سەرەکی » ئابووری » گەورەترین كارگەی زەیتی زەیتوون كرایەوە

«توانای بەرهەمهێنانی 120 تۆنی هەیە»

گەورەترین كارگەی زەیتی زەیتوون كرایەوە

چەند رۆژێك لەمەوبەر كارگەی تایبەت بە بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتون لە هەڵەبجە كرایەوە كە لەلایەن كەرتی تایبەتەوەو لەماوەی چوار مانگدا دامەزرا. لەئێستادا ژمارەیەكی زۆری جووتیارانی ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان رۆژانە بەرهەمەكانیان دەبەنە ئەو كارگەیەو زەیتی زەیتونی لێ بەرهەم دەهێنن.

پاراستنی جۆرەكەی
پەیام سەیوان بەڕێوەبەری كارگەكە رایگەیاندوە، «پڕۆژەكە زیاتر پڕۆژەیەكی خزمەتگوزارییە بە شارەكەو جووتیارانی هەرێمی كوردستان، ئامانج لێی ساغكردنەوەی بەرهەمی زەیتونی خۆماڵی‌و هاندانی جووتیارانە بۆ زیاتركردنی رێژەی سەوزایی‌و دابینكردنی هەلی كار لە ناوچەكەدا».
دەشڵێت: «لەكارگەكەدا پێشكەوتووترین ئامێر بەكارهاتووە كە دروستكراوی وڵاتی ئیتاڵیایەو لە 14 بەش پێكهاتووە، توانای بەرهەمهێنانی 120 تۆن زەیتونی هەیە لە 24 كاتژمێردا، ئەو رۆنەشی بەرهەم دەهێنرێت تەواو سروشتییەو لە گلاسی EXTRA VIRGIN ە و سوودێكی گەورەی تەندروستی هەیە».
دوای كردنەوەی كارگەكە رۆژانە ژمارەیەكی زۆری جووتیار لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستانەوە زەیتونەكانیان دەبەنە ئەو كارگەیەو زەیتی زەیتونی لێ بەرهەم دەهێنن، بەشێوەیەك بۆ یەك تۆن زەیتون‌و گۆڕینی بۆ زەیت لەكارگەكەدا بڕی 150 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت‌و نرخی یەك كیلۆگرام لەو رۆنەش دەگاتە 20 هەزار دیناری عیراقی.
لەئێستادا وەرزی وەرگرتنەوەی زەیتونە لەهەرێمی كوردستان‌و جووتیاران زەیتونەكانیان دەچننەوە، بەڕێوەبەری كارگەكەش دەڵێت دەتوانن بەرهەمی هەموو جووتیارانی هەرێم وەربگرن‌و بۆ ماوەی دوو ساڵیش زەیتی زەیتونەكە هەڵبگرنەوە لەگەڵ پاراستنی جۆرەكەی.

10 هەزار دۆنم زەوی
عەبدوڵڵا عەلی جووتیارێكی ناوچەكەیە كە بەرهەمی زەیتونی ئەمساڵی هێناوەو زەیتی زەیتونی لێ بەرهەم دەهێنێت، ئاماژەی كرد بەوەی پێشتر كێشەی گەورەیان ساغ نەبوونەوەی بەرهەمەكانیان بووە لە بازاڕدا، بەڵام لەئێستاوە دەتوانن دڵنیابن لە ساغبوونەوەی بەرهەمەكانیان‌و هەوڵ بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر بدەن.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كـشتوكاڵ‌و سەرچاوەیەكانی ئاوی هەرێم، لە هەرێمی كوردستان 10 هەزار دۆنم زەوی چێنراو بە زەیتون هەیە كە نزیكەی دوو ملیۆن داری زەیتونیان لەخۆگرتووە، تەنها لە سنووری هەڵەبجەو دەورووبەری زیاتر لە 300 دۆنم زەوی چێنراو بە زەیتون هەیە.
لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2016 بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی ئیتاڵیا كـارگەیەی زەیتی زەیتونی هەولێر كرایەوە، كارگەكە ساڵانە بۆ ماوەی دوو مانگ كار دەكات‌و لە توانایدایە رۆژانە 40 تۆن زەیتون بكات بە رۆن.
پێشتر كێشەی گەورەی جووتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە ساغكردنەوەی زەیتونەكانیان بوو كە بە پارەیەكی كەم لەبازاڕدا دەیانفرۆشت، بەڵام كردنەوەی ئەو كارگەیەو ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان‌و بەرهەمهێنانی زەیت، دەبێتە هاندەری زیاتر بۆ جووتیاران و بەرهەمهێنانی زیاتری زەیتون لە ناوچەكەدا.

گونجاوە بۆ چاندنی زەیتون
هەرێمی كوردستان لەڕووی خاك‌و ئاوو هەواوە گونجاوە بۆ چاندنی زەیتون كە بە بەرهەمێكی خۆراكی گرنگ دادەنرێت‌و بە هۆی سوودە زۆرەكانییەوە هاووڵاتییان زیاتر روویان لە خواردنی زەیتون‌و بەكارهێنانی زەیتەكەی كردووە لە دروستكردنی خواردندا.

سەرچاوە: ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی

print

 7 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*