سەرەکی » ئابووری » سیاسەتی ئابووریی چییە؟

سیاسەتی ئابووریی چییە؟

ئا: زانیار ئیبراهیم

دەوڵەت سیاسەتی ئابووریی دادەڕێژێت، چونكە بەبێ‌ سیاسەتی ئابووری كرۆكی ئابووری تەنها لەڕووی تیۆرییەوە دەمێنێتەوە. بۆ ئەوەی سیاسەتی ئابووری جێبەجێبكرێت پێویستە پلانێك هەبێت كە خۆی دەبینێتەوە لەكۆی ئەو رینمایی و یاسایانەی كە دادەڕێژرێن بۆ ریكخستنی كاروباری ئابووری و بوارەكانی تری پەیوەست بە ئابوورییەوە.
هەر ناوچە و دەوڵەتێك پێویستی بە سیاسەتێكی ئابووری تایبەت بە خۆی هەیە بۆ ئەوەی ئەو سیاسەتە ئابوورییە سەركەوتوبێت و ئامانجەكانی بە دیبهێنێت دەبێت بگونجێت لەگەڵ سیستمی ئابووریی وڵات و سیستمی گشتی كۆمەڵگە، جا ئیتر جۆری سیستمی ئابووری، ئازاد، ئاڕاستەكراو، تێكەڵاو بێت.
ئێستاش پێش ئەوەی پێناسەی سیاسەتی ئابووری بكەین، لە پێشدا دەبێت بزانین ئابووریی چییە؟
ئابووری (Economy ) ئەو زانستەیە كە لە بارەی چالاكی مرۆڤەوە دەدەوێت، ئابووری دەبێتە هۆی پەیداكردنی كەڵك و سوود یان زیادكردنیان بۆ تێركردنی زۆرترین ژمارە لە پێداویستیەكان لە چوارچێوەی ئەو توانایەی كە هەیە لە پێناو بەرزكردنەوەی خۆشگوزەرانی تاك و كۆمەڵ.

سیاسەتی ئابووریی چییە؟
سیاسەتی ئابووری (السیاسە الاقتصادیە) بریتییە لە گرتنەبەری رێوشوێنی هونەری لەلایەن دەوڵەتەوە لە بواری ئابووریدا بۆ بەڕێوەبەردنی چالاكی ئابووری بەمەبەستی كاركردن‌و پێشخستنی لەلایەك‌و چارەسەركردنی ئەو گرفت‌و تەنگەژە ئابوورییانەی كە دووچاری حكومەت دەبێتەوە لەلایەكی دیكەوە، وەك سیاسەتی بازرگانی و سیاسەتی دارایی و سیاسەتی نەختێنەیی.
بەشێوەیەكی گشتی سێ جۆر سیستمی ئابووریمان هەیە كە بریتین لە سیستمی ئابووریی ئازاد، سیستمی ئابووری ئاراستەكراو، سیستمی ئابووری تێكەڵاو، كە سیستمی ئابووریی هەرێمی كوردستان لە جۆری سیستمی ئابووریی تێكەڵاوە كە هەردوو كەرتی تایبەت و گشتی پێكەوە كاری بەرهەمهێنان و قازانج و كۆكردنەوەی سامانی وڵات لە ئەستۆ دەگرن.

