سەرەکی » دۆسێ » کۆمەڵە زەردەشتییەکانی کوردستان هزر و فەلسەفە

ئۆلی زەردەشتی

کۆمەڵە زەردەشتییەکانی کوردستان هزر و فەلسەفە

پەیڤێک
ئایینی زەردەشتی یەکێکە لە ئایینە کۆنەکانی کوردستان و جیهان، هەتاوەکو ئێستاش لە چەند وڵاتێکی رۆژهەڵات و رۆژئاوادا، ئەم ئایینە هەوادار و ئیمانداری خۆی هەیە. لەم چەند ساڵەی پێشووشدا لە هەرێمی کوردستاندا، دووبارە ئەم ئاینە هەوادار و ئیمانداری خۆی پەیدا کردۆتەوە.
دیارە لە جیهاندا نووسین و لێکۆڵینەوە لە بارەی ئایینی زەردەشتییەوە مێژووییەکی زۆر دێرینی هەیە، بە تایبەتی لە ئەوروپادا، ئەم ئایینە بۆتە مایە‌ی گرنگی پێدانی زۆرێک لە بیرمەند و فەیلەسووفی ئەوروپا بۆ نموونە فەیلەسووفی ناوداری ئەڵمانی نیتچە. ئەمە جگە لەوەی هەتاوەکو ئەمڕۆش لە زانکۆ و پەیمانگەکانی جیهاندا، لێکۆڵینەوەو نووسینی هەمەجۆر لە بارەی ئەم ئاینەوە دەکرێت. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بنەما و هزرانەی کە ئەم ئایینە لەگەڵ خۆی بۆ جیهانی هێناوە، بەتایبەتی پەیامی زەردەشت کە هەڵگری پەیامێکی مرۆیانەیە.
خۆشبەختانە لەم چەند ساڵەی دواییدا، لە هەرێمی کوردستانیش، لە لایەن کۆمەڵێک نووسەرەوە، هەوڵی باشدراوە بۆ ناسینی ئەم ئایینە، کە بە پێی بۆچوونی هەندێک مێژوونوسیش بێت، کوردستان سەرچاوەی ئەم ئایینە دێرینەی جیهان بووەو لێرەوە بە جیهاندا بڵاوبۆتەوە، هەروەها پێش سەرهەڵدانی ئایینی ئیسلام، لەناو خەڵکی کوردستاندا، ئایینێکی زۆر بەربڵاوبووە.
لەم دۆسێیە تایبەتەدا کە لە لایەن کاک فەریدون سامانەوە نووسراوە، باسی مێژوو، بنەما سەرەکییەکان و ئامانج و نەریت و کردارەکانی ئەم ئاینە دەکات. بەو هیوایەی کە شارەزاییەکی باش لە بارەی ئەم ئایینەوە، بە خوێنەرانی ئازیزی رۆژنامەکەمان بدات.

