سەرەکی » هەواڵ » یەكهەڵوێستی، شەراكەتی راستەقینە، ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك

مەكتەبی سیاسی پرسە گرنگەكانی تاوتوێكرد

یەكهەڵوێستی، شەراكەتی راستەقینە، ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك

وتەبێژی یەكێتی:
*پێویستە پارێزگارێك بۆ كەركوك هەڵبژێردرێت، بە دڵنیاییەوە پارێزگار كورد و یەكێتی دەبێت

دوێنێ 9/2/2019، لە سلێمانی بەسەرپەرشتیی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، مەكتەبی سیاسی، كۆبۆوە.

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە
دوای كۆبوونەوەكە، سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كۆبوونەوەیەكی گرنگی كرد و تێیدا گفتوگۆكرا لە بارەی پرسە گرنگەكان و باروگوزەرانی هاووڵاتیان، پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمەوە، بۆ ئەو مەبەستەش خاڵی یەكەمی رێكەوتنی كۆبوونەوەی رۆژی 5/2/2019ی وەفدی باڵای یەكێتی و پارتی بریتییە لە ئامادەكردنی پڕۆژەی سیاسی بۆ چوارچێوەی پێكەوە ئیشكردن، ئەو پڕۆژە سیاسییە چەندین خاڵی گرنگی تێدا دەبێت، لەوانە: پرسی دارایی و ئابووری و بازرگانی لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەك بێت لە خزمەت بژێوی ژیانی خەڵكی كوردستاندا بێت، بەتەنها پشت بە سەرچاوەكانی نەوت نەبەسترێت، بەڵكو پێویستە كابینەی نوێی حكومەت سێكتەرەكانی دیكەش كارا بكات. هەروەها پڕۆژە سیاسییەكە یەكخستنی هەڵوێست لە پرسە گرنگەكان لە ئاستی ناوخۆ و ناوچەكە و جیهان لەخۆدەگرێت، چونكە ناكرێت یەكێتی و پارتی وەكو دوو هێزی سەرەكی لەبەرامبەر پێشهاتەكاندا هەریەك لە ئاوازێك بخوێنن، بەڵكو پێویستە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان كۆكبین لە پرسە بنەڕەتییەكاندا. راشیگەیاند: گفتوگۆ لەسەر ئامادەكردنی پڕۆژەی سیاسیی نێوان یەكێتی و پارتی بەردەوامە و بەم نزیكانە تەواو دەكرێت.
لەبارەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانیشەوە، وتی: یەكێتی بە پێویستی دەزانێت ئەو پەیوەندییانە هاوسەنگ بن و سیمای شەراكەتی راستەقینەی تێدا بێت، هەروەها هەوڵبدرێت ئاستی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بەرزبكرێتەوە، بۆ وەزارەت.

دۆخی كەركوك
وتەبێژی یەكێتی لەبارەی دۆخی كەركوكیشەوە، رایگەیاند: كەركوك پرسێكی گرنگە و بارودۆخێكی نەخوازراوی هەیە و پێویستە چارەسەر بكرێت، بەپێی رێكەوتنەكەی نێوان وەفدی باڵای یەكێتی و پارتی پێویستە ئەنجومەنی پارێزگا كۆببێتەوە، «لە رێكەوتنەكەدا نەوتراوە كۆبوونەوەكە لە هەولێر دەبێت، بەڵكو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك شوێنی كۆبوونەوەكە دیاری دەكات». وتیشی: پێویستە پارێزگارێك بۆ كەركوك هەڵبژێردرێت، بە دڵنیاییەوە پارێزگار كورد دەبێت، لە ناو كوردیشدا یەكێتی دەبێت.
سەعدی پیرە راشیگەیاند: لە كۆبوونەوەی 18ی مانگدا، لە پەرلەمانی كوردستان وەك هەنگاوی یەكەم سەرۆكی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، پاشان هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم و دەستنیشانكردنی شێوە و رێسای هەڵبژاردنەكە، دواتر كاندیدی سەرۆكی حكومەت رادەسپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.

پەیوەندیی یەكێتی و گۆڕان
لەبارەی پەیوەندیی یەكێتی و گۆڕانیشەوە، وتەبێژی یەكێتی رایگەیاند: هێڵی نێوان یەكێتی و گۆڕان گەرمە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حاكم قادر: ئەركی پیاوانی ئایینی مایەی پێزانینە

شوان كەریم حاكم قادر، تەئكیددەكاتەوە لەسەر ئەوەی كە گرنگیدان‌و فراوانكردنی ...