سەرەکی » کەلتوور » كتێبی بیبلیۆگرافیای گۆڤاری سلێمانی بڵاودەكرێتەوە

كتێبی بیبلیۆگرافیای گۆڤاری سلێمانی بڵاودەكرێتەوە

بە سەرپەرشتیی بەڕێز حاكم قادر حەمەجان، خاوەن ئیمتیازی «گۆڤاری سلێمانی»و لە یادی 19 ساڵەی گۆڤارەكەدا، سەعات چواری پاشنیوەڕۆی رۆژی 1/6/2019، لە هۆڵی «كۆفینێتی مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنەسوورەكە»، كتێبی «بیبلیۆگرافیای 190 ژمارەی گۆڤاری سلێمانی» بڵاودەكرێتەوە.
لە مەراسیمەكەدا، بەڕێز حاكم قادر حەمەجان و مامۆستا ئەحمەد حسێن- سەرنووسەری گۆڤارەكە وتاری تایبەتی پێشكەش دەكەن، دواتر بوار نوورەدینی ئامادەكار باسی بیبلیۆگرافیاكە دەكات. لە كۆتایی مەراسیمەكەدا، كتێبەكە وەك دیاریی خاوەنی ئیمتیاز، پێشكەشی نووسەرانی گۆڤارەكە و ئامادەبووان دەكرێت، ئامادەكاریش دانەیەك بە هەر كتێبخانەیەكی گشتیی شاری سلێمانی، شار و شارۆچكەكانی سەر بە پارێزگاكە دەبەخشێت.
گۆڤاری سلێمانی، یەكەم ژمارەی 1/6/2000 و تا كۆتایی ساڵی 2018، 190 ژمارەی لێ‌ دەرچووە، دەیان بابەتی لەبارەی شاری سلێمانی و ناوچەكانی دەوروبەری تێدایە، ڕەنگە فراوانترین سەرچاوەی زانیاریی پارێزگاكەش بێت، كە هەندێكیان هیچیان لەبارەوە نەنووسراوە، یان زۆر كەم، ئەمەش هۆكارێكی سەرەكیی ئەم هەوڵە بووە. دوای بڵاوبوونەوەی ئەم بیبلیۆگرافیایە، گۆڤارەكە بەرەو قۆناغێكی نوێتر و ئەكادیمیتر هەنگاو دەنێت، ئەگەر تا ئێستاش لێكۆڵەڕ و توێژەران، كەڵكی تەواویان لە گۆڤارەكە وەرنەگرتبێت، لەمەودوا وەك سەرچاوەیەكی فراوان و بەردەست بەكاردەهێنرێت، هەموو ئەمانەش برەوێكی تر بە ڕەوشی ڕۆشنبیریی شاری سلێمانی دەدەن.
كتێبەكە 832 لاپەڕەی پێوانەی گەورەیە «17×23» و خەرجیی لەچاپدانی، لە بودجەی پڕۆژەی (سلێمانی: پایتەختی ڕۆشنبیریی هەرێمی كوردستان) كێشراوە. كتێبەكە جگە لە ساغكردنەوەی «خاوەنی ئیمتیاز، سەرنووسەر، دروشم، دەستەی نووسەران، ستافی گۆڤار، كاری هونەری، بەرگ و جیاكردنەوەی ڕەنگەكان، دیزاین و دەرهێنانی هونەری، بەڕێوەبەری هونەری، تایپ و دیزاین، وێنەگرانی گۆڤارەكە، پیتچنەكان، چاپخانە و هەندێ‌ زانیاریی گشتی» دوو بەشە: بەشی یەكەم، بیبلیۆگرافیای نووسەرانە و بەپێی پیتەكانی زمانی كوردی (لە ئەلفەوە تا یێ‌) ڕێكخراون و بە فۆنتێكی جیاواز و تەنها یەك جار نووسراون، لە ژێر ناوەكانیشدا، بابەتەكان بەپێی بڵاوبوونەوەیان لە ژمارەكانی گۆڤارەكەدا بەم شێوەیە ڕیزكراون، ناونیشانی بابەت: ژمارە، مانگ و ساڵی گۆڤارەكە، ژمارەی لاپەڕە.
بەشی دووەم، بیبلیۆگرافیای بابەتەكانە و بەسەر 12 تەوەرەدا «باری ڕۆشنبیری، باری كۆمەڵایەتی و پێكهاتەی شار، سەروتار، شارەوانیی سلێمانی، كەسایەتی، گشتی، مێژووی شاری سلێمانی، نامە و بەڵگەنامە، گشتیی ناوچەكان، هونەر، وێنە، وەرزش» دابەشكراون، بابەتی هەر تەوەرەیەكیش، بەپێی پیتەكانی زمانی كوردی (لە ئەلفەوە تا یێ‌) و بەم شێوەیە ڕیزكراون: ناونیشانی بابەت، ناوی نووسەر: ژمارە، مانگ و ساڵی گۆڤارەكە، ژمارەی لاپەڕە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

کورتە مێژووی جوولەکەکانی کوردستان

270لاپەڕەدا کتێبی (کورتە مێژووی جوولەکەکانی کوردستان) نووسینی (بەرزان ئەحمەد کوردە)، ...