سەرەکی » زانست » داهێنانێكی زانستیی،هه‌نگاوێك بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر تاریكیداپەڕە 1

داهێنانێكی زانستیی،هه‌نگاوێك بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر تاریكیدا

داهێنانێكی نوێ زانستی ڕێگه‌ بۆ مرۆڤ خۆشده‌كات له‌ تاریكی ئه‌نگوسته‌چاویشدا شته‌كان ببینێت.
ژماره‌یه‌ك له‌زانایانی ئه‌مریكی توانیویانه‌ ته‌كنه‌لۆژیایه‌كی نوێ به‌رهه‌مبهێنن و له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ یارمه‌تی مرڤ بده‌ن كه‌ بتوانێت به‌سه‌ر تاریكیدا زاڵ بێت و له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ له‌ تاریكیشدا شته‌كان ببینێت.
ئه‌م داهێنانه‌ گرنگه‌ كه‌ هه‌نگاوێكی زۆر بوێرانه‌یه‌ له‌ بواری به‌كارهێنانی ته‌نی نانۆیی زۆر بچوك له‌ چاودا بۆ یه‌كه‌م جار له‌سه‌ر چه‌ند مشكێكی تاقیگه‌یی تاقیكراوه‌ته‌وه‌ و بڕیاریشه‌ هه‌مان تاقیكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر چه‌ند سه‌گێكیش بكرێت و له‌ دواجاریشدا بۆ مرۆڤ بگوێزرێته‌وه‌.
له‌مباره‌یه‌وه‌ پرۆفیسۆر ( جانگ هان) توێژه‌ری سه‌ره‌كی له‌ زانكۆی سان دیگۆی ئه‌مریكا وتی» چه‌ند ته‌نۆلكه‌یه‌كی زۆر وردمان به‌كار هێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هێزێكی بینین بده‌ینه‌ مشكی ئاسایی ، ئه‌ویش توانای بنینی تیشكی خواروو سووره‌».
له‌و تاقیكردنه‌وه‌یدا تیمی زاناكان مادده‌یه‌كی نانۆیی تایبه‌تیان به‌ ناوی (UCNP)به‌كارهێناوه‌ كه‌ ته‌نۆلكه‌ی نانۆیی گۆڕینه‌ و له‌ خانه‌ی وه‌رگری تیشكی چاوی ئه‌و قرتێنه‌ره‌ تاقیگه‌ییانه‌دا دانراوه‌، دواتر چه‌ند تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی فسیۆلۆژی‌و ڕه‌فتارییان پێكراوه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و گیاندارانه‌ ده‌توانن له‌ تاریكیدا ببینن و به‌ هزریان تیشكی خواروو سوور چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
زاناكان ده‌ڵێن» ماوه‌ی (10) هه‌فته‌ ئه‌و ته‌نه‌ نانۆییانه‌ له‌ چاوی مشكه‌كاندا ماوه‌ته‌وه‌ و هیچ پاشهاتێكی خراپ له‌ چاویاندا ده‌رنه‌كه‌وتووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و تیمه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ ته‌واوی له‌ سه‌لامه‌تی ئه‌و ته‌نانه‌ دڵنیابن كه‌ پێكهاته‌كه‌یان بریتییه‌ له‌ دوو كانزای زه‌مینی به‌ ناوی ( ئه‌ربیۆم و ئه‌یتربیۆم) و ئه‌و ماددانه‌ كه‌ وزه‌یه‌كی كه‌میان هه‌یه‌ ده‌توانن تیشكی خواروو سور بگۆرن بۆ تیشكی سه‌وز و به‌ هۆیه‌وه‌ گیانله‌به‌ره‌كه‌ به‌ جوانی له‌ شه‌ودا شته‌كان ببینێت و یارمه‌تی ده‌دات سه‌رچاوه‌كانی گه‌رمی ببینێت، چونكه‌ هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌كان تیشكی خواروو سوریان لێوه‌ده‌رده‌چێت،به‌ڵام مرۆڤ ناتوانێت بیانبینێت ، بۆیه‌ زۆر جار كامێرای ئاشكراكردنی تیشكی خوارو سوور به‌كاردێت كه‌ پێی ده‌وترێت وێنه‌گرتنی گه‌رمیی ئه‌وه‌ش زۆرتر له‌ دۆخی شه‌ڕ و له‌ شه‌ودا لایه‌نه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كان بۆ ئاشكراكردنی دوژمنه‌كانیان به‌كاری دێنن.
جارێكی تر جانگ هان ده‌ڵێت» ئه‌و داهێنانه‌ بۆ چه‌ند مه‌به‌ستێك سودی لێوه‌رده‌گرێت، كه‌ ئێمه‌ مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیمان به‌كارهێنانییه‌تی له‌ بواری پزیشكیدا و بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ به‌كاربهێنرێت كه‌ به‌ زگماكی كێشه‌ی بینینی ڕه‌نگه‌كانیان هه‌یه‌ له‌شه‌ودا بۆ ئه‌وانه‌ش كه‌ هه‌ندێك كێشه‌ی تری چاویان هه‌یه‌ و ده‌شتوانرێت بۆ مه‌به‌ستی سه‌ربازیی به‌كاربهێنرێت و به‌ هۆیه‌وه‌ چیتر پێویست به‌ كامێرای شه‌و بین نه‌كات، هه‌روه‌ها ده‌توانرێت بۆ كاری گه‌ردوونناسیش سوودی لێ ببینرێت».

سه‌رچاوه‌: علوم والتكنولوجیا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*