سەرەکی » راپۆرت » هه‌واڵ و سیاسەت » ئوسترالیا قودس وەکو پایتەختی ئیسرائیل دادەنێت

ئوسترالیا قودس وەکو پایتەختی ئیسرائیل دادەنێت

رۆژی شەممە 15.12 سکوت مۆریسۆن سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا دانی بە قودسدا نا وەکو پایتەختی ئیسرائیل . لە هەمانکاتیشدا رایگەیاند: ئەوان دان بە مافەکانی گەلی فەلستینی دەنێن، کە ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی. ئەم سیاسەتەی ئوسترالیاش، لەناو گێتی عەرەبیدا کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.

پشتگیری دیموکراسی و لیبراڵی لە رۆژهەڵاتی ناڤین دەکەین
لە درێژەی لێدوانەکەیدا مۆریسۆن رایگەیاند: لە ئێستادا ئێمە قودسی رۆژئاوا وەکو پایتەختی ئیسرائیل دەناسێنین،چونکە بەشێکی زۆری دەزگا حکومییەکانی تێدایە لە سەروهەمووشیانەوە کنێسێت « پەرلەمانی ئیسرائیل» و حکومەت و وەزارەتەکانی. وتیشی: ئێمە پشتگیری لیبڕاڵیی و دیموکراسی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین دەکەین، کە ئیسرائیل نوێنەرایەتی دەکات.

هێشتا باڵیۆزخانە ناگوێزنەوە
پاشتر مۆریسۆن رایگەیاند: هێشتا باڵیۆزخانەکەیان لە تەل ئەبیب دەهێڵنەوە، هەر کاتێکیش پێویستی کرد، ئەوا باڵیۆزخانەکەمان بۆ قودسی رۆژئاوایی دەگوێزینەوە.

پێویستە گێتی عەرەبی دژی ئوسترالیا بوەستنەوە
لە بەرامبەر ئەم سیاسەتە نوێیەی ئوسترالیا، لەناو گێتی عەرەبیدا بە تایبەتی لەناو فەلەستینییەکاندا ، کاردانەوەی زۆر توندی لێکەوتەوە. لەمبارەیەوە نەبیل شەعس راوێژکاری سەرۆکی فەلەستینی بۆ کاروباری سیاسەتی دەرەوە بە میدیاکانی راگەیاند: حکومەتی فەلەستینی داوای لە دەوڵەتە عەرەبیی و ئیسلامییەکان کردووە، کە گەمارۆی ئابووریی و سیاسیی بخەنە سەر ئوسترالیا . پاشتر هەڕەشەی لە سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا کرد و رایگەیاند: نابێت ئەم بڕیارەی سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا هەروا بە ئاسانی تێپەڕێت.

ئەندەنووسیا ناڕازییە
ئەم بڕیارەی ئوسترالیا بووە مایەی ناڕەزایی و بێزاری خەڵكی ئەندەنووسیا کە گەورەترین دەوڵەتی ئیسلامییە، هەر ئەمەش وایکرد، کە وەزارەتی دەرەوەی ئوسترالیا، داوای لە هاوڵاتیانی کرد ، کاتێک سەردانی ئەندەنووسیا دەکەن، زۆر ئاگایان لە خۆیان بێت، نەوەکو رووبەروی پەلاماردان ببنەوە.
جێگەی ئاماژەیە لەسەرەتای ئەمساڵدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا کە دان بە قودس دا بنێت وەکو پایتەختی ئیسرائیل و باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی بۆ قودس دەگوێزنەوە، بەمەش ئوسترالیا هەمان سیاسەتی ئەمریکا پێڕەو دەکات.

سەرچاوە: ئاژانسەکان.

 477 جار بینراوە