سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » كۆنگره‌ی‌ چواره‌م ؛ كۆنگره‌ی‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ی یه‌كێتی

كۆنگره‌ی‌ چواره‌م ؛ كۆنگره‌ی‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ی یه‌كێتی

به‌بێ جیاكاری‌؛ هه‌ر هه‌ڤاڵێكی یه‌كێتی له‌ هه‌ر پۆستێكی نێو ئه‌م حزبه‌دا بێت، ئه‌گه‌ر كۆنگره‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بۆ دۆخی ناوخۆی‌ یه‌كێتی و سیاسه‌تی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی ئێستای‌ یه‌كێتی، به‌گرنگ نه‌زانێت، ئه‌وا تووشی جۆرێك له‌ ناكۆكی له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كیتریشه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندیخوازی بووه‌ته‌وه‌.
نها پرسی كۆنگره‌ی‌ چواره‌می یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان هه‌موو كادران و دڵسۆزانی‌ یه‌كێتی خستۆته‌سه‌ر كه‌ڵكه‌ڵه‌یه‌ك له‌ خه‌نده‌ و خۆشحاڵی بۆ نوێكردنه‌وه‌ و چاككردنه‌وه‌ی‌ ناته‌واوییه‌كانی‌ ناوخۆی یه‌كێتی، به‌ڵام دڵته‌نگی و نائومێدییه‌كانیش كه‌م نین كه‌ رۆژانه‌ وه‌ك په‌یام سه‌ركردایه‌تی ئه‌م حزبه‌ پێمان ده‌به‌خشێت. یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی‌ له‌ ئێستاوه‌ پرسی كۆنگره‌ مووچڕكی نائومێدی و ره‌شبینی پێده‌گرێت، مه‌سه‌له‌ی‌ «ته‌وافوق»ه‌. چونكه‌ ته‌وافوق كۆی‌ گشتی هێز و سیحری‌ كۆنگره‌یه‌ك بۆ نوێبوونه‌وه‌ و به‌هێزكردنه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌تاڵ ده‌كاته‌وه‌.
داخڵكردنی‌ یه‌كێتی بۆناو كۆنگره‌ی چواره‌م ئاسانتره‌ وه‌ك له‌وه‌ی‌ كه‌ یه‌كێتی به‌چ جۆره‌ كۆنگره‌یه‌ك نوێ ده‌بێته‌وه‌ و كه‌موكوڕییه‌كانی‌ چاك ده‌كرێته‌وه‌.
پێش هه‌ر شتێك ده‌بێت ئه‌وه‌ له‌ خه‌یاڵدانی‌ به‌شداربووانی‌ كۆنگره‌دا بچه‌سپێنرێت كه‌ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ ناوبنرێت به‌ (كۆنگره‌ی‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی). كۆنگره‌ی‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی ده‌بێت جارێكیتر ئه‌و پرسیاره‌ بوروژێنێته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ دامه‌زراندنی‌ یه‌كێتییه‌وه‌ له‌ساڵی 1975 سه‌رۆك مام جه‌لال له‌نامیلكه‌ی‌ «یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان، بۆچی؟» ده‌یوروژێنێت. وه‌ك چۆن ئه‌وكات ئه‌و پرسیاره‌ له‌زه‌مه‌نی‌ نشوستی بزووتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی‌ كورددا وه‌ڵامێكی بۆ دۆخی سیاسی و خه‌باتی سیاسی كورد هه‌بوو، ئه‌وا ده‌بێت دوای‌ نزیكه‌ی چل و پێنج ساڵ له‌و مێژووه‌ش؛ هه‌مان پرسیار وه‌ڵام بدرێته‌وه‌ كه‌ نوێكردنه‌وه‌ی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان بۆ ئێستا چ سوودێكی بۆ كورد ده‌بێت؟
