سەرەکی » مانشێت » نەجمەدین بیوک کایا (١٩٤٣-١٩٨٤)

نەجمەدین بیوک کایا (١٩٤٣-١٩٨٤)

ئا: ساڵح بێچار

شەهید نەجمەدین بیوک کایا، ساڵی ١٩٤٣ لە گوندی کەرەهان لە قەزای سوێرگی سەر بە پارێزگای ئورفە، لە باکووری کوردستان لەدایکبووە. لە ئەدەبیاتی سیاسیدا ناسراوە بە (نەجۆ) و لە نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان‌یشدا بە (سەلاح) ناسرابوو. پاش تەواوکردنی قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری ئامەد، لە ساڵانی ١٩٦٦-١٩٧٠ لە کۆلێژی یاسای زانکۆی ئەستەنبوڵ درێژەی دا بە خوێندن.
ساڵی ١٩٦٩ یەکێک بوو لەو ١٣ خوێندکارەی کە (کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵات) یان دامەزراند، کە کورتکراوە تورکییەکەی بریتی بوو لە (دەدەکەدە- DDKD) و نەجمەدین بوو بە سەرۆکی کۆمەڵەکە، هەر لەو کۆمەڵەیەدا خاتوو جەمیلەی ناسی و دواتر لە ڕۆژی نەورۆزی ساڵی ١٩٧٥ پێکەوە زەماوەندیان کرد.
بەرلەوەی خوێندنی زانکۆ تەواو بکات، رۆژی ١٢ ی ئازاری ١٩٧١ فەرمانی دەستگیرکردنی لەلایەن حکومەتی کودەتای ساڵی ١٩٧١ ـەوە بۆ دەرچوو، ناچار چووە دەرەوەی وڵات و ساڵی ١٩٧٢ لە سوید گیرسایەوە.
ساڵی ١٩٧٤ پاش ئەوەی حکومەتی بولەنت ئەجەڤیت لێبووردنی گشتیی بۆ هەموو ئەو کەسانە دەرکرد کە بەهۆی سیاسەتەوە بەند کرابوون و یان ڕایان کردبوو، گەڕایەوە بۆ تورکیا و بوو بە ئەندامی باڵی چەپی (پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا) بە سەرکردایەتیی دکتۆر شڤان (سەعید قرمز توبراخ). دواتر دەستی لە کار کێشایەوە و هاوکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد لە هەوڵەکانیدا بۆ دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداریی.
لە ساڵانی ١٩٧٦ و ١٩٧٧ دا ڕۆڵێکی کارای گێڕا لە دابینکردنی پێداویستییە لۆجیستیکییەکانی یەکێتی لە ناو تورکیادا، لەوانە بردنی یەکەم پۆلی پێشمەرگە بەفەرماندەیی برایم عەزۆ کە ژمارەیان ٣٧ پێشمەرگە بوو، لە سوریاوە بەناو خاکی تورکیادا بۆ باشووری کوردستان و هەروەها گەیاندنی چەندین بارە چەک لە سوریاوە بۆ ناوچەی بادینان. ساڵی ١٩٧٧ یش بەشێکی ئەرکی بەسەلامەتی گەیاندنی تاڵەبانی‌ی گرتە ئەستۆ.
ڕۆژی ١/٦/١٩٧٦، بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر دامەزراندنیدا؛ (ی.ن.ک) یەکەم دەستەی چەکداری خۆی لە سوریاوە ناردەوە بۆ کوردستان. بۆ ئەم مەبەستە مام جەلال چوو بۆ قامیشلی بۆ بەڕێکردنی ئەو دەستە هەڤاڵە کە یەکەمین وەجبەی پێشمەرگە بوو بەرەو کوردستان دەگەڕانەوە. شەهید نەجۆ ئەو پۆلە پێشمەرگەیەی گەیاندەوە باشووری کوردستان، نەقیبی ئەندازیار (ئیبراھیم عەزۆ محەمەد) فەرماندەی دەستە پێشمەرگەکانی بادینان بوو، یەکەمجار لە نزیک ڕووباری (ھیزل) لە پشتی زاخۆوە لەگەڵ پێشمەرگەکانی تردا یەکیان گرتەوە بۆ ڕێکخستنەوەی مەفرەزەکان و دابەشکردنی کار و فرمان بەسەریاندا، کە ژمارەیان (٣٧) پێشمەرگە بوو، دابەش بوون بە (٤) مەفرەزەوە: فەرماندەی ھەریەک لە مەفرەزەکان (ئیبراھیم عەزۆ، عزەت ئیسماعیل شەنگاری، عومەر ئیبراھیم ڕەشید، جەبار مەلا غەنی سندی) بوون. ئەم چوار دەستەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان دابەش بوون بەسەر ناوچەکانی زاخۆ، ئامێدی و دھۆکدا، ھەریەکەیان لەلایەکەوە کەوتنە چالاکی سیاسی و ڕێکخراوەیی و پێشمەرگەیی.
شەهید نەجۆ، ساڵی ١٩٧٩ پاش ڕووخانی ڕژێمی شای ئێران، لە ئۆپەراسیۆنێکی کەموێنەدا توانی بڕێکی زۆر چەکی سووک لە شاری قامیشلۆی سوریاوە بەناو خاکی تورکیادا بگوازێتەوە و بیگەیەنێتە سنووری ناوچەی سۆمای ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەوێ، پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لێیان وەرگرت و گەیاندیانە شاری نەغەدە و پاشان بە ڕێوشوێنی تایبەتدا گەیاندیانە (خڕی ناوزەنگ) و ڕادەستی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان‌یان کرد.
شەهید نەجۆ، پاش کودەتاکەی ساڵی ١٩٨٠ ی جەنراڵ کەنعان ئیڤرین، لە شاڵاوێکی ڕەشبگیردا لە مانگی نیسانی ١٩٨٢ دا لە شاری ئامەد دەستگیر کرا و دواتر و لە ٢٣/١/١٩٨٤* دا لە ژێر ئەشکەنجەدا شەهید کرا.

* لە سەرچاوەکەدا نووسراوە ٢٢/١٠/١٩٨٤ بەڵام ڕاستییەکەی ٢٣/١/١٩٨٤ ـە

سەرچاوە: ئینسکلۆپیدیای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، چاپی سێیەم بەرگی دووەم ٢٠١٦.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئامادەكاریی بۆ بودجەی 2020 دەكرێت

ئامادەكاریی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی 2020 دەكرێت. ...