سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » سیستەمی نوێی بنەماڵەی ئال سعود و مافی ژنان

سیستەمی نوێی بنەماڵەی ئال سعود و مافی ژنان

لەگەڵ هاتنی محەمەدی کوڕی سەلمان وەک جێگرەوەی شای عەرەبستانی سعودیه‌ بۆناو سیستەمی حوکم،ئه‌م وڵاته‌ هەندێک گۆڕانکاری بەخۆوەبینیوە لەبواری مافەکانی ژنان کەبە ئازادی ژنان دەستی پێکرد لە شوفێریکردن و مافی ئامادەبونیان لە یاریگاکان بۆ بینینی وەرزش وپاڵەوانیەتیەکان.

گۆڕانکارییه‌کان ته‌نها رووکه‌شن‌
هەندێک دەڵێن ئەو گۆڕانکاریانە تەنها ڕوکەشن وده‌یانەوێت دیمەنێکی تری دروستکراو نیشانی دونیای دەرەوەی بدەن، هەندێکیش پێیان وایە لەسەر خواستی ناوخۆو دەرەوە بۆ گۆڕینی حوکمی دەستوری وسیاسی وفەراهەمکردنی نیمچە دیموکراسیەکی ئەوتۆ کە خەڵکی تێربکا، دەسەڵاتی شازاده‌ محەمەد بەکردار دەیەوێت گۆڕانکاری ڕیشەیی لەو وڵاتە بکات بەتایبەتیش لەدوای ئەوەی مەیلی خۆیانی ڕاگەیاند، بۆ پیادەکردنی ئیسلامی میانڕەو دورکەوتنەوە لە وەهابیەت وتوندڕەوی لە سعودیەدا.

ژنان چاوەڕوانن
کۆمەڵگەی سعودی و ژنان بەتایبەتی چاوەڕوانی ئەوەلەدەسەڵات دەکەن کە هەندێ مافی سەرەتاییان بۆ دابین بکات، هەرهیچ نەبێت بتوانن وەک کۆمەڵگەی وڵاتانی دەرودراوسێ ڕەفتابکەن ومافەکانیان پێشێل نەکرێت، چونکە تا ئێستا ژنان لەو وڵاتە لەکەمترین مافەکانیان بێبەش کراون وسیاسەتی پیاوسالاری ڕێگەی نەداون لەپێستی خۆیان بجوڵێنەوە، بەبێ ڕەزامەنەدی پیاوان( باوک یان مێرد یان برا) کانیان ناتوانن سەفەر بۆ هیچ لایەک بکەن ولەماڵەوە دووربکەونەوە،ناتوانن بەبێ ڕەزامەندی ئەوان بچنە زانکۆ یان ژیانی هاوسەری پێک بهێنن.

پیاو باڵادەستە
ئەگەر بشیانەوێت لە دەرەوەی شارەکەی خۆیان درێژەبەخوێندن بددەن، دەبێت پیاوێکی کەسی یەکەمیان لەگەڵدابێت،بەپێی دەستوری وڵاتەکە پیاوان دەسەڵاتی ڕەهایان بەسەر ژناندا هەیەو ئەوەی سەرپێچی ئەویاسایانەش بکات توندترین سزادەدرێت.
تەنها سیناریۆن
چاودێرانی بوارەکانی مافی مرۆڤ لەناو سعودیەو دەرەوە پێیان وایە، ئەو ڕێوشوێنە نوێیانه‌، تەنها بۆ هەڵخەڵەتاندنی دەرەوەیە کەدەیانەوێت دیمەنێکی جوانی سیاسەتی خۆیان نیشان بدەن وبەچەند سیناریۆیەکی دروستکراو خەڵکی پێ هەڵبخەڵەتێنن، بۆنمونە ژنان زۆر هەڵەو نەزانن ئەگەر ئازادیان بۆ لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بەدەستکەوت بزانن،ئەمەلەکاتێکدایە کە ژنان لەسەرتاسەری دونیا گەیشتونەتە ئاستێکی پێشکەوتو ولەدەرودراوسێکانی ئەو وڵاتەش ژنان پێگەیەکی لایەق بەخۆیان هەیەو ئازادی تەواویان هەیە لەهەموو بوارەکانی ژیاندا.

ده‌ستووری وه‌هابیه‌ت
ئەو شارەزایانە پێیان وایە ئەو وڵاتە تا دەستورەکەی لەسەر وەهابیەت بەرێوەببات ناتوانێت نەک مافی ژنان بەڵکو ناتوانێت هی پیاوانیش بداو وەهابیەت بۆتە کۆت و بەندو زنجیرێکی تۆکمە لەدەستو پێوەندی هەرتاکێکی کۆمەڵگەو دەسەڵات ناتوانێت خۆی لێ دەربازبکات.

گۆڕانکاریەکان دەستیان پێکردووە
بەڵام بەرپرسانی سەربەده‌سەڵات وای نیشان دەدەن کە سەردەمی تازەلەو وڵاتە لەسەردەستی شازاده‌ محەمەمد دەستی پێکردوەو ئەو پیاوە باوەڕی بەنوێبونەوەو مافی تاکەکانی کۆمەڵگاو دیموکراسیەت هەیەو لەقۆناغی داهاتودا پیادەیان دەکات، سیستەمی تازەی وڵات چەند گۆڕانکاری ڕیشەیی بەخۆوە گرتوە بەتایبەتی لەبواری مافەکانی ژناندا، پلانی شازاده‌ محەمەد دەستی پێکردووە بۆنمونە ئێستا ژنان بەبێ پیاوانیان دەتوانن به‌ڵگەنامەڕەسمیەکان‌و پاسپۆرت دەربهێنن ومامەڵەی دایەرەوفەرمانگەکان بکەن،شوفێری بکەن، ڕووپۆش لابەرن ولەجاران زیاتر ئازادتر مامەڵەبکەن‌و هێشتا پلانەکە زۆری تری ماوە جێبەجی بکرێ و داهاتویەکی گەش دەبینن.

داهاتوو دەیسەلمێنێت
قۆناغی داهاتوو دەیسەلمینێت کەئایا سعودیە تەنها بۆ ڕازیکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا ئەو هەنگاوانەی هەڵێناوە یان پێویستی ژیانی کۆمەڵگەی سعودی و بەردەوامی ژیان وایکردووە، کە گۆڕانکاری دروست بێ و سعودیە بچێتە قۆناغێکی ترەوە.
سەرچاوە: سایتی دۆیتچه‌ ڤێله‌

 542 جار بینراوە