سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » د. محسن ئه‌لڕه‌ملی:من له‌و نووسه‌رانه‌م، كه‌ بۆ ئه‌وانی دی ده‌نووسمپەڕە 1

دیدار

د. محسن ئه‌لڕه‌ملی:من له‌و نووسه‌رانه‌م، كه‌ بۆ ئه‌وانی دی ده‌نووسم

سازدانی: شاخەوان سدیق

1-2

نووسه‌ری ناسراوی عیراقی و خاوه‌نی رۆمانه‌كانی (دێڵه‌گورگی خۆشه‌ویستی و كتێب، وردوخاش و په‌رته‌وازه‌، باخچه‌كانی سه‌رۆك، خورمای سه‌ر په‌نجه‌كان) د. محسن ئه‌لڕه‌ملی): ئه‌م جاره‌و له‌م دیداره‌دا ده‌دوێنین، ئه‌و ئه‌زموونی نووسینی خۆی و تێڕوانینی له‌مه‌ڕ چه‌ند پرسێكی ئه‌ده‌بی و چۆنێتی ئاشنابوونی به‌ ئه‌ده‌بی كوردی، به‌وردی ده‌خاته‌ڕوو.

شاخه‌وان سدیق: هه‌موو مرۆڤێك له‌ سه‌ره‌تای منداڵییه‌وه‌ حه‌ز و خولیایه‌كی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا ببێت به‌ شتێك، هه‌ڵبژاردن و كاركردنی ئێستات وه‌ك نووسه‌ر، حه‌ز و خولیای منداڵییه‌، یاخود دواتر هۆكارێكی تایبه‌ت به‌ره‌و دنیای ئه‌ده‌بی بردیت؟
د. محسن ئه‌لڕه‌ملی: نووسین ئاره‌زوویه‌كی منداڵیم بوو. هۆكاره‌كه‌شی خۆشه‌ویستیم بوو بۆ حه‌سه‌ن موتڵه‌گی برام. له‌ هه‌موو شتێكدا شوێن پێی ئه‌وم هه‌ڵده‌گرت. ده‌ستیكرد به‌ وێنه‌كێشان، منیش ده‌ستم پێكرد. به‌ره‌و شانۆ و پاشان به‌ره‌و نووسین ڕۆیشت، شوێن پێیم هه‌ڵگرت. هه‌ر ئه‌ویش هانی ده‌دام. به‌جۆرێك بۆ نووسینی هه‌ر ده‌قێك، یان خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر كتێبێك دیارییه‌كی پێده‌به‌خشیم. ئه‌و یه‌كه‌مین و گه‌وره‌ترین مامۆستای ژیانمه‌. هه‌ربۆیه‌ له‌ سێداره‌دانی له‌ ساڵی1990 دا و له‌وكات و هه‌تا ئێستاش گه‌وره‌ترین كاره‌ساته‌. كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانم و نووسینه‌كانم داناوه‌.
*مۆراكامی له‌ دیدارێكیدا ده‌ڵێت: من له‌ كاتی سه‌یركردنی یاری به‌یسكتبۆڵدا له‌پڕ بیرۆكه‌یه‌كم بۆ هات و بڕیارمدا ده‌بێت بنووسم و ببم به‌ نووسه‌ر. تۆ كه‌ی بڕیارتدا بنووسیت و بۆ نووسیت؟
-له‌و كاته‌وه‌ی فێری خوێندنه‌وه‌ و نووسین بووم و ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ش ده‌ستم به‌ نووسین كرد. خۆشه‌ویستییه‌كی سه‌یرم بۆ كتێب هه‌بوو. به‌جۆرێك لاسایی باوكم و براكانمم ده‌كرده‌وه‌ كاتێك ده‌یانخوێنده‌وه‌. كتێبێكم ده‌گرت به‌ ده‌سته‌وه‌ و ده‌مكرده‌وه‌ و ده‌نگ و وشه‌گه‌لی ناڕوونم گۆ ده‌كرد و وا خۆمم ده‌رده‌خست ده‌خوێنمه‌وه‌. هه‌روه‌ها په‌راوێز و شوێنه‌ سپییه‌كانی كاغه‌زه‌كانم ره‌شده‌كرده‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی، كه‌ بنووسم. پاش ئه‌وه‌ی فێری خوێندنه‌وه‌ و نووسین بووم، له‌ كاتی پشوودا په‌ڕه‌ سپییه‌ ماوه‌كانی ده‌فته‌ری قوتابخانه‌م به‌كارده‌هێنا و چیرۆكی هاوشێوه‌ی ئه‌و چیرۆكی منداڵانه‌م لێ دروست ده‌كرد، كه‌ براكه‌م ده‌یكرده‌ دیاری بۆم. په‌ڕه‌كانم ده‌بڕی و جارێكی دی هه‌موو چه‌ند دانه‌یه‌كم له‌ شێوه‌ی كتێب رێك ده‌خسته‌وه‌ و چیرۆكێكم تێیدا ده‌نووسی و وێنه‌م بۆ ده‌كێشا. دواتر به‌ پاكه‌تی كارتۆن كتێبخانه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ خۆمم دروست كرد. چیرۆكه‌كانم به‌شێوه‌ی خواستن ده‌دا به‌ منداڵانی دراوسێ و له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌وانیش په‌ڕه‌ سپییه‌ ماوه‌كانی ده‌فته‌ری قوتابخانه‌یان پێده‌دام. ئیتر به‌م جۆره‌ ده‌ستم پێكرد.
*ده‌وترێت «هه‌موو نووسه‌رێك له‌ نووسیندا به‌شێك له‌ رابردووی خۆی ده‌نووسێته‌وه‌». ده‌كرێت بزانین محسن ئه‌لره‌ملی تا چه‌ند له‌ پشت نوسینه‌كانییه‌وه‌یه‌؟ تا چه‌ند چیرۆكی خۆشه‌ویستییه‌ غه‌مباره‌كانی خۆت ده‌نووسیته‌وه‌؟ خۆت له‌كوێی تێكسته‌كانتی؟
-زۆربه‌ی كاره‌كانی من به‌وه‌ ناسراوه‌، كه‌ له‌ ئه‌زموونی كه‌سی خۆمه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌. له‌ هه‌ندێك له‌ كاره‌كانم به‌ڕاشكاوی ناوی خۆمم هێناوه‌ وه‌ك رۆمانی (دێڵه‌گورگی خۆشه‌ویستی و كتێب). بۆیه‌ من له‌ هه‌موو كاره‌كانم به‌ شێوه‌ و به‌ رێژه‌ی جیاواز جیاواز بوونم هه‌یه‌، له‌ نێویاندا چیرۆكی یه‌كه‌مین خۆشه‌ویستیم، كه‌ ئه‌و كچه‌ی خۆشم ده‌ویست سه‌ره‌نجام له‌كاتی باینجان سووركردنه‌وه‌دا سووتا. ئاماژه‌ی زۆر هه‌یه‌ بۆ ئه‌و رووداوه‌ و ئه‌و برینه‌ له‌ ژیانمدا. ته‌نانه‌ت هاوڕێیه‌كم سه‌رنجی راكێشام بۆ راڤه‌یه‌ك سه‌رسامی كردم. گوتی: كه‌سایه‌تی (عالیه‌) خۆشه‌ویستی چیرۆكخوانی رۆمانی (خورمای سه‌ر په‌نجه‌كان)، ئه‌و كاته‌ی به‌و دیمه‌نه‌ جوانه‌ به‌هۆی نوقمبوون له‌ رووباره‌كه‌ ده‌خنكێت، ئه‌وه‌ ته‌نها به‌هۆی ئازاری مردنی خۆشه‌ویسته‌كه‌مه‌ به‌سووتان. به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م یاده‌وه‌رییه‌ ئازارم ده‌دات له‌بری ئاگر هۆكاری مردنه‌كه‌یم كردووه‌ به‌ ئاو.
*زۆر باس له‌ سیحری ئه‌ده‌ب بۆ مرۆڤ ده‌كرێت، زۆر جار به‌ گه‌وره‌ترین داهێنانی مرۆڤ ناوده‌برێت. ئه‌م ئه‌فسونه‌ گه‌وره‌ی ئه‌ده‌ب له‌ كوێوه‌ هاتووه‌؟ ئه‌ی په‌یوه‌ندی ئه‌ده‌ب به‌ ژیانه‌وه‌ چییه‌؟
