سەرەکی » وەرزش » قۆناغی سێیه‌می پاڵه‌وانێتی جیهانی تیروكه‌وان به‌ڕێوه‌چوو

قۆناغی سێیه‌می پاڵه‌وانێتی جیهانی تیروكه‌وان به‌ڕێوه‌چوو

هه‌ریه‌ك له‌ هه‌ڵبژارده‌كانی دانیمارك و ئه‌مریكا پله‌ی یه‌كه‌می قۆناغی توركیای پاڵه‌وانێتی جیهانی تیرو كه‌وانیان به‌ده‌ستهێنا كه‌ به‌ جامی جیهانی هیوندای ناسراوه‌.
شاری ئه‌نتالیا میوانداری قۆناغی سێیه‌می پاڵه‌وانێتی جیهانی تیروكه‌وانی كرد كه‌ سه‌ره‌تا پاڵه‌وانێتی تیپ بۆ ئاستی كوڕان و كچان به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا له‌سه‌ر ئاستی كچان هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌مریكا روبه‌ڕوی هه‌ڵبژارده‌ی‌ روسیا بوونه‌وه‌.
له‌م پاڵه‌وانێتییه‌دا هه‌ر تیپه‌و له‌ 3 یاریزان پێكهاتووه‌و ئه‌و تیپه‌ی زۆرترین خاڵ كۆبكاته‌وه‌ پله‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ستده‌هێنێت و ئه‌مریكیه‌كانیش توانیان 230 خاڵ كۆبكه‌نه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ 226 خاڵ بۆ هه‌ڵبژارده‌ی‌ روسیا، به‌مه‌ش ئه‌مریكا سێیه‌م میدالی له‌ پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ برده‌وه‌ كه‌ دووه‌م قۆناغیشه‌ پله‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ست ده‌هێنن.
له‌سه‌ر ئاستی كوڕانیش یاری كۆتایی له‌نێوان هه‌ڵبژارده‌ی‌ دانیمارك و توركیا به‌ڕێوه‌چوو.
یارییه‌كه‌ ركابه‌ری به‌هێزی له‌ نێوان هه‌ردوو تیپ به‌خۆوه‌ بینی و له‌ كۆتایشدا دانیمارك به‌ 232 خاڵ به‌رامبه‌ر به‌ 230 خاڵ پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێنا.

ركابه‌ریه‌كانی ئاستی تاك
دوای كۆتایی هاتنی ركابه‌ریه‌كانی ئاستی تیپ ركابه‌ریه‌كانی ئاستی تاك له‌ قۆناغی توركیای پاڵه‌وانێتی جیهانی تیروكه‌وان ده‌ستی پێكرد.
سه‌ره‌تا له‌سه‌ر ئاستی تاكی كچاندا ئه‌لێكسیس رویزی ئه‌مریكی روبه‌ڕوی دانێل وینتزالی ئه‌فریقای باشووری بۆوه‌.
دوای چه‌ند قۆناغێك یاریكردن یاریزانه‌ ئه‌فریقای باشووریه‌كه‌ توانی 114 به‌ 141 سه‌ركه‌وتن تۆماربكات و میدالی ئاڵتونی بباته‌وه‌.
له‌سه‌ر ئاستی تاكی كوڕانیش دا كریس شافی ئه‌مریكی و روربه‌ڕوی جه‌یمس لوتزی هاونیشتمانی بۆوه‌.
دوای ركابه‌ریه‌كی به‌هێز له‌ نێوان هه‌ردوو یاریزان له‌ كۆتاییدا لوتز توانی 150 به‌ 149 خاڵ سه‌ركه‌وتنی تۆماركرد.

 16 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*