وه‌ك چۆن دامه‌زراندنی یه‌كێتی هه‌ژانێكی گه‌وره‌ی سیاسی بوو له‌ ئانوساتی خۆیدا و دابڕانێكی گه‌وره‌ی‌ مێژوویی بوو له‌ ته‌واوی‌ مۆدێله‌كانی‌ حزبی كوردی سه‌ده‌ی‌ بیسته‌م و دواتریش، ئه‌وا ده‌بێت كۆنگره‌ی‌ چواره‌می یه‌كێتی به‌هه‌مان خه‌ونی یه‌كێتییه‌كی نوێ-وه‌ ببه‌سترێت و ده‌ستپێبكات.
كۆنگره‌ی‌ چواره‌م ئه‌گه‌ر ته‌نها ته‌رتیبی ژماره‌كان بێت، ئه‌وا شیفای نه‌خۆشییه‌ دیاره‌كه‌ی‌ یه‌كێتی نادات، ئه‌گه‌ر كۆنگره‌ی چواره‌م ته‌وافوقییه‌ ئه‌وا كۆنگره‌ی‌ گه‌شه‌كردنه‌وه‌ و تۆخكردنه‌وه‌ی سه‌وزێتی یه‌كێتی نییه‌ لای‌ كادران و هه‌ڤاڵانی‌ یه‌كێتی. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێته‌ كۆنگره‌ی‌ تووڕه‌بوونی زیاتر و دووركه‌وتنه‌وه‌ی‌ زیاتری‌ كادران و هه‌ڤاڵانی یه‌كێتی له‌ حزبه‌كه‌ی‌ خۆیان.
«ته‌وافوق» و «ترس له‌ كۆنگره‌» ئه‌و دوو به‌ڵا كوشنده‌یه‌یه‌ كه‌ رێگریی‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی پاك و بێگه‌رد ده‌كات. چونكه‌ بوونی پرسی (ته‌وافوق) له‌ كۆنگره‌ی‌ چواره‌مدا، به‌تاڵكردنه‌وه‌ی‌ خه‌ونی كۆنگره‌یه‌كه‌ به‌تامی دامه‌زراندنه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی و زڕاندنی خه‌ونی هه‌موو ئه‌و گه‌نجه‌ خوێن گه‌رمانه‌ی‌ یه‌كێتییه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌وانیش هه‌نگاو به‌ره‌و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بهاوێژن. (ترسیش له‌ كۆنگره‌) ترسه‌ له‌ ده‌ستكاریكردنی‌ ستراكچه‌ره‌ مێژووییه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی كه‌ بۆ دۆخی ئێستا گونجاو نییه‌ و ناوچه‌كه‌ و سیاسه‌تی‌ كوردی له‌ غیابی یه‌كێتییه‌كی به‌هێزدا ئاراسته‌یه‌كی دیاریكراو و قورساییه‌كی به‌رچاویشی نییه‌.
له‌مه‌ڕ بابه‌تی «جیابوونه‌وه‌ش له‌ یه‌كێتی»!، ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ لێكه‌وته‌كانی‌ كۆنگره‌یه‌كی «بێ ته‌وافوق» و «بێ ترس» جیابوونه‌وه‌ و دووركه‌وتنه‌وه‌ی‌ هه‌ندێك كه‌سی ناو یه‌كێتی بێت، ئه‌وا نه‌ك بێتاقه‌ت، به‌ڵكو ئه‌وكات ده‌بێت هه‌موو یه‌كێتییه‌ك دڵخۆش بێت كه‌ فلته‌ری‌ كۆنگره‌ هه‌ندێك له‌ عیلله‌ت و نه‌خۆشییه‌كانی‌ ناو یه‌كێتی گرتووه‌ و پاڵاوتوویه‌تی. دواتر عه‌یبه‌یه‌كی سیاسییه‌ بۆ حزبێكی وه‌ك یه‌كێتی له‌ جیابوونه‌وه‌ و دووركه‌وتنه‌وه‌ی‌ هه‌ر به‌رپرس و مه‌كته‌ب سیاسییه‌كی بترسێت، چونكه‌ مێژووی‌ جیابوونه‌وه‌ له‌ ناو یه‌كێتی ئه‌وه‌نده‌ زۆربووه‌ له‌ رابردوودا ، یه‌كێتی ترسی شكاوه‌ له‌و جۆره‌ جودابوونه‌وانه‌ كه‌ مانه‌وه‌یان له‌ناو یه‌كێتیدا به‌مه‌رجی پۆست و پێگه‌ و مووچه‌ی‌ زۆر بووه‌.

print

 9 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*