جۆرەكانی سیستمی ئابووری
1. سیستمی ئابووریی ئاراستەكراو: ئەو جۆرە سیستمەیە كە لە یەكێتی سۆڤێتی جاراندا و هەندێك وڵاتی تردا پەیڕو دەكرێت كە كەرتی گشتی كاری بەرهەم هێنان و دابەشكردن لە ئەستۆ دەگرێت، كەرتی گشتی واتە حكومەت كاری بەرهەمهێنانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و بازرگانی و گەشتوگوزار لە ئەستۆ دەگرێت، قازانجی وەبەرهێنان لەلایەن حكومەتەوە كۆدەكرێتەوەو بە گوێرەی پێویستی خەڵك و بەپێی یاسا لەڕێگەی مووچەو رێگەكانی ترەوە بەسەر خەڵكدا دابەش دەكرێت.
2. سیستمی ئابووریی ئازاد: ئەو جۆرە سیستمەیە لە وڵاتانی رۆژئاوا بەشێوەیەكی باو پێڕەو دەكرێت، لەم سیستمەدا خەڵكی سەرمایەدار پڕۆسەی بەرهەم هێنانی پیشەسازی‌و كشتوكاڵ‌و بازرگانی‌و گەشتوگوزار و بەشەكانی تری ئابووری لە ئەستۆ دەگرێت، حكومەت‌و حزبی دەسەڵاتدار بە لای پڕۆسەی ئابوورییدا ناچن، حكومەت چاودێری چالاكی ئابووریی دەكات، گومرگ لەسەر قازانجی سەرمایەدارن دادەنێت ئەو گومرگە كۆدەكاتەوەو لەگەڵ داهاتی تری وڵاتدا بە گوێرەی جۆری كار و توانا بەپێی یاسا بەسەر خەڵكدا دابەش دەكرێت.
3. سیستمی ئابووریی تێكەڵاو: بریتییە لەو جۆرە سیستمەی كە هەردوو كەرتی گشتی و تایبەتی پێكەوە كاری بەرهەم هێنان و قازانج و كۆكردنەوە و دابەشكردنی سامانی وڵات لە ئەستۆ دەگرن، كە كار و چالاكی هەر یەك لەم سیستمانە بەپێی یاسای وڵاتان رێكدەخرێت.

ئامانجەكانی سیاسەتی ئابووری
سیاسەتی ئابووری هەر وڵات و ناوچەیەك بە شێوەیەكی گشتی هەوڵ بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە دەدات كە بۆی داڕێژراوە، بە شێوەیەكی گشتی سێ ئامانجی سەرەكین:
1. بەدیهێنانی پەرەپێدانی ئابووری: سیاسەتی ئابووری لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر جیاوازە لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا سیاسەتی ئابووری تەرخان كراوە بۆ پارێزگاریكردن لە پەرەپێدانی ئابووری یان خێرا بە ئەنجام گەیاندنی گەشەی ئابووری، بێجگە لەوەش بەشداری دەكات لە كەڵەكەكردنی سەرمایە لەڕێگەی رەخساندنی هەلومەرجێكی لەبار بۆ گەشەكردنی كەرتی تایبەت، بەڵام لە دەوڵەتە تازە پێشكەوتووەكاندا ئامانجی گرنگی سیاسەتی ئابووری بریتیە لە پەرەپێدانی ئابووری ئەمەش لەڕێگەی ئەو هەوڵانەوە دەبێت كە دەوڵەت دەیدا لەڕێگەی سوود وەرگرتن لە دەرامەتەكانی دەوڵەت.
2. بەدیهێنانی جێگربوونی ئابووری: ئەمەش لە رێگەی خستنەكاری سیاسەتەكانی دارایی نەختینەیی بۆ چارەسەری هەڵاوسان، كە زۆربەی دەوڵەتان دەگرێتەوە بێجگە لەوەی دەیەوێت رێگر بێت لەڕوودانی داكشان و بێ بازاڕی.
3. پاراستنی ئابووریی نیشتمانی لە ركابەرایەتی دەرەكی: بە تایبەتیش پاراستنی پیشەسازییە تازە دامەزراوەكان تا بتوانێت پەرە بسێنێت و لێهاتوویی زیاد بكات و جۆری بەرهەمەكانیش باش بكات.
رەنگە كارێكی ئاسان نەبێت كە باسی ئابووریی هەرێمی كوردستان و سیاسەتە ئابوورییەكەی بكەین بە تایبەتی بەهۆی نەبوونی داتا و ئاماری ورد و زانستی و باوەڕپێكراوەوەو نەبوونی شەفافیەت لەم رووەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

داوای دیاریكردنی نرخی مریشك دەكرێت

لەسەر دیاریکردنی نرخێکی هاوبەش بۆ خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان و هاووڵاتیان ...