سەرەکی » هەواڵ » هەموو هەوڵ و تواناكانمان دەخەینەگەڕ تا روفاتی پیرۆزی ئەنفالكراوان بگەڕێنینەوە بۆ ئامێزی نیشتمان

سەرۆك كۆمار:

هەموو هەوڵ و تواناكانمان دەخەینەگەڕ تا روفاتی پیرۆزی ئەنفالكراوان بگەڕێنینەوە بۆ ئامێزی نیشتمان

دوێنێ د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار لە بەغدا پێشوازیكرد لە ژمارەیەك لە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و بە گەرمی بەخێرهاتنیكردن بۆ كۆشكی سەلام.
لە دیدارێكدا سەرۆك بەرهەم وتی: من خۆم بە كەسوكار و بەشێك لە ئێوە دەزانم، لە ئێش و ئازارتان تێدەگەم و لە نزیكەوە ئاگاداری ئێوە و هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی سەماوەم، هەموو هەوڵ و تواناكانمان دەخەینەگەڕ تا روفاتی پیرۆزی ئەنفالكراوان بگەڕێنینەوە بۆ ئامێزی نیشتمان. ئاماژەی بەوەشكرد كە «تاوانی ئەنفال تاوانێكی یەكجار گەورەیە كە رژێمی لەناوچوو بەرامبەر بە منداڵ و ژن و هاووڵاتییانی سڤیل ئەنجامی داوە، بۆیە ئەو تاوانە و هەموو تاوانەكانی تر كە رژێمی سەدام ئەنجامی داون، وەك شەرمەزارییەك بە نێوچەوانی ئەنجامدەرانییەوە دەمێننەوە لە مێژوودا.
سەرۆك كۆمار باسی لەوەشكرد كە «ئەمڕۆ یادی تاوانێكی تری رژێمی سەدامی لەناوچوو بەرامبەر بە كەسوكارمان لە ڕەشپۆشانی بارزان دەكەینەوە»، راشیگەیاند: رژێمی پێشوو دەستی لە كەس نەپاراستووە و تاوانی قێزەونی بەرامبەر بە هەموو گەلی كورد و عیراق ئەنجامداوە بێ جیاوازی نەتەوەی و ئایینی. روونیشیكردەوە: خزمەتكردنی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و جێبەجێكردنی خواست و داوا رەواكانیان شەرەفێكی گەورەیە بۆ ئێمە و ئەوپەڕی تواناكانیشمان دەخەینەگەڕ بۆ پێشكەشكردنی هەر كارێك كە شایستەی قوربانیدانی كەسوكاری شەهیدان بێت، راشیگەیاند: هەوڵدەدەین بۆ نەهێشتنی هەموو ئاستەنگەكان لە بەردەم بەدەستهێنانی مافە رەواكانیان.
لە كۆتایی دیدارەكەدا، سەرۆك كۆمار لە نزیكەوە گوێی لە گرفت و داوا و پێداویستییەكانی كەسوكاری ئەنفالكراوان گرت و بەڵێنیدا بەخستنەگەڕی گشت هەوڵەكان، لەپێناوی دابینكردنی پێداویستییەكانیان.

 106 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*