سەرەکی » هەواڵ » بافڵ تاڵەبانی: كۆنگرەی راستەقینە دەبەستین و یەكێتییەكی بەهێزتر بنیاتدەنێینەوە

«بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان»

بافڵ تاڵەبانی: كۆنگرەی راستەقینە دەبەستین و یەكێتییەكی بەهێزتر بنیاتدەنێینەوە

دوێنێ لەدەباشان، بافڵ تاڵەبانی، پێشوازییكرد لە مەهدی شوشتەری كونسوڵی نوێی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسلێمانی.
لەدیدارەكەدا، كە یاسینە رەش لێپرسراوی پەیوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و كۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەیبوو، گفتوگۆكرا لەبارەی دۆخی سیاسیی ناوچەكە بەگشتی‌و خستنەڕووی بۆچوونەكان لەسەر پرسە سیاسی‌و ئابوورییەكان.
لای خۆیەوە، بافڵ تاڵەبانی، وێڕای پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لەكونسوڵی نوێی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسلێمانی، تەئكیدیكردەوە لەسەر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان‌و چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی‌و سەقامگیریی سیاسی‌و ئابووری لەناوچەكەدا، كە لەخزمەت بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان هەردوولادا بێت.

پێشوازی لە ئەندامانی گروپی بەستنی كۆنگرە کرد
لەلایەكی دیكەوە هەر دوێنێ، بافڵ تاڵەبانی، لە دەباشان، چاوی بە ژمارەیەك لەئەندامانی گروپی بەستنی كۆنگرە، كەوت.
لەدیدارێكدا، گفتوگۆكرا لەبارەی رێوشوێنەكانی بەستنی كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و میكانیزمەكانی رێكخستنەوەو نوێكردنەوەی ئۆرگانەكانی یەكێتی لەسەر هەموو ئاستەكان.
لەسەرەتای دیدارەكەدا، وەفدی میوان، لەڕاپۆرتێكدا بەرچاوڕوونیاندا لەبارەی هەوڵەكانیان بۆ دروستكردنی كۆدەنگیی لەسەر كاتی بەستنی كۆنگرەو میكانیزمەكانی بەڕێوەچوونی. لەبەرامبەریشدا بافڵ تاڵەبانی، تیشكی خستەسەر گرنگیی بەستنی كۆنگرەیەكی سەركەوتوو، كە رەنگدانەوەی خواست‌و پێویستیی قۆناغەكەو مێژووی یەكێتی بێت‌و راشیگەیاند: یەكێتی هێزی دوێنێ‌و ئەمڕۆو سبەینێشەو هی هەمووانیشە، بۆیە دڵنیابن كۆنگرەی نوێبوونەوەو خۆڕێكخستنەوە دەبەستین‌و پێكەوە لەژێر چەتری رێبازەكەی هەڤاڵ مام جەلال، وەك یەك هێزو یەك بازووی پۆڵاین، بەردەوام دەبین بۆ تەواوكردنی بەرنامەكەی مام.
بافڵ تاڵەبانی، تەئكیدیشیكردەوە كە كۆنگرە بۆ تەسفیەو دابەشكاری‌و پشك پشكێنە نییە، بەڵكو بۆ هێنانەپێشەوەی تواناو هێزی نوێیە، بۆ داڕشتنەوەی پەیڕەوو پرۆگرامی نوێیە، كە وەڵامدەرەوەی گۆڕانكارییەكان‌و داخوازییەكانی كادران‌و دڵسۆزانی یەكێتی بێت، راشیگەیاند: كۆنگرەی راستەقینەو بێتەوافق دەبەستین‌و بەرەو قۆناغێكی نوێی سیاسی هەنگاودەنێین، یەكێتییەكی بەهێزتر بۆ كوردستانێكی بەهێز بنیاتدەنێینەوە.

print

 189 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*