‌ جوڵه‌.
ئه‌وه‌شی ئه‌ركی بزواندنی ئه‌م هێزه‌ كاره‌ی‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ و پێویسته‌ جارێكیتر پانتایی كاركردن بۆ هێزی كار له‌گونده‌كان بڕه‌خسێنێته‌وه‌ و ته‌وژمی گه‌وره‌ی ئه‌م هێزه‌ كاره‌ بخاته‌وه‌سه‌ر سكه‌ی كاركردن و ئه‌م هێزه‌ له‌بۆشاییدا به‌هه‌ده‌ر نه‌چێت، ئه‌وا ئه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێمه‌ ده‌توانێت ئه‌م هێزه‌ بجوڵنێته‌وه‌ و پانتایی كاری‌ زۆرو جۆراوجۆر دروست بكات و پانتایی كار زیاد بكات به‌و ڕاده‌یه‌ی كه‌ هێزی كاری گوندنشینان به‌راورد بكات به‌پانتایی كارو كاسپییه‌كانیان.
زیادكردنی ئه‌م پانتاییه‌ نه‌پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كارگه‌ی‌ گه‌وره‌و پرۆژه‌ی گه‌وره‌ بباته‌ گونده‌كان و هاوڵاتیان بانگ بكات و دایانمه‌زرێنێت، وه‌ نه‌ پێویستی به‌وه‌شه‌ جارێكیتر دامه‌زراندن و به‌موچه‌خۆركردنی‌ هاوڵاتیانی گونده‌كان ده‌ست پێبكاته‌وه‌و دابه‌شیان بكاته‌وه‌ به‌سه‌ر كه‌رت و وه‌زاره‌ته‌ جیاوازه‌كانی‌ حكومه‌تدا ، ئه‌م شێوازه‌ كارێكی هه‌ڵه‌یه‌ و نه‌ك سودی نابێت به‌ڵكو زیانی زۆرترو زیاتر ده‌بێت.
به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خستنه‌گه‌ڕی ئه‌م هێزی كاره‌ به‌وه‌ ده‌بێت كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وله‌وییه‌ت به‌به‌رهه‌می جوتیار و گوندنشینان بدات و كه‌رتی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری‌ ببوژێنێته‌وه‌ و به‌رهه‌مه‌كانیان له‌بازاڕدا ساغ بكاته‌وه‌ و ڕێگای‌ جیاوازبگرێته‌به‌ر تاكو بتوانێت هانی جوتیاران و هاوڵاتیانی گونده‌كان بدات زیاتر سه‌رقاڵی به‌رهه‌می ناوخۆی ببن و زیاتر به‌رهه‌م بخه‌نه‌ بازاڕه‌وه‌، ئه‌مه‌ش پاڵنه‌رێكی زۆر باش ده‌بێت كه‌ ته‌واوی‌ هاوڵاتیانی گونده‌كان چاوله‌یه‌كتر بكه‌ن و تێبگه‌ن له‌وه‌ی‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرنگی به‌به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌دات و ڕه‌نجی ساڵێكیان به‌فێڕۆ ناچێت.
ئه‌وه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ ڕابردوودا هاوڵاتیانی گونده‌كانی‌ ناچاركرد كه‌ گونده‌كانیان چۆڵ بكه‌ن و بچنه‌ شاره‌كانه‌وه‌ ، له‌لایه‌ك ئه‌وه‌بوو له‌كاتێكدا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان موچه‌یه‌كی زۆری بێماندووبوونی ده‌دایه‌ هاوڵاتیان و فه‌رمانبه‌ران به‌گوندنشینه‌كانیشه‌وه‌، له‌لایه‌كیتریشه‌وه‌ به‌رهه‌می ناوخۆیی جوتیاران و گوندنشینان هیچ به‌هایه‌كی نه‌بوو له‌ناوخۆداو جوتیاران هیچ دڵێكیان به‌به‌رهه‌م و ماندووبوونه‌كانیان خۆش نه‌بوو، ڕه‌نجێكی زۆرو كاتێكی زۆری هێزی كار له‌گونده‌كاندا به‌فیڕۆ ده‌ڕۆیشت له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستهاتێكی كه‌مدا كه‌ نه‌ك جوتیاران سودیان لێنه‌بینیوه‌و ژیانیانی باشتر نه‌كردووه‌ ته‌نانه‌ت به‌شی پێویستی و كه‌موكورتییه‌كانی‌ خۆشیانی نه‌كردووه‌.
ئه‌وه‌ی‌ ماوه‌ته‌وه‌ بگوترێت ئه‌وه‌یه‌ نابێت جارێكیتر حكومه‌تی هه‌رێم به‌بیانووی جیاواز جیاواز ئه‌م هێزی كاره‌ له‌گونده‌كانه‌وه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ شاره‌كان و بیانكات به‌موچه‌خۆر، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ سودیان لێوه‌ربگیردرێت پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ناوه‌ندی گونده‌كانه‌وه‌ ئه‌م هێزه‌ بجوڵێنێت و پانتایی كارو پرۆژه‌ی كاری‌ باشیان بۆ فه‌راهه‌م بكات تاكو گونده‌كان له‌وێرانه‌و چۆڵ بوونه‌وه‌ ببنه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ به‌رهه‌مهێنان و به‌رهه‌می خۆماڵی له‌بازاڕه‌كانی‌ وڵاتدا.

print

 55 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*