سەرەکی » زانست » بۆ ئەوەی قەڵەو نەبیت!

بۆ ئەوەی قەڵەو نەبیت!

زیندەپاڵ لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگۆڕێت، جەستەی هەندێك كەس وزەی خۆراكەكە وەك پێویست ناسووتێنێت و بە شێوەی چەوری كەڵەكەی دەكات، كەچی جەستەی هەندێك كەسی دیكە بە زەحمەت رێگە دەدات وزەی خۆراك ببێتە هۆی چەوری و قەڵەوی.
ئەمەیە نهێنیی ئەوەی هەندێك كەس بە هەمان بڕی خۆراك قەڵەو دەبن و هەندێكی دیكە قەڵەو نابن.
بەڵام هەندێك خۆراك هەن هانی جەستە دەدەن وزە بسووتێنێت و نەیكاتە چەوریی كۆكراوە لە لەشدا:
1- سپێنەی هێلكە: ترشە ئەمینییەكانی نێو سپێنە، پرۆسەی زیندەپاڵ تاو دەدەن و دژی هەڵگرتنی چەورین.
2- گۆشتی بێ چەوری: كەمیی ئاسن لە جەستەدا هۆكارێكی خاوبوونەوەی زیندەپاڵە. بۆیە دەبێت رۆژانە بڕی پێویستی ئاسن وەربگریت لە رێگەی خواردنی گۆشتی بێ چەورییەوە، گۆشتی بێ چەوریی مریشك و ئەوانی دیكە.
3- ئاو: كەمبوونەوەی ئاستی ئاو لە جەستەدا، دەبێتە هۆی هێواشبوونەوەی پرۆسەی زیندەپاڵ، بۆیە دەبێ بەردەوام جەستەت بە پاراوی بهێڵیتەوە و نەهێڵی وشك ببێتەوە.
ئەگەر ئاو بە ساردی بخۆیتەوە باشترە، چونكە بۆ گەرمكردنی ئاوەكەش جەستە هەندێك وزە دەسووتێنێت.
4- بیبەری تیژ: ماددەی كاپسایسینی تێدایە كە پرۆسەی زیندەپاڵ خێرا دەكات.
5- قاوە: بە پێی توێژینەوە ئەوانەی قاوە دەخۆنەوە، پرۆسەی زیندەپاڵیان بە رادەی 16% كاراترە لەوانەی نایخۆنەوە.
6- چای سەوز: ماددەی ئیپیگالۆكاتێجینی تێدایە كە هانی خێرابوونی پرۆسەی زیندەپاڵ و سووتاندنی وزەی نێو خۆراكە چەورەكان دەدات.
7- شیر: بە هۆی ئەو رێژە بەرزەی كالیسیۆم، شیر یەكێكە لە خۆراكە تاو دەرەكانی پرۆسەی زیندەپاڵ و سووتاندنی وزەی زیادەی خۆراك.
8- دانەوێڵەكان: دانەوێڵە توێكڵدارەكان پێویستیان بە چالاكی و وزە سووتاندنێكی زۆرترە بۆ هەرسكردنیان بە بەراورد بەوانەی توێكڵدار نین.
9- نیسك: نیسك هەم پڕ ریشاڵە و هەمیش پڕ ئاسن، واتە بە دوو رێگە دەبێتە هۆی تاودانی پرۆسەی زیندەپاڵ.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*