سەرەکی » هەواڵ » كۆبوونه‌وه‌ی (هاوبه‌ش) ده‌ستیپێكرده‌وه‌پەڕە 2

كۆبوونه‌وه‌ی (هاوبه‌ش) ده‌ستیپێكرده‌وه‌

كاندیدی یه‌كێتی بۆ پارێزگاری كه‌ركوك:دروستكردنی ئیداره‌یه‌كی نوێی هاوبه‌ش له‌ كه‌ركوك

سه‌ركردایه‌تیی هاوبه‌شی یه‌كێتی و گۆڕان، دۆخی كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌و شێوازی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ئێستای هەرێمیان تاوتوێكردو «كۆبوونه‌وه‌كانیش به‌رده‌وام ده‌بن».

كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌ركردایه‌تیی هاوبه‌ش به‌رده‌وام ده‌بن
دوێنێ سه‌ركردایه‌تیی هاوبه‌شی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ مه‌كۆی سه‌ره‌كی گۆڕان له‌ سلێمانی كۆبوونه‌وه‌، دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش عیماد ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی هاوبه‌ش له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی روونكرده‌وه‌و وتی: وه‌ك سه‌ركردایه‌تیی هاوبه‌شی یه‌كێتی و گۆڕان كۆبوونه‌وه‌ی به‌رده‌واممان هه‌یه‌، ئه‌م ئاڵوگۆڕه‌ و ئه‌م كاره‌ساته‌ی كه‌ به‌سه‌ر گه‌لی كورددا هاتووه‌، پێویسته‌ ئێمه‌ وه‌ك دوو لایه‌نی سه‌ره‌كی دانیشتن بكه‌ین و قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین و رێگه‌چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزینه‌وه‌، «له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر دۆخی كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌ و ده‌رئه‌نجامی ئه‌م دۆخه‌ی هاتۆته‌ ئاراوه‌ و شێوازی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان»، راشیگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بێت.

چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان
عیماد ئه‌حمه‌د وتیشی: دوێنێ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی باش كراو هه‌ندێك بڕیار دراو هه‌ندێك پێشنیاز خرانه‌ڕوو، ئێمه‌ش ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ مه‌كته‌بی سیاسی و له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌ هه‌فته‌یه‌كدا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ش ده‌كه‌ین. وتیشی: پڕۆژه‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانمان وه‌رگرتووه‌. ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: ئێستا له‌ هه‌موو كات زیاتر پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان كۆك بن به‌تایبه‌تی یه‌كێتی و گۆڕان و لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كان، «پێویسته‌ هه‌موومان شه‌ریك بین له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و به‌ره‌وپێشبردن، چونكه‌ كوردستان هی هه‌موومانه‌ و به‌ هه‌موومان ده‌توانین چاكی بكه‌ین».

هه‌ڵوێستی به‌ریتانیا
هاوكات له‌گه‌ڵ چڕبوونه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان و سه‌ردانه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ لای لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم بۆ تاوتوێكردنی دۆخی ئێستا و چۆنێتی ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا، بۆریس جۆنسن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا ده‌ستخۆشی له‌ هه‌وڵه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ هێوركردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدرال به‌ مه‌به‌ستی ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كان ده‌كات و دووپاتیشیكرده‌وه‌ «به‌ریتانیاش به‌ هه‌مان ئاراسته‌ له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت».
به‌پێی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ڕی حكومه‌تی هه‌رێم، دوێنێ جۆن ویڵكس باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عیراق نامه‌یه‌كی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی گه‌یاندۆته‌ سه‌رۆكایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێم (نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیران و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران)، تێیدا دووپاتیكردۆته‌وه‌ «هه‌وڵێكی جددی له‌ ئارادایه‌ بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور»، پشتگیریی به‌ریتانیاشی بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕیووه‌.
سه‌رۆك وه‌زیران: دیالۆگ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كان
سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمیش دووپاتیكردۆته‌وه‌ «هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام هه‌وڵی داوه‌ ناكۆكییه‌كان له‌ رێگه‌ی دیالۆگه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن»، داوای له‌ دۆستانی هه‌رێمی كوردستانیش كرد له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامدا بن بۆ زه‌مینه‌خۆشكردنی دیالۆگی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.

وه‌فدێكی یونامی سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، دوێنێ رزگار عه‌لی پاڵێوراو بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسیی ی.ن.ك له‌ كه‌ركوك پێشوازییكرد له‌ وه‌فدێكی یونامی.
له‌ دیدارێكدا بارودۆخی كه‌ركوك له‌ هه‌موو رووه‌كانه‌وه‌ تاوتوێكرا و ئاماژه‌ بۆ به‌رده‌وامی كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ كرا كه‌ روبه‌ڕوی حكومه‌تی خۆجێیی پارێزگای كه‌ركوك بوونه‌ته‌وه‌. رزگار عه‌لی دوا پێشهات و گۆڕانكارییه‌كانی بۆ وه‌فدی یونامی روونكرده‌وه‌ و رۆڵی یونامی به‌ گرنگ وه‌سفكرد و به‌ پێویستیزانی «یونامی هه‌وڵه‌كانی درێژه‌ پێبدات له‌پێناوی لێكنزیكردنه‌وه‌ی زیاتری بیرو بۆچوونه‌ جیاوازه‌كان و هه‌نگاونان بۆ دروستكردنی ئیداره‌یه‌كی نوێی هاوبه‌ش له‌ كه‌ركوك كه‌ خزمه‌ت به‌ ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانی نێوان هه‌موو پێكهاته‌كانی پارێزگای كه‌ركوك بكات».

UN: پشتگیریی حكومه‌تی عیراق و كوردستان بكرێت
ئێواره‌ی دوێنێش بۆ تاوتوێكردنی دۆخی سیاسی و ئه‌منیی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كۆبۆوه‌ و تێیدا یان كۆبیش نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق له‌ وتارێكیدا رایگه‌یاند: له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی هه‌ولێرو به‌غداین و چه‌ندینجار داوای گفتوگۆمان لێكردوون، پێویستیشه‌ حكومه‌تی ناوه‌ند و هه‌رێم دان به‌خۆیاندا بگرن. وتیشی: پێویسته‌ پشتگیریی حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان چه‌ندینجار داوای گفتوگۆی نێوان هه‌رێم و به‌غدای كردووه‌، «پێویستیشه‌ گه‌مارۆی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم كۆتایی بێت«.
״واشنتۆن به‌رده‌وامه‌ له‌ فشاركردن״
ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ هێزه‌ر ناوێرت وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ لێدوانێكدا كه‌ ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ بڵاویانكردۆته‌وه‌، رایگه‌یاند: واشنتۆن به‌رده‌وامه‌ له‌ فشار خستنه‌ سه‌ر به‌غدا به‌ مه‌به‌ستی لابردنی قه‌ده‌غه‌كردنی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان و كاراكردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

رێزلێنان لە خاتوو فەهیمە ئەمین دایكی شەش شەهید و خوشكی دوو برای شەهید

شوان كەریم دوێنێ، لەمەكتەبی سیاسی لەسلێمانی، حاكم قادر حەمەجان ئەندامی ...