سەرەکی » زانست » چین به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتێكی ره‌ها!

فره‌ جه‌مسه‌ری ئابووری

چین به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتێكی ره‌ها!

د. مه‌دیحه‌ سۆفی*

به‌شی چوارەم

وڵاتی چین له‌ساڵی 1978 وه‌‌ ئه‌زمونی سیسته‌می ئابووری سه‌رمایه‌داری تاقیکرده‌وه‌، ده‌رئه‌نجامی ئه‌م گۆڕینی سیسته‌مه‌، ئه‌م گه‌شه‌سه‌ندن و په‌ره‌سه‌ندنه‌یه‌، که‌ زه‌حمه‌ت بتوانرێ به‌ری پێ بگیرێت، یا هه‌ڕه‌شه‌کانی ترامپ بۆ دانانی گومرگ له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌کانی چین، بتوانێ سه‌رسمێکی پێ بدات، بۆ وڵاتێك که‌ خاوه‌ن شارستانیه‌تێکی پێنج هه‌زار ساڵه‌ی دێرین و ده‌وڵه‌مه‌ند و خاوه‌ن 1،3 ملیارد که‌س، که‌ زیندووکردنه‌وه‌ی له‌ کۆتایی سه‌ده‌ی بیست و گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵاتێکی نیمچه‌ ڕه‌ها له‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك، ئه‌وه‌ ده‌خوازێ هه‌موو وڵاته‌کانی ڕۆژئاوا که‌ تا ئێستا جه‌مسه‌ری یه‌که‌می زانست و پێشکه‌وتن بوون، له‌ داهاتووی ڕیزبه‌ندی سه‌ره‌کی خۆیان بترسن.