کوردستانی نوێ

فەرەیدوون سامان

لێکۆڵینەوە لەسەر پرسی گرووپە ئیتنیکی و کەمینە ئاینییەکانی کوردستان یان قسەکردن لەسەر ناسنامەی ئەو پێکهاتانە، وێڕای بەرپرسێتی مێژوویی لەبەردەم کۆمەڵێک ئاستەنگدا، زۆرجاریش ئەم جۆرە هەوڵانە دەبنە مایەی شەکەتی و رەنج بەخەساری توێژەران، بۆیە تێڕامان و توێژینەوەی ئەکادیمی و مەعریفی گەرەکە، مخابن سەرچاوە و ژێدەری وەهاش بە زمانی کوردی لەبەردەستدا نین، تا بە سانایی بتوانین توێژینەوەیەکی تێر و تەسەل ئەنجام بدەین، تەنانەت ئەو سەرچاوانەی کە بە زمانەکانی فارسی یان عەرەبی لەسەر ئەم پێکهاتانە نووسراون بە دەگمەن نەبێت، جێی متمانە و باوەڕ پێکردن نین، چونکە زۆرجار بە پاڵنەرێکی شۆڤێنیستانەی نەتەوەی سەردەست نووسراون، هەندێجاریش ئەو رۆژهەڵاتناسانەی کە لە رابردوودا هاتوونەتە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان سەرباری کەمی زانییارییان مخابن بە پاڵنەرێکی هەواڵگریانە باسیان لە زمان و دیالیکت و ناسنامە و فەرهەنگی ئەو گرووپانە کردووە. ئەوە جگە لەوەی تا ڕادەیەک لێکۆڵینەوەی مەیدانی هەندێکجار گەر زەحمەت نەبوو بێت، ئەوا جار هەیە دەبێتە مەحال بەتایبەت لەو ناوچانەی کە ئەو گروپ و پێکهاتانەی تێدا دەژین، فرە ئیتنیکین و ناکۆکیان لەسەرە.
هەڵبەتە قسەکردن لەسەر ئۆلی زەردەشتی ، چی وەک گرووپ و کۆمەڵە رۆشنبیرییەکان یەکێکن لەو گرفتانەی کە ئەگەر سەخت نەبێت ئەوا کۆمەڵێک بەربەست و ئاستەنگ دێنە سەر رێگات بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی پووخت و تەواو بە ئەنجام بگەیەنیت، لە راستیشدا لە روانگەی داکۆکی کردن لە مافەکانی مرۆڤەوە، نەک باوەڕ بوون بە ئایین یان ئایینزای ئەم گرووپانە، کارمان بۆ کردوون، ئەم پێکھاتانە بە درێژایی مێژوو لە لایەن دەسەڵاتدارانی نەتەوەی سەر دەدستەوە چەوسێنراونەتەوە و ھەوڵی قڕکردن و لە نێو بردنیان دراوە، بۆیەش توێژینەوە لە پرسی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان لە کوردستاندا، ئامانجی سەرەکی لە ئەنجامدانی تەواوی کاروچالاکییەکان زیاتر ناساندنی پرسی کەمینەکانە وەک پێشتر ئاماژەم پێدا لە بوارەیلی (زمان، ناسنامە، کولتوور)دا، ھەروەھا لە ھەردوو ڕووی ئاشتی و لێبوردەیی و پێکەوە ژیاندا، ھاندانیان لە بیرکردنەوە و شرۆڤەی نوێ لەو ھەڕەشانەی کە کۆمەڵگای کوردستان لە ئێستا و ئاییندەدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، ئێمە بۆخۆمان پێمانوایە کە ئۆلی زەردەشتی ئۆلێکی ئێرانییە نەک کوردی، بەڵام بەو ھیوایەی کە بتوانین ھەستی بەر پرسیارێتی لای تەواوی تاک و گرووپەکانی کۆمەڵگاکەمان دروست بکەین، بەوەی کار بکەین لەسەر ڕێزگرتنی فرەیی و جیاوازەکاندا، ئەنجامدانی توێژینەوە لەبارەی ھەر یەک لەپرسگەلی ئەم گرووپانە ئەویش لە ڕێگای ئەنجامدانی توێژینەوەی ئەکادیمی و سازدانی سیمینار و کۆنفرانسی زانستییە بۆیان، ئەو توێژینەوە مەیدانیانە خۆی لە خۆیاندا دەبنە پڕۆژەیەک بۆ گەڕان و شرۆڤە کردن لەسەر ئەو بوارانەی کە خستمانە ڕوو، بۆیە بایەخدان بە بڵاوکردنەوەی ھزری دیموکراسی بۆ چەسپاندنی چەمکی لە یەکگەیشتن و گەیاندنی ڕۆشنبیری بە تاکەکانی کۆمەڵگا و پاراستنی تەبایی لە نێوانیاندا خواست و ئامانجی ئێمە بووە.
توێژینەوە لەسەر ئەو کێشانەی پەیوەندیدارن بە پرسی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان هەر چەند ئاڵۆزە و هەڵوەستەی گەرەکە، ئەو ڕۆڵەش لە دیدگای ھەمە چەشنەی نوێوەوە سەرھەڵدەدەن کە تایبەتن بە کێشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان و هەروەها بەرژەوەندییەکانیان، قسەکردن و لێکۆڵینەوە یان تاوڵەیەکی بازنەیی و بەھێز دەبێت بۆ دیالۆگ کردن لە نێوان گروپە جیاوازەکاندا، ھەروەھا دروستکردنی پردێکی ھاوبەش لەگەڵ دامودەزگاکانی دیکەی توێژینەوە لەسەرانسەری کوردستان وبەشەکانی دیکە و دواتر جیھاندا، وەک (زانکۆکان، پەیمانگەکان، بنکەکانی توێژینەوە)، ھەماھەنگی کردن لەگەڵ تەواوی ئەو پڕۆژانەی ھاوشێوەن و ھەمان ئامانجیان ھەیە لەسەر کێشەی کەمینەکان لە ناوچەکە و لە وڵاتە دراوسێیەکاندا، بۆیە بەشداری سیاسیی کەمینە ئاینییەکان، لەسەر بنەمای پەژراندنی کۆمەڵێک پێشمەرجدایە و سنووری تاکتیک و مانۆڕی سیاسیی نەبەزاندووە و ھێشتا نەچۆتە چوارچێوەیەکی ستراتیژییەوە، بەشداری پێکردنی کەمینەکان لە کوردستاندا وەک هاووڵاتیانی پلە یەک جیاوازە لە دروستکردنی زەمینەی یەکسان بۆ بەشداریی کردنیان، چونکە چەمکی بەشداری پێکردن تەنانەت لە ڕووی زمانەوانییەوە جۆریک لە خێر پێکردن و بەخشینی تێدایە. پێدەچێت لە کوردستان کۆدەنگیەکی سیاسیی و رۆشنبیریی ھەبێت لەسەر دواخستنی بابەتی مافی یەکسانی ھاووڵاتیبوونی کەمینەکان و پاراستنی ناسنامەی جیاوازیان، ئەزموونی پێکەوەژیانی کەمینەکان لە کوردستانی دوای راپەڕین و دەسەڵاتی حکومرانی لە هەرێمی کوردستاندا ، سەرباری پێکەوەژیان و ئاشتی کۆمەڵایەتی بەڵام لە راستیدا رووداوە تراژیدییەکانی رابردوو وامان پێناڵێن، هەرچەندە زۆرجار لە کەنالە میدیایەکان و هەروەها کۆرو سیمینارەکاندا بانگەشەی سەرکەوتوویی و پێکەوە ژیانە دەدرێ بە گوێماندا، بەڵام لە واقیعدا ئەزموونێکە شکستی هێناوە.
دەسەڵاتی کوردی و کۆی حیزبە کوردییەکانی ئێستای ھەرێمی کوردستان، بە خۆیان بزانن یان نا، لە میانەی ھەوڵەکانیان بۆ دروستکردن رای گشتی بۆ پێکەوە ژیان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی کەمینەکان، زۆرجار ھەوڵی شوێنگرتنەوەی ئەو داگیرکەرە دەدەن کە ساڵەهایە لە دژیدا جەنگاون، لە جیاتی ئەوەی ھەوڵی بەدیھێنانی جیھانێکی جیاواز بدەن لەوەی کە تێیدا لە رابردوو تەنانەت لە ئێستاشدا قوربانی بوون.
هزری ناسیۆنالیزمی کوردیی ھەر لە سەرەتای سەرھەڵدانییەوە، لە ژێر ھەژموون و کاریگەری هزری ناسیۆنالیزمی نەتەوەی سەردەستی ئەو دەوڵەتانەدا بووە، کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، ھاوشێوەی ئەو داگیرکەرانەی کە کوردیان جینۆساید کردووە، کوردیش کەمینەکانی ناو ھەناوی خۆی جینۆساید بکات، بۆیە بابەتی کەمینەکان و مافەکانیان دەبێت لە دەستووری داهاتووی کوردستاندا دانی پێدا بنرێت و بسەڵمێنرێت، بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەم گرووپانە دووچاری قڕکردن نەبنەوە، چونکە ئەو کەمینانە لە داهاتووشدا ترسیان ھەیە لە ژیان لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا، کە ناتوانێت مافەکانیان بۆ دابین بکات، ھەموو ھاووڵاتییەک بەدەر لە ناسنامە مافی بەشداریی سیاسیی ھەیە و پێویستە دەسەڵات زەمینەی یەکسانی و دادپەروەری خۆش بکات بۆ ئەم بەشدارییە سیاسییە، لەم قۆناغەدا ھیچ شتێک لەوە گرنگتر نییە کەمینەکانی کوردستان بەشداربن لەکۆی ئەو گفتوگۆیانەی لەسەر ئایندەی ھاوبەشمان دەکرێن. لەم لێکۆڵینەوەیەدا بە پێی توانای خاکەڕامان کە لەئەنجامی ئیشکردن بوو لەسەر دۆسیەی ھەندێک لەو گرووپە ئیتنیکیانەی کوردستان، دیارە یەکێک لەو گرووپانەش کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا لە رێگای ناوەند و کۆمەڵەی رۆشنبیری تایبەت بە خۆیان چالاکی جیاواز نمایش دەکەن، کۆمەڵە و سەنتەرە زەردەشتییەکانن، یان زەردەشتییە نوێیەکانن.