-به‌و پێیه‌ی مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی ده‌ربڕئامێزه‌، له‌ ژیانیدا هه‌ر شتێك ده‌كات، جۆرێكه‌ له‌ جۆره‌كانی ده‌ربڕین، هه‌ر له‌ جووڵه‌كانی و جلوبه‌رگ و شێوه‌ی بیناسازی و شه‌قام و موزیك و.. به‌ڵام به‌هێزترین ئامرازی ده‌ربڕین لای ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌ زمانه‌، ئه‌ده‌بیش ئاستێكی باڵایه‌ له‌ زمان، بۆیه‌ شتێكی سه‌یر نییه‌ كاتێك ئه‌ده‌ب ره‌نگدانه‌وه‌ و هاوڕێی مرۆڤ بێت، به‌و پێیه‌ی باشترین ئامرازی ده‌ربڕینیه‌تی. وه‌ك نووسه‌ری ئیسپانی بارۆخا ده‌ڵێت: «ئه‌و گه‌لانه‌ی ئه‌ده‌بیان نه‌بێت گه‌لانێكی لاڵن». ئاخر ئه‌ده‌ب وێنه‌ی تاك و كۆمه‌ڵگایه‌ و مرۆڤ له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ ته‌عبیر له‌ هه‌موو شته‌ تایبه‌ته‌كانی ده‌كات وه‌ك خه‌ون و خه‌مه‌كانی و… مرۆڤ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌ده‌به‌وه‌ باشتر خۆی و باشتر به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ده‌ناسێت و هه‌ر له‌ ڕێی ئه‌ده‌به‌وه‌ تێگه‌یشتنی بۆ جیهان و بۆ ژیان شێوه‌ی خۆی ده‌گرێت.
*به‌درێژایی مێژووی نوسین جگه‌ له‌ وه‌زیفه‌ی گێڕانه‌وه‌، چیرۆك و ڕۆمان، به‌پێی قۆناغه‌ جیاوازه‌كان ئه‌ركی جۆراو جۆریشیان هه‌بووه‌. مه‌به‌ستمه‌ بپرسم ئه‌ركی سه‌ره‌كی ڕۆمان پاش گێڕانه‌وه‌ چییه‌؟ تا چه‌ند نووسه‌ر له‌ ڕێگه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانییه‌وه‌، دیوی شاراوه‌ی واقیع ده‌گوازێته‌وه‌؟
-له‌ ڕابردوو و له‌ ئێستا و داهاتووشدا، چیرۆك و حیكایه‌ت له‌ هه‌موو بوارێكدا ئامرازێك بووه‌ و ده‌بێت بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ڕوانگه‌ و ئامانج و ته‌نانه‌ت لایه‌نی زانستی. هه‌ر بۆیه‌ له‌ بواره‌كانی ئایین و مێژوو و په‌روه‌رده‌ و سیاسه‌ت و زانستدا به‌كار هاتووه‌… ئه‌مڕۆ، كه‌ رۆمان وه‌ك هونه‌رێكی سه‌ربه‌خۆ گه‌شه‌ی كردووه‌، هێشتا یه‌كێك له‌ ئامانجه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پیشاندانی روانگه‌یه‌كی تایبه‌ته‌ ده‌رباره‌ی جیهان و ده‌رباره‌ی ژیان. ڕۆمان جیهانێكی ته‌واو ده‌ئافرێنێت هاوشێوه‌ی یان جیاواز له‌ ژیانی واقیعی، كه‌ تێیدا ده‌ژین، به‌ڵام هاوكاریمان ده‌كات بۆ تێگه‌یشتن له‌م جیهانه‌مان و بینینی به‌شێوه‌یه‌كی باشتر و قووڵتر. بێگومان له‌ رۆماندا كاره‌كته‌ره‌كان گه‌وره‌ترین ئه‌رك له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن، چونكه‌ ئه‌وان حاڵه‌تێك یان شێوه‌یه‌كی مرۆڤن له‌ بارودۆخێكی تایبه‌تدا.
*ئێستا زۆركه‌س پێی وایه‌ سه‌رده‌می ڕۆمانی قه‌باره‌ گه‌وره‌ به‌سه‌ر چووه‌ و باوی خوێنه‌ری رۆمانی گیرفانیه‌ له‌ دونیادا، تا چه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌دایت؟ پێتان وایه‌ سه‌رده‌می ڕۆمانی قه‌باره‌ گه‌وره‌ به‌سه‌ر چووه‌؟
