سەرەکی » مانشێت » به‌خێرهاتن بۆ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستی‌ دوای‌ داعش

به‌خێرهاتن بۆ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستی‌ دوای‌ داعش

حه‌سه‌ن حه‌سه‌ن*

و: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید

رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ كه‌ به‌ داعش ناسراوه‌ ماوه‌ی‌ رابردوو ڤیدیۆیه‌كی‌ تایبه‌ت به‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی‌ بڵاو كرده‌وه‌، كه‌ تیایدا له‌گه‌ڵ سێ كه‌س كۆبوونه‌وه‌ ده‌كات‌و شوێنه‌كه‌ش ژوورێكی‌ ته‌قلیدی‌ عه‌ره‌بییه‌. ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جاره‌ به‌غدادی‌ ده‌ربكه‌وێت له‌ دوای‌ ئه‌و جاره‌وه‌ كه‌ ساڵی‌ 2014 له‌ مینبه‌ری‌ مزگه‌وتێكی‌ دێرینی‌ دوو سه‌د ساڵه‌ی‌ موسڵ ده‌ركه‌وت‌و خۆی‌ وه‌ك خه‌لیفه‌ ناساند. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بڵاو كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌‌و له‌م كاته‌دا، ته‌نیا په‌یامێكی‌ ساده‌ نه‌بوو كه‌ بیه‌وێ بڵێ ئه‌وه‌تام ماوم‌و زیندوم، چونكه‌ ده‌كرا گروپه‌كه‌ی‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ئاسانتر ئه‌و بابه‌ته‌ روون بكاته‌وه‌‌و به‌ جیهانی‌ رابگه‌یه‌نێت بێئه‌وه‌ی‌ مه‌ترسی‌ بۆ سه‌ر ژیانی‌ دروست بكات، له‌ كاتێكدا كه‌ هێشتا هێزی‌ هاوپه‌یمانان به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كانی‌ عیراق‌و سوریادا هه‌ن، به‌ڵكو په‌یامه‌كه‌یان زۆر له‌وه‌ فراوانتره‌‌و به‌ر له‌ هه‌موو شتێكیش راگه‌یاندنی‌ خواستی‌ گروپه‌كه‌یه‌ بۆ ناوچه‌یه‌كی‌ جوگرافی‌ زۆر گه‌وره‌تر‌و فراوانتر.
له‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌و ڤیدیۆیه‌دا ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی‌ شێلگیرانه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ رێكخراوه‌كه‌یان وه‌رزێكی‌ نوێ‌و ژیانێكی‌ نوێ ده‌ست پێده‌كات‌و تۆڵه‌ی‌ هه‌موو ئه‌و زیانانه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ شه‌ڕه‌كانی‌ ئه‌م دواییانه‌دا له‌ سوریا‌و عیراق لێیان كه‌وتووه‌. هه‌ر له‌ ڤیدیۆكه‌دا به‌غدادی‌ شانازی‌ به‌وه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر ئه‌ندامی‌ تازه‌ له‌ جیهادییه‌كانی‌ بۆركینا فاسۆ‌و ئه‌فغانستان‌و سریلانكا چوونه‌ ریزی‌ رێكخراوه‌كه‌یه‌وه‌‌و به‌یعه‌تیان بۆ داوه‌، باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ رێكخراوه‌كه‌یان چه‌ندان لقی‌ تازه‌ی‌ كردۆته‌وه‌ یه‌كێك له‌و لقانه‌ش له‌ توركیایه‌.
