سەرەکی » وتار »  ‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌ » كێ دۆخی‌ عیراق چاره‌سه‌ر ده‌كات؟

راستییەکەی

كێ دۆخی‌ عیراق چاره‌سه‌ر ده‌كات؟

له‌ وه‌ته‌ی‌ عیراق له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكاوه‌ رزگار كراوە و رژێمی‌ سه‌دام حسێن رووخێنراوە، ده‌وڵه‌تێكی‌ تازه‌ بنیادنرایه‌وه‌ كه‌ سیسته‌مێكی‌ دیموكراتی‌ فره‌یی‌ و فیدراڵییه‌، بەڵام تائێستا‌ ئه‌م وڵاته‌ له‌ دۆخێكی‌ خراپی‌ ئابووری‌ و خزمه‌تگوزاریدا ده‌خولێته‌وه‌، پاره‌یه‌كی‌ یه‌كجار زۆر و زه‌وه‌ند رووی‌ له‌م وڵاته‌ كردووه‌، به‌ڵام كاتێ‌ سه‌یری‌ رووكه‌شی‌ عیراق ده‌كه‌یت و ئاماره‌كان وه‌رده‌گری‌، شتێكی‌ ئه‌وتۆ بۆ ئه‌م وڵاته‌ نه‌كراوه‌ له‌ بنیادنانه‌وه‌ی‌ ژێرخانی‌ ئابووری‌ له‌ڕیگه‌وبان و كه‌رتی‌ وزه‌، به‌تایبه‌ت كاره‌با و كه‌رتی‌ خزمه‌تگوزاری‌ و كشتوكاڵ و ته‌ندروستی‌ و خوێندن و فێركردن و ته‌واوی‌ كایه‌كانی‌ تری‌ ژیان.
له‌ بۆنه‌ گشتییه‌كان یان له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ گشتیی‌ بۆ په‌رله‌مان، زۆرینه‌ی‌ سه‌ركرده‌كان له‌ وتاره‌كانیاندا خۆیان ده‌كه‌ن به‌ خاوه‌نی‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كان و باس له‌ ده‌رده‌سه‌ری‌ و پێویستییه‌كانی‌ گه‌لی‌ عیراق ده‌كه‌ن، له‌ یه‌كه‌م گوندی‌ كوردستانه‌وه‌ تاكو دوا گوندی‌ باشوور. هه‌موویان باس له‌ پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كتر قبوڵكردن و سه‌روه‌ریی‌ یاسا و بنه‌مای‌ ده‌ستووری‌ ده‌كه‌ن، له‌ كاتێكدا زۆرینه‌ی‌ كێشه‌ و ده‌رده‌سه‌رییه‌كان به‌رپرسانن نه‌وه‌ك خه‌ڵكی‌ ساده‌ و گشتی‌.
به‌درێژایی‌ مێژوو، زۆرجار ده‌سه‌ڵات كه‌ له‌ هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك بووبێ‌، هانی‌ خه‌ڵكی‌ داوه‌ ئاشتیی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ تێكبده‌ن و یه‌كتر له‌ناو ببه‌ن، به‌ڵام هه‌موو جارێك خه‌ڵكی‌ عیراق به‌ ته‌واوی‌ پێكهاته‌كانه‌وه‌ نه‌چوونه‌ته‌ ژێرباری‌ ئه‌م داوایانه‌. نموونه‌ی‌ چه‌ندین رووداوی‌ ده‌یان ساڵه‌مان له‌پێش چاوه‌، عیراق به‌ قسه‌ و لێدوانی‌ گه‌وره‌ و خۆ سووركردنه‌وه‌ و وتاری‌ پڕ له‌ ره‌وانبێژی‌ به‌ڕێوه‌ ناچێت، به‌ڵكو عیراق به‌ كارو كرده‌وه‌ی‌ سه‌ر ئه‌رز به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ئه‌وكاته‌ عیراق ده‌بێته‌ هی‌ هاووڵاتییه‌كانی‌ كه‌ سه‌روه‌ت و سامانی‌ وڵات بخرێته‌ خزمه‌تییه‌وه‌. ئێستا عیراق هه‌تا راده‌یه‌ك ئارامه‌، ده‌توانێ‌ سه‌دان كۆمپانیای‌ زه‌به‌لاح بهێنته‌ وڵات و ده‌ست بكات به‌ بنیادنانه‌وه‌ی‌ ژێرخانی‌ ئابووری‌ خۆی‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ستانداردی‌ پێشكه‌وتوو، دادپه‌روه‌ری‌ له‌ دابه‌شكردنی‌ سه‌روه‌ت و سامانی‌ وڵات بكات و ئه‌من و ئاسایش بۆ ته‌واوی‌ عیراقییه‌كان دابین بكات بێ‌ جیاوازی‌. له‌سه‌ر ئاستی‌ ئاشتیی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیش، ده‌بێ‌ عیراق بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێش سه‌رده‌می‌ كوده‌تای‌ 14ی‌ ته‌مموزی‌ ساڵی‌ 1958، سه‌رژمێریی‌ گشتی‌ ساڵی‌ 1957 بكاته‌ بنه‌ما و پێوه‌ری‌ دانیشتووان و یه‌كه‌ ئیدار‌ییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌س مافی‌ ئه‌ویتر نه‌خوات. ئه‌م هه‌نگاوانه‌ به‌ كه‌سی‌ به‌ توانا و پڕ له‌ حیكمه‌ت ده‌كرێ.
چۆن ده‌بێ‌ وڵاتێك خاوه‌نی‌ ئه‌و هه‌موو سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌ی‌ نه‌وت و گاز و دانه‌وێڵە و ئاو و خاكی‌ به‌ پیت بێت، كه‌چی‌ یه‌كێك بێت له‌ وڵاته‌ هه‌ژار و بێ خزمه‌تگوزارییه‌كانی‌ دونیا و هه‌موو وڵاتانی‌ ناوچه‌كه‌ له‌و باشتربن؟

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*