-بێگومان له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌دا نیم. شته‌كان به‌ به‌هاكانیان ده‌پێورێن نه‌ك به‌ قه‌باره‌یان. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ ڕۆمانه‌وه‌ هه‌بێت، ئه‌مه‌ هه‌ندێك له‌ بڵاوگه‌كان و هه‌ندێك له‌ خوێنه‌ره‌كان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، به‌ به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه‌مان گونجاوتره‌، كه‌ تێیدا وه‌رگر كێشه‌ی كه‌می كاتی هه‌یه‌ به‌ هۆی زۆری ئه‌و ورده‌كارییانه‌ی هاتوونه‌ته‌ ژیانییه‌وه‌ و ئه‌و شتانه‌ی سه‌رده‌مه‌كه‌ به‌سه‌ریدا سه‌پاندوون. له‌ كۆتاییدا پێم وایه‌ ژماره‌ی په‌ڕه‌كان و قه‌باره‌ی كتێب پیوه‌ر نییه‌، به‌ڵكو كوالێتی كاره‌كه‌ خۆی پێوه‌ری سه‌ره‌كییه‌. چه‌ندین جار ڕۆمانی درێژ و باش هه‌بووه‌ له‌كاتی خوێندنه‌وه‌یدا هیواخواز بووین هه‌رگیز ته‌واو نه‌بێت، چه‌ند رۆمانی كورت و خراپیش هه‌بووه‌ پاش چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك ده‌ستمان لێ هه‌ڵگرتووه‌.
*به‌بڕوای تۆ ده‌بێت نووسه‌ر بۆ خوێنه‌ر بنووسێت، یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ نووسه‌ر نابێت بۆ خوێنه‌ر بنووسێت و ئه‌وه‌ خوێنه‌ره‌ ده‌بێت بۆ ئاستی نووسینی نووسه‌ر به‌رزبێته‌وه‌؟ تۆ تا چه‌ند له‌كاتی نووسیندا خوێنه‌رانت له‌ بیره‌؟ بۆ خۆت ده‌نووسیت یان بۆ خوێنه‌ر؟
-من له‌و نووسه‌رانه‌م، كه‌ بۆ ئه‌وانی دی ده‌نووسم، نه‌ك بۆ خۆم، له‌ ڕووی لۆجیكییه‌وه‌ پێویست ناكات بۆ خۆم بنووسم، چونكه‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ ده‌زانم، كه‌ ده‌مه‌وێت بیڵێم و بیریان لێ ده‌كه‌مه‌وه‌. ئیتر بۆچی خۆم ماندوو بكه‌م و كاتی خۆم بكوژم و بۆ خۆمی بڵێمه‌وه‌. بۆ خۆم له‌ خوێنه‌ره‌كانمه‌وه‌ به‌ هه‌موو ئه‌و زمانانه‌ی كاره‌كانم وه‌رگێڕدراون لێیانه‌وه‌ زیاتر فێر بووم له‌وه‌ی له‌ ره‌خنه‌گره‌كانه‌وه‌ فێری بووم. خوێنه‌ر بۆچوونه‌كانی به‌ڕاشكاوی و به‌ڕوونی و ساده‌یی ده‌خاته‌ڕوو. خاڵه‌ به‌هێز و لاوازه‌كانی ده‌قه‌كه‌ ده‌ستنیشان ده‌كات. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ زمانێكی ساده‌ش بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌م به‌دڵه‌ و ئه‌وه‌م به‌دڵ نییه‌. من به‌جدی بیر له‌ قسه‌ و راو بۆچوونه‌كانیان ده‌كه‌مه‌وه‌ و هه‌ستی پێده‌كه‌م و ده‌یبینم. هه‌موو كارێكی مرۆڤدۆستانه‌ له‌ جه‌وهه‌ردا به‌شداریكردنه‌. مرۆڤایه‌تی له‌ بنه‌ڕه‌تدا به‌شداریكردنه‌ نه‌ك خودپه‌رستی.
رێكخستن و وه‌رگێڕانی له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: ره‌نجده‌ر جه‌بار

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گه‌وهه‌ر له‌ هونه‌ری مۆسیقادا

ئا : ئازاد مه‌عروف 24 دژبه‌ری هونه‌ر هه‌میشه‌ مایه‌ی خۆشبه‌ختییه‌ ...