سەرەکی » ئاراستە » یوسف و تۆفیقی ئـەحمەد شەماڵ

یادی دوو شەهیدی گومناو‎

یوسف و تۆفیقی ئـەحمەد شەماڵ

نەوزاد كەریم

لەگەڵ كۆتایی ئەو شەوە درێژو ساردەی كەپاش رێگا بڕینێكی زۆر و لەگەڵ لێدانی تەپڵی پارشێودا، بەنێوان رەبایەكانی دوژمن و ماڵەكانی شارۆچكەی ئەڵاییدا پەڕینەوە و گەیشتنمان بە گوندە چۆڵ و كەلاوەكانی زایەر، ئیتر لە پاش كەمێك پشوودان، بەهۆی ئەو چەكە (قەناس)ە زیادەیەی كە پێمان بوو، وە بڕیارماندا لەگەڵ (یوسف) پێكەوە هەڵیبگرین، بۆیە بەدرێژایی ئەو چەند رۆژەی تا لە زێی بچوك پەڕینەوە، لە مەسافە وەرگرتن پێكەوە بووین، گفتوگۆكان و باسەكانمان لەگەڵ یەكتر، كەمتر بواری بۆ ئەوە دەهێشتەوە كە بیر لە دوری رێگاكە و كەمتر هەستمان بە هیلاكی و شەكەتی دەكرد، جارجارەش پێدەكەنی دەیوت: ئەوە بەرەو دەشتی هەولێر دەڕۆین و لەگەڵ هەموو هەنگاوێكدا تۆ لە ناوچەو كەسی خۆت دوردەكەویتەوە و منیش بەرەو ئەو شوێنەو نزیك ئەو جێگایە كە كەسە نزیك و ئازیزەكانمی لێیە.