شی جی پینگ
چین وڵاتێکه‌ ته‌نها یه‌ك پارت ده‌توانێ بڕیار بدات و هه‌ر خۆی فه‌رمه‌نڕه‌وا و دانه‌ری یاسای وڵات و جێبه‌جێکه‌ر و ڕه‌خنه‌گری نیو خۆی خۆیه‌تی، له‌ دوا وته‌ی شێ جیپینگدا له‌ کۆتایی ساڵی 2018 دا وتی : ئێمه‌ مه‌حاڵمان له‌ گۆڕنا و هه‌موو پرنسیبێکمان گرته‌به‌ر که‌ له‌گه‌ڵ ورده‌کاری پرنسیبی حزبی کۆمۆنیستی چیندا بگونجێ و شیاو بێ، چین له‌ ساڵی 1980 تا ئێستا تێکڕای 8-10 % ی گه‌شه‌ی ئابووری به‌ده‌ستهێناوه‌.
چین په‌لاماری وڵاته‌ هه‌ژاره‌کان ده‌دات، پاڵپشتی داراییان، بۆ بنیاتنانی ژێرخانی خۆیان، بۆ فه‌راهه‌م ده‌کات و به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ ڕێ و شوێنی تاڵانکردنی که‌ره‌سته‌ی خاو و گوازتنه‌وه‌ی سامانی سروشتی ئه‌و وڵاته ئاسانتر ده‌کات، له‌ لایه‌که‌وه‌ به‌نده‌ری سه‌ر که‌نار ده‌ریاکان گه‌شه‌ پێده‌کات و ئاوه‌دانی ده‌کاته‌وه‌، له‌ ئه‌فریقا و ئاسیا و ئه‌مریکای باشور و هه‌ندێ له‌ وڵاته‌کانی ئه‌وروپا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ئه‌ویش له‌ ڕێگای پرۆژه‌ی ڕێگای ئاوریشمه‌وه‌ که‌ زیاتر له‌ شه‌ست ده‌وڵه‌ت هاوبه‌شی تێداکردووه‌، تا بتوانێ هه‌موو به‌رهه‌مه‌کانی خۆی بگه‌یه‌نێته‌ هه‌موو گۆشه‌یه‌کی جیهان و به‌ که‌مترین کات و تێچوو، له‌ لایه‌کیتره‌وه‌ ڕێگاوبانی ئاسنین و هاتوچۆ ده‌کاته‌وه‌ و ناوچه‌کان پێکه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ و به‌ نێو جه‌رگه‌ی وڵاتاندا ده‌ڕوات و به‌رهه‌می خۆی نمایش ده‌کات، ئه‌و پاڵپشته‌ی چین بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ش ده‌بێته‌ سه‌ره‌داوێك بۆ داگیرکردنی شوێنه‌ ستراتیژیه‌کانی هه‌ندێ وڵات، بۆ نمونه‌ پاڵپشتی کردنی دارایی بۆ دروستکردنی به‌نده‌رێك له‌ خوارووی سریلانکا، پاشتر‌ سریلانکا نه‌یتوانی له‌ ماوه‌ی دیاریکراودا ئه‌و قه‌رزه‌ قه‌به‌یه‌ بداته‌وه‌، بۆیه چین‌ گرێبه‌ستێکی نوێی هێنایه‌ ئاراوه‌، که‌ ده‌رئه‌نجامی مۆرکردنی ئه‌و گرێبه‌سته‌، ڕاده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵاتی سریلانکا بوو له‌سه‌ر ئاکتیڤیتێتی ئه‌و به‌نده‌ره‌ و کۆنتڕۆڵکردنی جموجۆڵی ئه‌و به‌نده‌ره‌ بۆ ماوه‌ی نه‌وه‌دونۆ ساڵ، ئه‌مه‌ش یه‌کێكه‌ له‌و پلانانه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتی چین زۆر به‌ ئاگاییه‌وه‌، په‌لاماری وڵاته‌ که‌م ده‌رامه‌ت و دواکه‌وتووه‌کان ده‌دات و ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێ.
چینیه‌کان ده‌ڵێن، ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ئه‌وروپادا هه‌بێت، ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر جیهاندا ده‌بێت، چین ڕوو له‌ هه‌ندێ وڵاتی ئه‌وروپی ده‌کات و زۆر به‌ ئاگاداری و ته‌کتیکی پێش وه‌خت و وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا ده‌کات، ئه‌ڵمانیا له‌ جموجۆڵ و ویست و پلانی چین هۆشداری ده‌دات، له‌ کۆنفڕانسی ئاسایشی نیوده‌وڵه‌تی له‌ ساڵی 2018 دا، زیگمه‌ر گابرییل وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا به‌ ئاشکرا ئه‌و هۆشداریه‌ی خسته‌ڕوو، که‌ چین خوازیاره‌ هه‌موو جیهان بخاته‌ ژێر ڕکێفی ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌هیچ جۆرێك ڕه‌چاوی مافی مرۆڤ و دیموکراتی و ئازادی بیروڕا بکات ، ئه‌و سێکوچکه‌یه‌ی ئه‌وروپای له‌سه‌ر به‌نده‌ و شورای نیوان سیاسه‌تی چین و ئه‌وروپایه‌.