گەڕانەوەیەک بۆ هزرو فەلسەفەی زەردەشتییەکان:
ئایینی زەردەشتی، یان مەزدایەسنا لەسەر بنەمای بیروبۆچوون و بڕواکانی زەردەشتی پەیامبەر پێکھاتووە، ئەم ئایینە جیھان وەکو دوو بەرەکییەکی بەردەوام دەبینێت لە نێوان ھێزی رووناکی و تاریکیدا، یان هێزی پاک و ھێزی خراپەدا. خوداوەندی «ئاھورامەزدا» خوداوەندی چاکە و حیکمەتە، دانەر و پێکھێنەری ئەم جیھانەیە، «ئەھریمەن» یان «ئەنگرامەینو» ڕۆحە خراپەکانن، مرۆڤیش بوونەوەرێکی ئازادە و تاکە ئەرکی سەرشانی بریتییە لەیارمەتیدان و سەرخستنی خودای ئاھورامەزدا، ئەم ئایینە بە شێوەیەکی گشتی لە وڵاتی ئیران لەناو فارسەکاندا پاشان کوردەکان و بڵاو بووەوە، لە سەدەی شەشەمی پێش زایین بوو بە ئایینێکی سەرەکی لەناوچەکەدا و تا سەرھەڵدانی ئیسڵام لە سەدەی حەفتەمی زایینیدا ئایینێکی گرنگ بوو و بڕواداری زۆری هەبووە.

