سەرەکی » وەرزش » گریزمان درێسی ژماره‌ 17 ده‌پۆشێت

گریزمان درێسی ژماره‌ 17 ده‌پۆشێت

یانه‌ی‌ بارسێلۆنا ئه‌نتوان گریزمانی ئه‌ستێره‌ی نوێی یانه‌كه‌ی‌ به‌ راگه‌یاندنه‌كان ناساند و ئه‌و یاریزانه‌ش ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ده‌یه‌وێت سه‌رجه‌م نازناوه‌كان بباته‌وه‌.
بارسا دوای ئه‌وه‌ی‌ به‌رامبه‌ر به‌ 120 ملیۆن یۆرۆ بۆندی گریزمانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ توانی ئه‌و یاریزانه‌ بهێنێته‌ ریزه‌كانی كه‌ دره‌نگانێكی رۆژی شه‌ممه‌ گه‌یشته‌ بارسێلۆنا بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ره‌سمی رۆژی داهاتووتر بناسێنرێت.
گریزمان دوای ئه‌وه‌ی‌ پشكنینه‌ پزیشكیه‌كانی به‌سه‌ركه‌وتوو تێپه‌ڕاند له‌گه‌ڵ بارتۆمیۆی سه‌رۆكی یانه‌كه‌ ئیمزای له‌سه‌ر گرێبه‌سته‌كه‌ی‌ كرد كه‌ بۆ ماوه‌ی‌ 5 وه‌رزه‌و مه‌رجی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ بۆنده‌كه‌ش 800 ملیۆن یۆرۆیه‌.
دواتریش ئه‌و یاریزانه‌ به‌بێ ئاماده‌بوونی هانده‌ران به‌هۆی كاركردن تیایدا له‌ نێو یاریگای كامپ نو به‌ درێسی بارسێلۆنا ده‌ركه‌وت كه‌ ژماره‌ 17 ده‌پۆشێت و وه‌كو دواتریش خۆی ئاماژه‌ی پێدا به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ درێسی ژماره‌ 7 فیلیپ كۆتینیۆ ده‌یپۆشێت بڕیاری داوه‌ درێسی ژماره‌ 17 بپۆشێت كه‌ له‌ ژماره‌ 7ه‌وه‌ نزیكه‌.
له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌شدا گریزمان وتی: ئه‌مه‌ ركابه‌ریه‌كی نوێیه‌ بۆ من، هه‌وڵ ده‌ده‌م توانای خۆم گه‌شه‌ پێبده‌م، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌م بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ پێكهاته‌ی‌ سه‌ره‌كی بم، ئامانجیشم ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو نازناوه‌كان ببه‌مه‌وه‌.
وتیشی: راسته‌ وه‌رزی رابردوو نه‌هاتم بۆ بارسێلۆنا، به‌ڵام گرنك ئه‌وه‌یه‌ ئێستا له‌ یانه‌كه‌م و پێویسته‌ داوای لێبوردن له‌ هانده‌رانی یانه‌كه‌ بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌و كاره‌ له‌نێو یاریگادا ده‌كه‌م.

 28 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*