سەرەکی » هەواڵ » ״نزیكه‌ی سێ ملیۆن ‌و 300 هه‌زار ئاواره‌ له‌ یه‌مه‌ن هه‌یه‌״

WFP راگرتنی هاوكارییه‌ مرۆییه‌كانی بۆ یه‌مه‌ن تاوتوێ ده‌كات

״نزیكه‌ی سێ ملیۆن ‌و 300 هه‌زار ئاواره‌ له‌ یه‌مه‌ن هه‌یه‌״

ئاماده‌كردنی: دیاری سابیر

به‌پێی ئامارێكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان «تائێستا نزیكه‌ی سێ ملیۆن‌و 300 هه‌زار ئاواره‌ له‌ یه‌مه‌ن هه‌یه‌، هه‌روه‌ها زیاتر له‌ 10 ملیۆن كه‌س پێویستییان به‌هاوكاریی هه‌یه‌».
پرۆگرامی نێوده‌وڵه‌تیی خۆراكیش (WFP) رایگه‌یاند: حوسییه‌كان ئاسته‌نگ ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م گه‌یشتنی كاروانی هاوكارییه‌ مرۆییه‌كانیان كه‌ به‌شی نزیكه‌ی 100 هه‌زار خێزان خۆراكیان پێیه‌، بگاته‌ ئه‌و شوێنانه‌ی یه‌مه‌ن كه‌ خۆیان تێیدا باڵاده‌ستن، له‌كاتێكدا خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ به‌ده‌ست برسێتییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.
له‌كاركردندا ئازاد نین
به‌گوێره‌ی ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ: راگه‌یاندنه‌كه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ دوای چه‌ند رۆژێك له‌ هه‌ڵپه‌ساردنی هاوكارییه‌ مرۆییه‌كانیان دێت، به‌هۆی تۆمه‌تباركردنی حوسییه‌كان له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كه‌وه‌ به‌ بردنی به‌شێك له‌ هاوكارییه‌كانیان.
باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ پێشتریش دیڤید بیزلی به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆگرامی نێوده‌وڵه‌تیی خۆراك، هۆشداریی دا له‌ هه‌ڵپه‌ساردنی به‌ره‌به‌ره‌ی هاوكارییه‌كانیان بۆ یه‌مه‌ن، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ناوچه‌كانی ژێرده‌ستی حوسییه‌كاندا له‌كاركردن ئازاد نین.
گەیاندنی هاوكارییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی دروست‌ و گونجاو
سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ بڵاویانكرده‌وه‌: بیزلی له‌ دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیی، رووی ده‌می كردۆته‌ حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن‌و وتویه‌تی: ته‌نها لێمانگه‌ڕێن با ئیشی خۆمان بكه‌ین. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌: سه‌باره‌ت به‌ دیاریكردنی پێوه‌ره‌كانی هاوكاری‌و تۆماركردنی كه‌سانی كه‌مده‌رامه‌ت‌و وه‌رگرتنی په‌نجه‌مۆر یان ناسینه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی هاوكاریی وه‌رده‌گرن، (WFP) نه‌یتوانیوه‌ له‌گه‌ڵ حوسییه‌كان بگاته‌ رێكه‌وتن، له‌پێناوی پڕۆسه‌ی گەیاندنی هاوكارییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی دروست‌و گونجاو.
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی كه‌ناڵی CNN، ساڵی رابردووش رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ ناڕه‌زایی توندی ده‌ربڕی سه‌باره‌ت به‌ دیارنه‌مانی هه‌زار‌و 200 تۆن خۆراك، كه‌ بڕیار بوو به‌ره‌و سه‌نعای پایته‌خت بگوازرێته‌وه‌.
له‌ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌: %60ی سوودمه‌ندانی ئه‌و هاوكارییانه‌ كه‌ له‌ 7 ناوچه‌ی سه‌نعا نیشته‌جێن، هیچ هاوكارییه‌كیان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌. له‌وباره‌یه‌وه‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ ته‌ئكید ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ته‌زویر له‌ناوه‌ تۆماركراوه‌كاندا كراوه‌‌و هاوكارییه‌كان دراون به‌ كه‌سانێكی ناشایسته‌‌و هه‌ندێكیشی له‌ بازاڕه‌كاندا ده‌فرۆشرێنه‌وه‌.

به‌هۆی شه‌ڕ و ناسه‌قامگیریی دۆخه‌كه‌‌وه‌
وەکو لەمیدیاکان باس دەکرێت، (WFP) كه‌ مانگانه‌ خۆراك به‌سه‌ر نزیكه‌ی ملیۆنەها كه‌سی هه‌ژارترین وڵاتی نیمچه‌ دوورگه‌ی عه‌ره‌بدا دابه‌ش ده‌كات، مانگی رابردوو لە بەیاننامەیەکدا ئاشكرایكرد: به‌هۆی شه‌ڕ‌و ناسه‌قامگیریی دۆخه‌كه‌‌و ده‌ستوه‌ردان له‌كاره‌كانیدا، دۆسێی هه‌ڵپه‌ساردنی هاوكارییه‌كانیان بۆ یه‌مه‌ن تاوتوێ ده‌كه‌ن.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

print

 73 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*