بوونی‌ ئه‌و لقانه‌ له‌ وڵاتانی‌ دوور‌و تازه‌ كردنه‌وه‌ی‌ په‌یمان بۆ داعش، له‌ كاتێكدا خه‌لافه‌ته‌كه‌ی‌ داعش له‌ سوریا‌و عیراق شكستی‌ هێنا‌و رووخا، به‌ سه‌ركه‌وتنێكی‌ گه‌وره‌ داده‌نرێت‌و ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ش كه‌ ئه‌و رێكخراوه‌ ئاماده‌ ئه‌و تیرۆره‌ی‌ له‌ عیراق په‌ره‌ی‌ پێدا هه‌نارده‌ی‌ بكات ناوچه‌یه‌كی‌ زۆر فراوانتر كه‌ له‌ هیندستانه‌وه‌ تا خۆرئاوای‌ ئه‌فریقا ده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ حوكمداریی‌و خه‌لافه‌ته‌وه‌ ده‌گۆڕێت بۆ یاخیبوون‌و كرده‌وه‌ی‌ تیرۆریستی‌، وه‌ك ئاماژه‌یه‌كیش بۆ سه‌ركه‌وتنیان ئه‌وه‌ بوو ئه‌و گروپه‌ مانگی‌ رابردوو یه‌كه‌م هێرشی‌ تیرۆریستی‌ خۆیان له‌ كۆماری‌ كۆنگۆی‌ دیموكراسی‌ ئه‌نجام دا‌و له‌ سریلانكاش چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا.
ئه‌م ئاراسته‌ نوێیه‌ ناكرێ كوتوپڕ بێ‌و پێمان سه‌یر بێت، چونكه‌ له‌ 2016وه‌ ئاماده‌كاریی بۆ ده‌كرێت، هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ به‌ وتاره‌كانیاندا دیاربوو، لقه‌كانی‌ سه‌ر به‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ واته‌ داعش تا راده‌یه‌كی‌ زۆر هاوشێوه‌ی‌ رێكخراوه‌ مه‌ركه‌زییه‌كه‌ كاریان ده‌كرد، بۆ نموونه‌ له‌ سینا‌و ئه‌فغانستان، ئه‌و لقانه‌ ئایدۆیۆلۆژیای‌ تایه‌فی‌‌و په‌لاماردانی‌ تایه‌فه‌كانی‌ دیكه‌یان گرته‌به‌ر وه‌ك مه‌سیحییه‌كان‌و شیعه‌، ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ هه‌مان ئه‌و میتۆد‌و به‌رنامه‌یه‌یه‌ كه‌ ئه‌و گروپه‌ له‌ ساڵی‌ 2003وه‌ له‌ عیراق په‌یڕه‌وی‌ ده‌كه‌ن. دواتر رێكخراوه‌كه‌ هه‌ندێكی‌ كادری‌ كۆن شاره‌زای‌ خۆی‌ نارد بۆ ئه‌و لقانه‌ بۆ هاوكارییان له‌ به‌ڕێوه‌بردندا، وادیاره‌ داعش به‌ شێوه‌یه‌كی‌ سه‌ركه‌وتوانه‌ ئه‌و لقه‌ دووره‌ده‌ستانه‌ی‌ داڕشتووه‌‌و له‌ قاڵبی‌ داوه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ش وای‌ كردووه‌ ئه‌و لقانه‌ به‌ باشی‌ كۆنترۆڵ بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ عیراق‌و سوریاش له‌ بارودۆخێكی‌ خراپدایه‌.
به‌و كرده‌وه‌یه‌شی‌ داعش ئه‌و ماركه‌ بازرگانییه‌ جیهادییه‌ تایبه‌ته‌ی‌ خۆی‌ كه‌ له‌ عیراق دروستی‌ كرد هه‌نارده‌ ده‌كات، ئه‌و ماركه‌یه‌ی‌ كه‌ به‌ دڕنده‌‌و تایه‌فه‌گه‌ری‌ ناسراوه‌‌و هیچ جۆره‌ ئاگربه‌ست‌و رێكه‌وتنێك قبوڵ ناكات‌و ته‌نانه‌ت له‌ رێكخراوی‌ ئه‌لقاعیده‌‌و تاڵیبانیش دڕنده‌تره‌. له‌ میسر له‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوودا ئه‌و گروپه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر كرده‌وه‌ی‌ تیرۆریستییان به‌رامبه‌ر به‌ قیبتییه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ ئه‌نجام دا، له‌ ئه‌فغانستانیش كه‌م نه‌كرد به‌رامبه‌ر به‌ شیعه‌كان، به‌ تایبه‌ت له‌ هێرش كردنه‌ سه‌ر خه‌ڵكی‌ مه‌ده‌نی‌ شیعه‌ له‌ هه‌ر یه‌ك له‌ ئه‌فغانستان‌و یه‌مه‌نیش. ئه‌و رێكخراوه‌ ته‌نانه‌ت له‌ راگه‌یاندنه‌كانیاندا باسی‌ هۆكاری‌ كوشتنه‌كه‌ش ناكه‌ن، چونكه‌ هه‌ركه‌سێك شیعه‌ بێت ئه‌وه‌ ئامانجێكی‌ ره‌وای‌ گروپه‌كه‌‌و پرسیاری‌ ناوێ، ئه‌م ره‌فتاره‌ ته‌نانه‌ت له‌ ناو گروپه‌ جیهادییه‌كانی‌ دیكه‌شدا ره‌فتارێكی‌ ئاسایی نییه‌.