له‌ئێستادا چین هه‌وڵ ده‌دات زۆربه‌ی جومگه‌کانی بازرگانی له‌ جیهاندا و به‌ تایبه‌ت به‌نده‌ره‌کانی سه‌ر که‌نار ده‌ریا و ئوقیانوسه‌کان کۆنتڕۆڵ بکات، له‌ ئه‌وروپادا وڵاتی یۆنان په‌یوه‌ندیه‌کانی خۆی هه‌ر له‌په‌راوێزی‌ ئابووریدا نه‌هێشته‌وه‌، به‌ڵکو ڕۆچووه‌ نێو په‌یوه‌ندیه‌ سیاسیه‌کانیشه‌و له‌گه‌ڵ چین، مامه‌ڵه‌ کردنی چین وه‌کو خاوه‌ندارێك له‌گه‌ڵ به‌نده‌ری پێرێیوای یۆنانی، نمونه‌یه‌که‌ له‌وه‌، ده‌نگنه‌دانی یۆنانیش له‌ یه‌کێتی ئه‌وروپا، به‌وه‌ چین مافی مرۆڤ پێ شێل ده‌کات، پشتگیری کردنی چینه‌ له په‌یڕه‌ونه‌کردنی مافی مرۆڤ و ئازادی بیروڕا، ئه‌مه‌ش درز خستنه‌ نێو سیاسه‌تی یه‌کێتی ئه‌وروپایه‌.
شی جیپینگ، به‌ده‌ر له سه‌رۆکه‌کانی پێشتر، په‌لاماری هۆنگ کۆنگ ده‌دات و به‌ شێوازی جیاواز ده‌سه‌ڵاتی خۆی تیایدا ده‌چه‌سپێنێ، کردنه‌وه‌ی درێژترین پردی سه‌ر ده‌ریا له‌ ڕۆژی 23/10/ 2018 له لایه‌ن سه‌رۆکی وڵاتی چینه‌وه‌ ( شی جینپینگ ) ه‌وه یه‌کێکه‌ له‌ کاره‌ ناوازه‌کانی سه‌ره‌تای ئه‌م سه‌ده‌یه‌، ئه‌م پرده‌ درێژیه‌که‌ی په‌نجاوپێنج کم و له‌و درێژیه‌ی نزیکه‌ی حه‌وت کم تونێلی ژێر ئاوه‌، نزیکه‌ی پازده‌ ملیارد ئۆیرۆ تێچووی بووه که‌ ده‌کاته‌ ( سه‌دوبیست ملیار یه‌نی چینی )‌، نزیکه‌ی چوارسه‌دوبیست هه‌زار ته‌ن ئاسن و له‌ یه‌ك ملیۆن ته‌ن زیاتر چیمه‌نتۆی تێدا به‌کارهاتووه‌، ئه‌م پرده‌ هۆنگ کۆنگ به‌ وشکایی چینه‌وه‌ له‌ ئاستی ماکاوه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، ئه‌م پرده‌ ماوه‌ی هاتوچۆی نێوان به‌نده‌ره‌کانی بازرگانی هۆنگکۆنگ و شاری بازرگانی ژوهای چین له‌ جیاتی چوار کاتژمێر به‌حه‌فتاوپێنج خوله‌ك ته‌واو ده‌کات، ئه‌م شاکاره‌ی چین بێ گرێ ته‌واونه‌کرا، له‌لایه‌که‌وه‌ پارێزه‌رانی ژینگه‌ مه‌ترسی تێکدانی ژینگه‌ی ئه‌و جۆره‌ دولفینه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو، که‌ له‌و ده‌ریایه‌دا زاوزێ ده‌که‌ن، له‌لایه‌کیتره‌ ده‌سه‌ڵاتداران گه‌نده‌ڵی و سه‌رپێچییه‌کی زۆری تێدا کردووه‌، که‌ له‌ هه‌مووی گرنگتر سه‌لامه‌تی کرێکار و کاربه‌دده‌سته‌کانی تێدا که‌وتووه‌ته‌ مه‌ترسیه‌وه‌، له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌رچاوتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌وه‌نده‌یتر هۆنگکۆنگ ده‌که‌وێته‌ ژێر هه‌ژموونی چینه‌وه‌ و جێگیری ئۆتۆنۆمیه‌که‌ی خۆی له‌ده‌ستده‌دات.
درێژترین پرد لە جیهان لە نێون خاکى چین و هۆنگ کۆنگ دروستکراوە ، کە درێژیەکەى (55) کیلۆمەترە. لە تشرینى یەکەمى 2018 کراوەتەوە.
یه‌کێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌کانی ده‌وڵه‌ت، ده‌سه‌ڵاتی نێو ده‌ریایه‌، بۆ که‌شتیوانی و بازرگانی و گوازتنه‌وه‌ و له‌هه‌مووی گرنگتر بۆ ده‌ستکه‌وتنی سامانی سروشتی ژێر ده‌ریا، له‌م هه‌ژموونی گه‌شه‌کردن و په‌ره‌سه‌ندنه‌ی چینیش گوازتنه‌وه‌ی کاڵا، ستراتیژی کارکردنه‌که‌یه‌ که‌ توانای به‌رهه‌مهێنانی خۆی ده‌خاته‌ ئاراوه‌.
