سەرەکی » وتار » قادر عومەر عەزیز » لە مەلیک مەلیک تر!

لە مەلیک مەلیک تر!

لە پاش ریفراندۆم‌و بڕیارەکانی سزادانی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق‌و جێبەجێ کردنی ئەو سزایانە لەلایەن حکومەتی عیراقی فیدراڵەوە بە ئەنجامدانی هێرشی سەربازیشەوە، دەنگی مامەڵەکردنی راستەوخۆ لەگەڵ بەغدا بەرزتر لە جاران دەبیسترێ، گەرچی جاران‌و بەر لە ریفراندۆمیش‌و تەنانەت چوار پێنج ساڵ لەمەوپێش ئەم قەوانە لەلایەن هەندێک گروپ‌و لایەن‌و رێکخراوەوە لێدەدراو بڕو بیانوشی بۆ دەهێنرایەوە.
ئەم دەنگە گەیشتۆتە ئەو رادەیەی بە دروشم لە خۆپیشاندان‌و لە دیداری تەلەفزیۆنی‌و لە بەیاننامەی ناڕەزاییداو لە کۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە هەرێمی کوردستان بانگەشەی بۆ بکرێ، کار گەیشتۆتە ئەوەی مامۆستایانی ناڕازی بەڕێزو داکۆک لە زانکۆو پەیمانگاکان راستەوخۆ داوای مامەڵە لەگەڵ بەغداو بەڕێز دکتۆر حەیدەر عەبادی بکەن‌و تەنانەت بەوەش رازی نەبن هەرهیچ نەبێ لە رێی پارێزگای سلێمانییەوە ئەو پەیوەندییە رێک بخەن‌و بیانووەکەشی دابین کردنی مووچەی مامۆستایانە، ئەمە لە کاتێکدایە هەم بەڕێز دکتۆر حەیدەر عەبادی بە روون‌و ئاشکرا وتی: گەرچی لە خۆپیشاندانی شاری سلێمانیدا داواکراوە راستەوخۆ بەغدا مووچە بدات بە پارێزگاکان، ئێمە خۆمان تێکەڵی کێشەی ناوخۆی هەرێم ناکەین، هەم رۆژی دوانزەی ئەم مانگە بەڕێز سەعد حەدیسی وتەبێژی حکومەتی عیراقی فیدراڵ رایگەیاند کە بەغدا مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات، نەک لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێم‌و ئەمە لە بودجەشدا هەر وا دەبێ.
کەچی زۆر بەداخەوە ئەو بەڕێزانەی لە ژێر ناوی جیاجیادا چەند ساڵێکە بەبیانووی جیاجیاوە کەمپین‌و گردبوونەوەو خۆپیشاندان دەکەن‌و داوای مووچە بۆ مامۆستایان‌و فەرمانبەران دەکەن، کە بێگومان مافی تەواو رەوای مامۆستایان‌و فەرمانبەرانیشە مووچەی تەواوی خۆیان وەربگرن‌و ئەرکی حکومەتی هەرێمیشە ئەو مافەیان بسەلمێنێ، بەوەش رازی نابن لە رێی پارێزگاوە مووچە لە بەغدا وەربگرن، بەڵکو ئێستا قەوانەکە گۆڕاوەو دەیانەوێ راستەوخۆ لەگەڵ بەڕێز عەبادی‌و حکومەتی عیراقی فیدراڵ مامەڵە بکەن‌و داوای بینینی عەبادی بکەن، وەک ئەو داوایەی بەڕێز دەستەی داکۆکیکردن لە زانکۆو پەیمانگاکان رۆژی ١٢/١١ پێشکەشی نووسینگەی سلێمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیان کرد، تەنانەت وەک خۆشیان ئاماژەیان پێداوە، میکانیزمێکیشیان دیاریکردووە. بەڕاستی سەیرە، بەغدا وازی لەو مەوزوعە هێناوە کەچی هەندێ گروپ‌و لایەنی بەڕێز لە هەرێم‌و بەتایبەتی لە شاری سلێمانی واز لەو مەسەلەیە ناهێنن، پێدەچێ ئەو بەڕێزانە لە مەلیک مەلیک تر بن‌و رۆژگاریش دەریدەخات ئەوانە بە چ هەوایەک دەشنێنەوە.

 324 جار بینراوە