سەرەکی » وتار » گۆران فه‌تحی » له‌نێوان واشنتۆن و ئه‌نقه‌ره‌دا

ناوچه‌ ئارامه‌كه‌ی‌ سوریا

له‌نێوان واشنتۆن و ئه‌نقه‌ره‌دا

گۆران فه‌تحی

دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی‌ ئارامی هاوشێوه‌ی‌ هه‌رێمی كوردستان له‌سوریا، له‌ ئێستادا بۆته‌ جێگه‌ی‌ مشتومڕو ناكۆكی نێوان واشنتۆن‌و ئه‌نقه‌ره‌، به‌تایبه‌ت دوای نزیكبوونه‌وه‌ی‌ كۆتایی هێنان به‌ خیلافه‌ته‌ ئیسلامییه‌كه‌ی‌ داعش له‌عیراق‌و سوریا.
سه‌باره‌ت به‌توركیا كه‌ داوای ناوچه‌ی ئارام ده‌كات له‌سوریا به‌تایبه‌ت له‌ناوچه‌ سنووریه‌كان، ئه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر دژی هێزه‌كانی سوریای دیموكراته‌، به‌ڵكو دژی هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی‌ سیاسییه‌ بۆ كورد له‌هه‌ر جێیه‌كی دونیا بێت، بۆیه‌ توركیا هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خۆی‌ خستۆته‌ گه‌ڕ بۆ رێگریكردنی له‌دروستكردنی قه‌واره‌یه‌ك بۆ كورد، ئه‌گه‌ر به‌داگیركاركردنی ناوچه‌كه‌ش بێت.
داواكه‌ی‌ توركیا بۆ دانانی ناوچه‌ی‌ ئارام، مه‌به‌ست لێی داگیركردنیه‌تی‌ هاوشێوه‌ی‌ عفرین، ئه‌و ناوچه‌یه‌كی‌ ده‌وێت له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی خۆیدا بێت‌و هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌ش به‌ته‌واوی لێی بكشێته‌وه‌.
بێگومان كوردی رۆژئاوای كوردستانیش ئەوە قبوڵ ناكه‌ن‌و ده‌زانن ناوچەکانیان له‌لایه‌ن سوپای توركیاوه‌ كاول ده‌كرێت، سه‌باره‌ت به‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاش كه‌ هاوپه‌یمانی هێزه‌كانی سوریای دیموكراتبوون له‌شه‌ڕی دژ به‌داعش، ئه‌وا هه‌موو جۆره‌ رۆڵ‌و سه‌رپه‌رشتیه‌كی‌ ئه‌نقه‌ره‌ بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌، هه‌وڵیش ده‌دا له‌پاڵ فه‌ره‌نساو به‌شێكی تری ئه‌وروپا، ئه‌و ناوچه‌ ئارامه‌ی‌ پێشنیاركراوه‌، هاوشێوه‌ی‌ ناوچه‌ی دژه‌ فڕینی‌ هه‌رێمی كوردستانی ساڵی 1991 بێت كه‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بڕیاری لەسەردا.
ئه‌وه‌ی زۆر باشە له‌م رووه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، رووس ‌و ئێرانییه‌كانیش كه‌ هاوپه‌یمانی رژێمه‌كه‌ی‌ ئه‌سه‌دن، دژی داواكارییه‌كه‌ی‌ توركیان، هه‌رچه‌ند ئه‌مان پێیان باشتره‌ ئه‌و ناوچانه‌ جارێكی تر بخرێنه‌وه‌ ژێر ركێفی حكومه‌تی‌ سوریا.
پلانی واشنتۆن بۆ رۆژئاوای كوردستان‌و هێزه‌كانی سوریای دیموكرات روونتره‌ له‌ئێستادا و ره‌نگه‌ دواجار به‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد بشكێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و وڵاته‌ هه‌رچه‌ند پێشتر رایگه‌یاندبوو سه‌ربازانی له‌سوریا ده‌كشێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ناره‌زایه‌تی زۆری به‌رپرسان له‌واشنتۆن‌و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ به‌شێك له‌و به‌رپرسانی ئه‌مریكای لێكه‌وته‌وه‌، ئێستا به‌ هه‌ڵوێستی پێشوویدا چۆته‌وه‌، كۆشكی سپی له‌وه‌ رووه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌ «هێزێكی پاراستنی ئاشتی» له‌سوریا ده‌هێڵیته‌وه‌، کە له‌ 200 سه‌رباز پێكدێت، ئه‌مه‌ش ره‌نگه‌ په‌یوه‌ندی به‌و هه‌وڵه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ ئه‌مریكاوه‌ بێت، بۆ دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی‌ ئارام به‌پاڵپشتی وڵاتانی ئه‌وروپا له‌سوریا.
پلانه‌كانی ئه‌مریكا بۆ دامه‌زراندنی ئەو ناوچه‌یە و بڕیاری هێشتنه‌وه‌ی‌ به‌شێك له‌هێزه‌كانی له‌ سوریا، جێگه‌ی‌ دڵخۆشی‌و پێشوازی به‌رپرسانی كوردی رۆژئاوا بوو، ئه‌وه‌شیان نه‌شارده‌وه‌، كه‌ هێشتا مه‌ترسی گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ داعش هه‌یه‌ له‌رێگه‌ی‌ خانه‌ نوستووه‌كانی‌و ئه‌مه‌ چ جای مه‌ترسی هێرشی به‌ربڵاوی سوپای توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌كانیان.
دیپلۆماتێكی فه‌ره‌نساش ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كردوە، ئه‌وان جارێ هیچ هێزێكی نوێ نانێرن بۆ رۆژئاوای كوردستان، تا به‌ته‌واوی له‌ ئامانجی دروستكردنی ناوچه‌ی‌ ئارام دڵنیانه‌بنه‌وه‌.
فه‌رمانده‌ی‌ گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات مه‌زڵوم كۆبانیش، داوای له‌ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانان كرد، هه‌زار تا هه‌زارو پێنج سه‌د سه‌رباز بهێڵنه‌وه‌ له‌رۆژئاوای كوردستان، بۆ یارمه‌تیدانیان دژ به‌هه‌ر هێرشێكی تیرۆریستی كه‌ بكرێته‌ سه‌ر ناوچه‌كانیان.. وتیشی ئێمه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكیه‌كان داوای پاڵپشتی ئاسمانی و هێزی سه‌ربازیشمان كردووه‌ له‌واشنتۆن.
كێشمه‌كێش‌و ناكۆكیه‌كان له‌سه‌ر ناوچه‌ی‌ ئارام له‌سوریا، ره‌نگه‌ دوای كۆنترۆڵكردنی دوا پێگه‌ی‌ داعش له‌گوندی باغۆزی خۆرهه‌ڵاتی رووباری فورات، زیاتر ببێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ نه‌مانی ئه‌ركی هاوپه‌یمانان‌و ئه‌مریكا ده‌گه‌یه‌نێت له‌و وڵاته‌، كه‌ شه‌ڕی دژ به‌داعش بوو، بۆیه‌ دروستكردنی ناوچه‌ی‌ ئارام جارێكی تر شه‌رعیه‌ت به‌مانه‌وه‌ی‌ ئه‌و هێزانه‌ ده‌دات، بۆ پارێزگاری كردن له‌ كوردو خه‌ڵكی تری باكووری خۆرهه‌ڵاتی سوریا.

 415 جار بینراوە