سەرەکی » ئابووری » خزمەتگـوزاری بزوێنەری ئابوورییە

خزمەتگـوزاری بزوێنەری ئابوورییە

فەیسەل عەلی*

بە درێژایی هەزاران ساڵ كەرتی كشتوكاڵ لە ئابووریی جیهاندا باڵا دەست بوو، دەستیكاری كەرتی كشتوكاڵ زۆرینەی دەستیكاری ئابووریی دەوڵەتانی جیهانی لە سەدەكانی رابردوودا پێكدەهێنا. دوای شۆڕشی پیشەسازی لە بریتانیا لە سەدەی نۆزدەیەم، مرۆڤایەتی هەنگاو بە هەنگاو بەرەو سەردەمی پیشەسازیی هەنگاوی هاویشت، پیشەسازیی بۆ نیشانەی پێشكەوتن لای دەوڵەتانی جیهان.

بایەخی لە بازرگانیی دەرەكییدا زیادیكرد
لە پەنجا ساڵی رابردوودا گۆڕانكاریی پەیكری لە كۆی بەرهەمی ناوخۆیی بەشێوەیەكی خێرا بەردەوامی هەبوو. لەگەڵ پەرسەندنی خێرای كەرتی پیشەسازیی، بەڵام بایەخی پیشەسازیی بۆ كۆی بەرهەمی ناوخۆیی لە زۆرێكی دەوڵەتاندا پاشەكشێی كرد بەتایبەتیش دەوڵەتە پێشكەوتووەكان، لەبەرامبەریدا كەرتی خزمەتگوزاریی بەشێوەیەكی خێرا گەشەی كرد و بایەخێكی زیاتری لە پێكهێنانی كۆی بەرهەمی ناوخۆیی دەوڵەتانی جیهان پەیدا كرد. بە تێپەڕبوونی كات بایەخی كەرتی خزمەتگوزاری بەهۆی لەخۆگرتنی زۆربەی دەستیكار لەسەر ئاستی جیهان و دەوڵەتەكان زیادیكرد.
ئامانجی كەرتی خزمەتگوزاری بە پلەی یەكەم ئابووریی ناوخۆییە و زۆرینەیان سنووری دەوڵەتەكەی خۆی نابڕێت، بەڵام لە چەند دەیەی رابردوودا بایەخی لە بازرگانیی دەرەكییدا زیادیكرد، بووە بەشێكی گرنگی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێودەوڵەتی. بانكی نێودەوڵەتی ئاماژە بۆ زیادبوونی بەشداریكردنی كەرتی خزمەتگوزاری لە چالاكی ئابووریی جیهانیدا دەكات، كە لە ساڵی 2017 بۆ 65,1 % كۆی بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی « نزیكەی دوو لەسەر سێ» بەرزبووەتەوە، بەهاكەیشی گەیشتە نزیكەی 52,5 تریلیۆن دۆلار.

بۆ چارەسەركردنی كێشەی بێكاری
زانیارییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە پەیوەندییەكی دیار لە نێوان بەركەوتی خزمەتگوزاری لە كۆی بەرهەمی ناوخۆیی و ئاستی داهات و پێشكەوتنی ئابوورییدا هەیە، لە دەوڵەتە پێشكەوتووەكان، بەركەوتی خزمەتگوزاریی لە كۆی بەرهەمی ناوخۆییدا بۆ زیاتر لە دوو لەسەر سێ بەرزبووەتەوە، لە دەوڵەتە نزم داهاتەكان بۆ كەمتر لە 40 % پاشەكشێی كردووە. لە ساڵی 2017، بەركەوتی خزمەتگوزاریی لە كۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئەمریكا و ژاپۆن و فرەنسا گەیشتە 77 %، 69 %، 70 % بەدوای یەكدا. گەشەی كەرتی خزمەتگوزاری و چری خستنەگەڕی دەستیكار هۆكاری زیادبوونی بایەخی تەوزیفكردنی دەستیكارە لەسەر ئاستی جیهان.
زانیارییەكانی رێكخراوی هاریكاریی و گەشەپێدان ئاماژە دەكەن كە كەرتی خزمەتگوزاری لە زۆربەی دەوڵەتەكانیدا زۆربەی دەستیكاری لەخۆگرتووە. لە ساڵی 2017، بەركەوتی كەرتی خزمەتگوزاریی كۆریای باشور نزیكەی 94,5 % كۆی دەستیكاری لەخۆ گرتبوو. هەروەها بەشداری كەرتی خزمەتگوزای لە كۆی تەوزیفكردنی دەستیكارد گەیشتبووە 90 %، 93,1 %، 90,1 % لە هەریەك لە ئیرلەندەو كەنەدەو نیوزلەندە بەدوای یەكدا. لەبەرئەوە لە پڕۆسەی گەشەپێداندا كردنە ئامانجی كەرتی خزمەتگوزاری بۆ چارەسەركردنی كێشەی بێكاری سودی زیاترە وەك لەوەی گرنگیی بە هەردوو كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی بدرێت، بەجۆرێك كە بەركەوتی خزمەتگوزاری لە كۆی هەناردەی جیهان لە ١٧ % لە ساڵی ١٩٨٠ بۆ ٢٤ % لە ساڵی ٢٠١٦ بەرزبووەتەوە.

