سەرەکی » ئابووری » هەلی كار بۆ زیاتر لە 400 كەس دەڕەخسێنرێت

هەلی كار بۆ زیاتر لە 400 كەس دەڕەخسێنرێت

یەکەی ئابووری

لە چوارچێوەی هەوڵەكانیدا بۆ سەوزكردنی سنووری پارێزگای سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی دارستان‌و پاوانی سلێمانی هەڵمەتی چاككردنی دارستانە سروشتی‌و دەستكردەكانی دەستپێكرد.

لەسەر بودجەی وەزارەتی كشتوكاڵ جێبەجێدەكرێت
لەوبارەیەوە، عەلی ئەحمەد لێپرسراوی هۆبەی دارستان لە بەڕێوەبەرایەتی دارستان‌و پاوانی سلێمانی، بە كوردستانی نوێی راگەیاند، چوار پڕۆژەی جۆراوجۆر بۆ چاككردنی دارستانە سروشتی‌و دەستكردەكان‌و پاركە دارستانییەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان كەوتۆتەكار و بەكۆی گشتی پڕۆژەكان هەلی كار بۆ 440 كرێكار رەخساندوە.
لێپرسراوی هۆبەی دارستان وتیشی: «پڕۆژەی پاككردنەوە و چاندنی نەمامی نوێ لەپاركی دارستانی وەیس، هەڵپاچینی دارستانە سروشتییەكان، چاككردنی هێڵی گرادۆنی‌و لێدانی چاڵی نوێ بۆ نەمام لە دارستانە دەستكردەكانی قەزا و ناحیەكانی سەر بە پارێزگای سلێمانی لەسەر بودجەی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو جێبەجێ دەكرێت».

بەهۆی كەمی كرێكارەوە
عەلی ئەحمەد ئاماژەی بەوەشكرد، لە ڕۆژی 27ی 11ی 2018ەوە پڕۆژەیەكی تری چاككردنی دارستانە دەستكردەكان لە حەوت پڕۆژەی دارستانیدا لە (رانیە، خەلەكان، دوكان، قەرەداغ، تانجەڕۆ، سەیدسادق، ناڵپارێز) دەستی پێكردووەو بە هاوكاری رێكخراوی (G.I.Z)ی ئەڵمانی بەڕێوەدەچێت، كە ئامانج لێی بوژاندنەوەی دارستانەكان‌و خزمەتكردنیانە لەم وەرزەی ساڵدا، هاوكات دابینكردنی سەرچاوەیەكی دارایی‌و بژێوییە بۆ بێكاران لەپێناوی كاركردن لە سنوورەكەی خۆیانداو هاندانیان بۆ زیاتر پاراستنی ژینگە و زیادكردنی رووبەری سەوزایی بەپێی ئەو پلانەی بەڕێوەبەرایەتیمان لەو ناوچانە جێبەجێ دەكات.
لەبارەی هۆكاری پشت بەستن بەكرێكاری دەرەكی بۆ كاركردن لە پڕۆژە دارستانییەكاندا، عەلی ئەحمەد لێپرسراوی هۆبەی دارستان وتی: «بەهۆی كەمی كرێكارەوە لە هۆبەكانی بەڕێوەبەرایەتیمان‌و نەبوونی دەرفەتی دامەزراندنی كرێكاری نوێ، ناچارین بەپێی پلانی بەڕێوەبەرایەتی دارستان‌و پاوانی سلێمانی، پەنا بەرینە بەر بەكرێگرتنی كرێكاری دەرەوە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكان».

رووبەرێكیان سووتاون
پڕۆژەكانی ئەمساڵی بەڕێوەبەرایەتی دارستان‌و پاوانی سلێمانی لەم وەرزەی ساڵدا بەپشت بەستن بەیاسا و رێنماییەكان بەڕێوەدەچێت بۆ گرنگیدان بە دارستانەكان و بووژاندنەوە و چاندنی نەمامی نوێ لەهەندێك لەو پڕۆژە دارستانانەی كە بەهۆی ئاگركەوتنەوەوە رووبەرێكیان سووتاون، كە بەپێی دوایین ئامارەكانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە تەنیا لەساڵی 2018دا رووبەری (4541) دۆنم دارستانی سروشتی‌و (5669) دۆنم پاوان‌و (229) دار لەدارستانە دەستكردەكاندا سوتاون.

 869 جار بینراوە