نەگەیشتە دیداری ئازیزان
پێشتر بۆی باسكردبووم كە خێزان وكەسوكارەكەی راگوێزراون بۆ ئۆردوگایەكی زۆرە ملێی نزیك هەولێر، ماوەیەكی زۆربوو نەیدیبون و ئاگاداری هەواڵیان نەبوو، بۆیە بەردەوام بەڕێگاوە باسی لەوە دەكرد كە هەرچۆنێك بێت، دەبێت دەرفەتێك وەرگرێت و لە گوندێكی نزیك لەو ناوچەیە بیانبینێت و پێیان شاد ببێتەوە، بە پەڕینەوەمان لە زێی بچوك و لەگەڵ گەیشتنمان بە نزیك گوندەكە، هێشتا نەگەیشبوینە ناو ماڵەكانی گوندی قزڵو، برادەرێكان گەڕایەوە، داوای لە یوسف كرد كە قەناسەكە كە لەوكاتەدا بەوبوو، بیدا بەمن و خۆی لەگەڵی بڕوات، پاشان چەند هاوڕێیەكی تریان جیاكردەوە و كە نەهاتنە ناو گوندەكە و لەگەڵ كاك عومەر، كە ئەوكات لێپرسراوی رێكخراوی چواری كۆمەڵەبوو بڕۆن و داواشیان لە ئێمەكرد كە لەگوندەكە بمێنینە‌وە‌و لەگەڵ هێزەكانی تر لەو سنوورە بین، ئیتر پەیتــــا پەیتا ئەو هێزانەی تر كە‌ لە‌بە‌ری گۆپتەپەو سنووری خاڵخاڵان بوون، دەپەڕینەوە دەهاتنە گوندەكە، یاخود بەرەو گوندەكانی تری بەری كۆیە كە دەڕۆیشتن، بە قزلودا تێدەپەڕین، زۆربەی دانیشتوانی ئەو گوندانەی سەر زێ، جگە لەو مانەی خۆیان كە شوێنی نیشتەجێبوونی هەمیشەییان بوو، بەشێكی زۆریشیان لە قەراخی زێكەو نزیك بە شوێنی ئیش وكاری زەرعاتەكانیان، خانویان دروستكردبوو، خۆیان بە (حاوییە) ناویان دەبرد، رۆژی دواتر بوو، لە مزگەوتی گوندەكەوە لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی مەفرەزەكەمان بەرەو ماڵەكانی سەر زێكە (حاویەكان) دەڕۆیشتین، لە نزیك ماڵەكانی سەر زێكە هێزێكی تیپی 51ی گەرمیان پەڕینەوە و (نورەدین دوزی) كە هاوڕێیەكی خۆشەویستمان بوو، پێشتر لەیەك مەفرەزە بووین، ماوەیەكی كەم بوو گوێزرابوەوە بۆ تیپی 51، لەگەڵ هێزەكەدا بوو، لەگەڵ بیننی ئێمەدا و باوەش بەیەكردندا، هێشتا دەستی منی بەرنەدابوو، سەیری ئەملاولای دەكرد و وتی كـوا یوسف؟، منیش وتم لێرە نیە، رۆیشتوەو دێتەوە، وتی یوسف شەهید بووە، منیش بە پێكەنینەوە وتم نا، دڵنیابە شەهیدنەبووە و سەلامەتەو دێتەوە، كەمن وام پێوت، ئەویش ئارام بووەو قسەكەی منی بەهەند وەرگرت، هەر كە لە نورەدین كەمێك دوركەوتمەوە، قسەكەی نورەدین سەرتاپای بیرو هۆشی داگیركردم، لەگەڵ ئەو هاوڕێیەی كە پێكەوە بوین، وتم باشە بۆ لێمان نەپرسی ئەم هەواڵەی لە كوێ بیستوە؟! یەكسەر خەیاڵم بردمی بۆ سەعاتیك پێش ئەوە لەناو مزگەوتی گوندەكەدا، كە دكتۆر فایەق گوڵپی-م بینی و پرسیاری ئەوەی لێكردم كە چەند كەس رۆیشتون و كێن ئەوانەی كە لەگەڵ كاك عومەر رۆیشتون، هەرچەندە ئەوكات قسەكانی دكتۆر فایەقم بە ئاسایی وەرگرت و هیچ گومانێكم لادروست نەبوو، ئەویش هیچی نەدركاند، چونكە ئەو كاتە وابوو، نهێنی پاراستن بەشێك سەرەكی بوو لە ئەخلاقی كاری رێكخراوەیی، ئەوەی بە نهێنی پێت دەوترا، نەدەكرا باسی بكەیت، لەگەڵ گەیشتنمان بەو ماڵەی كە بۆمان دیاریكرابوو كە لێی دابمەزرین، سات بەسات هەواڵەكەی نورەدین و قسەكانی دكتۆر فایەق ئەو باوەڕەی لا گەورەتر دەكردم كە شتێك رویداوە، لەنزیك سەعات 9ی شەو بوو، پێشمەرگەیەك هات بۆ ئەو ماڵەی كە من و سەفینی لێبووین، وتی دوو برینداریان هێناوە و دكتۆر فایەق داوای ئێوەی كردوە كەبچن بۆلای، بریدارەكانیان هێنابووە ماڵێك لەناو گوندەكە، كە گەیشتینە حەوشەی ئەو ماڵەی كە بریندارەكانی لێبوو (سامی جافەرانی)م بینی كە یەكێك بوو لەو هاوڕێیانەی كە لەگەڵیان رۆیشتبوو، وتم كاك سامی چی بووە، یەكسەر وتی یوسف شەهید بووە و وەستا تۆفیق و ئازادە سووریش بریندارن و ئەوانم هێناوەتەوە، كە چوینە ژورەوە، ئازاد تەندروستی باش بوو، چەند فیشەكێك بەرقاچی كەوتبوو، بەڵام ئەوەی كە تەندروستی زۆر خراپ بوو، تۆفیقی ئەحمەد شەماڵ ( وەستا تۆفیق) بوو، كە‌ پێشتریش بریندارو بە‌ركە‌وتە‌ی چە‌كی كیمیایی بوو، لەتاو ئازار هەر هاواری بوو، دكتۆر فایەق خەریكی چارەسەركردنیان بوو، پاشان كاك سامی روداوەكەی بەكورتی بۆ باسكردم كە شەو لە بارەگای سەرەكی تیپی 86ی دەشتی هەولێر ماونەتەوە و لە درەنگانێكی شەوداو كە ئەمان لەخەودا بوون، كەسێك دەرگای ژورەكەی لێگرتون و مەخزەنێكی تیا بەتاڵ كردونەتەوە و پاشان هەڵهاتووە، لەوێدا دەسبەجێ یوسف شەهید دەبێت و چوار كەسیش بریندار دەبیت، كە دوان لە بریندارەكانیش ئەم دوو هاوڕێیەی ئێمە دەبێت.

بۆ رزگاركردنی گیانی هاوڕێ بریندارەكان
دكتۆر فایەق منی لە ژورەكە بردە دەرەوە و وتی: وەستا تۆفیق پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە، پێوستیم بە كەرەستەی عەمەلیاتە، ئەبێت هەرچۆنێك هەیە ئەم شەو، ئێستا بڕۆن بۆ ئەو گوندەی ئەوبەری زێكە و (دكتۆر دڵشاد) بدۆزنەوە و كەرەستەی نەشتەرگەری لا هەیە و خۆیشی لەگەل خۆتان بهێنن، ئەو گوندەی كە دكتۆر باسی دەكرد، كانی هەنجیر بوو، كەوتبووە ئەوبەری زێی بچوك، لەو كاتەشدا كە رژێم لەخۆئامادەكردندا بوو بۆ هێرشكردنە سەر ئەو ناوچەیە، ئاوی تەواوی زێكەی بەردابوەوە، بۆ ئەوەی ڕێگا لە جموجۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە تا رادەیەك بگرێت، كە بەراستی كاریگەری گەورەشی هەبوو لەسەر پەڕینەوەی هێزەكان و زۆر قورسی كردبوو، كەسێكی لەگەڵ ناردین، ئەنجومەنی گوندەكەمان دۆزیەوە و داوامان لێكرد كە (كەڵەكەوانێك) مان لەگەڵ بنێرێت و تاكو بمانپەڕێنێتەوە، كەڵەكەوان، ئەو كاسانە بوون كە خاوەن كەڵەك بون و لەم بەری زێكەوە بۆ ئەوپەڕی زێكە و وە بە پێچەوانەشەوە خەڵكیان دەپەڕاندەوە، كەڵەكەكان لە چوپی ناو تایەی گەورە و تەختە دروستكرابوون، ئامرازێكی زۆر سادەو ساكاربوو، كەڵەكەوان كە خۆی پشتی دەكردە ئەو شوێنەی كە ئاراستە‌ی رۆیشتنەكەیەتی و بەهۆی دوو (سەوڵ)ەوە كەڵەكەكە دەڕۆیشت و ئەیتوانی سێ بۆ چوار كەس هەڵگرێت، ئاوەكە هێندە زۆر بوبوو، بەرۆژ خەڵك سامی لێدەكرد، دیارە بەشەو دەیان هێندە سام و ترس لێی زیاتر دەبێت وكە پەڕینەوەش پیایدا بە ئامرازێكی سادەی وەك كەڵەك بێت، بەڵام ئەوەی ئێمە بۆی دەچوین ، ئامانجی ئەو ئاوەی كە پێویست بوو لەو شەوە تاریكەدا لێی بپەڕینەوە زۆر لەوە گەورەترو بەهێزتربوو كە ترس بەسەریدا زاڵ ببێت، ئەویش رزگاركردنی هاوڕێیەكمان بوو لە مەرگ.
لەكاتی پەڕینەوەدا هێشتا لەناوەڕاست و قوڵایی ئاوەكەدا بووین، جارجارە خێرابوونی هەناسەكانی كەڵەوانەكە و ملبادانی بەملاولادا و كە دەیوت بەخوا وابزانم بوارەكەم ون كردوە و نایدۆزمەوە، لە خەیاڵ و بیركردنەوە لە قسەكانی یوسف و پێكەنین و مەسافەكانی رێگا و ئومێدەكانی بە بینینەوەی دایك و باوكی خێزانە راگویزراوەكەیان، خەیاڵ لە هیواو ئومێدەكانی یوسف، بە ئاگایی دەهێنامەوە دەیخستمەوە سەر كەڵەكەكە، هەرچۆن بوو لەگەڵ تاریكی شەو بەهێزی ئاوەكەدا، بوارەكەی دۆزیەوە و پەڕینەوە ئەوبەر، پێویست بوو ئەویش لەگەڵ ئێمە بێت و چوینە گوندەكە، كە هەواڵی دكتۆر دڵشادمان پرسی لەوێ نەبوو، ئێمەش وا هاتبوین كە هەر دەبێ بیدۆزینەوە و لەگەڵ خۆمان بیبەین، مەفرەزەیەكی پێشمەرگەی لێبوو، وتیان لە گوندی (ئەسكەندەر بەگییە)، لەوێشەوە ئەنجومەنی گوندەكە تراكتۆرێكی لەگەڵ ناردین، بەرەو گوندی ئەسكەندەربەگی بەرێكەوتین و ئێمە پەلەمان بوو، چونكە‌ دەمانزانی ئەو هاوڕێیە ژیانی زۆر لە مەترسیدایەو هەموو هیوایەكیش بۆ رزگاركردنی ژیانی لە مەرگ، لە زوو دۆزینەوەی دكتۆر دڵشاد و هێنانی كەرەستەكانییەتی بۆ لای دكتۆر فایەق، بەهۆی ئەو هێزە زۆرەی رژێم بە مەبەستی هێرشكردن لە دەوروبەری ئەو ناوچەیە كۆیكردبووە، تراكتۆرەكە زۆر بەكەمی و تەنها لە شیو دۆڵە نادیارەكاندا دەیتوانی لایتەكانی بەكاربهێنێت، بۆیە بە درێژایی ئەو ریگا تاریكە، بەبی لایت دەڕۆیشت و لە هەموو چركەیەكدا مەترسی كەوتنە چاڵێك و كەندرێكمان هەبوو، مەترسی تراكتۆرەكەش كەمتر نەبوو لە مەترسی پەڕینەوە لەزێكە، بۆیە نەیدەتوانی زۆر پەلە بكات و كاتێكی زۆرمان پێچوو تا گەیشتینە گوندەكە، دكتۆر دڵشادمان دۆزیەوە، من بۆ خۆم یەكەمجارم بوو كە بیبینم، كورێكی گەنجی سوركاربوو، پێموابیت دكتۆری سنووری یەكێك لە تیپەكانی ئەو سنوورە بوو، بارودۆخەكەو راسپاردەكانی دكتۆر فایەقمان پێ وت، زۆر بەهەستێكی پڕ لە خەمخۆریەوە وتی: بەسەرچاو با خۆم كۆ بكەمەوە ئێستا دەڕۆین.
بەڵام ئەوەی كە ناخۆش بوو ئەوەبوو وتی: بەڵام من كەرەستەی نەشتەرگەیم لا نیە، هەرچی ترم پێیە دەیهێنم.