ئاھورامەزدا و ئەھریمەن یان خوداوەندی رووناکی و تاریکی:
ئاھورامەزدا خوداوەندە و ئەوەی ھەردەم دژی دەوەستێت، ئەھریمەنە، واتە شەیتان یان ئیبلیس، کە ئیشی خراپە و شەڕە، ئاھورامەزدا خوداوەندی ڕووناکییە و دوژمنی تاریکییە. ھێنەری بەخت و خۆشی و شادییە و ھەموو سیفەتە باشەکانە، بە پێچەوانەی ئەھریمەن کە شەیتانە مایەی تاریکی و دەرد و ناخۆشییە، ئایینی زەردەشتی ئایینێکە داوای کاری چاکە و ڕەوشتی باش و یارمەتی نێوان بوونەوەری مرۆڤ دەکات، ئاگر و ڕۆژ ھێمای
ئاھورامەزدان، بۆیە لە کن ئەوان ئاگر زۆر پیرۆزە و ھەردەم زەردەشتییەکان لەوە ئاگادار دەکرێنەوە کە ئاگر لە پەرستگاکان نەکوژێتەوە، ھەر ئەمەشە کە وای لە ئایینەکانی تر کردوە، کە وابزانن زەردەشتییەکان ئاگر پەرستن.
ئاڤێستا کتێبی پیرۆزی زەردەشتییان:
ئاڤێستا کتێبی پیرۆزی زەردەشتییەکانە، لە لایەن شوێنکەوتوانی ئایینی زەردەشتی بە کتێبێکی پیرۆز دادەنرێت ، وشەی ئاڤێستاش بە واتای بنچینە و بینای پتەوە، ئەم کتێبە بە زمانی ئاڤێستایی نووسراوە، ئەمەشیان زمانێکی کۆنە کە پەیوەندیەکی زۆری بە زمانگەلی فارسی، سەنسکریتی و کوردی هەیە، کە بە زمانی کوردی بە ئاوێستا یان ئاڤیستا دێت، زۆر جار مەترسی لە ناوچوونی بووە، ئاوێستا ڕۆژگاری ھەخامەنشینەکانەوە ھەزار بەش بووە، لە ڕۆژگاری ساسانیەکاندا ٣٤٨ بەشی مابۆوە بریتی بووە ٣٤٥٧٠٠ وشە. فیردەوسی لە شانامەکەیدا ئاوێستا بە ١٢٠٠ بەش دادەنێت، بەڵام ئەو ئاوێستای ئێستا ھەیە ٨٣٠٠٠ وشەیە و شەش بەشە، ھەر بەشە و چەندان بەشی دیکەی لێ دەبێتەوە. کۆنترین و راستترین ئاوێستا لە وڵاتی دانیمارک پارێزراوە، ئەوانیش دەزانن چەند راست و بەنرخە، بۆیە پەیکەری زەردەشتی پەیامبەر کە لە ساڵی ١٩٥٠ دروست کراوە لە بەرامبەر دادگای پێداچوونەوەی نیویۆرک لە گۆڕەپانی «مدیسون» دانراوە.
بڕوادارانی ئێستای ئایینی زەردەشت:
دوای هاتنی ئایینی ئیسڵام بۆ ناوچەکە، ئایینی زەردەشتی بەشێوەیەکی گەورە لەناوچوو. ئێستا لە ھەموو جیھاندا بە تۆمار (٢٥٠٠٠٠ کەس) دوای ئەم ئایینە دێرینە کەوتوون، جگە لەوانەی سەرژمێری نەکراون و بە ڕەگەزنامە لەسەر ئایینێکی ترن. بەم شێوەیە:
لەهیندستان بە گوێرەی ئاماری ساڵی ٢٠٠١، ٦٩،٦٠١ کەسە.
لەپاکستان ٥٠٠٠ کەس لە شاری کەراچیدا دەژین.
لەکیشوەری ئامریکای باکوور نزیکەی ٢٥ ھەزار کەس دەژین.
بڕێکی زۆریشیان لە ئێرانن کە بە زۆری لە شارەکانی یەزد و کرمان و ھەروەھا لە تارانن، ھەروەھا نوێنەریشیان لە پەرلەمانی ئێرانی ھەیە.
برێکی زۆر کەمیشیان لە ئاسیای ناوەڕاست دەژین. وەک بەڵخ و تاجیکستان کە جاران شوێنی ئایینی زەردەشتی بوو.
لەو ساڵانەی دوایی زۆرێک لە کوردانی کوردستانی باشوور بە تایبەت لە دوای ساڵی ٢٠٠٠وە لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر چوونەتە سەر ئایینی زەردەشتی و پەیڕەوی ئەو ئایینە دەکەن و ھەوڵی زیندوو بوونەوەی دەدەن زۆرێکی تریش ھەن کە ئەژمار نەکراون.

ڕووگە لە ئاینی زەردەشتیدا:
رووگە یان قیبلەی زەردەشتییەکان تیشک و ڕووناکییە، ئەوان لە ڕۆژدا دەتوانن بەرە و ڕۆژ و شەوانە لە بەرانبەر تیشکی مانگ، ئاگر، مۆم، چرا نوێژ بکەن. زەردەشتییەکان تەنھا لە ئاتەشکەدا ڕوو دەکەنە ئاگر و نوێژ دەکەن و تەنانەت ئەو کەسانەی لە دراوسێ ئاتەشکەدەکانن ڕوو لە ئاتەشکەدە نوێژ ناکەن، ئاگر لە مەزدایەسنا ھێمای» ئەشا»یە. ئەو ئاگرەی لە ئاتەشکەدەدایە وەک ئاڵای مەزدایەسنا و ھێمای شوناسی دینی – کولتوری زەردەشتیەکانە، شایانی باسە نوێژ لە ئایینی زەردەشتیدا لە شەو و ڕۆژدا پێنج (٥) جار دەکرێت مێژینەیەکی چەند ھەزار ساڵی ھەیە و لەھیچ ئایینیکیترەوە وەرنەگیراوە. بەڵکو بۆچوونێکی میرعەلی فیترووسی هەیە لە کتیبی ئیسلامناسیدا دەڵێت: کە نوێژی مسوڵمانان پێنج رکاعەتە لە بنەرەتدا لە ئایینی زەردەشتیەکان وەرگیراوە.