چین له‌ نێو ده‌ریای سنووری ڕۆژهه‌ڵاتی خۆیدا، هه‌موو یاسایه‌کی ده‌ریایی و دونیایی شکاندووه‌، له‌ نێو ئه‌و ده‌ریایه‌ی ژماره‌یه‌کی زۆر دورگه‌ی تیدایه‌ وه‌کو دوگه‌ی په‌رێسێل که‌ ده‌که‌وێته‌ نێوان چین و ڤێتنامه‌وه‌ و خه‌ڵکێکی زۆری ڤێتنامی بۆ بژێوی خۆیان ڕاوه‌ماسی تێدا ده‌که‌ن، هه‌ر له‌وێ چین ڕاوچیه‌‌ ڤێتنامیه‌کان ڕاو ده‌کات و کاره‌که‌یان لێ قه‌ده‌غه‌ ده‌کات، هه‌موو دورگه‌کانی نێو ئه‌و ده‌ریایه‌ ده‌خاته‌ نێو سنووری ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی دورگه‌ی په‌ره‌سێل هه‌مان دووری هه‌یه‌ چ بۆ چین و چ بۆ ڤێتنام، به‌ڵام له‌ ساڵی 1974 سوپای چین ئه‌و دورگه‌یه‌ی داگیرکردووه‌، ڤێتنامیش به‌ڵگه‌ و دۆکۆمێنتی زۆر له‌ مێژینه‌ی هه‌یه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و دورگه‌یه‌ بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی، ئه‌م شه‌ڕی جیۆگرافیایه‌ش پاشخان و ژێرخانی ئابووری و سیاسی خۆی هه‌یه‌.
یه‌کێك له‌ هه‌نگاوه‌ ستراتیژیه‌کانی شی جیپینگ بنیاتنانی بنکه‌ی سه‌ربازی بوو له‌ نێو ده‌ریای چین، ئه‌ویش به‌دروستکردنی دورگه‌ی ده‌ستکرد، له‌ سه‌ر ئه‌و دورگانه‌ی نێو ده‌ریاکه‌ هێزی ده‌ریایی جێگیرکرد و دورگه‌ی په‌ره‌سێلی کرده‌ دورگه‌یه‌کی سه‌ربازی بۆ خۆپاراستن و پاراستنی بازرگانی خۆی. ئه‌مه‌ش له‌ ڕووی سیاسی و ئابووری و سه‌ربازیه‌وه‌، بووه‌ پاڵپشتێکی به‌هێزی دژ به‌ ڕۆژئاوا، بۆیه‌ له‌ مانگی یونی ساڵی 2018 دا و هاوکات له‌گه‌ڵ کۆبه‌ندی جی 7 دا که‌ وڵاته‌ دیموکراته‌کانی ڕۆژئاوای ده‌گرته‌وه‌، شی جیپینگ کۆبه‌ندی کۆمه‌ڵه‌ی شه‌نگه‌های بۆ هاوکاری و پێکه‌وه‌ کارکردنی ڕاگه‌یاند ، به‌ پاڵپشتی پوتین که‌ له‌ کۆبه‌ندی جی 7 دا، له‌ده‌ره‌وه‌ی که‌وانه‌که‌دا بوو، له‌و کۆبه‌نده‌دا هیندستان و پاکستانیشی تێدا به‌شداربوون، ئه‌مه‌ش لێدانی ڕۆژئاوا بوو، به‌تایبه‌ت چین هه‌وڵی ڕاکێشانی هه‌ندێ وڵاتی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا ده‌دات، که‌ به‌م هه‌وڵه‌ی یه‌کێتی ئه‌وروپا له‌یه‌ك ده‌ترازێ و ممانه‌ی له‌ق ده‌بێت.
په‌لهاویشتنی به‌رنامه‌ی شی جیپینگ، خه‌وبینینه‌ به‌ کۆنتڕۆڵکردنی هه‌موو جیهانه‌وه‌، به‌بێ ئازادی و مافی مرۆڤ و دیموکراتی، له‌ چین زیاتر له‌ ملیاردێك و سێ سەد ملیۆن که‌س به‌ نوێترین شێوازی ئه‌له‌کترۆنی و به‌ ناو و ته‌مه‌ن و هه‌موو سیفاته‌کانیانه‌وه‌ کۆنتڕۆڵ کراون، که‌س ناتوانێ هیچ کار و بۆچوونێکی شارراوه‌ی هه‌بێ، ژیانی تایبه‌ت وه‌کو ژیانی گشتی ڕه‌چاو و تۆمار ده‌کرێ و جیهان له‌و ترسه‌دایه‌ ئه‌م تکنه‌لۆژیایه‌ بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی جیهانی پڕاکتیزه‌ کات ، چین له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌ له‌ په‌لهاویشتن و گه‌شه‌ و په‌ره‌سه‌ندندایه‌، ئه‌مریکا ده‌رهه‌ق به‌م خێڕاڕه‌ویه‌ی چین ده‌سته‌وه‌ستانه‌، چین به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها ده‌چێ و دره‌نگ یا زوو ده‌بێته‌ چه‌تری سه‌ر ئاوابوونی ڕۆژئاوا.
پاراستنی ژینگه‌ش یه‌کێکه‌ له‌ کێشه‌کانی چین، له‌ ساڵی 2006 ه‌وه‌ له‌ ده‌ردانی ڕێژه‌ی دووه‌م ئۆکسیدی کاربۆن که‌وته‌ پێش ئه‌مریکا و له‌ 2011 دا له‌ کۆنفڕانسی که‌شوهه‌وا له‌ کۆپینهاگن ناڕه‌زایی ده‌ربڕی له‌ هاوکاریکردنی به‌رنامه‌ی پاراستنی ژینگه‌، ئه‌گه‌رچی چین ئێستا له‌ کایه‌یه‌کی فراواندا وزه‌ی سه‌وز به‌رهه‌مدێنێ، نه‌ك له‌به‌ر پاراستنی ژینگه‌ به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تێچووی که‌متر و وزه‌یه‌کی سروشتی هه‌میشه‌ییه‌ و به‌رده‌سته‌ و له‌به‌ر فشاری نێوخۆیی کۆمه‌ڵگاشه‌ که‌ کاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌ندروستی و دواتر نائارامی نیوخۆی خۆی ده‌بێ.

* هاوسه‌رۆكی ڕێكخراوی سه‌وزی ئه‌وروپی – كوردستانی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*