له‌ تێڕوانینی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامییه‌وه‌، ستراتیژی‌ زیاد كردن‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ دڕنده‌یی‌و وه‌حشیگه‌ریی‌و تایه‌فی‌ زۆر زه‌قه‌‌و چالاكانه‌ش به‌كاری‌ هێناوه‌، هه‌ر ئه‌و ستراتیژه‌‌و ئه‌و جۆره‌ بیركردنه‌وه‌یه‌ یارمه‌تی‌ دا كه‌ له‌ دوای‌ تێكشكانی‌ له‌ 2008دا له‌ عیراق، دووباره‌ هه‌ستێته‌وه‌‌و له‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌دا پێكهاته‌كانی‌ دژی‌ یه‌كتر هاندا‌و وای‌ لێكردن په‌لاماری‌ په‌رستگه‌‌و شوێنه‌كانی‌ خواپه‌رستی‌ یه‌كتر بده‌ن، وای‌ له‌ دانیشتوانی‌ ناوچه‌كه‌ كرد له‌ حكومه‌ت یاخی‌ بن‌و هاوكاری‌ نه‌كه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌و ركابه‌ره‌ ناوخۆییانه‌ی‌ هه‌بوون‌و ئه‌گه‌ری‌ مه‌ترسییان بۆ سه‌ر رێكخراوه‌كه‌ هه‌بوو له‌ داهاتوودا راوه‌دووی‌ نان، له‌و كاته‌شدا كه‌ داعش توانی‌ ده‌ست به‌سه‌ر یه‌ك له‌سه‌ر سێی‌ عیراقدا بگرێت، به‌ جۆرێك خۆی‌ قایم كرد‌و خۆی‌ جێگیر كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ هێزێك بێت توانای‌ مانه‌وه‌‌و فراوان كردنی‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وی‌ خۆی‌‌و شه‌ڕی‌ دژی‌ حكومه‌ت بكات، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوچه‌یی سه‌لماندی‌ كه‌ راست بوو، جێگه‌ی‌ مشتومڕ نه‌بوو.
ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی‌ له‌ لێدوانه‌كه‌یدا‌و له‌ تێبنییه‌كانیدا ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ كرد، كه‌ ستراتیژی‌ گروپه‌كه‌ی‌ له‌ پێناو مانه‌وه‌دا بریتییه‌ له‌ خوێنڕشتن، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م سیاسه‌ت‌و ستراتیژه‌ی‌ رایگه‌یاندووه‌ تازه‌ نییه‌ بۆ ئه‌وانه‌ش كه‌ ئاگاداری‌ كار‌و كرده‌وه‌كانی‌ ناوبراون شتێكی‌ سه‌یر یان جێی‌ سه‌رسوڕمان نییه‌، پێشتریش هه‌ر كاری‌ خوێنڕشتن بووه‌‌و ریكلام‌و پڕوپاگه‌نده‌ی‌ گروپه‌كه‌شی‌ له‌و كاته‌وه‌ كه‌ ورده‌ ورده‌ بنكه‌‌و باره‌گا گه‌وره‌كانی‌ له‌ ده‌ست دا، واته‌ سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هه‌ر خوێنڕشتن بووه‌.
بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌وه‌ تێبگه‌ین كه‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ هه‌نگاوی‌ دواتری‌ روو له‌ كوێیه‌‌و به‌ره‌و كوێ ده‌چێت، گرنگه‌ وردبینانه‌ چاوێك به‌و ستراتیژ‌و یارییه‌ درێژخایه‌نه‌دا بخشێنین كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ گرتوویه‌ته‌به‌ر‌و بووه‌ هۆی‌ ده‌ركه‌وتن‌و سه‌ركه‌وتنی‌، نه‌ك ته‌نیا له‌وه‌ ورد بینه‌وه‌‌و بڕوانین كه‌ ئه‌م رێكخراوه‌ له‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوودا چی‌ كردووه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ ده‌ستبه‌سه‌را گرتنی‌ زه‌وی‌‌و زار‌و فراوان كردنی‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وی‌ خۆی‌.