باوەری زەردەشتییەکان:
جەژنەکان: ئایینی زەردەشتی زۆر جەژنی تێدایە، ناودارترینیان نەورۆزە، نەورۆز جەژنی سەری ساڵە و دەکەوێتە یەکەمین ڕۆژی بەھار، بە ڕۆژی لە دایک بوونی پەیامبەر زەردەشت دادەنرێت.
ژیانی ھاوسەری نێان زەردەشتییەکان:
زەردەشتییەکان باوەڕیان وایە کە زەردەشت ھێنانی بێوەژنی لە کن پەسندترە لەوەی کە ژنێک مێردی نەکردبێت، ھەروەھا ژنی بە منداڵی پێ باشترە لەوەی کە ژنێک منداڵی نەبووبێت، ھەروەکو چۆن تەڵاقدان لەلای زەردەشتییەکان حەرامە. ئەمەشیان تاڕادەیەکی زۆر لە کولتووری مەسیحیەکانە نزیکە.

مردن لە لای زەردەشتییەکان:
زەردەشتییەکان باوەڕیان وایە کە ڕۆح دوای دەرچوونی لە لەش، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە ناویدا دەمێنێتەوە؛ دواتر بۆ جیھانی تر دەڕوات. ھەروەھا باوەڕیان بە حسابکردن ئەوەیە کە زەردەشتیی چاک تاھەتایە لە بەھەشت دەمێنێتەوە، مرۆڤی خراپیش تاھەتایە لە دۆزەخدا دەمێنێتەوە.

ناشتنی مردووان:
زەردەشتییەکان بارودۆخی تایبەتیان ھەیە بۆ ناشتنی مردووەکانیان؛ چونکە ئەوان نایانەوێ جەستەی مردووەکان تێکەڵ بە یەکەکانی ژیان بێت وەکو خۆڵ و ئاو و… ھتد. چونکە باوەڕیان وایە کە پیسیان دەکات، بۆیە مردووەکانیان نانێژن، بەڵکو بۆ باڵندە گۆشتخۆرەکان لەسەر بورجی تایبەتی کەپێیان دەڵێن دوخمە یان «بورجەکانی بێ دەنگی » جێیان دەھێڵن. جەستەکان لە لایەن کەسانی تایبەتی لەسەر ئەم بورجانە دادەنرێن، دوای خواردنی جەستەکانیش لەڵایەن باڵندەکان، ئێسقانەکان لە جێگایەکی تر دادەنرێن لە بورجەکان بەبێ ناشتن. ھەرچی ئەو زەردەشتییانەی کە لە کۆمەڵگای موسڵمانی دادەنیشن، کەوا ناتوانن ئەم کارە ئەنجام بدەن، ھەڵدەستن بە دانانی مردوو لەناو سندوقی پتەو، دواتر دەینێژن. بەمەش تیکەڵ بە سروشت نابێت.