لە بەرەبەیاندا…. هەواڵی مەرگ
بەهەمان شێوەی هاتنمان گەیشتینەوە گوندی (كانی هەنجیر) و لەوێوە هەرچوارمان لەگەڵ (سەفین) و كەڵەكەوانەكەو دكتۆر دڵشاد هاتینەوە سەر زێكەو پەڕینەوە بەری قزڵوو، نزیكی كاتژمێر چواری بەرەبەیان بوو، كە گەیشتینەوە لای دكتۆر فایەق و بریندارەكان، كەمێك لە تەنیشت وەستا تۆفیقەوە دانیشتم، هۆشی تەواوی هەبوو، منی دەناسیەوە، بەڵام هەر هاوار دەكرد و دەیوت ئازارم زۆرە، كە فیشەك بەر سكی كەوتبوو، دكتۆر فایەق و دكتۆر دڵشاد كەوتنە قسەكردن پێكەوە و دەمزانی كە وا پێویست دەكات كە ئێمە دەوریان چۆڵ بكەین و تا كارەكانی خۆیان بكەن، وتم دكتۆر ئێمە چی بكەین، لێرە بمێنین؟ پێویستان بە ئێمە هەیە؟، وتی ئێستا نا، ئێوە هیلاكن بڕۆن ئیسراحەت بكەن بەڵام با شوێنەكەتان بزانین، چونكە رەنگە پێویستمان بە خوێن هەبێت، لەگەڵ سەفین گەڕاینەوە بۆ ئەو ماڵەی كە لێی بوین و حاڵەتەكەمان بۆ كابرای ماڵەكە باس كرد و وتمان لێمان ببورە كە درەنگ و بەم شەوە ناوەختە هاتوینەتەوە، لەبەر هیلاكی هەر زوو خەومان لێكەوت، كە هەستاین نان وچای بەیانیان بۆ هێناین، لە كوڕەكەیمان پرسی ئەی باوكت كوا؟ وتــی دەوروبەری سەعات شەش بوو هاتن بە شوێن باوكم دا، بۆ قەبر هەڵكەندن، ئەو برادەری ئێـــوە شەهیدبوو.
تا راپەڕین قزڵو بووە ئارامگـای وەستا تۆفیق و ئەو دەستە رە‌شە‌ش هەنگاوەكانی یوسفی بۆ زیاتر نزیكبونەوە لە خێزانەكەی و شادبونەوە پێیان، راگرت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

لە رێی كوردستانی «نوێ»وە بەهەمووان رادەگەیشت

دێدەوانی یەعقوب / كۆیە ڕەنگە ئەگەر هەر كەس كە وێنەی ...