ئه‌م كونجه‌ش

زارا

جارێك لەمەوپێش نوسیبووم:
لە زانكۆ دەرسم دەووتەوە، چەند ووشەیەكم بەكارهێنا. لەناو قوتابی یەكاندا برادەرێكی تێدابوو، ئەو كاتە یەكێك بوو لە سەركردەكانی حیزبێكی رۆژهەڵات. هەر لە دەرسەكەدا بە نووسین لەسەر پارچە كاغەزێك بۆی نووسیم:
ئەم ووشەیە چی یە، لە كوردیدا هەیە و (لهجة) یە یا خۆت دروستت كردووە؟ نووسینەكەیم خوێندەوە و وەڵامم دایەوە. كە زۆر ووشە هەیە لە دیالێكت یا بەشە دیالێكتی تردا هەیە، رەنگە ئێمە بیزانین یا نەیزانین، بەڵام كە بیستمان مافی بەكارهێنانیمان هەیە. خۆ ڕەنگە بەپێی خەریكبوونمەوە بە كوردی یەوە مافی دروستكردنی هەندێ ووشەم هەبێ، ئیتر یا دەڕۆن یا كەس بەكاریان ناهێنێ.
هاوڕێی كۆچكردوم د. ئیحسان فوئاد – هەرچەندە وشەی (گەشبین) و (رەشبین) ی بەكاردەهێنا دەیووت: وەك (فڵان – واتە بەندە) دەڵێ: لەباسی ئەم دوو وشەیەدا هاوڕێی خۆشەویست و كوردی زانم مامۆستا عەلی شەونم دەیفەرموو: كورد دەڵێن: بەرچاوی ڕوونە، یا بەرچاوی تاریكە- منیش دەمووت: ڕاست دەفەرمووی: بەڵام ئەوە درێژە، ئەگەر لێم وەرگری، من ئەو دوو ووشەیەم لا باشترە – بەڵام دیارە لێم وەرگیران.

حوشتر
كورد دەڵێن:
شیری حوشتر و
دیاری عەرەب
حوشتر بە حەیوانێكی عەرەبستان ناسراوە، هەرچەندە لە هەندێ وڵاتیتریشدا هەیە.
لە ساڵانی پەنجاكانی سەدەی پێشوودا لە شام دەژیام و لەگەڵ شەهید عەبدوڕەحمان زەبیحیدا ژوورێكمان گرتبوو. ئەو لە فریاكەوتن – واتە (اسعاف) ی نەخۆشخانەدا كاری دەكرد. كە بۆ فریاكەوتن دەچوو بۆ دێهاتی ئەوسای دەوری شام، بە تایبەتی بۆ (دۆما) و (حرستا) گۆشتی حوشتریان دەدایە. سەیر ئەوەیە گۆشتێكی سپی وەك چوڕی شیری هەیە و زۆر خۆشە، هەر زەبیحیی شەهید خۆی دەیبرژاند یا دەیكرد بە چێشت. بەڕاستی زۆر خۆش بوو.

ئەمەریكا:
ئەمجارەش پێم مەڵێن قسە بە ئەمەریكا مەڵێ – باسی ئەمەریكای ئێستا ناكەم – باسێك دەكەم كە سەرچاوە ئەمەریكاییەكان خۆیان لەم ڕۆژانەدا باسیانكرد و یادیان كردەوە. ئەوەش باسی هیرۆشیما و ناكازاكی یە.
لە ڕۆژانی دووایی جەنگی دووەمی جیهاندا كە تازە ئەمەریكا هاتبووە ڕیزی هاوپەیمانانەوە (بەریتانیا و فەڕەنسە) – ئەمەریكا گوایە بۆ ئەوەی كۆتایی بە جەنگ بهێنێت و سەر بە ئەڵەمانیای هیتلەری و ئیتالیا شۆڕ بكا كە ژاپۆنیش بوو بووە هاوكاری ئەوان و ئەمەریكا تازە ( بۆمبای ئەتۆم) ی دروست كردبوو. ئیتر بۆ تاقیكردنەوەی ئەو بۆمبایە بێت – یا بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگ بێت – بۆمبای ئەتۆمی دا بە دوو شاری (هیرۆشیما و ناكازاكی) ی ژاپۆن دا و بە دەیان – یا سەدان هەزار – مرۆڤی لەو دوو شارەدا كوشت (ژمارەكان جیاوازن) – ئیتر ژاپۆن دەستی تەسلیم بوونی هەڵبڕی و كۆتایی بە جەنگ هات.
ئەمەریكا بوو بە براوەی جەنگ – ئەم ساڵ ئەمەریكا یادی ئەو سەركەوتنەی كردەوە. بەڵام ڕەنگە ئێمە ڕای جیاوازمان بەرامبەر بەو جەنگە و بەو كۆتایی یە خەمناكە هەبێت.
با نەمێنێ جەنگ – با نەمێنێ نەمان.

 189 جار بینراوە