مێژووی ژیانی زەردەشت:
سەردەمی لە دایکبوونی زەردەشتی پەیامبەر دەگەڕێتەوە بۆ (١٧٤٨ساڵ پ. ز) لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان گوایە لە شاری ورمێی ئێستا لە نزیک شارۆچکەی سەردەشت لە خێڵی سپیتەمان ھاتۆتە دنیاوە، بەڵام راستییەکەی زەردەشت لە سەردەشتی ئاهوورامان لەدایک بووە، چونکە لە خودی هەورامانیش سەردەشتمان هەیە، ئاهورامان یان ھەورامان بەتایبەت و نشینگەی پەیدابوونی و ژیانی زەردەشتە، دەتوانین بە چەند بەڵگەیەک بیسەلمێنین لەم ناوچەیەدا و بەتایبەتی لەناوچەی شارۆچکەی سەردەشت لە دایکبووە و دواتر کۆچی کردوە بۆ ناوچەکانی دیکەی میدیا.
شوێنەوارەکان باشترین وتەی ئێمەن بۆ لێکۆڵینەوەوی رۆژھەڵاتناسەکان، جگە لەوەش چەندان گوند و ناوچە بە ناوی ئاڤیستای ناونراوە سەرەرای ئەو زمانەی کە پێی ئاخاوتون و ئاوێستای پێنووسراوەتەوە کە ئاڤیستاییە و لەو ناوچەیەدا بەکارھینراوە و ئێستاش لەناو ھەورامییەکاندا پەیڤ و زاراوەگەلی فرەی ئاڤیستایی ھەرماوە، پێدەچیت ھەمان ئەو زارەش بێت مابێتەوە و کە ئەورۆ قسەی پێدەکەن و نەفەوتابێ. زەردەشت (سپیتمان) بووە، (سپێتامە نەک بە واتای ڕەگەزی سپی بەڵکو بە واتای ڕەسەن و پیرۆز دێ)، نەک بە واتای ڕەگەزی سپی یان (سپی پێست). یان {تەمێکی سپی} ، لەکتێبی ئاوێستادا کە کتێبی پیرۆزی ئایینی زەردەشتیانە، بەم جۆرە ناوی زەردەشت نووسراوە (زەرەتا و شەتەرە ئاتی). بەواتای ( ئەستێرەی زێڕین نەک خاوەن وشتری زێڕین) دێت، بەشێوەزاری ھەورامی بەواتای (کەسێ کە وەک تیشکی خۆر دەدرەوشێیتەوە و دەبارێ) (زەڕ) بەمانای تیشکی زێڕینی خۆر،(تاو) بەواتای تین، (شتەر) بارین (ئاتی) ھاتووی یان لەدەشتی زەردەوە ھاتووە،. ئەم پێغەمبەرە کە ناوی ڕاستی ئەو لەھیچ نوسراوێکدا نەنووسراوە، بەو ناسناوەی کە پێیان بەخشیوە بەرەبەرە بەشێوەی زمانی گشتی بەناوی (زەردەشت) ناسراوە و لەمێژوودا جێگیربووە و ئەم ناوە بڕاوە بەسەریدا.
زەردەشت تا تەمەنی چل ساڵی لەناو ھەورامییەکاندا بە مەڕ لەوەڕاندن ژیانی بردۆتە سەر. ژنی ھێناوەو بووە بەخاوەنی خێزان، یەکەم کچی (فەڕینی) بوو، دووەمی (پریتی) بوو، کچی سیێەمی (پووروچیستا) بوو، بە واتای پڕ لە زانیاری، کچی سێییەمی بووە بە ھاوسەری (جاماسب) وەزیری (کەیگوش تاسب) ئەم شایە پێش بوونی زەردەشت بە پەیامبەر پێشبینیکردووە کە زەردەشت دەبێتە پەیامبەر، زەردەشت لە تەمەنی چل ساڵیدا گۆشەگیر بووە، حاڵەتێکی تایبەتی بەسەردا ھاتووە، خۆی لەگەڵ خۆیدا دەدوا، تا لەڵایەن خوای گەورەوە بەم شێوەیە سرووشی بۆ ھاتووە، (ئەی زەردەشت تــــۆم بە پەیامبەر ھەڵبژارد و گەلەکەت ھانبدە بۆ پەرستنی خوای نادیار (ئاھورامزدا) و با خۆیان دووربخەنەوە لە خواوەندە درۆزن وھەڵخەڵەتێنەرەکان، تەنھا ئاھورامزدا بپەرستن و تەنھا ئەو شایانی سوپاسگوزارییە.
ساڵی کوردی بۆ یادی لە دایکبوونی زەردەشت دانراوە لە چل ساڵیدا بۆتە پەیامبەر، واتە ٦٦٠ ساڵ پێش زایین ئایینی زەردەشت پەیدا بووە، یەکەمین کەس کە پەیامبەری زەردەشتی پەسەند کرد و باوەڕی پێھێنابێت. یەکێک بوو لە ئامۆزاکانی بەناوی (مزی ماو). بە بڵاوبونەوەی ئایینی مزدائی، (خووی)یەکان کە دانیشتووی ناوچەی (خووی) بوون، بەگژ زەردەشت و پەیڕەوانیدا چوون. زەردەشت ناچار بووە بۆ ناوچەی سنە کۆچ بکات و لە شوێنێکدا جێگیر بوو بە ناوی کێوی (ئاوشی درینەر) کە پاش سەدان ساڵ ناوەکە گۆرا بە (ئابیدەر- ئاویەر)