مێژووی‌ سه‌رهه‌ڵدان‌و هه‌ڵكشانی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ له‌سه‌ر خۆڵه‌مێش‌و سوتماكی‌ عیراقی‌ دوای‌ 2008وه‌ گه‌شایه‌وه‌‌و ئه‌مه‌ش له‌ هه‌ر شتێك زیاتر بیركردنه‌وه‌ی‌ داعشی‌ ته‌نیوه‌‌و له‌وه‌شدا به‌ روونی‌ ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ زوو زوو ئاماژه‌ به‌ ئه‌زموونی‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ ده‌كه‌ن كه‌ چۆن به‌ درێژایی سێ ساڵ به‌و جۆره‌ كاریان كردووه‌‌و بڵاوكراوه‌‌و به‌یاننامه‌یان بڵاو كردۆته‌وه‌. بارودۆخی‌ ئێستای‌ گروپه‌كه‌ش زۆر هاوشێوه‌ی‌ ئه‌و ماوه‌یه‌یه‌، به‌ڵام له‌ جوگرافیایه‌كی‌ فراوانتردا، هه‌ر ئه‌مه‌ش هانی‌ داوه‌ كه‌ هه‌مان پلان‌و هه‌مان ستراتیژ دووباره‌ بكاته‌وه‌، چونكه‌ به‌م ستراتیژه‌ ئه‌و كات توانی‌ ركابه‌ره‌كانی‌ له‌ناو ببات‌و له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆیی جێپێی‌ خۆی‌ قایم بكات‌و له‌ كۆتایی یارییه‌كه‌دا وا خۆی‌ پیشان بدات كه‌ دواهه‌مین ئاڵایه‌ كه‌ شه‌ڕی‌ دژی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ بكات.
له‌ عیراق‌و سوریاش له‌ ساڵی‌ 2016 گروپی‌ داعش گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر هه‌مان شێوازه‌ كۆنه‌كه‌ی‌ خۆی‌، ئه‌ویش شێوازی‌ تیرۆر كردن‌و له‌ناوبردنی‌ سه‌ركرده‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ بوو، له‌گه‌ڵ كڕینی‌ ناوچه‌كه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆیی‌و چاندنی‌ شانه‌ی‌ نوستوو بۆ ئه‌نجامدانی‌ پرۆسه‌‌و كاروباره‌ نهێنییه‌كانی‌، ئه‌و پرۆسه‌‌و چالاكیانه‌ی‌ ته‌نها بۆ دژایه‌تی‌ كردن‌و شه‌ڕ له‌گه‌ڵ دوژمنه‌كانیدا نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ چۆڵ كردنی‌ ناوچه‌كه‌ش بوو له‌ هه‌ر ركابه‌رێك كه‌ بیه‌وێ جێگه‌ی‌ بگرێته‌وه‌. ورده‌كاری‌ ئه‌م تاكتیكه‌ مانگی‌ كانونی‌ یه‌كه‌می‌ 2009 له‌ پلانێكدا‌و له‌ ماڵپه‌ڕ‌و مونته‌دا جیهادییه‌كان‌و له‌ رێگه‌ی‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ بڵاو كرایه‌وه‌.
ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی‌، ناوی‌ راسته‌قینه‌ی‌ ئیبراهیم عه‌واد عه‌لی‌ ئه‌لبه‌در ئه‌لسامه‌رائییه‌، به‌ڵام به‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی‌ ناسراوه‌، خوێندنی‌ له‌ به‌غدا ته‌واو كردووه‌، ساڵێك له‌ ئاماده‌یی ماوه‌ته‌وه‌‌و دواتر خوازیاری‌ خوێندنی‌ یاسا‌و زانستی‌ زمانه‌وانی‌ بووه‌، به‌ڵام له‌به‌ر كه‌میی‌ نمره‌كانی‌ له‌ كۆلێژی‌ شه‌ریعه‌ وه‌رگیراوه‌، ماسته‌ر‌و دوكتۆرای‌ له‌ شێوازی‌ قورئان خوێندندا هێناوه‌، ئیمام‌و خه‌تیبی‌ یه‌كێك له‌ مزگه‌وته‌كانی‌ به‌غدا بووه‌ تا پرۆسه‌ی‌ ئازادی‌ له‌و مێژووه‌ به‌ دواوه‌ به‌رپرسی‌ چالاكییه‌كانی‌ رێكخراوی‌ ئه‌لقاعیده‌ بووه‌ له‌ عیراق به‌ ناوی‌ ئه‌میری‌ ئه‌لقاعیده‌ له‌ ده‌وڵه‌تی‌ عیراقی‌ ئیسلامی‌. یه‌كه‌م هه‌نگاوی‌ فراوانخوازییه‌كانی‌ به‌ره‌و سوریا ئه‌وه‌بوو یه‌كێتی‌ نێوان ده‌وڵه‌تی‌ عیراقی‌ ئیسلامی‌‌و به‌ره‌ی‌ نوسره‌ له‌ شام كه‌ رێكخراوێكی‌ ئیسلامی‌ بوو له‌ سوریا‌و ئه‌و یه‌كگرتنه‌شی‌ ناو نا ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ له‌ عیراق‌و شام، ئه‌وه‌ بوو كورتكراوه‌ی‌ ناوه‌كه‌ی‌ به‌ (داعش) ناسرا‌و بڵاو بۆوه‌، به‌ڵام زۆری‌ پێنه‌چوو ئه‌بو محه‌مه‌دی‌ جۆلانی‌ ده‌نگێكی‌ تۆمار كراوی‌ بڵاو كرده‌وه‌‌و وه‌ڵامی‌ دایه‌وه‌‌و راگه‌یاندنی‌ ئه‌و یه‌كێتییه‌ی‌ ره‌ت كرده‌وه‌.
دوای‌ زنجیره‌یه‌ك چالاكی‌‌و كرده‌وه‌ی‌ تیرۆریستی‌، وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ رۆژی‌ چواری‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2011دا گروپه‌كه‌ی‌ ئه‌بوبه‌كری‌ به‌ تیرۆریست ناساند‌و بڕی‌ 10 ملیۆن دۆلاریشی‌ بۆ هه‌ر كه‌سێك ته‌رخان كرد كه‌ زانیاری‌ بدات‌و یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ ده‌ستگیر كردنی‌، 2016 ئه‌مریكا ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی‌ زیاد كرد بۆ 25 ملیۆن دۆلار. له‌ رۆژی‌ 29ی‌ حوزه‌یرانی‌ 2014دا رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ له‌ عیراق‌و شام، واته‌ داعش دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ راگه‌یاند‌و ئه‌بوبه‌كر به‌غدادیش بوو به‌ خه‌لیفه‌ی‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌. تا ئێستا چه‌ند جارێك راگه‌یه‌نراوه‌ گوایه‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی‌ له‌ هێرشی‌ ئاسمانی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكادا پێكراوه‌ یان له‌ ناو چووه‌، به‌ڵام له‌ 2015دا ده‌ركه‌وته‌وه‌‌و ئه‌و هه‌واڵانه‌ به‌ درۆ كه‌وتنه‌وه‌، له‌ شه‌ره‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ عیراق‌و سوریاشدا كه‌ داعش تیایدا شكستی‌ هێنا ئه‌بوبه‌كر ده‌نگی‌ نه‌ما، به‌ڵام به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ڤیدیۆكه‌ی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ ده‌ركه‌وت كه‌ سه‌ركرده‌ی‌ ئه‌و گروپه‌ تیرۆریسته‌ هێشتا ماوه‌‌و بگره‌ پلانی‌ درێژخایه‌ن‌و فراوانخوازی‌ زیاتریشی‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ پانتاییه‌كی‌ جوگرافی‌ گه‌وره‌تر.

*گۆڤاری‌ فۆرین پۆلیسی‌ ئه‌مریكی‌

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەمڕۆ وەفدێكی باڵای حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات

״گفتوگۆ لەبارەی دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر ...