سەرەکی » دۆسێ » هۆكارەكانی هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤێت رێكەوتننامەی بیڵۆژیسكی یان ناكۆكییە ناوخۆییەكان؟

هۆكارەكانی هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤێت رێكەوتننامەی بیڵۆژیسكی یان ناكۆكییە ناوخۆییەكان؟

پەیڤێک
لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە لە وڵاتە ساردەکەی رووسیاوە ، شۆڕشێکی گەرم و سووری کۆمۆنیستی سەریهەڵداوەو لە ماوەیەکی کەمدا تەواوی دونیای هەژاند. بڵێسەی ئەم ئاگرە سوورە لەم وڵاتە ساردەدا، هەتا حەفتا ساڵ بە گەرمیی و سووری مایەوە. لە پاش جەنگی دووەمی جیهانیشەوە، مۆسکۆ بووە جەمسەرێکی گەورەی جیهان و لەگەڵ زلهێزێکی تردا لە تەواوی جیهاندا کەوتە ململانێیەکی سەختەوە کە ئەویش ئەمریکا بوو. لە جەنگەڵەکانی ڤێتنامەوە و بۆ چیا سەختەکانی ئەفغانستان و پاشان بۆ سەحرای عەرەب، هەردوو زلهێزەکە ماوەیەکی زۆر جیهانیان لە نێوان خۆیاندا دابەشكرد و جەنگێکی ساردیان بەرپاکرد.
لێ پاش حەفتا ساڵ، یەکێتی سۆڤێت لەپاییزی تەمەنی نزیک بۆوە، لەسەر دەستی سەرۆکەکەیەوە، بڵێسەی ئاگری ئەم زلهێزە کوژایەوەو داڕمانی ئیمپراتۆریەتە سوورەکەی راگەیاند.
وا بۆ نزیکەی 28 ساڵێک دەچێت، رووخانی یەکێتی سۆڤێت، تەواوی جیهانی بەخۆوە خەریکردووە، سەدان و کتێب و لێکۆڵینەوەی هەمەجۆر و بە زمانی جیاواز، لەمبارەیەوە نووسراون. هۆکارەکانی داڕمانی ئەم زلهێزە گەورەیە‌ی جیهان، هەتاوەکو ئێستا مایە‌ی قسە لەسەرکردن و شرۆڤەکردنە. ئایا هۆکارە ناوخۆییی و دەرەکییەکان کامانە بوون، کە بوونە هۆی داڕمانی یەکێک لە زلهێزە مەزنەکانی جیهان لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا.
لە کوردستانی نوێ، پێمان باشبوو ئەم دۆسێیە تایبەت بکەین، بە هۆکاری داڕمانی ئەم زلهێزەی جیهان، هەرچەندە قسەکردن لەبارەی ئەم مەسەلە گەورەیەوە، لێکۆڵینەوەو کاتی زۆری دەوێت و تەنها لە دۆسێیەکی چوار لاپەڕەییدا، ناتوانین تەواوی هۆکارەکان دەربخەین، بەڵام هیوادارین لەمبارەیەوە کەمێک زانیاری بە خوێنەرانی ئازیزمان بدەین و لە داهاتووشدا لێکۆڵینەوەی زیاتری لەسەر بکەین.
دۆسێ

سوارە شاکەلی

هەر چەندە هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سوڤیەتی پێشوو زۆر خوێندنەوە و شیکردنەوەی لەسەر کراوە و تا هەنوکەش لە ڕوی مێژووییەوە زۆر خوێندنەوەی بۆدەکرێت و لای زۆرێك لە شارەزایان دوو پرسیار دەمێنێتەوە لەو کاتەوە تا ئەمڕۆش جێگای مشتومڕە، ئایا یەکێتی سۆڤیەت لە ئەنجامی مایەپووچ بوونی ئابوریەکەیدا هەڵوەشایەوە؟ یان ناکۆکیە نێوخۆییەکان بوونە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی کۆمارە یەکگرتووەکانی یەکێتی سۆڤیەت؟
لەم ڕووەوە یەکەمین ڕێککەوتن کە باس لە هەڵوەشاندنەوە یەکێتی سۆڤیەت دەکات دەگەرێتەوە بۆ ناوچەی بێڵۆژێڤسکی کە دەکەوێتە نزیك سنوری نێوان چیک و بیلاروسیا-وە دواتریش هەر بەو ناوەوە ناسرا ڕێککەوتنەکە، لە نێوان سەرکردەی هەرسێ کۆمارە سەرەکیەکەی دامەزرێنەری یەکێتی سوڤیەتەوە کە ئەوانیش بۆریس یەڵسن-رووسیا، ستانتسڵاڤ شوشاکێڤیچ- بیلاروسیا و لیۆنید کراڤچوك- ئۆکرانیا. کەدان بە سەربەخۆیی وڵاتەکانیاندا دەنێت و وەك وڵاتی سەربەخۆی دۆست ناوی یەکدیدێنن، کە ئەمەش سەرەتای هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئیمپراتۆریەتە گەورەیەیە کە نزیکەی ٧٤ساڵی توانی لە ململانێدابێت لەگەڵ سیستەمی سەرمایەداریدا و بەیەكێك لە تاقیکردنەوە مەزنەکانی مێژووی مرۆڤایەتی دادەنرێت لە پێناو بەگژدا چونەوەی سیستەمی چینایەتی لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا، کە نەك نەیتوانی ئامانجەکانی بپێکێت بەڵکو بەماوەیەکی زۆر پێش ئەوەی شکستبهێنێت،بەتەواوەتی لەو ئامانجانەی کە لە پێناویدا دروست بوو بە تەواوەتی دوورکەتەوە.
بۆ زیاتر بە ئاشنابوون بە سەرەتای هەڵوەشاندنەوەی ئەم هێزە پێویستە گوزەرێكی خێرا بە مێژووی سەرکردایەتی کردنی سۆڤیەتدا بکرێت لە پاش مردنی ستالینەوە تادەگاتە سەردەمی گۆرباچۆڤ.
پاش مردنی ستالین قۆناغێکی نوێ هاتەکایەوە کە هەم سیاسەتی بەڕێوەبردن و هەم دەسەڵاتداریکردنی سۆڤێتەت تووشی بارودۆخێکی چاوەڕوان نەکراو هاتن. ستالین تا کۆتایی ڕۆژەکانی ژیانی وڵاتی هەر لەشێوەی سەردەمی جەنگی جیهانی-دا بەڕێوە دەبرد، بەمانایەکی تر هەموو تاکێكی سوڤیەت خرابووە خزمەتی دەوڵەتەوە بەڵام ڕیفۆرمەکان زۆر بەکەمی دەخرانە بواری جێبەجێکردنەوە بۆیە سەرباری ئەوەی کە جەنگ بەشی ڕۆژئاوای وڵاتی تا نزیك مۆسکۆ بەتەواوەتی وێرانکردبوو لەگەڵ ئەمەش-داگۆڕانکاریەکیان زۆر نەبوون بەڵام هیوابەخشبوون.
ئەو ماوە درێژەی حوکمداری ستالین و دوو دڵی لە سەرکردایەتی حزب و دەسەڵاتدارانی نزیکی و لە ناوبردنی دەیان کەسایەتی بە توانا کە کارێکی کرد لە کۆتایدا لەپاش مردنی ستالین زیاتر لە ساڵ و نیوێکی پێبچێت ئەو جا میراتگرێکی بەتوانا و لێزان بتوانێت جێگای ستالین بگرێتەوە کە ئەویش خرۆشۆڤ بوو، بە سوود وەرگرتن لە بەگژدا چوونەوەی ستالین و کارەکانی توانی شەپۆلیكی لایەنگری ڕیفۆرم درووست بکات و ڕابەری بێت هەربۆیەش توانی لە نێوان ساڵانی 1955 تاوەك 1964 حکومداری وڵات بکات و قۆناغێکی نوێ بنیادبنێت ئامانجەکانی دامەزراندنی سۆڤیەت لە ترس و داپڵۆسین و کوشتار و دوورخستنەوە بگۆڕێت بۆ تەماشاکردن و هیوابوون بەئایندە. سەرباری هەموو کەموو کوڕیەکان توانی گڕوتینێکی باش بداتە سۆڤیەت و هەوڵبدات سۆڤیەت بەرەو ئاراستەی گۆڕانکارییەکان و پێشکەوتن پەلکێش بکات، تا دواڕۆژەکانی سەردەمی حکومداری داینەمۆی داهێنان و گۆڕانکاری بوو،بەڵام پاش ئەو کودەتایەی کە لەلایەن سەرکردایەتی حزبەوە کرایە سەری و لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و برێژنێڤ جێگای گرتەوە، ئیدی ئاراستەی کۆمەڵگا و حکومەتی سۆڤیەتی بە ئاقارێکی جیاوازدا براو زۆرێك لە شکستەکان بۆ سەردەمی هەژدە ساڵەی فەرمانڕەوای برێژنێڤ دەگەرێتەوە.
سەردەمی برێژنێڤ لە سەردەمی خرۆشۆڤ بەوە جیا دەکرێتەوە، کە حکومەت بڕوای بەوە بوو پێویست ناکات بەوشێوەیەی پێشوو بە دوای گۆڕانکاریەکاندا سەرگەردان بێت، ئەم سەردەمە هێندە کار دەکرا بۆ بەرهەمهێنانی چەک و سەرکوتکردنی نەیارانی یەکێتی سۆڤیەت و ململانێکانی لەگەڵ ئەمریکادا، بەهیچ شێوەیەك کار نەدەکرا لە سەر گونجاندنی پرینسیپەکانی سۆسیالیزم لەگەڵ جیهانی تازەدا، لەنێو رووسەکاندا ئەم سەردەمە بە وە ناسراوە کە برێژنێڤ هەمیشە دووبارەی دەکردەوە (سۆسیالیزم خراپ نییە ئەوەی بەدەستمانهێناوە کەم نی یە!) ئەمە ئیدی کارێکی کرد لە کۆتای سەردەمی برێژنێڤ و شوێنکەوتوانی ئەندرۆپۆڤ و چێرنێنکە، تاساڵی 1985 ئیدی یەکێتی سۆڤیەت ببێتە ئۆردوگایەکی زۆرملێ کە بەتەواوەتی وڵاتی لە جیهانی دەرەوە دوابکەوێت، جگە لە دەستگا هەواڵگیری و سەربازیەکان، کە هێشتا بە زۆرەملێ دڕێژەیان دەدا بەمانەوەی یەکێتی سۆڤیەت. لەگەڵ ساڵی 1985 دا کە گۆرباچۆڤ دەستەڵاتی گرتەدەست، ئیدی ئەوەی لەماوەی 74 ساڵی حکومی یەکێتی سۆڤیەتدا ڕووینەدابوو کەوتە مەیدانەوە، ئەویش ململانێ ناوخۆیەکانی کریملین ئیدی تەنها لەناو شوورای کرێملندا چارەسەر نەدەکرا، بە دوور لە چاوی ناحەزان و ڕاگەیاندنەکان، بەڵکو ململانێکانی یەڵسن و گۆرباچۆڤ گەیشتنە لوتکە گۆرباچۆڤ سەر باری سەر قاڵ بوونی بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێك تاوەكو بتوانێت یەکێتی سۆڤیەت لە قەیرانە یەك لە دوای یەکەکان دەربازبکات، بۆریس یەڵسنیش لەو پەڕی توانایدا لە هەوڵدابوو بۆدەسەڵات گرتنە دەست بەهەرنرخێک بێت و ڕزگارکردنی رووسیا لەو ژمارە زۆرەی کۆمارە سۆسیالستیەکان کە بە بڕوای ئەو جگە، لە زیادکردنی قورسی سەر شانی میللەتانی رووسیا، هیچ سودێکی ئەو تۆیان لێنەدەبینرا و پێی وابوو ئیدی هیچ چاکسازیەك بەفریای جیهانی سۆسیالیستی ناکەوێت تاوک و دەربازی بێت لە قەیرانەکان، ئەمە سەر باری ئەو ناکۆکیە تایبەتیانەی کە هەیبوو لەگەڵ گۆرباچۆڤ دا.
ناکۆکیەکانی نێوان گۆرباچۆف و یەڵسن هۆکاری سەرەکی هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت
١- دەسەلات گرتنە دەست لەلایەن گۆرباچۆڤەوە:
حوکمی درێژی برێژنێڤ قەیرانێکی قوڵی لە مۆسکۆدا هێنایە ئاراوە کە ئەویش نزیکردنەوەی ئەو کەسانەی کە نزیك بوون لە برێژنێڤەوە و جێگیرکردنیان لەسەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی حزبدا، و دوورخستنەوەی ئەو کەسانەی کە گوماندەکرا لە ئایندەدا ببنە ڕکابەری سیاسی برێژنێڤ لە ڕێگەی ناردنیان وەك بالوێزی یەکێتی سوڤیەت و دوورخستنەوەیان لە ناوەندەکانی بڕیار لە مۆسکۆ، لە سەرەتای ساڵانی هەشتادا ئەم هۆکارانە کارێکیانکرد چ لە ناو سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی حزبدا جگەلە سەرکردایەتی یەکی ماندوو و پیرهیچ کە گەنجێكی تازە پێگەیشتوو جێگای نەدەبوویەوە، پاش مردنی برێژنێڤ لە ماوەی تەنها سێ ساڵدا مردنی ئەندرۆپۆڤ و چێرنینکۆ، ئیدی مەکتەبی سیاسی بەیەکدەنگ هاوڕابوون لە سەر ئەوەی ئەو کەسەی دەبێتە ڕابەری یەکێتی سۆڤیەت ئەبێت کەسێكبێت تاڕادەیەك گەنج بێت و لەوە دڵنیابن کە بۆ ماوەیەك یەکێتی سۆڤیەت دووردەخاتەوە لە جەنجاڵی دەستنیسناکردنی سکرتێری نوێ-دا.
لەو نێوەندەدا تەنها سەرکردەیەکی گەنج پاش مردنی برێژنێڤ جێگیر کرابوو لە مەکەتەبی سیاسیدا گۆرباچۆڤ بوو، بەڵام لە هەر لەو سەردەمەدا زیاتر لە دەیان سەرکردەی گەنجی سۆڤیەتی هەبوون کە دوور خرابوونەوە لە ژێر ناونیشانی باڵوێز لە وڵاتانی دەرەوەی سۆڤیەتدا، سەرباری ئەو بیروڕایانەی کە هەبوون بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکێکی گەنج هێشا دوو بەربەستی کاریگەر لەپێش گۆرباچۆڤدا بوون ئەوانیش گرێشین ڤیکتۆر ڤاسێلێڤیچ بەرپرسی سەربازی و ناسرابوو بەوەی کە مرۆڤێکی بەزەبرو زەنگ بوو، بەڵام لای هەموان ئاشکرابوو کە ئەو جگەلەوەی ئەندامی مەکتەبی سیاسیە تەمەنی 75 ساڵی تێپەڕاندووە و ناشتوانێت ڕێبەرایەتی ئایدۆلۆژیایەک بکات تا سۆڤیەت لەو قەیرانە بێشومارانە دەربازبکات کە بەرۆکی مۆسکۆی گرتبوو.
هەروەها ئەوانەی لە نێوان مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیش دا دژایەتیان دەکرد ژمارەیان کەم نەبوو، کەسێکی تر کە لە پێشبڕکێدابوو بۆ پۆستی سکرتێری حزبی شوعی ئەندرێی گرامیکین لەم کاتەدا ئەویش چووبووە ناو ساڵەوە جگە لە ئەندامێتی مەکتەبی سیاسی وەزیری دەرەوەی یەکێتی سۆڤیەت بوو تەنها کەسێکیش بوو لە نێوان سەرکردە سۆڤیەتیەکاندا کە توانای ئەوەی هەبوو بە چەند زمانێكی بیانی قسەبکات، ئەوەی ڕۆڵی سەرەکی لە یەکلاکردنەوەی ئەم ململانێ سەختە بۆ سکرتێری گشتی حزبی شوعی دا هەبوو، پریماکۆڤە کە توانی لە دواین ساتەکانی دەستپێکردنی گۆنگرەدا، گرامیکین ڕازیبکات بەوەی کە پشتگیری گۆرباچۆڤ بێت.
بەمەش یەکێك لە لاوازترین ئەندامەکانی مەکتەبی سیاسی توانی دەسەڵات بگرێتەدەست، کە لەوکاتەدا گەشتبووە ئەو بڕوایەیەی کە دووبارە پێویست دەکات سیستەمی ئابوری و حوکمداری سۆڤیەت بنیاتبنێرت کە لە جیهاندا بە (پیرۆسترۆیکا) ناوبانگی دەرکرد، لە دوایدا گرامیکین لە پاش ڕوخاندنی سۆڤیەت بەم شێوە باس لە و سەردەمە دەکات و دەڵێت:
(قەیرانەکان زۆر بوون پێویست بوو بۆ ماوەیەک دووربکەوینەوە لە کێشەی مردنی سکرتێرەکانی حزب، بەڵام زۆر پەشیمانم کە بەشداربووم لە هاوکاریکردنی لاوازترین کەس بۆ پۆستی سکرتێری حزب کە ئاکامەکەی وێرانکردنی سوڤیەت و هەڵوەشاندنەوەی بوو، گۆرباچۆڤ مرۆڤێکی ڕاڕا و لاواز بوو توانای بڕیاردان و بەرپرسیارێتی هەڵگرتنی نەبوو)
لەکاتێك دا گۆرباچۆڤ سەرقاڵی ڕیفۆرم و بەڕێوەبردنی گۆنگرە یەك لە دوای یەکەکان بوو کە هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆیان بەدەستنەدەهێنا، سێکتەرە داڕوخاوەکانی یەکێتی سۆڤیەت توانای بەرەوپێشچوون و بونیادنانەوەیان نەبوو. ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتای ساڵانی هەشتادا ئیدی سۆڤێت ئەو هێزە تۆقێنەرە نەبوو کە بتوانێت ببێتە هەڕەشە وەك لە سەردەمی خرۆشۆڤدا بەریەكکەوتن ڕوویدەدا، بەپێچەوانەوە سۆڤیەت ئەو ئیمپراتۆریەتە بوو کەهیچ ڕیفۆرمێك نەیدەتوانی نزیکی بکاتەوە لە جیهانی ڕۆژئاوا، هەرچی سەرکردەکانیشە ئەوا بە دڵنیاییەوە سەرباری بەدەستهێنانی پۆست و پلە و پایە و خۆشگوزەرانی هیچ شتێکیان بەلاوەگرنك نەبوو.

سەرەتای دەرکەوتنی بۆریس نیکۆلاێڤیچ یەڵسن

لەسەرەتای ساڵانی 1982-1984 یەڵسن وەک سیاسیەکی بەتوانا و خزمەتکەر دەرکەوت هەر ئەمەش وایکرد کەلەلایەن گۆرباچۆڤەوە بانگێشتکرا بۆ مۆسکۆ تاوەکو بتوانێت کۆتایی بەو ئاژاوە و ناکۆکیانە بهێنیت کە لە ناو ڕێکخستنەکانی مۆسکۆدا پەیدا بوو، هەر زوو یەڵسن وەك کەسایەتیەکی بە توانا دەرکەوت و لە کۆنفرانسی هەرێمایەتی ساڵی 1985دا، وەك سەرپەرشتیارلە مۆسکۆ دەستنیشانکرا و تەنها سەرکردەیەکی سۆڤیەتی بوو کە دەتوانرا ببینرێت لە ڕیزی هاوڵاتیانی ئاسایدا بۆ کڕینی خۆراك، کە ئەو کات لە مۆسکۆدا کڕینی ژەمێك خۆراك پێویستی بەوە هەبوو بە چەندین کاتژمێر چاوەڕوانبیت تاوەكو خۆراکی پێویست بەدەستبخرێت، بۆ ژەمێك خواردن ژمارەی خۆراکەکانی ناو فرۆشگاکان و بری کڕینی خۆراکەکەیش سنورداربوو بۆ هەموو کەسێك، جگە لە دەسەڵاتدارانی حزب و حکومەت.
بەڵام لە بەرواری 9/11/1987دا ، سەرپەرشتیاری یەکەمی ڕێکخستنەکانی شاری مۆسکۆ پاش ئەوەی دەچێتە ئۆفیسە تایبەتیەکەی خۆیەوە، پاش نیوسەعات بە برینداری دەدۆزرێتەوە و بەبێهۆشی دەگەیەنرێتە نە خۆشخانە، بەڵگە نامە فەرمیەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا بەم شێوەیە باس کراوە ( بەرپرسی یەکەمی ڕێکخستنەکانی مۆسکۆ پاش ئەوەی لە شوێنی حەوانەوەی خۆی بەهۆی نەخۆشیوە ئەبورێتەوە، دەکەوێت بەسەر ئەو مەقەستەی سەر مێزەکەیدا و برینداری دەکات) بەڵام لە ڕاسیدا ئەمە هەوڵی خۆ کوشتنی یەڵسن دەبێت کە لە نامەیەکدا داوای دەستنەکارکێشانەی لەمەکتەبی سیاسی و کارەکانی لە ناو حزبدا دەکات، کە دوابەدوای وتارێکی یەڵسن دێت، کەلە کۆنفرانسی ساڵانەی هەرێمەکاندا لە حەوتی هەمان مانگدا بەدوو ڕۆژ پێش ئەم رووداوە بەڕێوە دەچێت، لە وتاری بەرپرسیاری هەرێمایەتیدا یەڵسن ڕەخنە لە ریفۆرمەکانی گۆرباچۆڤ و پڕۆگرامی بونیادنانەوە دەگرێت کە هەرهەمان ڕۆژ دەنگدانەوەیەکی خێرای بەناو دانیشتوانی مۆسکۆدا دەبێت، کە زۆر توندی لەلایەن گۆرباچێڤەوە وەڵام دەدرێتەوە.
پاش ئەم ڕووداوە مەکتەبی سیاسی فشارەکانیان دەخەنە سەرگۆرباچۆفتاوەک و داواکاریەکانی یەڵسن قبوڵبکات، بۆیەگۆرباچۆفخۆی بە تەلەفۆن داوا لە یەڵسن دەکات بەشداری لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیدا بکات بەهەر نرخێك بێت، لەو کاسێتە تۆمار کراوانەی کە ساڵانێکی زۆر پاشتر بڵاوکرانەوە یەڵسن داوای لێبوردن دەکات لەگۆرباچۆفبەڵام هەموو ئەمانە ناتوانن یەڵسن بپارێزن لە توڕەی مەکتەبی سیاسی بۆیە داواکەی قبوڵدەکرێت و دووردەخرێتەوە لە کاری حزبی، لە بەرامبەردا پۆستێکی نوێی بۆ دا دەتاشرێت لەلایەن گۆر باچۆڤەوە بەیاریدەدەری دەستگای ئاوەدانکردنەوەی یەکێتی سۆڤیەت بەپلەی وەزیر.
تا ئەمڕۆش زۆرێك لە لێکۆڵەرەوەکان ئەو پرسیارە دەکەن، بۆ چی گۆرباچۆڤ یەڵسنی وەک باڵوێزێك نەناردە دەرەوەی سۆڤیەت؟ لە کاتێکدا ئەمە نەریتێکی سەرکردایەتی سۆڤیەت بوو بۆ دورخستنەوەی ململانێ سیسیەکان، لە کۆتایدا گۆرباچۆڤ لە وەڵامی ڕۆژنامە نوسێکدا دەڵێت:
– یەڵسن یەکێك بوو لە هەڵە گەورەکانی ژیانم.
•یەڵسنیش بەهەمان شێوە باس لە یادەوەریەکانی سەردەمی وەزارەتەکەی دەکات و دەڵێت: ماوەیەکی زۆر لە سەر لە چاوەڕوانی تەلەفونی هێلی کرێمل بووم لە ژوورەکەمدا تاوەک و گۆرباچۆڤ پەیوەندیم پێوە بکات بەڵام ئەو هەر تەلەفونی نەکرد، لەو ماوە درێژانەی چاوەڕوانی تەلەفوندا توانیم لە پەیوەندیەکانی نێوان خۆم و گۆرباچۆڤ قوڵببمەوە و تێبگەم کە دەکرێت چی چاوەروانیەک بکرێت لە گۆرباچۆڤ، ئەو کارەساتانە چین کە گۆرباچۆڤ لەدەستی دێت).
بەڵام بە سەرنجدان لە ڕووداوەکانی ساڵی 1987دا دەردەکەوێت کە یەڵسن زۆر چاوەڕوانکی نەکرد بەڵکو زۆر بەئەکتیڤی دەستی کرد بە بەشداری لە پلینوێمی هەرێمەکاندا کە لەیادی حەفتا ساڵای یەکێتی سۆڤیەت دا بە ڕێوەچوو، جارێکی تر دەرگا بۆ یەڵسن کرایەوە بە ئەکتیڤی بەشداری بکات و لەوێ زۆر بەئاشکرا ئاماژەی بەوە کرد کە بەخواستی خۆی حزبی بەجێهێشتووە، چونکە بۆچوونی حزب لە مەڕ چارەسەرکردنی کێشەکاندا زۆر کۆنە و ئیدی حزب توانای دەسەڵاتداریکردنی بەسەر حکومەتدا نی یە. سەرباری هەوڵی زۆری بۆ بەشداریکردنی بە وتارێك بەڵام ڕەتکرایەوە لە کۆتای ساتەکانی دەستپێکردنی کۆنفرانسکە بۆئەوەی ئاژاوە دروستنەکرێت سەرپەرشتیارانی کۆنفرانسەکە بڕیاریاندا یەڵسن قبوڵ بکەن وەك نوێنەری هەرێمی کارێلا (کە دەکەوێتە باکوری ڕوسیاوە)
توانی وتارەکەی پێشکەش بکات. لە بەرواری 28/6/ 1988 نۆزدەهەمین کۆنفرانسی حزبی شوعی بەڕێوەچوو، لەوێ یەڵسن بەم شێوەیە توانی بە وتارێك توانی بەشداربێت بەڵام بۆ خۆ دوورخستنەوە لە کێشە گۆرباچۆڤ، بریاریدا دەقی ووتارەکەی یەڵسن نەنێردرێت بۆ دەستگاکانی ڕاگەیاندن و بڵاو نەکرێتەوە.
لەم کۆنگرەیەدا یەڵسن بە زۆرینەی دەنگ وەك ئەندامی ئەنجومەن هەڵبژێردرا، کەلە ئیستای رووسیادا بە دووما ناو دەبرێت. کە ئەمە دەرفەتێکی تر بوو بۆ بڵاو بوونەوەی ناو بانگی یەڵسن. لە یادەوەریەکانی (پەڵتەرانین) کە سەرۆکی دەستەی نوسەرانی ڕۆژنامەی پڕاڤدە بوو ئاماژە بەوە دەکات کە بە نهێنی وتارێکی نووسی و بڵآویکردەوە بەناوی یەڵسنەوە کەلە وتارەکەیدا داواکردبوو ئیدی کۆتای بە چەوساندنەوەی میللەتانی سۆڤیەت بهێنی و پاش حەفتا ساڵ خەبات هیچ ڕێی تێناچێت چینی کرێکاران لە یەکێتی سۆڤیەتدا بەم شێوەیە بچەوسێنرێنەوە و لە خوار هێڵی هەژاریەوە بژین، کەئەم وتارە بەتەواوەتی یەڵسنی کرد بە قارەمان لە نێوان یەکێتی سۆڤیەتدا و دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو بەڵام پاش ماوەی ساڵێك دەقی ووتارەکەی یاسن بڵاو بوویەوە کە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ دەقی وتارە نوسراوەکەدا یەکی نەدەگرتەوە، ئەمەش ئیدی خۆری بەخستی گۆر باچۆڤ لەئاوابوندا بوو کە هیچ کاریگەریەکی نەبوو بڵاو کردنەوەی ئەو ڕاستیانە..
یەکێك لە هەنگاوە گرنگەکانی یەڵسن گەشتکردن بوو بۆ وولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی 1989 دا کە توانی چاوی بکەوێت بە بوشی باوك و توانی چەند ووتارێک پێشکەش بکات، بەڵام ئەوەی زیاتر سەرنجی یەڵسنی ڕاکێشاوە گەڕانەکانی بووە بە ناو بازارەکانی ئەمریکادا دواتر بەم شێوەیە باس لەو سەردەمە دەکات و دەڵێت:
(بۆ یەکەمینجار کاتێك چاوم کەوت بەو ژمارە زۆرەی خواردنە هەمە چەشنەکان بەبێ ئەوەی ڕێزیان بۆ بگیرێت و شەڕیان لە سەربکرێت ئەم دیمەنە زۆر ئازاریدام)
بەڵام یەڵسن لەگەڕانەوەیدا بیرۆکەیەکی نوێی هێنایەوە بۆ مۆسکۆ ئەویش هەر کۆمارێك سەرۆکی خۆی بێت و یەکێتی سۆڤیەتیش وەك هێزێكی گەورە سەرۆكێکی هەبێت و سەرپەرشتی کۆمارە یەکگرتوەکان بکات. هەر بۆیە لە دەستووری وڵاتدا گۆڕانکاریکراو بۆ یەکەمین جار لە بەرواری 15/3/1990دا یەکەمین و دواین سەرۆك کۆماری یەکێتی سۆڤیەت هەڵبژێردرا کە گۆرباچۆڤ بوو، هەروەها لە دەستوری ووڵادا بڕگەی سەروەری کۆمارە یەکگرتووەکان پەسەندکرا بەم شێوەش هەموو کۆمارەکان سەرۆکیان هەبوو ڕوسیاش بەهەمان شێوە لە کاروبارەکانیدا سەروەری و سەربەخۆی هەبوو ،کە تا ئەو ساتە ناوەندی بڕیار کە مۆسکۆ بوو هەمیشە ناوەندی بڕیاری یەکێتی سۆڤیەت بوو، هەر ئەم بریاڕیارە تا ڕادەیەك ناوەندی لەژێر دەسەڵاتی گۆرباچۆڤ دەرهێنا و دەیتوانی سەربەخۆ هەڵسوکەوت بکات. یەڵسن بەم شێوەیە دەستی کرد بەکارکردن ئازادانە و بی گەڕانەوە بۆ گۆرباچۆڤ.
لەسەرو بەندی ناکۆکیە قوڵەکانی ناو مۆسکۆدا ئیدی کۆمارەکانی ڕۆژئاوای سۆڤیەت بەتەواوەتی کەوتنە جوڵە بۆ جیابوونەوە و خۆپیشاندان و لە هەندێك ناوچەی باڵکاندا یاسای نوێ دەخرانە جێگای یاسا کۆنەکان، بۆ ڕێگریکردن لەم بارودۆخە کە پێدەچوو مۆسکۆش بگرێتەوە، گۆرباچۆڤ بەناچاری سوپای ڕەوانەی هەرێمەکانی بالکان کرد و فەرمانی بەهەڵوەشاندنەوەی هەموو یاسایەك کرد کە دژایەتی یاساکانی یەکێتی سۆڤیەت بکات.
هەر لەم سەرو بەندەدا یەڵسن گەیشتە تالین و ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد کە تیایدا هەریەك لە وڵاتانی لیتوانیا، لاتڤیا، ئیستۆنیا و روسیا دانیان بەسەروەری یەکتردا دەنێن، لە گەڕانەوەیشیدا بۆ مۆسکۆ لەڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە داوای دەست لەکارکێشانەوەی گۆرباچۆڤکرد.
بۆ هێوردکردنەوەی ڕەوشی ناکۆکیەکانی ناو مۆسکۆ بڕیاردرا ڕیفراندۆمێك بەڕێوە بچێت لە بەرواری 17/3/1991 لە روسیادا کە دوو پرسیاری لە خۆ گرتبوو یەکەمیان: ئایا دەنگ بەمانەوەی یەکێتی سۆڤیەت دەدەیت؟ دووەم: پرسیار ئایا لەگەڵ ئەوەدایت کە رووسیا سەرۆکی خۆی هەبێت؟ لە ئەنجامدا زۆرینە دەنگیان بە مانەوەی یەکێتی سۆڤیەتدا و لەهەمانکاتدا دەنگیان بەوەدا کە روسیا سەرۆکی هەبێت.
بۆیە گۆرباچۆڤ دیسانەوە کەوتە هەوڵدان تاوەکو بتوانێت سنورێك بۆ یەڵسن دابنێت ئەمەش لەڕێگەی هەڵبژاردنەکانەوە کە لە بەرواری 10/1/1991دا بەڕێوەچوو، بۆ ڕکابەری یەڵسن بریاردرا نیکۆلای ڕاشکۆڤ کەسایەتی دیار و سەرۆکی حکومەتی ئەوکاتەی سۆڤیەت بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا یەڵسن توانی سەربکەوێت و 57 ٪ دەنگەکان بەدەستبهێنێت.کە پاشان وەك سەرۆکی روسیا هەڵبژێدرا و سوێندی خوارد کە پارێزەری دەستوری رووسیا بێت، بەمەش ئیدی لە پڕاکتیکەدا گۆرباچۆڤ سەرۆکی وڵاتێك بوو هە بوونی نەبوو لەسەر نەخشەدا.
هەر بۆیە گۆرباچۆڤ کەوتە هەوڵدان بۆ میکانیزمێك تاوەك و بتوانێت یەکێتی سۆڤیەت بەشێوەیەك لە شێوەکان بپارێت لەلایەن حزبی شوعیەوە بریاردرا فیدراسوێنی کۆمارە سەربەخۆیەکانی یەکێتی سۆڤیەت دابمەزرێت و لە کۆی 15 کۆمارە سەرەکەیەکە، دەبوو نۆیان بمێننەوە لە چوار چێوەی ئەم فیدراسوێنەدا ئەمە لە ناوەڕۆکدا پاراستنی سۆڤیەت بوو لە هەڵوەشاندنەوە و خۆپاراستن بوو لە یەڵسن، پاش ڕەزامەندی دەربڕین لەلایەن نۆ لە کۆمارەکانی سۆڤیەتەوە بڕیادرا ئەم ڕێکەوتنە لە بەرواری 20/8/1991 دا واژۆ بکرێت.
بەڵام لە 18 مانگدا، کاتێك کۆرباچۆڤ لە ووتوێژەکانی بەلکاندا بوو کە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی کۆمارە یەکگرتووەکانی یەکێتی سۆڤیەت ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردووە و ئاماژەی بەوەدا یەکێتی سۆڤیەت هەڵناوشێنرێتەوە و فەرمانی بەڕاگرتنی هەموو ئەو ڕیفۆرمانەی دا کە بە جیاواز و سەربەخۆ لەلایەن کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەتەوە درا بوو بە بێ گەڕانەوە بۆ مۆسکۆ، هەر ئەو رۆژە لەکاردانەوەی ئەم بڕیارەدا ناڕەزای و ئاژاوە مۆسکۆی تەنیەوە و یەڵسنیش وەك یەکێك لە لایەنگرانی دژ بەو بڕیارە لەناو ئاپۆڕای خۆپیشاندەراندا دەبینرا بەسەر تانکێکە لە پێش بینای سەرۆکیەتی ئەنجومەنی وەزیراندا کە بە ماڵی سپی ناودەبرا.
بەڵام کاتێك ئێوارەکەی گۆرباچۆڤ گەیشتەوە مۆسکۆ لە فارۆسەوە ئیدی هەموو شتەکان لەدەست دەرچوون و گۆرباچۆڤ ڕکابەریکردنی یەڵسنی پێنەدەکرا، تەنانەت گۆرباچۆڤ بوو بە دیلی یەڵسن لەو کاتەدا یەکێتی سۆڤیەت تەنها سەری مابوو ئەویش لە کار کردن سڕکرابوو، پاشان لە بەرواری 20/10/1991 گۆرباچۆڤ وەك سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەت دەستلەکاركێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند.
هەرچی ڕێککەوتنامەی بیلۆژێڤسکی یە یەکێك بوو لەو ڕێکەوتنە فەرمیانەی کە بەتەواوەتی هەموو کاردانەوەو ئامادەکاریەکانی گۆرباچۆڤی پەکخست، بەپێی ئەم ڕێکەوتنە، هەموو ئەو کۆمارە کەلە سۆڤیەت جودا دەبنەوە لەگەڵ کۆمارەکانی دەراوسێی دا بە وڵاتانی دۆست دەژمێردرێرت، لێرەوە ئیدی یەکێتی سۆڤیەت بوو بەبەشێك لە مێژوو.
لە یادەوەریەکانیدا لیۆنید کرافچووك باسی ڕێککەوتنی بیڵۆژێڤسکی دەکات و دەڵێت:
ئەو ڕێککەوتنە تەنها بەڕێکەوت نەبوو، بەڵکو ئێمەی ئۆکرانیەکان زۆر ڕێگەی سەختمان بڕی تاگەیشتینە ئەم قۆناغە، لەبرسیەتی یەوە تاکوشتن و وێرانکاری، ئیدی ئێمە گەیشتینە ئەو بڕوایەی بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان پێویستە خاوەن بڕیار و سەروەری خۆمانبین.
پرۆفیسۆر ێڤگێنی سپیتسن لەو بارەیەوە دەڵێت: هەڵپەی یەڵسن بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات و لاوازی گۆرباچۆڤ و دەستهەڵنەگرتنی لە دەسەڵات یەکێتی سۆڤیەتی گەیاندە ئەو چارەنوسە، هەرچی ڕێککەوتنی بیڵۆژێڤسکی-یە یەکێك بوو لەتاوانەکانی سەدە، جگە لە کۆمەڵێك بەڵێنی درۆ لەلایەن ڕۆژئاواوە، ئەو کۆمارانە هیچ دەستکەوتێکیان نەبوو.
لە میانی کۆبونەوەی ئەنجومەنی دومادا ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا ساڵی ٢٠٠٥ڕایگەیاند: هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت گەورەترین تاوان بوو، بەرپرسیاریەتیەکەی لە ئەستۆی ڕێکخەرانی ڕێککەوتنامەی بیڵۆژێڤسکی-یە.
یەکێتی سۆڤیەت سەر باری هەموو دواکەوتنەکانی لە جیهانی دەرەوە، توانای بەڕێوەبردن و چاکسازی هەبوو، دەبێت هەموو میللەتانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشو بگەنە ئەو بڕوایەی کە بەڵێنەکانی ڕۆژئاوا بۆ باشکردنی گوزەران و ژیانیان پاش یەکێتی سۆڤیەت دوای ئەو هەموو ماوەیە کەتێپەڕی-وە تەنها درۆبوون! ئێمە دەبێت تێبگەیین کە تەنها خۆمان و نیەتی چاکسازی و بەرەوپێش چوون گرەنتی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی میللەتەکانمان و بوژانەوەی حکومەتەکانمانە.

shakle@inbox.ru

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پارتە پۆپۆلیست و ڕاستڕەوەکان..

پارتە پۆپۆلیست و ڕاستڕەوەکان دەنگدەرانیان سێ بەرابەر زیادی کردووە سیروان ...