لەو سەردەمەدا ئەو کەسانە کەمتر لە شارەکاندا نیشتەجێ دەبوون، لەبەر ئەوەی ڕان و ئاژەڵەکانیان پێویستییان بە لەوەڕگە و ئاوی زۆر و سازگار هەبووە، کێوی ئاویەری سنەش ئەو مەرجانەی تێدا بووە ، زەردەشت لە سەر ئەو کێوە بۆ دووەم جار سرووشی پەیامبەری بۆ ھاتووە و دڵنیا بووە کە (ئاھورا مزدا) ئەوی بە پەیامبەر ھەڵبژاردووە، دانیشتووانی ئەو ناوچەیەی بانگەواز کرد بۆخودا پەرستی، بەرە بەرە سەرپێچیکەرانی زۆر بوون، تا وای لێھات نەیتوانی لەوێ ژیان بەرێتە سەر. ناچار بوو کۆچ بکات بۆ ڕۆژھەڵاتی ئەو ناوچەیە و لەسەر کێوی (ھۆگیر) جێگیر بوو کە دواتر بەکێوی (ھیجر) یان (ھەجیر) ناو برا، بۆ سێیەم جار لەوێ سروشی بۆ نوێبوتەوە، لەوێ بانگەوازەکەی نوێکردەوە و سروودە ئایینییەکانی، کە بە (گات)ەکان ناسراون، ھۆنینەوە، ئەم (گاتانە) بەشێکن لە ئاوێستا و بریتین لە سپاسگوزاری (ئاھورا مزدا)، ئەو ناوچەیە بەناوی (دینئاوەر)ناسراوە، تا ئەمڕۆش بە (دینەوەر) ناسراوە دانیشتووانی کێوی ھەجیر ئایینی ڕاستیان پەسەند کردوە و پەیڕەوانی زەردەشتی پەرەیان سەند و پاشای ئەو ناوچەیە، کە لە سەرکێوەکە کۆشکی دەسەڵاتی دروستکردبوو، لەوێ ئەژیا و بە (گنگ شا) ناوداربوو، کە لە ناوچەی (سیھانە- سی کانی) یان (سەحنە) ی ئیمڕۆیە، ئەو کاتە بە (سائین دژ) بە مانای قەڵای سائین ناودار بووە، ئەو پاشایە ئایینی زەردەشتی پەسەندکرد و باوەڕی پێھێنا.
شا (کەیگوشتاسب) ناوچەیەکی فراوانی ژێر دەسەڵاتداریی خۆی بەخشییە پەیڕەوانی زەردەشت بۆ ئەوەی خواپەرستان و پارسیان لەو ناوچەیەدا بە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریکبن. زەردەشت دەستیکرد بە دروست کردنی ئاتەشگەکەی خۆی لەناوچەی (باکتیرا) کە پارسەکان لەو ناوچەیەدا دەژیان، پاش ھەزاران ساڵ گۆڕا بە ناوی پارسینە لە ناوچەی دینەوەری کرماشان، باکتیرا گۆڕا بە (باختەر) و پاشان بۆچوونەکان وابوون کە زەردەشت لە ھەرێمی (بەڵخ) و (بوخارا) ژیاوە، بەڵام ئەو دێیە ئێستەش بەناوی باکتەر ناو دەبرێ و دوو دێی تر لە نزیکیەوە پێیان دەوترێ باکتەرەکان.
زەردەشت لە کەناری گۆمی ورمێ بوو بە پەیامبەر، بەھۆی دژایەتیکردنی دانیشتووانی، لە ناوچەی (خوی)ـەوە پەنایبردە کێوی (ئاویەر)، لەوێوە بۆ کێوی ھەجیر، لە ناوچەی (سی هانە) یان (سەحنەی ئێستا)، دواتر بە ناوی دینەوەر ناوبانگی سەند، پاشان (کەیگوشتاسب) چۆتە سەر ئایینەکەی زەردەشت و ئاتەشگەیەکی دروستکرد. پەیڕەوانی زەردەشت لە ناوچەیەک بە ناوی (پارسییە) نیشتەجێبوون. بەرەبەرە بەرەنگاریی ئایینەکانی ئەو سەردەمە بوونەوە، لە دێو پەرستان و ئەستێرە پەرستان و درۆزنان لە ئەنجامی ئەو بەربەرەکانێیە، لە شەڕێکی خوێناویی سەختدا (گوشتاسب) و کوڕەکانی و زەردەشت و یارانی کوژران و ئاتەشگەکەش وێرانکرا، پارسەکان بە پەراگەندەیی ھەڵھاتن و لە شوێنانی تر نیشتەجێبوون و ژیانیان بردە سەر، ئاوێستا و سروودە ئایینییەکان و ئامۆژگارییەکانی زەردەشت بە ھۆی ھاوبیرانییەوە گوێزرانەوە بۆ دارستانەکانی مازەندەران و دورتر وەکو بەڵخ و بوخارا خۆیان پەنادا و پەرەیان بە ئایینی زەردەشتی دا.
دوای ماوەیەک لەدارستانەکانی مازەندەران حکوومەتێکیان بە ناوی (پارت)، پێکھێنا. ھاوبیرانی زەردەشت بە کۆکردنەوەی کتێبی (گاتا) و (ئاوێستا) و خەریکبوون. ئەم ئاوێستایە کە ئێستە لەبەر دەستایە، بەشێکە لەو ئاوێستا کۆنە کە پاش ھێرشی ئەسکەندەر و تاڵانکردنی کتێبخانەی گەورەی ئەو سەردەمە، سەردەمی ھەخامەنشییەکان، کە لە (دژبنشت)، یا قەڵای (نوختە)، نووسرا و کتێبخانەکە لەو قەڵایەدا بوو وە ھێرشی ئیسلامیش ھەمان شت بۆتە هۆی لەناوبردنی.
دەقەکانی ئاوێستا بەھۆی پیاوە ئایینییەکانەوە کە لەبەریانکرد بوو، دەماودەم گێڕراوەتەوە و لەسەردەمی ئەشکانییەکاندا نووسراوەتەوە، ئەو ئاوێستایەی ئێستا ھەیە، پاشماوەی ئەو نووسینەی سەردەمی ئەشکانییەکانە و بەوجۆرە نووسینە نووسراوەتەوە.
