ئا: كوردستانی نوێ
له‌م دواییانه‌دا كتێبی (له پێناو یه‌كێتی)دا له نوسینی به‌ڕێز مسته‌فا چاوڕه‌ش كه‌وته به‌ردیده‌ی خوێنه‌ران و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانی كوردستان، ئه‌م كتێبه له دوو توێی به‌رگێكی قه‌شه‌نگ دا به قه‌باره‌ی گه‌وره چاپكراوه‌و ژماره‌ی لاپه‌ڕه‌كانیشی (180) لاپه‌ڕه‌یه، پێشه‌كی ئه‌م كتێبه له‌لایه‌ن (سه‌لاح ڕه‌نجده‌ر)وه نوسراوه‌و له‌سه‌ره‌تادا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه كه ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی به‌ڕێز (مسته‌فا چاوڕه‌ش) دیرۆكی كۆمه‌ڵێك ئه‌زمونی نوسه‌ره‌كه‌ی ده‌گێڕێته‌وه كه ئه‌ویش زاده‌ی ژیان و خه‌باتی هه‌ڤاڵ (مسته‌فا چاوڕه‌شه) هه‌ر لهسهرنگهرهكانی خاوێ و قازانقایهی ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیه‌وه تا ده‌گاته كاری سیاسی و دیبلۆماسی و به‌ڕێوه‌بردن.
له ڕاستیدا شێوازی نوسین و ستایلی ئه‌م جۆره كتێبه به له‌دنیای چاپه‌مه‌نی ئه‌مڕۆدا بایه‌خ و گرنگی خۆی هه‌یه، به‌تایبه‌تیش كه نوسه‌ره‌كه‌ی زۆربه‌ی كاته‌كانی ته‌مه‌نی خۆی له ڕیزی شۆڕش و پێشمه‌رگایه‌تیدا به‌سه‌ر بردووه‌و شایه‌تحاڵێكی گرنگترین ڕوداوه‌كانی شاخ و شاری مێژووی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه، له شاخ دا له‌ناو شه‌ڕو كاره‌ساته‌كان وله گه‌ڵ ئیش و ئازاره‌كانی خه‌ڵك و خه‌بات و تێكۆشانی پێشمه‌رگه‌و جه‌ماوه‌ر بووه‌و له‌شاریشدا به‌شداربووه له ڕێكخستن و سازدانی جه‌ماوه‌ر بۆ خه‌باتی مه‌ده‌نی و هه‌ڵبژاردن و دروستكردنی ئیداراتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كتێبه‌كه‌ش هه‌موو ئه‌مانه ده‌كاته كه‌ره‌سته‌ی دیكۆمێنیت و حه‌قیقه‌ته‌كان وه‌كو خۆیان ده‌خاته ڕوو. به‌شێكی كتێبه‌كه بریتیه له و وتار‌و دیدار‌و چاوپێكه‌وتنانه‌ی له ساڵیادی شه‌هید بوون یان كۆچی دوایی تێكۆشه‌ره‌كانی یهكێتیو شۆرش‌و كوردایه‌تی نوسراوه، له‌وانه‌ش جه‌بار فه‌رمان و ئه‌كره‌می حهپسهو مه‌لا نجم و كه‌مال زوركانی و شاسوارو حه‌مه نوری گه‌رمیان كه هه‌ر یه‌كه‌و پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی خۆیان له شۆڕش و كوردایه‌تیدا هه‌بووه‌و ساڵانێكی زۆر له‌ریزه‌كانی پێشمه‌رگایه‌تیدا خه‌باتیان كردووه‌و سه‌ره‌نجامیش له‌و پێناوه‌دا سه‌ریان ناوه‌ته‌وه، كاك مسته‌فا وه‌ك پێشمه‌رگه‌و فه‌رمانده‌یه‌كی دێرینی هێزی پێشمه‌رگه له قۆناغه جیاجیاكاندا هاوڕێو هاوسه‌نگه‌ری هه‌ریه‌ك له‌م تێكۆشهرانهو زورێك له شه‌هیده‌كانی تریش بووه، بۆیه به ئه‌مانه‌ته‌وه