250 ملیار دۆلار زێدەی لەم كەرتەدا هەبوو
رێككەوتنە جیهانییەكان بەتایبەتیش رێككەوتنی رێكخراوی بازرگانیی نێودەوڵەتی یارمەتی كرانەوەی بازاڕی ناوخۆیی خزمەتگوزاریی دا كەپێشتر سیستمی خۆپارێزیی دەوڵەتەكان رێگری لێدەكرد. رێژەی گەشەی خزمەتگوزاریی جیهانی رێژەی گەشەی هەناردەی پیشەسازیی تێپەڕاند، كە لەماوەی ئەم دەیەی دواییدا رێژەی گەشەی ساڵانەی گەیشتە 5,1 % ، لەكاتیكدا رێژەی گەشەی هەناردەی پیشەسازی گەیشتە 3,2 %. ئەمریكا وەك گەورەترین هەناردەكاری خزمەتگوزاریی جیهان، لە ساڵی 2017 نزیكەی 250 ملیار دۆلار زێدەی لەم كەرتەدا هەبوو، ئەمەش یارمەتیدەرێكی باشی بوو لە كەمكردنەوەی كورتهێنانی بازرگانییەكەیدا. ئەمەش وایكردووە بایەخی بازرگانیی خزمەتگوزاریی ناوخۆییش بە بەراورد بە بەرهەمە پیشەسازیی و كشتوكاڵییەكان زیاد بكات، ئەوەش توانای كەرتی خزمەتگوزاریی لە بەرهەمهێنانی بەرهەم و زیادكردنی گەشە و لەخۆگرتنی دەستیكاردا زیاد بكات.

پەرەسەندنی تەكنەلۆجیای پەیوەندی
بایەخی گەرتی خزمەتگوزاریی بەهۆی پەرەسەندنی تەكنەلۆجیا و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان زیاتر بوو، كە بووە هۆكاری كرانەوەی بازاڕی ناوخۆیی خزمەتگوزاریی بۆ كێبڕكێی بیانی. رێژەی گەشەی جیهانی و زیادبوونی ئاستی خۆشگوزەرانی هانی زیادبوونی خواستی لەسەر خزمەتگوزاریی زیادكرد. لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا و زیادبوونی خواست لەسەر خزمەتگوزاریی گشتی وەك خوێندن و تەندروستی و گۆڕانكاریی كۆمەڵایەتی، زیادبوونی نێوەنجی پێشبینیكراوی تەمەنی دانیشتوان لە جیهان خزمەتگوزاریی زیاتر و هەمەڕەنگتر كرد. رێككەوتنی پاراستنی مافی فكریی دوو لایەنە و فرە لایەنە بڵاوبوونی تەكنەلۆجیا و خزمەتگوزارییەكانی لەسەر ئاستی جیهان خێراتر كرد. هەروەها پەرەسەندنی تەكنەلۆجیای پەیوەندی ئاسانكاری زۆری بۆ گەشەكردنی خزمەتگوزاریی دارایی و خزمەتگوزاریی بزنس لەسەر ئاستی جیهان كرد.
هەندێك لە دەوڵەتان گرنگیی زیاتریان بە گەشەپێدانی پیشەسازیی دا بەتایبەتیش پیشەسازیی قورس، زۆرێكیان شكستیان هێنا بەهۆی هەڵەی سیاسەتەكانیان و پشتگوێخستنی گەشەپێدانی كەرتی خزمەتگوزاری. هەندێك دەوڵەت نمونەی هیندستان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی گەشەپێدان هەوڵی گواستنەوە لە كەرتی كشتوكاڵ بۆ كەرتی خزمەتگوزاری دەدات، لەم رووەوە سەركەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە. بە گشتی لەچەند دەیەی داهاتوودا گەشەپێدان و پەرەسەندنی خزمەتگوزاری دەبێتە كلیلی پەرەسەندن و گەشەپێكردنی دەوڵەتان، لەگەڵ گەشەی بە میكانیك كردن و رۆبۆت، خزمەتگوزاری بایەخێكی زیاتری لە خستنەگەڕی دەستیكاری و لە زیادكردنی كۆی بەرهەمی ناوخۆیی و دەستهاتی حكومەتەكان دەبێت.

  • سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان
print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بازرگانیی نێوان ئەمریكا‌ و چین

لیو خە، جێگری سەرۆك وەزیرانی چین، بە میدیا رەسمیەكانی وڵاتەكەی ...