لە کتێبی گەورەی زەردەشتدا (گاتا)کان کە لە ھەڵبەستەکانی زەردەشت خۆیەتی و نووسینەکانی تر بەناوی (یەشتە)کان، یان ئاوێستای دواتر دادەنێن، کە چەند بەشێکی جۆراوجۆرە، وەک جوگرافیای ئاوێستایی بەناوی (زامیاد یەشت) و چیرۆکی جۆراوجۆری کۆن و بەجێماوی ئەو سەردەمە دێرینە، بە ناوی (فەروەردین یەشت) کە بریتییە لە شیوەنی ڕۆستەمی قارەمانی کورد، لەسەر تەرمی زۆراوی کوڕی، کە بە نەزانی بە دەستی باوکی لە خۆبایی بووی خۆی کوژراوە. کە زۆربەمان داستانی ڕۆستەمی زاڵمان گوێ لێ بووە یان خوێندومانەوە یان بیستومانە، ھەروەھا چەند پارچە سروودێکی سەردەمە کۆنەکان کە بەو شێوە نووسینە نوسراون پارێزرابوون.
ئاشکرایە پاش حکوومەتی ئەشکانییەکان، پاشاکانی ساسانی کە باوەڕیان بە ئایینی زەردەشتی ھێنا بوو، بۆ بەرژەوەندی خۆیان ھەندی گۆڕینیان لە دەقەکانی ئاوێستادا کردووە. پاش ھێرشی مسوڵمانە عەرەبەکان ئاوێستا کەوتە بەر پەڵامار و زۆر بەشی لەناو برا، هەر بۆیەش پەیڕەوانی ئایینی زەردەشتی، ناچار لە ئێران ھەڵھاتن و پەنایانبردە وڵاتی ھیند، کە دوور بوو لە ھێرشی مسوڵمانە عەرەبەکان. ئاوێستایەک لەچنگ کوشتار و تاڵانی مسوڵمانە عەرەبەکان ڕزگار ببوو، گەیاندیانە ھیند، دوای ھەزارو چەند ساڵێک بەشێک لە مەبەستەکانی ئاوێستا لەگەڵ مەبەستەکانی زۆربەی ئایینەکانی ھیندستان ئاوێتە بوون. بەرە بەرە زمانی یەکەمی ئاوێستا کە زمانی کوردی بوو، گۆڕا بە زمانی (کوچرانی) وشێوە زمانەکانی تری ھیندستان.
زەردەشتییە نوێیەکان، گەڕان بەدوای ناسنامەدا:
دکتۆر ئیبراهیم مەلازادە لە بارەی زەردەشتیە نوێیەکانەوە دەڵێت: ئایا گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، سۆزێکە بۆ کولتوری باپیران و گەڕانە بە دوای دۆزینەوەی ڕابروو و حیکمەتەکانی، یاخود کاردانەوەیەکە بۆ ئەو واقیعە تاڵەی کە کوردی دابەشی چەندین گروپ و حیزب و لایەن کردووە؟ ئەمەش لە کاتێکدایە کە وایکردووە پێویستییان بە ناسنامەیەك بێت کۆیان بکاتەوە لەناو ملمڵانێی ژمارەیەك ناسنامەی جیاواز کە دابەشی دەکەن نەك کۆیان بکاتەوە؟ هەرچ هۆکارێك بێت، واقیعی خەڵكی کوردستان ڕۆژانە بنکۆڵ دەبێت لە ناوەڕاستی دەریایەك لە زوڵمی ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستانییان بەسەرخۆیاندا دابەش کردووە، کە لەسەر هیچ شتێك کۆك نین بێجگە لە هێشتنەوەی کورد لەسەر ئەو دۆخە پەرتەوازەیە، لە نێوان سەپاندنی کولتورێکی نامۆ و نەبوونی کولتورێکی نیشتمانی، کە لەسەر ستراتیژیەتێك کۆیان بکاتەوە و هاوکارییان بکات بۆ ڕزگاربوون لە دەست ئەو واقیعە سەپێندراوەی کە ناسنامەکەیان شێواندووە و زەمەنێکی درێژیشە کردوونی بە وابەستە و هەموو جۆرە سەربەخۆییەكیش ڕێژەیی بێت یان سەرتاپا، ڕەددەکەنەوە.
ئالێرەوەیە ئەم واقیعە هانی دام بە دوای زەردەشتییە نوێیەکاندا بڕۆم، لە ڕەگوڕیشەی ئەو مۆتیڤانە بکۆڵمەوە کە ئەو خەڵکەی لەسەر ناسنامەیەکی تازەی کۆن کۆکردۆتەوە. هۆکارەکانی ئەو گەڕانەوەیە بۆ ئەو ناسنامەیە چین، نەتەوەیین یاخود بۆشایی رۆحین و پێویستییان بە ناسنامەیەکی دینییە و بەدوایدا دەگەڕێن. لە ڕێگای چەندین دیداری ورد و درێژی جیاوازەوە لەگەڵ شوێنکەوتە و هەوادارانی ئەو ڕێبازە ئاینییە کۆنە/ نوێیەدا هەوڵم داوە بگەمە ژمارەیەك وەڵامی جیاواز و ورد بۆ هۆکارەکانی گۆڕینی ئاینەکەیان و گەڕانەوە بۆ ئاینی زەردەشتی.

سەرچاوەکان:
–ئاڤێشتا- گاتا-کان، لەمێژینەترین سروودی کورد- جەلیل عەباسی- هەولێر- دەزگای ئاراس٢٠٠٣
–زەردەشتی دینداری و زەردەشتی سیاسی- دوو توێژینەوەی شیکاریی-سەلام ناوخۆش و دکتۆر عوسمان عەلی- هەولێر- دەزگای تەسفسیر ٢٠١٧
–خولاسەیەکی کوردو کوردستان-مەحەمەد ئەمین زەکی-بەرگی یەک و دوو. سلێمانی ٢٠٠٠، دەزگای سەردەم
–دیاکۆنۆف،ئی،م( وەرگیر: برهان قانع)٢٠٠٥، چاپی دووەم. میدیا.سلیمانی.چاپخانەی شەهید ئازاد هەورامی

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گەشتی کوردستانی نوێ بۆ وڵاتی چین و ماچین

دووەم گەشتم بۆ وڵاتی چین ئەردەڵان عەبدوڵڵا ماوەی 12 ساڵە ...