باسی ئازایه‌تی و دڵسۆزی لێهاتوویی ئه‌م پۆله تێكۆشه‌ره ده‌كات كه له كتێبه‌كه‌دا بای كردوون، ڕۆڵی ئه‌وان له نه‌به‌ردی و داستانهكاندا به‌ڕوونی ده‌خاته پێش چاوی خوێنه‌ران، به‌شێكیش له كتێبه‌كه وتاره‌كانی ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتی و یادكردنه‌وه‌ی داستانهكانه، له‌مه‌شدا وێنه‌یه‌كی ڕوونی خه‌باتی سیاسی و پێشمه‌رگایه‌تی له شۆڕشی نوێخوازی گه‌له‌كه‌مان ده‌رده‌كه‌وێ كه سه‌ره‌تاكانی له مه‌فره‌زه‌ی بچووك بچووكی سه‌ره‌تاییه‌وه ده‌ستی پێكردووه‌و به‌خوێنی شه‌هیده سه‌ركرده‌كان و فه‌رمانده‌و كادر‌و پێشمه‌رگه‌كان شۆڕش گه‌شه‌ی كردووه تاوای لێ هاتووه وه‌كو كاك مسته‌فا نوسیویه‌تی شه‌ڕه‌كانی پێشمه‌رگه بوونه قوتابخانه‌و هه‌ر ڕۆژه‌و سه‌ربازگه‌و ڕه‌بیه‌یه‌كی دوژمن ئه‌گیران، ئیدی شه‌ڕی گه‌وره‌و ده‌ست به‌سه‌راگرتنی زنجیره شاخ و شارۆچكه‌كان له‌سه‌ر ده‌ستی پێشمه‌رگه گه‌شه‌یه‌كی به‌رچاوی بهشۆڕشهكهدا بوو.
به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌م كتێبه بریتیه له‌و چاوپێكه‌وتنانه‌ی ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان له‌گه‌ڵ كاك مسته‌فادا ئه‌نجامیان داوه‌و زۆربه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وكاته‌ی سه‌رپه‌رشتی په‌یوه‌ندیه نیشتمانیه‌كانی یه‌كێتی كردووه، لێره‌شدا به‌وردی باسی په‌یوه‌ندی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و لایه‌نه سیاسیه‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی كوردستان ده‌كرێت و وێنه‌یه‌كی ڕوونی بارودۆخ و شێوه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ئه‌م لایه‌نانه‌و پارته‌كانی پێكهاته‌ی توركمان و پێكهاته‌كانی دیكه به‌دی ده‌كرێت. دیاره كه ئه‌م كتێبه‌ش له هه‌ڵه و كه‌م و كوڕی به‌ده‌ر نیه، به‌تایبه‌تی له‌ڕووی ڕێكخستنی بابهتهكان و مۆنتاژ و دانانی ناونیشانه‌كاندا بۆ نمونه له‌لاپه‌ڕه‌كانی (49، 55، 62، 75، 90، 93، 101، 108، 133، 128، 144) كێشه‌ی مۆنتاژو ڕێكخستنی تایتڵهكانیان تیا به‌دی ده‌كرێت. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی بابهتهكان به‌پێی كاتی ڕوداوه‌كان یان ساڵی چاوپێكه‌وتن و وتاره‌كان ڕێك نه‌خراون، به‌گشتی هه‌ڵه‌كان په‌یوه‌ندییان به دیزاین و مۆنتاژی لاپه‌ڕه‌كانه‌وه هه‌یه، ئه‌مه‌ش له نرخی ئه‌م به‌رهه‌مه كهمناكاتهوهو ده‌توانین بڵێین شوێنی خۆی كتێبخانه‌ی كوردیدا پڕ ده‌كاته‌وه.. جارێكی دیكه‌ش ده‌ست خۆشی له به‌ڕێز كاك مسته‌فا ده‌كه‌ین و ئومێدی سه‌ركه‌وتنی بۆ ده‌كه‌ین.